هونەری ڕێنێسانس

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2024-03-23-19:34:00 - کۆدی بابەت: 12266
هونەری ڕێنێسانس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هونەری ڕێنێسانس، هونەری بووژانەوە، هونەری ژیانەوە یان هونەری زیندووبوونەوە (بە ئینگلیزی: Renaissance art، بە عەرەبی: فن عصر النهضة) هونەری نیگارکێشی، پەیکەرسازی و دیکۆراتی سەردەمی مێژووی ئەورووپایە کە بە ڕێنیسانس ناسراوە، وەک شێوازێکی جیاواز لە ئیتاڵیا لە نزیکەی ساڵی ١٤٠٠ـی زایینی سەریهەڵدا، هاوتا لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانەی کە لە فەلسەفە، ئەدەب، مۆسیقا، زانست و تەکنەلۆجیا ڕوویدا.

هونەری ڕێنیسانس هونەری دێرینی کلاسیکی وەک بناغەی خۆی وەرگرت و کە ئەو کلاسیکییە زۆر هەستی پێ دەکرا، بەڵام ئەو نەریتە گۆڕا بە پێشکەوتنەکانی دواتر لە هونەری باکووری ئەورووپا و بە بەکارهێنانی زانیاریی زانستی هاوچەرخ.

هونەر، نیگارکێشی، پەیکەرسازی، تەلارسازی، مۆسیقا و ئەدەبیاتی ڕێنیسانس کە لە ماوەی سەدەکانی ١٤ و ١٥ و ١٦ـهەمدا لە ئەورووپا لە ژێر کاریگەرییە یەکگرتووەکانی زیادبوونی هۆشیاری سروشت، زیندووبوونەوەی فێربوونی کلاسیک و تێڕوانینێکی تاکگەراییتر بۆ مرۆڤ بەرهەم هێنراون.

سەرچاوەی هونەری ڕێنیسانس

سەرچاوەی هونەری ڕێنیسانس بۆ فلۆرانسی ئیتاڵیا لە کۆتایی سەدەی ١٣ و سەرەتای سەدەی ١٤ دەگەڕێتەوە. نووسەرانی وەک پێترارک (١٣٠٤-١٣٧٤) و جیۆڤانی بۆکاچیۆ (١٣١٣-١٣٧٥) ئاوڕێکیان لە یۆنانی کۆن و ڕۆما دایەوە، هەوڵیان دەدا زمان و بەها و نەریتە فیکرییەکانی ئەو کولتوورانە زیندوو بکەنەوە، دوای ئەو قۆناغە دوور و درێژەی چەقبەستوویی کە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی لە سەدەی شەشەمدا ڕوویدا.

لەم قۆناغەدا کە پێی دەوترێت "پرۆتۆ-ڕێنیسانس" (١٢٨٠-١٤٠٠) زانا و هونەرمەندانی ئیتاڵی زیاتر گرنگییان بە کولتووری کلاسیکی ڕۆمانی دا.

نیگارکێشی فلۆرانسی جیۆتۆ (١٢٦٧-١٣٣٧)، بەناوبانگترین هونەرمەندی سەردەمی پرۆتۆ-ڕێنیسانس بوو، پێشکەوتنی گەورەی لە تەکنیکەکانی کێشانی جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕاستەقینەیی بەدەستهێنا.

هونەری سەرەتایی ڕێنیسانس (١٤٠١-١٤٩٠)

لە کۆتایی سەدەی ١٤ـهەمدا، پرۆتۆ-ڕێنیسانس بەهۆی تاعوون و شەڕەوە کپبوو و تا سەرەتای ساڵانی سەدەی دواتر سەریهەڵنەدایەوە.

لە ساڵی ١٤٠١ پەیکەرتاش لۆرێنزۆ گیبێرتی (نزیکەی ١٣٧٨-١٤٥٥) لە پێشبڕکێیەکی گەورەیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا بۆ دیزاینکردنی کۆمەڵێک دەرگای برۆنزی نوێ بۆ تەوفنگای سەرکڵێسای فلۆرانس، لە سەردەمە هاوچەرخەکان تەلارساز فیلیپۆ برۆنێلێسکی (١٣٧٧-١٤٤٦) و دۆناتێلۆی گەنج (نزیکەی ١٣٨٦- ١٤٦٦) وەک وەستای پەیکەرسازی سەرەتای سەردەمی ڕێنیسانس دەرکەوت.

هونەرمەندێکی تری سەرەکی کە لەم قۆناغەدا کاری دەکرد، نیگارکێش ماساچیۆ (١٤٠١-١٤٢٨) بوو، کە بە دیوارنەخشێنی لە کڵێسای سانتا ماریا نۆڤێلا (نزیکەی ١٤٢٦) و لە کڵێسای سانتا ماریا دێل کارمین ناسراوە (نزیکەی ساڵی ١٤٢٧) هەردووکیان لە فلۆرانس بوون.

ماساچیۆ کەمتر لە شەش ساڵ نیگارکێشانی کردووە بەڵام لە سەرەتای سەردەمی ڕێنیسانسدا کاریگەرییەکی زۆری بەهۆی سروشتی فیکری کارەکەی، هەروەها پلەی سروشتگەراییەکەی هەبووە.

هونەری ڕێنیسانسی باڵا (١٤٩٠-١٥٢٧)

لە کۆتایی سەدەی پازدەهەمدا، ڕۆما فلۆرانسی وەک ناوەندی سەرەکی هونەری ڕێنیسانس پەرتەوازەکرد، کەوتە ژێر دەسەڵاتی پاپا لیۆی دەیەم (کوڕی لۆرێنزۆ دی مێدیچی).

سێ هونەرمەندی ناسراو، لیۆناردۆ داڤنشی، مایکڵ ئەنجێلۆ و ڕافایل زاڵ بوون بەسەر ئەو قۆناغەی کە بە ڕێنیسانسی باڵا ناسراوە، کە بە نزیکەیی لە سەرەتای ساڵانی ١٤٩٠ـەوە بەردەوام بوو تا دەرکردنی ڕۆما لەلایەن سەربازەکانی ئیمپراتۆری ڕۆمانی پیرۆز چارڵزی پێنجەمی ئیسپانیاوە لە ساڵی ١٥٢٧.

لیۆناردۆ (١٤٥٢-١٥١٩) دواهەمین “پیاوی ڕێنیسانس” بوو بەهۆی فراوانی بیر، ئارەزوو، بەهرەی خۆی و گرنگیدان بە بەها مرۆڤدۆستانە و کلاسیکییەکان. ناسراوترین بەرهەمەکانی لیۆناردۆ “مۆنالیزا”، “کچەکەی بەردەکان” و دیوارنەخشێنی “دواین ئێوارەخوان” بوو، توانای بێهاوتای هەبوو لە وێناکردنی ڕووناکی و سێبەر، هەروەها شارەزایی لە دروستکردنەوەی شێوەکانی مرۆڤ و ئاژەڵەکان و شتەکانی دەوروبەریان هەبوو.

مایکڵ ئەنجێلۆ بوۆنارۆتی (١٤٧٥-١٥٦٤) جەستەی مرۆڤی بۆ ئیلهام وەرگرتن بەکارهێناوە و بەرهەمی بە قەبارەی گەورە دروست کردووە. پەیکەرتاشی باڵادەستی سەردەمی ڕێنیسانسی باڵا بووە، پەیکەرەکانی وەک پیتا لە سەرکڵێسای سانت پیتەر  و دەیڤد لە فلۆرانسی زێدی خۆی بەرهەم هێناوە، کە لە بلۆکێکی گەورەی مەڕمەڕ دروستی کردووە و بە بنکەکەیەوە پێنج مەتر بەرزە.

هەرچەندە مایکڵ ئەنجێلۆ پێش هەموو شتێک خۆی بە پەیکەرتاش دەزانی، بەڵام وەک نیگارکێشێکیش گرنگی بەدەستهێنا، بەتایبەتی بە دیوارنەخشاندنە زەبەلاحەکەی کە سەقفی کڵێسای سیستینی داپۆشیبوو، کە لە ماوەی چوار ساڵدا تەواو بوو و دیمەنی جۆراوجۆری لە دەستپێکی ژیاندا وێنا کرد.

ڕافایل سانزیۆ، بچووکترینی سێ هونەرمەندی گەورەی ڕێنیسانسی باڵا بوو، لە هەردوو داڤنشی و مایکڵ ئەنجێلۆ فێربووە. تابلۆکانی لە هەموویان گرنگتر “قوتابخانەی ئەسێنا” بوو، کە لە ڤاتیکان لە هەمان کاتدا کێشراون کە مایکڵ ئەنجێلۆ کاری لە کڵێسای سیستینی دەکرد. لە نێو ئەو هونەرمەندە گەورە ئیتاڵیانەی تر کە لەم ماوەیەدا کاریان کردووە، ساندرۆ بۆتیسێلی، برامانتێ، جۆرجیۆن، تیتیان و کۆریجیۆ بوون.

هونەری ڕێنیسانس لە بەکردارکردندا

زۆرێک لە بەرهەمەکانی هونەری ڕێنیسانس وێنەی ئایینییان وێنا کردووە، لەوانە بابەتەکانی وەک مەریەمی پاکیزە لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمی ئایینیدا لەو سەردەمەدا بەکارهێنراون. ئەمڕۆ وەک بەرهەمی هونەری سەیر دەکرێن، بەڵام لەو کاتەدا زیاتر وەک کەرەستەی پەرستش دەبینران و بەکاردەهێنران.

هونەرمەندانی سەردەمی ڕێنیسانس لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاوە هاتبوون، بەزۆری وەک فێرخواز خوێندوویانە پێش ئەوەی لە دەستەیەکی پیشەیی وەربگیرێن و لە ژێر چاودێری هونەرمەندێکی گەورەتردا کاربکەن.

کارە هونەرییە بەناوبانگەکانی سەردەمی ڕێنیسانس چین؟

دوو لە بەناوبانگترین کارە هونەریەکانی مێژوو کە لە سەردەمی ڕێنیسانسدا کێشراون، تابلۆی مۆنالیزا و دوا ئێوارەخوانە، هەردووکیان لەلایەن لیۆناردۆ داڤنشییەوەوە دروستکراون.

کارە هونەرییە بەناوبانگەکانی تر بریتین لە پەیکەری دەیڤد لەلایەن مایکڵ ئەنجێلۆ و تابلۆکانی بۆ کڵێسای سیستین.

هەروەها تابلۆی قوتابخانەی ئەسێنا لەلایەن ڕافایل، یەکێکە لە کارە دیارەکانی ئەم سەردەمە.

فراوانبوون و کەمبوونەوە

لە ماوەی سەدەی ١٥ و ١٦ـهەمدا، ڕێنیسانس لە سەرانسەری ئیتاڵیا و بۆ فەڕەنسا، باکووری ئەورووپا و ئیسپانیا بڵاوبووەوە. لە ڤێنیس، هونەرمەندانی وەک جۆرجۆن (١٤٧٧/٧٨-١٥١٠) و تیتیان (١٤٨٨/٩٠-١٥٧٦) زیاتر شێوازێکی نیگارکێشانیان بە زەیت ڕاستەوخۆ لەسەر کانڤاس پەرەپێدا.

بەڵام دەتوانرێت نیگارکێشانی زەیتی لە سەردەمی ڕێنیسانسدا زیاتر بگەڕێنرێتەوە بۆ نیگارکێشی فلاندێری ڤان ئایک (لە ساڵی ١٤٤١ کۆچی دوایی کردووە)، کە تابلۆیەکی شارەزایانەی لە بەشی پشتەوەی مێحراب لە سەرکڵێسای گێنت (نزیکەی ١٤٣٢) کێشاوە.

ڤان ئایک یەکێک بوو لە هونەرمەندە گرنگەکانی سەردەمی ڕێنیسانسی باکوور، هونەرمەندەکانی دواتر بریتی بوون لە نیگارکێشانی ئەڵمانی ئەلبرێخت دور (١٤٧١-١٥٢٨) و هانس هۆڵبێن (١٤٩٧/٩٨-١٥٤٣).

تا کۆتاییەکانی ساڵی ١٥٠٠، شێوازی شێوەباوەڕ (شێوەباوەڕی یان مانێریزم شێوازێکە لە هونەری ئەورووپیدا کە لە ساڵانی دواتری ڕێنیسانسی باڵای ئیتاڵیا لە دەوروبەری ساڵی ١٥٢٠ سەریهەڵدا، نزیکەی ساڵی ١٥٣٠ بڵاوبووەوە و تا کۆتایی سەدەی ١٦ لە ئیتاڵیا بەردەوام بوو.)، بە جەختکردنەوە لەسەر دەستکرد، بە پێچەوانەی سروشتیگەرایی هونەری ڕێنیسانسی باڵا پەرەی سەند، شێوەباوەڕی لە فلۆرانس و ڕۆمەوە بڵاوبووەوە و بوو بە شێوازی باڵادەست لە ئەورووپا.

کۆتاییەکانی هونەری ڕێنیسانس

لە کۆتاییدا، لوتکەی هونەری ڕێنیسانس بە ڕێنیسانسی باڵا ناودەبرێت، دوای ڕێنیسانسی باڵا، مانێریزم (شێوەباوەڕی) (٢٠/١٥١٠ـ١٦٠٠) دێت. کارەکانی ئەم شێوازە زۆرجار جەختیان لەسەر دەستکرد، داهێنان و لێهاتوویی هونەرمەند دەکردەوە. بەرهەمە سەرەکییەکانی وەک پاڵازۆ دێل تێ لەلایەن جولیۆ ڕۆمانۆ و مادۆنای ملی درێژ لەلایەن پارمیجیانینۆ ڕەنگدانەوەی داهێنانەکانی مانێریزمن. بۆ زۆر کەس هێشتا بەرهەمە هونەریەکانی سەردەمی ڕێنیسانس نوێنەرایەتی بەرزترین دەستکەوتەکانی مێژووی هونەر دەکەن.


سەرچاوەکان



147 بینین