بەشەکانی دڵی مرۆڤ

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-03-28-00:07:00 - کۆدی بابەت: 12357
بەشەکانی دڵی مرۆڤ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەشەکانی دڵی مرۆڤ (بە ئینگلیزی: Humans heart part، بە عەرەبیأجزاء من قلب الإنسان) دڵ کۆمەڵێک فرمانی گرنگ بەجێ دەهێنێت تاکوو یارمەتی لەش بدات، ڕۆژانە تێکڕایی لێدانەکانی دڵ نزیکەی ٠٠٠,١٠٠ جار دەبێت، ٠٠٠,٢ گاڵۆن خوێن بۆ جەستە پاڵ دەنێت. دڵ پاڵ بە خوێنەوە دەنێت لە ڕێگەی سیستمێک لە خوێنبەر و خوێنهێنەرەکان. پاڵ بە خوێنەوە دەنێت بۆ ئەندام، شانە و خانەکانی لەش.

بەشەکانی دڵ

  • دڵ لە چوار ژوور پێکهاتووە، دوو ژووری بەشی سەرەوەی دڵ بە گوێچکەڵەی چەپ و گوێچکەڵەی ڕاست ناسراون. دوو ژووری بەشی خوارەوەش بە سکۆڵەی ڕاست و سکۆڵەی چەپ ناسراوە.
  • چوار دەمەوانە کە پێیان دەوترێت زمانەی سێ پەڕەیی (Tricuspid valve)، سییە زمانە (pulmonary valve)، زمانەی دوو پەڕەیی (Mitral valve) و زمانەی شاخوێنبەر (aortic valve).
  • دیوارەکانی دڵ
  • لوولەکانی خوێن
  • سیستمی کارەبایی دڵ Electrical conduction) system)

ژوورەکانی دڵ

گوێچکەڵەی ڕاست

دوو خوێنهێنەری گەورە خوێنی کەم ئۆکسجین بۆ گوێچکەڵەی ڕاست دەگوازنەوە. کلۆرە خوێنهێنەری سەروو (superior vena cava). خوێنی بەشەکانی سەرەوەی لەش دەگوازێتەوە وەک سەر و مل، بەڵام کلۆرە خوێنهێنەری خواروو خوێنی بەشەکانی خوارەوەی لەش دەگوازێتەوە. دواتر گوێچکەڵەی ڕاست پاڵ بەخوێنەوە دەنێت بەرەو سکۆڵەی ڕاست.

سکۆڵەی ڕاست

ژووری خوارەوەی لای ڕاستی دڵ پاڵ بەخوێنی کەم ئۆکسجینەوە دەنێت بەرە و سییەکان لە ڕێگەی سییە خوێنبەرەوە، سییەکان خوێنی کەم ئۆکسجین پاک دەکەنەوە.

گوێچکەڵەی چەپ

دوای ئەوەی سییەکان خوێنی کەم ئۆکسجین بۆ خوێنی تێر ئۆکسجین یان خوێنی پاک دەگۆڕن، سییە خوێنهێنەر خوێنی تێر ئۆکسجین بۆ گوێچکەڵەی چەپ دەگوازێتەوە. ئەم ژوورەی دڵ پاڵ بە خوێنەوە دەنێت بۆ سکۆڵەی چەپ.

سکۆڵەی چەپ

  • سکۆڵەی چەپ کەمێک لە سکۆڵەی ڕاست گەورەترە. پاڵ بە خوێنی تێر ئۆکسجینەوە دەنێت بۆ هەموو بەشەکانی جەستە.

زمانەکانی دڵ

زمانەکانی دڵ وەک دەرگا لەنيوان ژوورەکانی دڵدا کار دەکەن، دەکرێنەوە و دادەخرێنەوە تاکوو ڕێگە بە جووڵەی خوێن بە ناو لەشدا بدەن. هەروەها خوێن دەپارێزن لەوەی بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا بڕوات.

زمانەی نێوان گوێچکەڵە و سکۆڵەکان

  • زمانەی سێ پەڕەیی: کە دەکەوێتە نێوان سکۆڵە و گوێچکەڵەی ڕاستی دڵ.
  • زمانەی دوو پەڕەیی: دەکەوێتە نێوان سکۆڵە و گوێچکەڵەی چەپی دڵ.
  • شاخوێنبەرە زمانە: دەکرێتەوە کاتێک خوێن لە سکۆڵەی چەپەوە بۆ شاخوێنبەر ورژم دەکات. شاخوێنبەر خوێنبەرێکە کە خوێنی تێر ئۆکسجین بۆ بەشەکانی جەستە دەگوازێتەوە.

دیوارەکانی دڵ

دیوارەکانی دڵ بریتین لە ماسولکەکان کە گرژ دەبن و خاو دەبنەوە تاکوو خوێن بە ناو بەشەکانی جەستەدا بنێرن. چینێک لە ماسولکە شانە پێی دەوترێت بەربەستی دڵ (septum) دیوارەکانی دڵ بۆ لای ڕاست و چەپ دابەش دەکات.

دیوارەکانی دڵ لە سێ چین پێکهاتوون:

  1. ناوپۆشی دڵ (Endocardium): چینی ناوەوەی دڵە.
  2. دڵە ماسولەکە (Myocardium)
  3. ڕووپۆشی دڵ (Epicardium): چینی دەرەوەی دڵە و بۆ دڵ چینێکی پارێزەرە.

لوولەکانی خوێن

دڵ پاڵ بە خوێنەوە دەنێت لە ڕێگەی سێ جۆر لە لوولەکان:

  • خوێنبەرەکان خوێنی پاک یان خوێنی تێر ئۆکسجین لە دڵەوە بۆ شانەکانی لەش دەگوازنەوە، جگە لە سییە خوێنبەر کە خوێن بۆ سییەکان دەگوازێتەوە.
  • خوێنهێنەرەکان خوێنی کەم ئۆکسجین لە لەشەوە بۆ دڵ دەگوازنەوە.
  • موولوولەی خوێن یان مووڕەگ (Capillary)  لوولە خوێنی بچووکن کە خوێنی کەم ئۆکسجین و خوێنی تێر ئۆکسجین لە جەستەدا لە ڕێگەی ئەم موولوولانەوە ئاڵوگۆڕ دەکات.

خوێنبەرەکانی کۆرۆنەری

دڵ لە ڕێگەی تۆڕێک لە خوێنبەرەکانی کۆرۆنەری خۆراکە ماددەکان وەردەگرێت. ئەمیش لە خوێنبەری کۆرۆنەری لای چەپ و خوێنبەری کۆرۆنەری لای ڕاست پێکهاتووە.

سیستمی کارەبایی دڵ

ئەم سیستمە کۆنتڕۆڵی لێدانەکانی دڵ دەکات، نیشانەکان لە بەشی سەرەوەی دڵ دەست پێدەکات و بەرەو خوارەوەی دڵ بەردەوام دەبێت.


سەرچاوەکان



95 بینین