کۆندۆلیزا ڕایس

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-07-07:58:00 - کۆدی بابەت: 12458
کۆندۆلیزا ڕایس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆندۆلیزا ڕایس (بە عەرەبی: كوندوليزا رايس، بە ئینگلیزی: Condoleezza Rice) ژنە سیاسەتوان و دیبلۆماتکاری ئەمریکییە و ڕەچەڵەکی ئەفریقییە، یەکەمین ژنە ڕەشپێستی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک ئەفریقییە کە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای لە ساڵی ٢٠٠٥ وەرگرت، لە سەردەمی دەسەڵاتی جۆرج دەبلیو بۆشی کوڕ دەسەڵاتی هەبووە. هاندەر و پاڵپشتی بڕیاری جەنگ بووە لە عێراق و ئەفغانستان، هەروەها لەگەڵ جەنگی دژی تیرۆر بووە و پاڵپشتی بڕیارەکانی جۆرج دەبلیو بۆشی سەرۆک کۆماری ئەمریکای کردووە.

زانیاری گشتی

ناو کۆندۆلیزا ڕایز
بەروار و شوێنی لەدایکبوون  ١٤ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٥٤، ویلایەتی ئەلاباما، ئەمریکا
ڕەگەزنامە ئەمریکی
ڕەچەڵەک ڕەشپێستی ئەفریقی کامیرۆنی
پیشە سیاسەتوان، نووسەر، دیبلۆماتکار، ماموستای زانکۆ

ژیاننامەی

کۆندۆلیزا ڕایس لە ١٤ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٥٤ لە پێرمنگهام لە ویلایەتی ئەلاباما لە ئەمریکا لەدایکبووە و کچە تاقانەی خێزانەکەی بووە، دایکی مامۆستا بووە و باوکی سەرپەرشتیاری خوێندنگەکان بووە. لە ساڵی ١٩٦٧ ناوچەکەی خۆیانیان بەجێهێشتووە و کۆندۆلیزا لە خوێندن سەرکەوتوو بووە خولیای ژەنینی پیانۆ و سەمای بالێ بووە. لە ساڵی ١٩٧١ قوتابخانەی کاسۆلیکی کچانی تەواو کردووە و ویستوویەتی ببێتە ژەنیاری پیانۆ، بەڵام کاتێک چووەتە زانکۆ خوێندنی بەشی زانستە سیاسییەکانی هەڵبژاردووە. لە ساڵی ١٩٧٤ بە پلەی نایاب بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی دێنڤەر بەدەستهێناوە، پاشان لە ساڵی ١٩٧٥ بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی نۆتردام بەدەستهێناوە، پاشان لە ساڵی ١٩٨١ پلەی دکتۆرای لە کۆلێجی توێژینەوەی نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی دێنڤەر بەدەستهێناوە.

ئەزموونی پیشەیی 

لە ساڵی ١٩٨١ گۆێزراوەتەوە بۆ ستانفۆرد و بووە بە ئەندامی پرۆگرامی کۆنتڕۆڵکردن و چاودێریکردنی چەک و تەقەمەنی لە ستانفۆرد دەست بەکار بوو، پاشان بووە مامۆستای زانکۆ بۆ بابەتی زانستە سیاسییەکان. کۆندۆلیزا لە نێوان ساڵی ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٦ ئەندامی پەیمانگای هۆڤەر بووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩ بۆ ١٩٩١ کە لەو سەردەمەدا ئەڵمانیا سەرقاڵی دووبارە ڕێکسختنەوە و یەکگرتوویی بەرەکانی بوو، هاوکات کۆتاییەکانی ماوەی دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەت بوو، لەو ماوەیەدا کۆندۆلیزا ڕایس وەکوو بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی کارەکانی جۆرج دەبلیو بۆش کاری کردووە، دواتر بووە بەڕێوەبەری باڵای کاروباری سۆڤییەت و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، هەر لەو ماوەیە بووە یاریدەدەری تایبەتی جۆرج دەبلیو بۆش بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی.

لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا، کۆندۆلیزا ڕایس بووە پسپۆڕی باڵای کاروباری سۆڤیەت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لەژێر ڕێنمایی و سەرپەرشتیاری ( پرێنت سکۆکرۆفت) کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بوو کاری دەکرد. لە نێوان ساڵی ١٩٩١ بۆ ١٩٩٣ بەرپرسی باڵای زانکۆی ستانفۆرد بوو، پاشان کرا بە سەرۆکی گشتی زانکۆکە بووە یەکەم ژنی ڕەشپێست کە لە تەمەنێکی گەنجدا سەرۆکایەتی ئەو زانکۆیەی کرد.

ئەزموونی سیاسی

کۆندۆلیزا ڕایس لە سەردەمی دەسەڵاتی سەرۆک جۆرج دەبلیو بوش بوو بە ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نیشتمانی، کە ئەو پۆستە تیشک دەخاتە سەر ڕاگەیاندنی پرس و هەواڵە گرنگەکان بە سەرۆک، ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە کێشەکانی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی و کەشوهەوای سیاسی وڵاتانی ناسەقامگیر و دژایەتیکەری ئەمریکا بوون. لە ساڵی ٢٠٠٠ وەکوو ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا پاڵپشتیکار ویارمەتیدەری بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی جۆرج دەبلیو بۆش بوو. لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٠ و لە مانگی کانوونی یەکەم پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی وەرگرت.

لەسەر بڕیاری جۆرج بۆش بەربژێر کرا بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە ٨٥ دەنگ لە ٢٧ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٥ وەکوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستنیشان کرا و هەڵبژێردرا، بووە یەکەم ژنە ڕەشپێستی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی کە ئەو پۆستەی وەرگرتووە. لە دوای هێرشەکانی ١١ـی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ لە ئەمریکا ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا لە پاڵپشتیکردنی ڕاگەیاندنی جەنگی دژە تیرۆر لە ئەمریکا، لەگەڵ ڕاگەیاندنی جەنگ بوو لە هەردوو وڵاتی عێراق و ئەفغانستان، پاڵپشتی هەموو بڕیارەکانی جۆرج دەبلیو بۆش بووە.


سەرچاوەکان



71 بینین