تورکان خاتوون

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-18-22:56:00 - کۆدی بابەت: 12569
تورکان خاتوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تورکان خاتوون (بە عەرەبی؛ ترکان خاتون، بە ئینگلیزی؛ Terken Khatun) هاوژینی دووەمی سوڵتانی دەوڵەتی سەلجوقی سوڵتان مەلیک شای یەکەمە و دایکی جێنشین مەحموودی یەکەمە. تورکان خاتوون بە خانمێکی فێڵباز ناوبانگی دەرکردووە لە مێژوودا، ئەگەر بیویستبایە پشتیوانی خەڵک بە دەست بهێنێت بە فرتوفێڵ و مەکری ژنانە لە ماوەیەکی کەمدا ڕێژەیەکی زۆر پشتیوانی بە دەست دەهێنا.

زانیارییە گشتییەکان

ناو تورکان تاماغاک خان ئیبراهیم 
بەرواردی لەدایکبوون ساڵی ١٠٥٣ زایینی 
شوێنی لەدایکبوون کەرەخەند 
هاوژینی سوڵتان ١٠٧٢-١٠٩٢ زایینی
دەسەڵاتداری ئیمپڕاتۆریەتی سەلجوقی ١٠٩٢-١٠٩٤ زایینی
مردن ١٠٩٤ زایینی 
شوێنی مردن ئەسفەهان 
منداڵەکانی ئەبو شوجاع ئەحمەد، مەحموود، داود، ئەبو قاسم، ماهی مولک خاتوون
ئایین ئیسلام 
مەزهەب سوننە

سەرەتای ژیان

ئەوەی دەزانرێت لە بارەی سەرەتای ژیانی تورکان خاتوون ئەوەیە ساڵی ١٠٥٣ زایینی لە کەرەخەند کە شانشینێکی ئیسلامی سوننە مەزهەبی بووە لە بنەماڵەی شاهانەی ئەو شانشینە لەدایکبووە، باوکی تاماغاک خان کوڕی خان ئیبراهیم فەرمانڕەوای شانشینەکە بووە. تورکان خاتوون هەر لە سەرەتای ژیانیدا خانمێکی مەکراوی و فێڵباز بووە.

هاوسەرگیری

ئاڵپ ئەرسەلان، باوکی مەلیک شا کچەکەی خۆی (عائیشە خاتوون)ـی دا بە شەمس ئەلمولک نەسڕ کە فەرمانڕەوای قەرە خەنید بوو. تاماغاک خان ئیبراهیم باوکی تورکان خاتوونیش کچەکەی لە مەلیک شا کوڕی ئاڵپ ئەرسەلان مارە کرد و دەوترێت تەمەنیان ١٢ ساڵ بووە کە هاوسەرگیریان کردووە. تورکان و مەلیک شا خاوەنی چوار کوڕ و کچێک بوون بە ناوەکانی (ئەبو شوجاع ئەحمەد، داود، مەحموود، ئەبو قاسم، ماهی مولک خاتوون). هەموو منداڵەکانیان بە ساوایی مردن جگە لە مەحموود و ماهی مولک خاتوون، ماهی مولک هاوژینی خەلیفەی عەباسی (ئەلموقتەدا) بوو ساڵی ١٠٨٢ زایینی هاوسەرگیریان کردووە. 

ژیانی سیاسی تورکان خاتوون

لە کۆشکی مەلیک شادا خانمان دەسەڵاتیان نەبوو چونکە خەواجە نیزام ئەلمولکی وەزیر ڕێگەی نەدەدا خانمان بێنە هۆڵی کۆبوونەوەکان بە تایبەتی شازادە خاتوون و هاوژینەکانی مەلیک شا. لەگەڵ ئەوەشدا خەواجە نیزام مولک هێندە بەهێز و کاریگەر بوو سوڵتان مەلیک شا ڕێزی له بڕیار و پێشنیازەکانی دەگرت. تورکان خاتوون لەگەڵ شازادە خاتوون و کەنیزەکەکانی سوڵتاندا ببووە بەرەیەک کە وایان کردبوو خەواجە دڵی نەرم بێت و ڕێگە بدات بێنە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سوڵتان بەم جۆرە بەهۆی کاریگەری فێڵ و مەکر و نازی تورکان خاتوون بۆ یەکەم جار لە مێژووی دەوڵەتێکی ئیسلامیدا خانمان ڕێگەیان پێدرا لە سەرای حوکمڕانیدا بەشداربن لە کۆبوونەوەکانی دەوڵەتدا. 

تورکان خاتوون لە کاری سیاسیدا وێنەی نەبوو ئەگەر لە بابەتێکدا ئەزموونیشی نەبوایە ئەوا بە فرتوفێڵ بابەتەکانی یەکلا دەکردەوە بۆ سوڵتانی هاوژینی، بەمەش سوڵتان ناسناوی تورکانی گۆڕی لە خێزانی دووەم بۆ هاوژینی سەرەکی (یەکەم). هەروەها سەرەڕای ئەوەی لە هاوژینی یەکەمی کوڕێکی هەبوو بەناوی بەرکیارەق بەڵام تورکان وای کردبوو سوڵتان ئەم کوڕەی لەبەرچاو ڕەش بێت و مەحموودی کوڕی بکاتە جێنشین کە کوڕی تورکان خاتوون بوو. 

ناکۆکی نێوان نیزام ئەلمولک و سوڵتان مەلیک شا

بەهێزی و کاریگەری خەواجە نیزام و دەستەی سەربازی کە سەرۆکەکەی جەلالودەولە بوو وایان کردبوو سوڵتان وەک بوکەڵە دەرکەوێت لەلایەک و لەلایەکی تریشەوه تورکان خاتوون دەیویست تەنها مەحموود ببێتە جێنشین و بەرکیارەق بکوژێت. خەواجە بە ئاشکرا دەیوت من بکوژرێم ئەوا سوڵتان و ئیمپڕاتۆریەتەکەی لە ناو دەچن، بەم جۆرە سوڵتان لە ترسی ڕوخانی دەسەڵاتەکەی ملی کەچ کردبوو بۆ خەواجە نیزام ئەلمولک. 

خەواجەش هەموو دەوڵەتی سەلجوقی لە نێو لایەنگران و شوێنکەوتەکانیدا بەش کردبوو کە وا دەردەکەوت خۆی سوڵتان بێت نەوەک مەلیک شا. ئەم سەردەمەش هاوکات بوو لەگەڵ تازە دەرکەوتنی حەشاشییەکاندا کە لە ئێراندا پێگەی خۆیان بەهێزکردبوو بەتایبەت لە شوێنە سەختەکان وەک (ئەرجان، تەبەس، ڕەی، ئەسفەهان، ئەلەموت، کرمان، قوم و چەندان ناوچەی تر). 

کاتێک شەرەفەدینی توسی سەردەستەی مامۆستاکانی زانینگەی نیزامییە لە نەیشاپوور لەلایەن هێزەکانی جەلالودەولە کوژرا بە فەرمانی خەواجە نیزام ئەلمولک ئیدی جەنگێکی خوێناوی دەستی پێکرد لە نێو دەوڵەتی سەلجوقی. 

کاتێک خەواجە نیزام ئەلمولک جەنگی دژی حەشاشییەکان ڕاگەیاند تورکان خاتوون و مەلیک شا و مەحموودی جێنشینی لە گەشت بوون، قەڵای تەبەس کەسێکیان نارد بۆ کوشتنی خەواجە نیزام و بە شێوەی (دزە کردن) لەناویان برد. دوای ماوەیەک باری تەندروستی سوڵتان تێکچوو پزیشکێکیان بۆ داوا کرد ئەمیش هەر باتنی بوو (حەشاشی) سوڵتانیش بە ڕێگەی ژەهر خواردکردن ئەمیش کوژرا.

سەردەمی دەسەڵاتی تورکان خاتوون ١٠٩٢-١٠٩٤ زایینی

بە گوێرەی سەرچاوەکانی ئینتەرنێت وەک ویکیپیدیا و ئینسایکلۆپیدیای بریتانیکا دەڵێن تەنها دوو ساڵ حووکمڕانی کردووە ڕاستەوخۆ دوای مردنی مەلیک شای هاوژینی، بەڵام ئەو سەرچاوانەی لەسەر حەشاشییەکان نووسراون شتێکی تر دەڵێن نموونە لە کتێبی نهێنی نهێنییەکاندا دەڵێت تورکان خاتوون دوو ساڵ تەنها گەڕاوە و پشتیوانی کۆکردۆتەوە بۆ خۆی بە پێی ئەم سەرچاوەیە گەر مەلیک شا لە ساڵی ١٠٩٢ زایینی مردبێت تا ١٠٩٤ پشتیوانی کۆکردووەتەوە پاشان بە یارمەتی لایەنگرانی هاتۆتە سەر تەختی دەسەڵات. 

هەر بەپێی ئەم سەرچاوەیە حەشاشییەکان ڕاستەوخۆ تاجومولکیان کردە سوڵتانی سەلجوقی پاش مردنی سوڵتان مەلیک شا کە لە ڕووی بیروباوەڕەوە پشتیوانی ئایینی باتنی دەکرد لە ئێراندا. 

لەو ماوەیەی دەسەڵاتی وەرگرت تورکان خاتوون لایەنگری کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەدەست هێنا هەموو سەرۆک هۆز و میرنشینەکان پشتیوانی خۆیان بۆ تورکان خاتوون دەربڕی بوو ئەمەش لەبەر هۆکارێکی گرنگ بوو کە ئەویش هۆکاری ئایینی بوو، کوردەکان سوننە بوون و تورکان خاتوونیش سوننە مەزهەب بوو، ئەم لێک نزیکییە وای کرد هێزەکانیان بخەنە خزمەت خاتوونەوە. 

تورکان خاتوون بەهۆی ئەوەی ئافرەتێکی فێڵ باز و مەکری ژنانەی بەکاردەهێنا، توانی بەم ڕێگایە پشتیوانی میر و هۆزە کوردەکان بەدەست بهێنێت. ئەمەش کاریگەری تورکان خاتوون نیشان دەدات لە شێوازی مامەڵە کردن و قسە کردندا کە توانیویەتی بۆ بەرژەوەندی خۆی فرتوفێڵ بەکاربهێنێت. 

جەنگی حەشاشییەکان و تورکان خاتوون

حەشاشییەکان ئەبو حەمزەی کەفشگەریان کردە سەرۆک بۆ کاروباری ناردنی خۆبەختکاران بۆ لەناو بردنی سەرۆک هۆزەکان، ئەویش بە نامە لەڕێگەی تەتەرەوە شێرزاد قەهستانی سەرۆکی قەڵای تەبەس کە مەڵبەندی ڕاهێنان و پەروەردەکردنی خۆبەختکاران بوو ڕادەسپارد کە خۆبەختکار بنێرێت بۆ ئەو جێگەیە و ئامانجەکە لەناو بەرێت. 

بەڵام تورکان خاتوون هەر زوو بەمەی زانی لە شەوێکی تاریکدا کەسێکی ناردە ماڵەکەی ئەبو حەمزە و پێی ڕاگەیاند کەوا کەسێک دەیەوێت تۆ ببینێت لە دەرەوەی شار و منیش ڕێ نیشاندەریت دەکەم بەڵام دەبێت بێ چەک بێیت. حەمزەش وا هەستی کرد لە حەشاشییەکان کەسێک سەردانی کردووە بۆیە لەگەڵ ڕێنیشاندەرەکە چوونە دەرەوەی شار و لە نزیک گردێک هێرشی کرایە سەر و ئەبو حەمزەی کەفشگەر کە زیرەکترین سەرکردەی حەشاشییەکان بوو کوژرا. 

کاتێک هەواڵ گەیشتەوە بە حەسەن سەباح بڕیاریدا تورکان خاتوون بانگهێشتی ئەلەموت بکات و بیکاتە بانگهێشتکاری گەورە و بێتە جێگەی ئەبو حەمزە بۆ ئەمەش مەحموودی سەجستانی ڕاسپارد کە بچێتە لای خاتوون. کاتێک مەحموود سەردانی کرد تورکان خاتوون ڕەتی کردەوە بیبینێت، بەمەش حەشاشییەکان مەحموودی کوڕی تورکان خاتوونیان کوشت، کاتێک هەواڵی مەرگی گەیشتەوە بە خاتوون لە هەمان کاتیشدا بەرکیارەق لەلایەن حەشاشییەکان کرا بە سوڵتانی سەلجوقی و تاجومولک کوژرا. ئیدی تورکان زانی دەسەڵاتی نەماوە بۆیە ڕازی بوو مەحموودی سەجستانی ببینێت. 

یەکتر بینینی مەحموود سەجستانی و تورکان خاتوون

کاتێک مەحموود چووە سەردانی تورکان خاتوون نامەیەکی پێدا کە لەلایەن حەسەن سەباحەوە نووسرابوو، لە نامەکەدا وەسفێکی بێ وێنەی تورکان خاتوون کرابوو و داوای لێ کرا بێتە ئەلەموت لەگەڵ مەحموود سەجستانی تا ببێتە بانگهێشتکاری گەورەی حەشاشییەکان. تورکان کە لە دونیادا هیچی بۆ نەمابوو ڕازی بوو، بەڵام هێشتا ئەو دەیویست حەسەن و حەشاشییەکان لە ناوبەرێت بۆ ئەمەش نامەی بۆ سەرۆک هۆزێکی کرماشان نووسی کە بە هێزەکەیەوە بێن بۆ ئەلەموت کە نزیک بە ٤٠٠٠ سەرباز بوون، بەڵام حەسەن دەیزانی تورکان خاتوون هەر هەوڵی کوشتنی دەدات بەمەش خۆبەختکارانیان بەهەموو ڕێگەکەدا بڵاوە پێ کردبوو و تەتەرەکان کوژران. 

لەگەڵ گەیشتنی تورکان خاتوون بە ئەلەموت ڕێزی زۆری لێ گیرا بەڵام تورکان خاتوون لە دڵەوە بەمە ڕازی نەبوو بۆیە لە دەرفەتێکدا هەڵهات سەرەڕای ئەوەی بە فەرمی کرابوو بە بانگهێشتکاری گەورە، ئەمەش ڕێک ئەوەبوو کە حەسەن سەباح دەیویست. تورکان خاتوون خۆی گەیاندە لای هۆزێکی پشتیوانی خۆی و ئەوانیش بەرگریان لێی کرد و گرتیانە خۆیان. تورکان خاتوون ڕۆژانە خەڵکی دەبینی و هاوکاریی دارایی پێشکەش دەکردن. 

حەشاشییەکان ئەمەیان بە باشترین دەرفەت زانی بۆ تۆڵەکردنەوەی هاوپیشە کوژراوەکانیان بە فەرمانی تورکان خاتوون، فیداکارێک لە شێوەی نابیستێک بە جلوبەرگی ژنانە نێردرا بۆ کوشتنی تورکان خاتوون و خەنجەرێکی سواغدراو بە ژەهر لەگەڵ کەپسولێکی ژەهراوی پێدرا تا لەگەڵ کوشتنی تورکاندا ئەویش خۆی بکوژێت چونکە دەزانرا ڕزگاری نابێت.

کوشتنی تورکان خاتوون

کاتێک بکوژەکە گەیشتە شوێنی مانەوەی تورکان خاتوون ناسنامەی خۆی نیشانی سەربازەکان دا کە ناوی (زەینەب) بوو نامەیەکیشی بە دەستەوە بوو کە نووسرابوو "دەمەوێت تورکان خاتوون ببینم تا مافم بە دەست بێنێت" ئەوانیش ناردیانە لای خاتوون کاتێ چووە ژوورەوە بینی دوو پیاوی تر دانیشتوون لای خاتوون ئەویش وا ڕەفتاری کرد شەرم دەکات و وا نمایشی دەکرد ناتوانێت قسە بکات و ببیستێت تورکان خاتوون بینی نامەیەک بە دەستی ئافرەتەکەوەیە بۆیە ئاماژەی بۆ کرد لە نزیکی دانیشێت. 

بەم جۆرە بکوژەکە خێرا بە هەلی زانی خەنجەرەکەی دەرهێنا و پەلاماری تورکان خاتوونی دا و ڕانی ڕاستی خاتوونی بریندار کرد تا دوو پیاوەکە هەستان بکوژەکە ژەهرەکەی خۆشی قوتدا و دەست بەجێ مرد. 

بەڵام خاتوون پزیشکی بۆ بانگ کرا هەر چەندە ئەویش ژەهراوی ببوو بەڵام هیچ پزیشکێک هۆکاری تێکچوونی باری تەندروستی خاتوونیان نەدەزانی بۆ چی دەگەڕێتەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە دەرمانی گیایی شوێن برینەکە پاک دەکرایەوە بەڵام خاتوون باش نەدەبوو و زیاتر باری تێکدەچوو، سەرەنجام ڕانی بۆگەنی کرد، بۆنەکەی هێندە ناخۆشبوو کەس نەیدەتوانی بێ پێچانی ماسک بچتە لای. مانگێک بەم جۆرە بەرگەی گرت تا لە ساڵی ١٠٩٤ زایینی مانگێک دوای کوژرانی مەحموودی کوڕی کۆچی دوایی کرد. 


سەرچاوەکان



42 بینین