کتێبی هەرگیز کۆڵ مەدە

له‌لایه‌ن: - شنۆ نەوزاد شنۆ نەوزاد - به‌روار: 2023-12-29-14:48:00 - کۆدی بابەت: 11785
کتێبی هەرگیز کۆڵ مەدە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کتێبی هەرگیز کۆڵ مەدە (بە ئینگلیزی: Never Give Up، بە عەرەبی: لا تستسلم أبدا) کتێبێکە باس لە یەکێک لە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان جاک ما دەکات، ناساندنی بە خوێنەرانی سەرتاسەری جیهان لە ڕێگەی وتەکانی خۆیەوە کە وەرگیراون لە وتار و کۆبونەوە و چاوپێکەوتنە تەلەفیزیۆنیەکانیەوە، ئەم پەرتووکە بۆ ئەو کەسانەیە کە خەون و ئاواتێکیان هەیە یاخود ئەوانەی لە باردۆخێکی سەخت دان و پێویستیان بەوەیە وەبیریان بهێنرێتەوە کە هەرگیز کۆڵ نەدەن. هەروەها کەسانی کارساز و ئەو کەسانەی ئەیانەوێت ببنە خاوەن پرۆژەی سەربەخۆی خۆیان.

ناسنامەی کتێب

ناوی کتێب هەرگیز کۆڵ مەدە
ئامادەکاران سووک لی و بۆب سونگ
وەرگێڕ سارا ئەنوەر
بابەت گەشەپێدانی مرۆیی
ژمارەی لاپەڕە ١٠٤ لاپەڕە
چاپخانە تاران
تیراژ ١٠٠٠ دانە
نۆبەتی چاپ دووەم 
نرخ ٢٠٠٠ دینار

لە بەڕێوبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی سپاردنی (١٦٤١) ساڵی٢٠١٩ی پێدراوە.

پێشەکی کتێب 

جاک ما لە ١٠ی ئەیلولی ساڵی ١٩٦٤ لە دایک بووە خێرخواز و سەرمایەدارێکی چینییە، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی عەلی بابایە، کە یەکێکە لە سەرکەوتووترین کۆمپانیاکانی پشتبەستوو بە ئینتەرنێت. جاک ما یەکێکە لە کەسە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان و یەکەم دەوڵەمەندی چین و هەموو ئاسیایە کە سەروەتەکەی بە ٢١.٨ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. بۆ گەیشتن بەم سەرکەوتنەش بە زۆر بارودۆخی دژواردا تێپەڕیوە، کە چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە لە هەژارییەوە بەرەو دەوڵەمەندی. 

''هەرگیز کۆڵمەدە'' یەکێکە لە هەرە بەناوبانگترین دروشمەکانی جاک ما و ئەم دروشمەش ڕەنگدانەوەی کۆڵنەدانی خۆیەتی و ڕاهاتنییەتی لە هەموو ئەو ڕەتکردنەوانەی لە ژیانیدا وەریگرتووە بەتایبەتیش لە بواری کاردا بە جۆرێک دوو جار لە تاقیکردنەوەی وەرگرتن لە زانکۆ شکستی هێناوە، داوای کاری لە ٣٠ شوێنی جیاواز کردبوو هەر ٣٠ جارەکە ڕەتکراوەتەوە و وەرنەگیراوە، داوای کاری کردووە بۆ وەرگیرانی وەک پۆلیس لە ٥ کەس ٤یان وەرگیران ئەو تاکە کەسەی کە وەرنەگیرا جاک ما بوو ، ١٠ جار داواکاری خوێندنی پێشکەشی زانکۆی هارڤارد کردووە هەر ١٠ جارەکە ڕەتکراوەتەوە، هەر بۆیەش جاک پێی وایە یەکێک لە نهێنییەکانی سەرکەوتن لێڕاهاتنە لە وەرنەگرتن و ڕەتکردنەوە.

لە ١٩ی ئەیلولی ٢٠١٤ پێگەی عەلی بابا زیاتر بە دونیا ناسێنرا چونکە داهاتەکەی بە ڕێژەیەک زیادی کرد کە ژمارەی پێوانەیی شکاند کە بڕەکەی ٢٥ ملیار دۆلار بوو. هەر بۆیەش جاک و کۆمپانیاکەی بوون بە گەرمترین باس و خواسی میدیاکانی هەموو جیهان. 

ناوەڕۆک

لەم کتێبەدا باس لە ١٢ بابەت کراوە و هەریەکەیان بە وردی ڕوونکراوەتەوە.

  • زانیاری کەسی
  • ڕێساکانی بازرگانی
  • عەلی بابا و وەبەرهێنراوەکانی
  • سەرکردایەتی کردن
  • سەرکەوتن و شکست
  • ڕکابەریکردی
  • پارە، وەبەرهێنان، بەها
  • کارسازی و نوێخوازی
  • ڕاگەیاندن و بازاڕگەری
  • ئینتەرنێت، بازرگانی ئەلیکترۆنی، بازرگانی جیهانی
  • ژینگە پارێزی و خێرخوازی
  • وانەکانی ژیان

بەشێک لە نووسینە گرنگەکانی ئەم کتێبە

من ئەم فەلسەفەیە لە کاردا بەکاردەهێنم بەو جۆرەی کە توشی کێشەیەک دەبم بە خۆم دەڵێم '' ئارام بە و هاوسەنگی ڕابگرە، هەمیشە ڕێگەیەک هەیە بۆ دەربازبوون و چارەسەرکردنی کێشەکان ''.

ئێمە ماینەوە و بەردەوام بووین چونکە لە خەمی داهاتوودا بووین.

چی لە کاردا یاخود لە ژیانی تایبەتی خۆت هەرگیز فێڵ لە کەس مەکە و مەیخەڵەتێنە، لە ساڵی ١٩٩٥ لەلایەن چوار کۆمپانیا فێڵم لێکرا، کە ئێستا هەر چواریان داخراون. فێڵ مەکە چونکە هەر کۆمپانیایەک لەسەر بنەمای فێڵ و گزی دروست بوو بێت ئەوا ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت.

من بەهرەدارترین کەس نیم ڕوخسارم، تواناکانم، ئاستی خوێندەواریم پەسەندترینەکانی کۆمەڵگا نین، بەڵام لە سروشتی مرۆڤ تێ دەگەم بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت پێویستە هەستە نەرێنییەکانی کۆنترۆڵ بکات و ئەرێنی بێت. هۆکاری ئەرێنی بوونی من گیانی هاوکاری و هاوبەشیکردنی کارەکانمە لەگەڵ کەسانی تردا.

بازرگانی ئازادییە، بازرگانی مافی مرۆڤە.

ئەگەر لێم بپرسن ئایا من حەز بە ڕکابەریکردن دەکەم یاخود نا لە وڵامدا دەڵێم بەڵێ، چونکە بەهۆی ڕکابەریکردنەوە دەتوانین پەرە بە خۆمان بدەین و ئاستمان بەرەو پێش ببەین.

هەمیشە لە ئامادە باشیدا بە بۆ خراپترین ئەو شتانەی ڕەنگە سبەینێ ڕوو بدەن چونکە ئەو خۆرەی سبەینێ ئاوا دەبێت دوو سبەی هەڵدێتەوە، ئەو کێشەیەی ڕوبەڕووی دەبێتەوە بە ئازار دەبێت بۆ ئەمڕۆ و بە ئازارتریشە بۆ سبەینێ بەڵام دەگۆڕێت بۆ شتێکی جوانتر و چارەسەر دەبێت لە بەرەبەیانی دوو سبەییدا.

هەرچەندە هەندێک کەس لە ساتە دژوارەکاندا وازدەهێنن و چاوەڕێی ئەو پرشنگداری و شادییە ناکەن لە ئێوارەی دوو سبەییدا پێی دەگەن، تۆ وەک ئەوانی تر مەبە و ئەمڕۆ هەرگیز کۆڵ مەدە تاکوو بە پرشنگداری و خۆشی سەرکەوتنەکانی دوو سبەی بگەی.


سەرچاوەکان



483 بینین