حەجی ماڵئاوایی پێغەمبەر ﷺ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-20-17:03:00 - کۆدی بابەت: 12593
حەجی ماڵئاوایی پێغەمبەر ﷺ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

حەجی ماڵئاوایی پێغەمبەر (بە عەرەبی: حجة الوداع، بە ئینگلیزی: Farewell Pilgrimage) یەکەمین و کۆتا حەجی پێغەمبەر بوو و لە ساڵی دەی کۆچی دوای فەتح کردنی شاری مەککە لەگەڵ هاوەڵەکانی ئەنجامی داوە. تێیدا بە ناڕاستەوخۆ ماڵئاوایی لە هاوەڵەکانی کردووە و لە حەجی ماڵئاوایی وتاری ماڵئاوایی پێشکەش کردووە کە تێیدا وەسیەت و پرسی گرنگی ئایین و پەیامی ئیسلامی باس کردووە. حەجی ماڵئاوایی بەم ناوەوە ناونراوە چونکە پێغەمبەر تێیدا ماڵئاوایی لە هاوەڵانی کردووە و لە ڕێگەی وتارەکەیەوە وەسیەتی بۆ کردوون.

ئەنجامدانی مەراسیمی حەج لەلایەن پێغەمبەر ـەوە

لە کۆتایی ساڵی نۆی کۆچی فەریزەی حەج و ئەنجامدانی لەسەر موسڵمانان فرز کرا و لە سەرەتای ساڵی دەی کۆچی پێغەمبەر نیەت و بڕیاری حەجکردنی دا. لە سەرچاوە ئایینی و مێژووییەکان هاتووە کە پێغەمبەر تەنیا یەک حەجی ئەنجام داوە ئەویش دوای فەتحی مەککە بووە. لە ڕۆژی ٢٥ـی مانگی ذو لقەعدە لە ساڵی دەی کۆچی پێغەمبەر بڕیاری دا و ئاشکرای کرد کە بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج سەردانی مزگەوتی حەڕەم دەکات لە مەککە. بۆیە نزیکەی ١٠٠ هەزار موسڵمان لە پیاوان و ژنانی شاری مەدینەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج لەگەڵی کەوتنەڕێ بۆ شاری مەککە.

پێغەمبەر و هاوەڵان جلی ئیحرامیان پۆشی و لە ڕێگەی گەیشتن تاکوو شاری مەککە ئەم نزایەیان دەخوێند: «لبيكَ اللهم لبيك، لبيك لا شريكَ لك لبيك، إن الحمدَ والنعمةَ لك، والملك، لاشريك لك» تاکوو گەیشتنە شاری مەککە پێغەمبەر و هاوەڵان ئەم ویردەیان بە دەنگی بەرز دەخوێندەوە. کاتێک گەیشتنە ناوچەی (ذي طوی) لە نزیک شاری مەککە بۆ ماوەی شەوێک لەوێ مانەوە و نوێژی بەیانیان ئەنجام دا و بۆ نیوەڕۆی ڕۆژی دواتر چوونە نێو شاری مەککەوە.

کە گەیشتنە شاری مەککە حەوت جار بە دەوری کەعبەی پیرۆز تەوافی پێشوازیان ئەنجام دا و پێغەمبەر دەستی لە بەردە ڕەشەکە دا، پاشان دوو ڕکات نوێژی سوننەتی تەوافی لە نزیک مەقامی پێغەمبەر ئیبراهیم کرد و تێیدا لە یەکەم ڕکات سووڕەتی (الإخلاص) و لە دووەم ڕکات سوورەتی (الكافرون)ـی خوێند، دوای تەواوکردنی نوێژەکەی لە ئاوی بیری زەمزەمی خواردووەتەوە و حەوت جار لە نێوان کێوی سەفا و مەڕوادا هاتوچۆی کردووە و دوعا و نزای کردووە.

لە ڕۆژی هەشتی مانگی ذو لحجە پێغەمبەر

لەگەڵ هاوەڵەکانی چوونە موونا و لەوێ مانەوە، لە ڕۆژێک دواتر و لە ڕۆژی نۆی مانگ بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێ کەوتن و لەسەر کێوەکە نوێژی نیوەڕۆ و نوێژی عەسر بە (قەسر و جەمع) ئەنجامدرا. دوای نوێژکردن پێغەمبەر وتاری ماڵئاوایی بۆ هاوەڵەکان دا و دوای خۆراوابوون پێغەمبەر و هاوەڵانی لەسەر کێوی عەرەفە 

دابەزین و بەرەو موزدەلیفە بەڕێ کەوتن و نوێژی مەغریب و عیشا بە (قەسر و جەمع) کران. پاشان چوونە موونا مەراسیمەکانی حەجیان تەواوکرد کە پێکهاتبوون لە ڕەجم کردنی شەیتان و سەرتاشین و قوربانی کردن و تەوافی کۆتایی. لەکاتی ئەنجامدانی مەراسیمەکانی حەجدا هاوەڵان پرسیاریان لە بارەی قۆناغ و ئەرک و سوننەتی مەراسیمی حەجیان لە پێغەمبەر دەکرد. دوای ئەنجامدانی مەراسیمی حەجکردن پێغەمبەر بۆ ماوەی دە ڕۆژ لە شاری مەککە مایەوە و دواتر لەگەڵ هاوەڵانی گەڕانەوە بۆ شاری مەدینە.

وتاری ماڵئاوایی پێغەمبەر

لە ڕۆژی نۆی عەرەفە و دوای ئەنجامدانی نوێژی نیوەڕۆ و نوێژی عەسر بە (قەسر و جەمع) پێکەوە، پێغەمبەر وتارێکی پێشکەش بە هاوەڵانی کرد لەو وتارەدا چەندین پرسی گرنگی خستە بەرباس بۆ هاوەڵان و ئەو وتارە وەکوو وەسیەتێک مایەوە، گرنگترین ئەو بابەت و پرسانەی کە لە وتاری ماڵئاوایی باسکران بریتی بوون لە:

  • کامڵ بوون و گەیاندنی تەواوی پەیامی ئیسلام، پێغەمبەر فەرمووی: (اليوم أكملت لكم دينكم وأتممت عليكم نعمتي ورضيت لكم الإسلام ديناً)، واتا: "ئەمڕۆ بە تەواوی و بە کامڵی ئایینەکەم پێ گەیاندن و ئایینی ئیسلامم پێ پەسەند کردن."
  • پێغەمبەر داوای لەهاوەڵان کرد گوێڕایەڵی فرمانەکانی خوا بکەن و جێبەجێیان بکەن.
  • یەکڕیزی و تەبایی موسڵمانان بەندێکی تری وتارەکە بوو، پێغەمبەر فەرمووی: (أيها الناس إن ربكم واحد وإن أباكم واحد كلكم لآدم وآدم من تراب أكرمكم عند الله اتقاكم، وليس لعربي على عجمي فضل إلا بالتقوى) واتا "ئەی خەڵکینە هەمووتان یەک خواتان هەیە و هەمووتان لە یەک باوکن کە ئەویش پێغەمبەر ئادەمەو ئەویش لە خۆڵ دروستکراوە، بۆیە هیچ عەرەبێک فەزڵ و چاکەی زیاتری لەسەر کەسێکی ناعەرەب نییە مەگەر لەڕووی خواپەرستییەوە نەبێت.
  • لە وتاری ماڵئاوایی باسی مافی ژنان کرا و مافەکانی خرانە ڕوو.
  • پێغەمبەر لە وتارەکەی موسڵمانی لە شەیتان و نەفسی خۆی ئاگەداری کردەوە و بە دژمن ناوزەدی کردن.


سەرچاوەکان



47 بینین