ڕێبازی ڕۆمانتیسیزم

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-21-14:38:00 - کۆدی بابەت: 12596
ڕێبازی ڕۆمانتیسیزم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێبازی ڕۆمانتیسیزم (بە عەرەبی؛ طريق الرومانسية، بە ئینگلیزی؛ The path of romanticismڕۆمانتیکییەکان خاوەنی بەهای تایبەت بە خۆیانن کە جیاوازن لە رێبازە وێژەیەکانی پێش خۆیان، چونکە هەر خۆیان ئامانجیان یاخیبوونێک بوو لە رێبازە وێژەییەکانی تری پێش خۆیان کە ئەوانیش کلاسیک و نیو کلاسیکن. زۆربەیان ئەم خاسیەت و بیرکردنەوەیان هەبووە. 

قوڵبوونەوە لە ڕێبازی ڕۆمانتیسیزم

یەکەم: ڕۆمانتیکیەکان خاوەنی جۆرێک لە فەلسەفەی تایبەت بە خۆیان بوون کە دەتوانین پێی بڵێین فەلسەفەی سروشت و گەڕانەوە بۆ خود. ڕۆمانتیکیەکان سروشت لایان شتێکی زۆر تایبەت و پیرۆزە، پێیان وایە گەڕانەوە بۆ سروشت چارەسەری هەموو شتێکە و ئەو زانست و زانیارییەی لە سروشتدا هەیە ئەستەمە لە هیچ یاخود سەرچاوەی تری فێربوون بیدۆزیتەوە. لەبەر ئەوەیە لە هۆنراوەکانیان هەمیشە باسی سروشت و پیاهەڵدانی سروشتە. هەوڵدەدەن ژیانی لادێی جوان دەربخەن و ژیانی نێو شار فەرامۆش بکەن. 

دووەم: ئەگەر سەرنج بدەی هەمیشە لە هۆنراوەکانیان زمانی لادێی و زمانی ئاسایی خەڵک بەکاردێنن تا هەموو کەسێک لە هۆنراوەکانیان تێبگات، نەک زمانی فەلسەفە و وێژەی قورس و تێکەڵ و قوڵ. ئەمەش دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ سەرسام بوونیان بە ژیانی گوندنشینی و ناو سروشت نەوەک ژیانی شارستانیەت. پێیان وابوو هۆنراوەکانیان بۆ هەموو کەسە، بۆ خوێندەوار و نەخوێندەوار بەبێ جیاوازی.

سێیەم: ڕۆمانتیکیەکان گرنگیەکی زۆریان بە گەیاندنی پەیام داوە لە بەرهەمەکانیان و سەرنجی ئەوتۆیان نەخستۆتە سەر کێش و سەروا، بەلای ئەوانەوە گرنگی هۆنراوە لەوەدایە کە پەیامەکان بە ڕوونی بگەینن. هەوڵیان داوە  کێش و سەروای نوێ و جیاواز لە هۆنراوەکانیان بەکاربێنێن، ڕەوانبێژی قوڵیان بەکارنەهێناوە. یەکێک لەو شتانەی لە ڕەوانبێژی زۆر حەزیان لە وێناگەرییە. 

چوارەم: بابەتێکی تری هۆزانڤانە ڕۆمانتیکییەکان ئافرەتە، کە وەک ئامرازێک بۆ جوانترکردنی بەرهەمەکانیان بەکاریان هێناوە، بە شێوەیەکی ئەفسووسی گوزارشتیان کردووە لە هۆنراوەکانیان. بۆ نموونە لە شێوەی پەری دەریا و شازادە خاتوون و چەند بونەوەرێکی تری خەیاڵی. بە کورتییەکەی واتا ئافرەتی خەیاڵەکانیان. ئافرەت لە دوای سروشت لەلای ڕۆمانتیکییەکان گرنگترین بابەت بوو کە کاریگەری دەکردە سەر شێوازی نووسین و هۆنراوەکانیان

پەیوەندییەکی (لۆرد بایرن) یان (گۆڕانی هۆزانڤان)، کە یەکێکیان لە وێژەی ئینگلیزی و ئەوی تریان لە وێژەی کوردی بەوە ناسراون پەیوەندییەکی زۆریان لەگەڵ ئافرەت هەبووە. بە تایبەت (لۆرد بایرن) کە لەلایەن ئافرەتانی ئەو سەردەمە زۆر دڵخواز بووە و لە وێژەدا بووە بە خاوەنی تایبەتمەندییەکی خۆی کە پێی دەڵێن (بایرۆنیک فیگەر). کە هەر کەسایەتییەک لە نێو وێژەدا وەکو چیرۆک و ڕۆمان و چەندان شێوازی تر، پەیوەندیەکی زۆری لەگەڵ ئافرەتان هەبێت و دڵخواز بێت لایان پێی دەڵێن (بایرۆنیک فیگەرە).

پێنجەم: سەرنج ڕاکێشترین جوانترین شتی ڕۆمانتیکییەکان ئەم خاڵەیە. پرسیارکردن لەوەی ئەگەر مرۆڤ تەنها گرنگی بە کێشەکانی دەرەوەی ڕۆحی بدات ئەی چی دەربارەی ئەو کێشانەی کە ڕۆحی ئازاردەدەن؟ ڕۆمانتیکییەکان دوورکەوتنەوە لە کێشەی گشتی و خەڵک دەستیان کرد بە باسکردنی کێشەکانی خۆیان ئەو کێشانەی کە خۆیان و ڕۆحیان بەدەستیانەوە دەیان ناڵاند. پێیان وابوو دەبێت ئیتر هۆزانڤانەکان خۆیان لەو کێشانە گێل نەکەن کە لە ناخەوەن. وا خۆیان نیشان بدەن کە لە ژیانێکی تەواودا دەژین، چونکە نەک ئەوان هەموو مرۆڤێک بە دەست ئەم کێشانە دەناڵێنێت و پێویستە لە هۆنراوەکان باس بکرێن و سەرنجیان بخرێتە سەر. 

شەشەم: ڕۆمانتیکییەکان گرنگیەکی زۆریان  بە هەست دەدا، نەوەک ژیری. واتا پێیان وابوو ئەگەر شتێک ژیرانە نەبوو واتای ئەوە نییە خراپە یان بوونی نییە. بڕوایان وابوو دەبێت گرنگی بە هەستەکانمان بدەین ئەمەش بێگومان دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی پێشوو واتە ئەو کێشانەی کە لە هەستەوەن واتای ئەوە نییە دەبێت فەرامۆش بکرێن، بەڵکو دەبێت سەرنجیان بخرێتە سەر، چونکە مرۆڤ گیرۆدەیانە. جا ئەو کەسانەی کە لەو سەردەمە کۆنەپەرست بوون و هێشتا نەیان دەتوانی ئەو ڕێبازە نوێیە وێژەییە قبوڵ بکەن هەمیشە رەخنەیان لەو خاسیەتەی ڕۆمانتیکەکان دەگرت و پێیان وابوو دوورکەوتوونەتەوە لە بەها کلاسیکییەکان کە لە دێر زەمانەوە هەن. 

حەوتەم: ڕۆمانتیکەکان لە دونیا خەیاڵییەکەی ناخیان دەژیان بۆیە دەبینین لە هۆنراوەکانیان زۆر خەیاڵی گوزارشت دەکەن و وێناکارییەکانیان هەمووی ئەفسوسیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە زۆربەی ڕۆمانتیکەکان لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان دڵتەنگ و خەمبار بوون، چونکە ژیانی ڕاستەقینەیان تووشی بێ هودەی دەکردن و دەیانویست بۆ هەمیشە لە ژیانی خەیاڵدا بژین هەر بۆیە زۆربەیان لە ژیاندا شکست خواردووانە ژیاون بە پێی پێوەی ژیری بێگومان. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە زۆربەیان گۆشەگیر و دوورە پەرێز بوونە لە خەڵک. هەر لەبەر ئەوەیە وێناکردن سیمایەکی دیاری هۆنراوەی ڕۆمانتیکەکانە و هەمیشە ویستوویانە گوزارشتی ئەم جیهانەی ناخیان بکەن کە خەونی پێوە دەبینن. 

هەشتەم: ڕۆمانتیکییەکان زۆر کاریگەر بوون بە شۆڕشی فەڕەنسی حەز و خولیای ئازادیان هەبوو پێیان وابوو هەموو مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی ڕەگەز و ڕەنگ و نەتەوە و چینی کۆمەڵایەتی دەبێت ڕێزیان لێبگیرێ. تەنانەت هەندێ هۆزانڤانی ڕۆمانتیکی لەو پێناوەدا شەڕیشیان کرد وەک هۆزانڤانی ئینگلیزی (لۆرد بایرن) کە بەژداری شەڕی ئازادی یۆنانی کرد لە دژی دەسەڵاتی ستەمکارانەی عوسمانییەکان و هەر لە شەڕدا و لە یۆنان دەمرێت، کە ئەمەش ئارەزووی بۆ ئازادی نیشان دەدات، چونکە ئەم جەنگە هیچ پەیوەندییەکی بە بەڕیتانیا نەبوو بە ویستی خۆی تێیدا بەژداری کردبوو. ئەمەش هەموویان دەگرێتەوە بۆ کاریگەربوون بە بیرمەندی گەورەی فەڕەنسی (ژانک ژاک رۆسۆ) و ڕۆمانتیکییەکان هەر هەموویان لە ژێر کاریگەری ئەو پیاوە فەرەنسیەدان کە هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ دروستبوونی شۆڕشی فەڕەنسی.

ئەم کاریگەربوونەی ڕۆمانتیکییەکان بەم پیاوە و شۆڕشی فەڕەنسی هەندێکیان بە ئاگایی بووە واتا خۆیان ویستویانە، بەڵام هەندێکیان بەبێ ئەوەی تەنانەت بزانن و هەستی پێ بکەن تەنها لاسایی هۆزانڤانەکانی تری ڕۆمانتیکیان کردۆتەوە، چونکە پێی سەرسام بوونە واتە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەربوونە بە بیرکردنەوەی (ژان ژاک رۆسۆ). جا لەبەر ئەم هۆکارە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان کە ئەوکات لەلایەن سیستەمی پاشایەتیەوە بەڕێوەدەبدران دژایەتی دەکران و بە ئاژاوەگێڕ و پیلانگێڕان ناویان دەهێنان، کە دەیانەوێ شۆڕشی فەڕەنسی لە وڵاتەکانیان دووبارە بکەنەوە. 

نۆیەم: ڕۆمانتیکەکان زۆر سەرسام بوون بە ژیانی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاست بە تایبەت هۆزانڤانە ئەورووپیەکان هەمیشە شوێن و کاتی هۆنراوەکانیان لەگەڵ ئەو سەردەمەدا یەک دەگرێتەوە. ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی سەرسام بوونە بە خودی چاخەکە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو سەردەمە ژیان پێش نەکەوتوو بوو زۆربەی شوێنەکان هێشتا بە دەستی سروشتەوە بوون و مرۆڤایەتی نەیگۆڕیبوون بۆ شوێنی پیشەسازی و شارستانیەت، بۆیە زۆر لەگەڵ جیهانی خەیاڵەکانیان یەکی دەگرتەوە و کە سروشتێکی قەشەنگ و جوان بوو. 

گرنگی ڕێبازی ڕۆمانتیسیزم

دروستبوونی ڕۆمانتیسیزم گرنگیەکی زۆری هەبوو، چونکە وای لە مرۆڤ کرد لە لوتکەی سەردەمی پێشکەوتن کە ئیدی بێ هەست ببوون و هەموو ئەوەی گرنگیان پێدەدا ژیری بوو چەکەرە بکات دروست بێت، تا مرۆڤەکان هەستەکانی خۆیان لە بیرنەکەن، ئەگەر مرۆڤ کێشەیەکی لە ناخەوە هەبوو واتای ئەوە نییە کە تەواو نییە دەبێت واز لەو شتانە بێنێ بە دوای ژیری بکەوێت، چونکە ئەمە کێشەیەکی گشتیە و هەموو مرۆڤێک هەیەتی. وردە وردە لە ئەورووپا چەکەرەی کرد بە وێژەی هەموو نەتەوەکانی جیهاندا بڵاوبوویەوە.


سەرچاوەکان



65 بینین