گەورەبوونی ڕژێنی پەریزاد

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-04-22-20:02:00 - کۆدی بابەت: 12639
گەورەبوونی ڕژێنی پەریزاد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گەورەبوونی ڕژێنی پەریزاد (بە ئینگلیزی: Goiter،  بە عەرەبی: تضخم الغدة الدرقية) واتا گەورەبوونی ناڕێکی قەبارەی ڕژێنی پەریزاد. ڕژێنی پەریزادە ڕژێنی سایرۆیدیشی پێدەوترێت ڕژێنێکی شێوە پەپولەییە و دەکەوێتە بەشی خوارەوەی مل. لەوانەیە گۆیتەر گەورەبوونی هەموو ڕژێنەکە بگرێتەوە، یان لەوانەیە لە ئەنجامی گەشەی ناڕێکی خانەوە بێت کە بەهۆیەوە گرێیەک یان زیاتر لە ڕژێنەکەدا دروستدەبێت. بیریشمان نەچێت گۆیتەر دەکرێت ئەسڵەن پەیوەندی بە تێکچوون و گۆڕان لە فرمانەکانی ڕژێنەکە نەبێت یاخود کەم دەردان و زۆر دەردانی هۆرمۆنەکانی سایرۆید.

هۆکار و چارەسەرییەکان

لە دیارترین هۆکاری گۆیتەر لە جیهاندا کەمی بڕی یۆدە لە ژەمە خۆراکدا. لەو ناوچانەی خواردنی خوێی یۆدی تیایاندا زۆر باوە، هێشتاش نەخۆشی گۆیتەر دەکرێت ڕووبدات ئەویش لە ئەنجامی کۆمەڵێک دۆخی ترەوە دەبێت کە کاردەکاتە سەر گۆڕینی فرمانەکانی ڕژێنی سایرۆید یاخود ئەو هۆکارانەی کاردەکاتە سەر گەشەی ڕژێنی سایرۆید. چارەسەرکردنی نەخۆشی گۆیتەر دەوەستێتە سەر هۆکارەکانی نەخۆشییەکە، نیشانەکانی، و ئەو ئاڵۆزییانەی لە ئەنجامی نەخۆشییەکەوە دروستدەبن. گۆیتەری بچووک (گەورەبوونێکی کەمی ڕژێنی پەریزاد) کە ئەسڵەن تێبینیکراو نییە و کێشەی تەندروستی دروست نەکردووە بۆ کەسەکە، پێویستی بە چارەسەر نییە.

نیشانەکانی

زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی گۆیتەر دەبن جگە لە هەڵئاوسانی بەشی خوارەوەی ملیان هیچ نیشانەیەکی تریان نییە. لە هەندێک دۆخدا گەورەبوونی سایرۆید ئەوەندە بچووکە کە تەنها لە ڕێی پشکنینی پزیشکی و بوونی حاڵەتی تری تەندروستییەوە دیاریدەکرێت. نیشانەکانی تر پشت دەبەستن بەوەی چەنێک گۆڕانکاری بەسەر فرمانەکانی ڕژێنی سایرۆید هاتووە، چۆن بەخێرایی گۆیتەر گەشەی کردووە و یاخود بە چ شێوەیەک بووەتە هۆی گیرانی هەناسەدان.

غودەی کەم چالاک 

نیشانەکانی غودەی کەم چالاک بریتین لە: بێهێزی، زیادبوونی هەستکردن بە سەرما، خەواڵووبوون، وشکبوونی پێست، قەبزی، لاوازبوونی ماسولکە و کێشەی بیر و تەرکیزکردن.

غودەی چالاک

نیشانەکانی غودەی چالاک بریتین لە: کەمبوونی کێش، خێرا لێدانی دڵ، زیادبوونی هەستکردن بە گەرما، زیادبوونی ئارەقەکردنەوە، مچوڕک پیاهاتن و سوکە لەرز، هەستیاری و بیر پەشێوی، لاوازبوونی ماسولکە، زیادبوونی پێچی ناو سک، تێکچوونی سووری مانگانە، بە زەحمەت خەولێکەوتن، زیادبوونی پەستانی خوێن و زیادبوونی ئارەزووی خواردن. ئەو منداڵانەی غودەی چالاکیان هەیە دەکرێت ئەم نیشانانەیان تیا دەرکەوتووبێت: خێرا گەشەی باڵایان، گۆڕانی ڕەفتاریان و گەشەی لە ناکاوی ئێسکیان کە بۆ تەمەنی خۆیان چاوەڕواننەکراوە.

گۆیتەری ڕێگر

قەبارە و شوێنی گەورەبوونی ڕژێنەکە لەوانەیە بە جۆرێک بێت کە ببێتە هۆی گیرانی ڕێڕەوی هەوا و کێشە لەبەردەم دەنگە ژێیەکان دروستبکات، نیشانەکانی بریتین لە: قورسی قوتدان، قورسی هەناسە وەرگرتن و هەناسە دانەوە، کۆکین، دەنگ گڕی و پرخاندن.

چۆن ڕژێنەکە ڕێکدەخرێت

ڕژێنی پەریزاد یاخود سایرۆید لە لایەن پلی پێشەوەی ژێر مێشکە ڕژێن و ژێر لانکەوە کۆنترۆل دەکرێت، کە دیاریدەکەن لە چ ڕێژەیەکدا هۆرمۆنەکان دروستبکەن و دەردیبدەن. ژێرلانک ناوچەیەکی تایبەتی دەماخە، وەک ڕێکخەرێکی فرمانەکانی کۆئەندامەکانی جەستە کاردەکات. ژێر لانک ڕاگەیاندەنەکان دەنێردرێت بۆ پلی پێشەوەی ژێر مێشکە ڕژێن بۆ دروستکردنی هۆرمۆنی هاندەری سایرۆید. پلی پێشەوەی ژێر مێشکە ڕژێن دەکەوێتە ژێر ژێر لانکەوە، بڕێکی دیاریکراوی هۆرمۆنی هاندەری سایرۆید دروستدەکات و دەردەدات، بە پێی ئەوەی چەنێک لە هۆرمۆنەکانی T-4 و T-3 لە جەستەیا هەن یاخود چەنێک پێویستن. ڕژێنی سایرۆید کۆنترۆڵی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکانی دەکات لە ڕێی ئەو بڕەی هۆرمۆنی هاندەری سایرۆدی کە لە پلی پێشەوەی ژێر مێشکە ڕژێن وەریگرتووە. 

کێن ئەو کەسانەی مەترسی زیاتریان لەسەرە

لەوانەیە هەر کەسێک دووچاری گەورە بوونی ڕژێنی پەریزاد ببێت، لە هەر قۆناغێکی تەمەنیاندا بێت منداڵی یاخود گەنجی یاخود نەو جەوانی و پیری. هەنێک هۆکار  هەن دەبنە هۆی زیاتر ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی گەورەبوونی ڕژێنی پەریزاد (گەورەبوونی غودە) لەوانە:

  • کەمی یود لە خۆراکەوە، لە جیهاندا ئەو کەسانەی بڕی پێویستی یۆد لە ژەمە خۆراکیانەوە وەرناگرن مەترسی زیاتریان لەسەرە.
  • ئافرەتان زیاتر ئەگەری تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییەیان لەسەرە یاخود نەخۆشییەکانی ڕژێنی پەریزاد و غودە بە گشتی
  • دووگیانی و تەمەنی نائومێدی، نەخۆشییەکانی غودە و ڕژێنی پەریزاد لە ئافرەتاندا زیاتر لە ماوەی دووگیانی یاخود لە تەمەنی نائومێدیدا ڕوودەدات.
  • تەمەن، نەخۆشی گۆیتەر زیاتر لە سەرووی تەمەنی ٤٠ ساڵییەوە  ڕوودەدات.
  • مێژووی نەخۆشی خێزان، مێژووی بوونی نەخۆشی گەورەبووڽی ڕژێنی پەریزاد یان نەخۆشییەکانی تری غودە لە خێزاندا مەترسی تووشبوونی کەسەکە بە نەخۆشی گەورەبووڽی ڕژێنی پەریزاد زیاددەکەن.
  • دەرمان پێدان، هەندێک چارەسەری پزیشکی هەن لەوانە دەرمانی نەخۆشییەکانی دڵ (Pacerone)، دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەکان (Lithobid) مەترسی تووشبوون زیادەکەن.
  • بەرکەوتنی تیشک، مەترسی تووشبوونت زیاددەکات ئەگەر تۆ لەو کەسانە بیت کە چارەسەری تیشک وەردەگرن بۆ مل یانی ناوچەی سنگیان.

دەستنیشانکردن

نەخۆشی گۆیتەر بەزۆری لە ڕێی چەند پشکنینێکی بەرچاوەوە لەلایەن پزیشکەوە دەستنیشاندەکرێت. بە دەستدان لە مل پزیشکەکەت تێبینی گەورەبوونی ڕژێنی پەریزاد دەکات، هەروەها بوونی گرێ یان چەند گرێیەک دیاریدەکات. هەندێک جار گۆیتەر لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە کەسەکە پێویستی بە گیرانی تیشک بووە بە مەبەستی پشکنینی نەخۆشی و حاڵەتی دیکەی تەندروستی. ئەو پشکنینانەی داوادەکرێن لە میانەی دەستنیشانکردنەکە بریتین لە:

  • پێوانەی قەبارەی ڕژێنی پەریزاد
  • دیاریکردنی هەر گرێیەک ئەگەر هەبێت.
  • دیاریکردنی ئەوەی کە ڕژێنەکە زیاد چالاک بێت یان کەم چالاک (واتا دیاریکردنی بوونی غودەی چالاک و غودەی کەم چالاک).
  • دیاریکردنی هۆکاری گەورەبوونی ڕژێنەکە.

شیکارییە تاقیگەییەکان 

- پشکنینی فرمانی سایرۆید: پشکنینی نموونەی خوێن بەکاردەهێنرێت بۆ دیاریکردنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی هاندەری سایرۆید لەلایەن پلی پێشەوەی ژێر مێشکە ڕژێن هەروەها ڕێژەی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکانی T-4 و T-3 لەلایەن ڕژێنی سایرۆیدەوە. ئەم شیکارییانە دەتوانن ئەوە دەربخەن چەنێک گۆیتەر بە بەرزم و نزمی فرمانەکانی سایرۆیدەوە بەستراون.

- پشکنینی دژە تەنەکان: بە پشت بەستن بە ئەنجامی پشکنینی فرمانی سایرۆیدەوە پزیشکەکەت لەوانەیە داوای پشکنینی خوێنت لێبکات بۆ دیاریکردنی دژە تەنەکانی بەستراو بە خۆییە نەخۆشییەکانی وەک نەخۆشی هاشیمۆتۆ یان نەخۆشی گرەیڤ.

- هێڵکاری شەپۆلی دەنگی: هێڵکاری شەپۆلی دەنگی بەکارهێنانی شەپۆلە دەنگییەکانە بۆ دروستکردنی وێنەیەکی بەرواردکاری لەسەر شانەکانی مل. تەکنینکاران ئامرازێکی شێوە گۆچانی بەکاردەهێنن لە سەرووی ملەوە. ئەم تەکنیکی وێنەگرتنە دەتوانێت گەوروبوونی ڕژێنەکە و بوونی گرێی ڕژێنەکە دەربخات. 

- وەرگرتنی یۆدی تیشکەچالاک: ئەگەر پزیشکەکەت داوای ئەنجامدانی ئەم پشکنینەی لێ کردیت، بڕێکی کەمی یۆدی تیشکە چالاک وەردەگریت، دواتر بە بەکارهێنانی ئامرازی تایبەتی لێ وردبوونەوە تەکنیکاران دەتوانن پێوانی بڕ و ڕێژەی کارکردنی ڕژێنی پەریزاد بکەن، ئەنجامی ئەم شیکارییە دەتوانرێت یارمەتیدەربێت لە دیاریکردنی فەرمان و هۆکاری گەورەبوونی ڕژێنی پەریزاد.

- نموونەی شانەیی: نموونەی شانەیی لە ڕێی دەرزییەکی زۆر بچووکەوە لە ڕژێنی سایرۆید وەردەگریرێت ئەمەش بە دەستخستنی نموونەی شانەیی یان شلەیی لە گرێکانەوەیە. لە ڕێی پشکنینەوە ئەمەوە ئەوە دەستنیشان دەکرێت ئاخۆ گرێکان پاکن یان شێرپەنجەیین.

ئاڵۆزییەکان 

بەزۆری نەخۆشی گەورەبوونی ڕژێنی پەریزاد بە تەنها نابێتە  هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی بۆ کەسەکە. بەڵام لەوانەیە هەندێکجار گەورەبوونی ڕژێنەکە بەڕادیەک بێت ببێتە هۆکار بۆ گیرانی ڕێڕەوی هەوا و دەنگ. گۆڕان لە ڕێژەی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکانی سایرۆید بەستراوە بەوەی کە چەنێک لەگەڵ گەورەبوونی ڕژێنەکەدا کەسەکە دووچاری ئاڵۆزی و گرفتی دیکە ببێتەوە.


سەرچاوەکان



50 بینین