جەنگیزخان

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-25-22:43:00 - کۆدی بابەت: 12689
جەنگیزخان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جەنگیزخان (بە عەرەبی؛ جنکیزخان، بە ئینگلیزی؛ Genghis Khan) یەکخەری هۆزەکانی مەغۆل و دامەزرێنەری یەکەم ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆلە لە ساڵی ١٢٠٦ کە لەسەر دەستی ئەو مەغۆلەکان پەلیان هاویشت بۆ وڵات و هەرێمەکانی دەوروبەری مەغۆلستان و توانیان هەریەک لە ئیمپڕاتۆریەتی چین، میرنشینی کسیکسیا، دەوڵەتی خوارزمی، دەوڵەتی عەباسی و چەندین هێزی تر لەناوبەرن.

زانیارییە گشتییەکان

ناو تیمۆجین کوڕی یوسوگای کوڕی بەهادور خان 
ساڵی لەدایکبوون بەپێی هەندێک سەرچاوە ساڵی ١١٦٢ی زایینی و هەندێکی تر ١١٦٧، بەڵام زۆرینە لەسەر ئەاە کۆکن لە نێوان ١١٥٥-١١٦٧ لەدایکبووە. 
شوێن چیای خێنتالی، خاماگ 
مردن ٢٥-٨-١٢٢٧ 
شوێنی مردن شینگینگ، ڕۆژاوای شی. 
شوێنی ناشتن دیارنییە 
ماوەی دەسەڵات وەک خان ١٢٠٦-١٢٢٧ 
هاوژینەکانی بۆرتی، خولان خاتوون، یسوگین خاتوون، یسولین خاتوون، ئیباکا خاتوون، مۆگی خاتوون.
کوڕەکانی جورجی، چەغتای، ئۆگۆدای، ئالاخای باخی، تۆلۆی. 
باوک یوسوگای 
دایک هۆیلون 
ئایین تەنگریزم " ئاسمان پەرستەکان "

لەدایکبوون و سەرەتای ژیان 

تیمۆجین یەکەم منداڵی هۆیلون و یوسوگای بوو کە لە نێوان ١١٥٥-١١٦٧ لەدایکبووە، هۆکاری هەڵبژاردنی ناوی تیمۆجین دەگەڕێتەوە بۆ ناوی دیلێکی جەنگ کە یوسوگای لەگەڵ خۆیدا هێنابوویەوە هۆزەکەی کەناوی تیمۆجین بوو لەو کاتەدا یەکەم منداڵی لە دایکبوو ناوی لێنا تیمۆجین.

وا باو بوو لەنێو مەغۆلەکان کە  لە دەرەوەی هۆزەکانیان هاوژینیان بۆ کوڕەکانیان هەڵدەبژارد، یوسوگایش بۆ تیمۆجین لە هۆزی ئۆلیگارد کچێکی بۆ تیمۆجین نیشانە کرد بە ناوی بۆرتی. کاتێک یوسوگای تیمۆجینی بەم هۆزە سپارد خۆی گەڕایەوە، لە ڕێگادا تاتارەکان کە دوژمنی دێرینی یوسوگای بوون یوسوگایان ناسیەوە وا نەریت بوو گەر سوارێکی مەغۆل تووشی کۆمەڵێک ڕێبواری نەناسراو بووبایە کە لەسەر ڕێگاکە لە پشوودابوون دەبوو لایان دابنیشێت و بحەسێتەوە ئەوانیش شیری ئەسپیان پێشکەش دەکرد، یوسوگایش لەسەر ئەم نەریتەی باوک و باپیرانی هەمان کاری کرد و لای ئەو ڕێبوارانە دانیشت، بەڵام ئەوان  کینە لە دڵ بوون و ژەهریان بۆ کردە ناو شیرەکە و ژەهرخواردیان کرد. کاتێک گەڕایەوە ماڵەوە یوسوگای بارودۆخی تەندروستی تێکچوو و چارەسەر نەدەکرا. داوای کرد هەرچی زووە تیمۆجین بگەێندرێتەوە و بکرێتە جێنشینی خۆی. ئەو کاتە تیمۆجین تەمەنی هەشت ساڵ بوو کە یوسوگای گیانی سپارد. بەڵام هیچ کام لەم هۆزانە ئامادەنەبوون گوێڕایەڵی منداڵێک بن بەتایبەتی تالیوتای سەرۆک هۆزی تایچوو خێزانەکەی تیمۆجینیان لە ناسناو و مافی خۆیان لە هۆزەکەیان بێبەش کرد. 

تیمۆجین و هۆزەکەی ساڵانێکیان پڕ لە زەحمەت و ناخۆشیان بەڕێ کرد کە خواردنی ڕۆژانەیان لەسەر سێوە بن عەرزیلە و توو بوو لەگەڵ ڕاوکردنی ماسی و باڵندە. هۆیلونی دایکی هەموو منداڵەکانی ڕاسپاردبوو گوێڕایەڵی تیمۆجین بن و یاساکانی نەشکێنن. 

کاتێک تالیوتای بیستی تیمۆجین هێشتا لە ژیاندایە بڕیاریدا بیکوژن، کاتێک تیمۆجین لە دەرەوەی پەناگەکەیان بوو کۆمەڵێک سواری تایچوو دۆزیانەوە بەڵام تیمۆجین توانی لێیان ڕابکات تا چەند ڕۆژێک خۆی حەشاردا بەڵام برسەیەتی تەنگی پێ هەڵچنی و خۆیدا بەدەستەوە، سەیربوو تایچووەکان نەیان کوشت بەڵام ئەشکەنجەیەکی زۆریاندا و بردیانەوە بۆ لای سەرۆک هۆزەکەیان. 

شەوەکەی کە خەریکی ئاهەنگ گێڕان بوون تیمۆجین توانی ڕابکات و بە سەرکەوتوویی خۆی گەیاندەوە پەناگەکەیان بە هاوکاری کەسێک کە لە کتێبی مێژووی نهێنی مەغۆلدا بەناوی "سۆرکان شیرا" ناسراوە. لەو سەردەمەدا تیمۆجین کەسێکی ناسی بەناوی زامۆها کە سوێندی برایەتیان خوارد بەیەکەوە، کە ببووە پاڵپشت و هاوکاری تیمۆجین و خێزانەکەی، لە هەمان کاتدا تیمۆجین هاوسەرگیری لەگەڵ بۆرتیدا کرد تا هەموو ئەو گومانانە لە ناوبەرێت کە لەسەری بوون کە دەوترا تیمۆجین هاوسەرگێری لەگەڵ کچە نیشانەکراوەکەدا ناکات، ئەم کارە وایکرد هۆزی "ئۆلیگارد" تەواو دڵخۆش بکات.

لەو سەردەمەدا کەسێک بووە پشتیوانی تیمۆجین کەناوی ئامباکای بوو کە لەگەڵ باوکی تیمۆجیندا سوێندی برایەتی خواردبوو، لەو ساتەدا هۆزی میارکی هێرشیان کردە سەر هۆزەکەی تیمۆجین و بۆرتی هاوژینی تیمۆجینیان ڕفاند. تیمۆجینیش داوای لە هەر یەک لە ئاماکای و زامۆها کرد ئەوانیش بە هێزەکانیان هاوپەیمانییەکی سێ قۆڵیان پێکهێنا و هێرشیان کردە سەر میارکییەکان و "بۆرتی"یان ڕزگارکرد. لە دوای ڕزگارکردنی، بۆرتی منداڵی بوو کە کوڕێک بوو و ناویان نا جورجی، بەڵام هەتا ئەو کاتەی مەغۆلەکان لە دەسەڵات بوون دانیان نەدەنا بە جورجی و منداڵەکانی جورجی چونکە بە منداڵێکی ناشەرعی دەزانرا و بە کوڕی ڕاستەقینەی جەنگیزخان هەژمارنەدەکرا. 

دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆل ساڵی ١٢٠٦زایینی

سەرکەوتنەکانی تیمۆجین بەردەوام بوون و توانی بەهێز پشتیوانی کۆ بکاتەوە لەو سەردەمەدا شتێک دەوترا "هیچ شوێن کەوتوویەکی جەنگیزخان نەبینراوە  خیانەتی لێکات، بەڵام لایەنگرانی هەردەم شوێن بەرژەوەندی خۆیان کەوتوون" بەم جۆرە لە ساڵی ١٢٠٦ لە کورولتای کۆبوونەوەی هەموو هۆزەکان کرا و تیمۆجین وەک خانی مەغۆل ناسێنرا و ناسناوی "جەنگیزخان"یان لێنا. 

بەم جۆرەش یەکەم ئیمپڕاتۆریەتی دەوارنشینی مەغۆلی پێکهێنرا کە هەموو هۆزەکان کە ساڵانێک بوو لەسەر لەوەڕگای ئەسپ و ماڵات ناکۆک بوون و لە یەکتریان دەکوشت بەڵام لەسەر دەستی تیمۆجین یەکخران و دەوڵەتی مەغۆل پێکهێنرا، ئینجا جەنگیزخان لە ڕێگەی هێزی سەربازی دەیویست هەموو دەوڵەتەکانی ناوچەکە ملکەچی خۆی بکات بۆ ئەمەش کەوتە داگیرکاری. 

مێژوونووسان دەڵێن: هۆکاری بەهێزی سوپای مەغۆل تەنها بەهۆی بوونی سەرکردەیەکی وەک جەنگیزخان نەبوو، بەڵکو فەرماندەی باڵە سەربازییەکان کە ئەمانە بوون (موهوالی، زیلمی، زیبا "زیبی"، سۆبۆتای، نایا لەگەڵ چەندین فەرماندەی تر) هۆکاری پێشڕەوی خێرای سوپای مەغۆل بوون لەسەر بنەمای "مانوڤە"کردن کە هێرشی خێرا و زەبری کوشندە توانیان گەورەترین ئیمپڕاتۆریەت لە ئاسیا پێک بهێنن. بەتایبەتیش (موهوالی و سۆبۆتای) کە هیچ جەنگێکیان نەدۆڕاندووە لە ژیانیاندا.

جەنگەکانی مەغۆل لە سەردەمی جەنگیزخان ١٢٠٦-١٢٢٧ 

لە ماوەی ژیانی جەنگیزخاندا ژمارەیەکی زۆر جەنگ ڕوویان داوە کە بووەتە هۆی مردنی ١١-١٣٪ دانیشتوانی زەوی. بەڵام لە هیچ کام لەم جەنگانەدا مەغۆلەکان بە تێکڕا زیانێکی زۆریان بەرنەکەوتووە گەرچی لە جەنگدا هەبووە قوربانی زۆریان هەبووە و شکستیان هێناوە بەتایبەتی لە جەنگەکانیان لەگەڵ خوارزمییەکاندا لە سەرەتادا ڕووبەووی زەحمەتی هاتن چونکە خوارزمییەکان چەکی قورسیان هەبوو، بەڵام دواتر لە ڕێگەی فرتوفێڵەوە زیبا "زیبی" و "نایا" توانیان بەربەستەکان تێکبشکێنن و خوارزمییەکان لەناوبەرن. گرنگترین جەنگ لە نێوان مەغۆلەکان لەگەڵ ئیمپڕاتۆریەتی چین بەوردی لەگەڵ شانشینی کسیکسیا و جین بوو کە تا کۆتایی ژیانی بەردەوام بوو. 

جەنگەکانی جین

کاتێک جەنگیزخان ناسناوی خانی وەرگرت جەنگی هەردوو شانشینی جین و کسیکسیا لە ئیمپڕاتۆریەتی چین دەستی پێکرد کە تا ساڵانی کۆتایی ژیانی جەنگیزخان بەردەوام بوون، هۆکاری ئەم درێژە کێشانە بوونی پێگەی بەهێزی جوگرافی کسیکسیا و جین بوون. ساڵی ١٢٠٧ لە هێرشێکدا مەغۆلەکان بەشێکی جینیان لە نزیک ڕووباری زەرد کۆنتڕۆڵ کرد بەڵام دواتر لێی کشانەوە، ساڵی دواتر بەهێزێکی تەواو یەکخراو هێرشیان دەستپێکردەوە لە بەشی ڕۆژاوا کە دەکاتە هەرێمی (شی) یان (شیا) کە بە وردی ڕێگای ئاوریشمی دەکات توانیان داگیری بکەن. 

ساڵی ١٢٠٩ جەنگی ڕۆژاوای شیا دەستی پێکرد کە ئیمپڕاتۆر " لی ئاکوان " داوای هاوکاری لە جین کرد، ئیمپڕاتۆری جین "وانیان یۆنجی" ڕەتی کردەوە هاوکاری پێشکەش بکات. ئەمەش لە بەرژەوەندی مەغۆل بوو بێ کێشە ڕۆژاوای شیا داگیربکات. ژمارەیەک شار داگیرکران لەوانە " ولوهای " کە لەسەر ڕێگای قەڵای "کێیمان" بوو و تاکە ڕێگا بوو بۆ چیای هێلان و پایتەخت "ین چوان" 

لە مانگی ئایار ١٢٠٩ هێزەکانی مەغۆل بە سەرکردایەتی جەنگیزخان گەیشتنە ین چوان، لەوێ هێزێکی ١٥٠ هەزار کەسی ئامادەبوون دژی مەغۆل بجەنگن، هێزی مەغۆلەکان ڕاهێنراو نەبوون و مەشقیان نەکردبوو تا لەگەڵ هێزێکی وا گەورە بجەنگن. تا مانگی تشرینی یەکەم (١٠) هیچ بەرەوپێش چوونێک لە مەغۆلەکانەوە نەبوو، جەنگیزخان ویستی ئاراستەی ڕووبارەکە بگۆڕێت و شارەکە ژێر ئاو بخات بەڵام لەمەشدا سەرکەوتوو نەبوو، لە بری ئەوە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان سووتاند و ئێمپڕاتۆر لی ئاکوان ڕازی بوو کچەکەی خۆی "چاکا" بداتە جەنگیزخان و جەنگ ڕاگیرا، و مەرجی جەنگیزخانیش ئەوە بوو نابێ بازرگانی ڕاگیرێت دەبێت "حوشتر، هەڵۆ، قوماش و پێست" ئاڵوگۆڕ بکرێت لەگەڵ مەغۆلدا.

ساڵی ١٢١١ جەنگ لەگەڵ جین دەستی پێکرد بە شێوەیەکی فەرمی، جین بەهۆی کۆمەڵێک هەڵەی سەربازی کە بواریان هەبوو لە هێزەکانی مەغۆل بدات و زیانی زۆریان لێدات بەڵام ئەم کارەیان نەکرد ئەمەش وایکرد مەغۆلەکان خۆیان کۆبکەنەوە و لە نزیک دیوای گەورەی چین "شورای چین" هێرش بکەن کە بە جەنگی "یولینگ" ناسراوە. ساڵی ١٢١٥ مەغۆلەکان گەیشتن بە "ژانگدو"ی پایتەختی جین کە لە ڕۆژگاری مۆدێرندا شاری "بەیجینگ" دەکات ئەم جەنگە تا ساڵی ١٢٣٤ بەردەوام بوو تا لە کۆتاییدا تەواوی جین لەلایەن "ئۆگۆتای خان" کوڕی جەنگیزخان شکستی پێ هێنراو بوو بە بەشێک لە خاکی مەغۆل. 

جەنگی قەرەخەتای ١٢١٨

قەرەخەتای بەشێک بووە لە پاشکۆی ئیمپڕاتۆریەتی تورکەکانی ئاسیا "ئۆیغورییەکان" کە لەو ڕۆژگارەدا لە نزیک ڕووباری بەلکاش دەوڵەتێکی ئیسلامی هەبوو بەناوی خوارزمید یان خواریزمییەکان. ئەم جەنگە بەهۆکارێک هەڵگیرسا کۆمەڵێک بازرگانی مەغۆل سەردانی سەمەرقەند پایتەختی خوارزمیان کرد، بە هۆکاری بێ باوەڕی و دوور بوون لە ئایینی ئیسلام هەموویان لەلایەن سوڵتان محەمەد خوارزمشا کوژران تەنها چەند دانەیەک نەبێ کە هەڵاتبوون و خۆیان گەیاندبووەوە لای جەنگیزخان. ئەویش بڕیاریدا تۆڵەی خوێنی ئەو هاونیشتمانیانەی خۆی بکاتەوە، بەمەش پشتی بەست بە تواناکانی هەردوو فەرماندە "زیبا و نایا" زیبا لە ڕووی تیرهاوێژیەوە سوپاکەی بێ وێنە بوو، نایاش لە ڕووی ئەسپ سوارییەوە مەشقی زۆریان کردبوو کە هەر سوارێک چەندین ئەسپی پێ بوو تا بە زووترین کات بگەنە سنووری خواریزم. 

لە نزیک سنووری خواریزم شانشینی قەرە خەنید هەبوو کە موسڵمان و سوننە مەزهەب بوون ئەم شانشینە بە یەک جەنگ تەنها بە بەکارهێنانی ٢٠ هەزار سەربازی مەغۆل لە جەنگەکەدا ڕووخێنران و توانیان سنووری هاوبەش پێک بهێنن لەگەڵ خوارزمییەکان. شوێنی خوارزمییەکان بە دیاریکراوی لە دەریای قەزوین تا ڕۆژاوا و کەنداوی فارس لە باشوور بوو. بەم جۆرە جەنگیزخان چاوی بڕییە خاکی بەپیتی خوارزمییەکان و ویستی تۆڵەی ئەو بازرگانانەش بکاتەوە کە کوژرابوون کە هیچ مەبەستێکی خراپیان نەبوو جگە لە بازرگانیکردن. 

جەنگی ئیمپڕاتۆریەتی خواریزم ١٢١٩-١٢٢١

جەنگیزخان بەر لە هەر جەنگێک لێکۆڵینەوەی لە بارەی دوژمنەکەی دەکرد بۆ ئەمەش سوودی لە دوو کەس دەبینی، یەکەمیان بۆرتی هاوژینی و دووەمیان قەشەیەکی بودی بەناوی لالۆشۆکای کە مەغۆلەکانی فێری خوێندنەوە و نووسین دەکرد بە فەرمانی جەنگیزخان. ئەم دوو کەسە بۆ جەنگیزخان زۆر گرنگ بوون و هەمیشە جەنگیزخان ڕاوێژی پێکردوون. لە سەدەی ١٣ زایینیدا خوارزمییەکان لەلایەن شا محەمەدی دووەم ناسراو بە سوڵتان محەمەد خوارزمشا بەڕێوەدەبران، بەڵام خودی ئەم سوڵتانە کەسێکی بێ ئەزموون بوو لە کاری سیاسی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئەوەی حووکمداری ڕاستەقینە بوو تورکان خاتوونی خوارزمشا بوو کە دەکاتە دایکی سوڵتان محەمەد، دایکی سوڵتان خانمێکی چاو کراوە بوو بەڵام گرفتی ئەم خاتوونە خۆ بە گەورەزانی بوو کە خۆی دەسەپاند. 

کاتێک مەغۆلەکان دەستیان گرتبوو بەسەر ڕێگای ئاوریشم دەیان ویست هاوبەشێکی بازرگانیان هەبێت بۆ ئەمەش خوارزمییەکانیان هەڵبژارد بەڵام وەک باسمان کرد هەموویان بە فەرمانی سوڵتان کوژران چونکە بێ باوەڕ بوون و موسڵمان نەبوون. هەندێکی تر دەڵێن لەبەر ئەوەبووە کە سیخوڕ بوون و ویستوویانە سیخوڕی بکەن. دواتر جەنگیزخان چوار نوێنەری خۆی نارد دوو موسڵمان و دوو مەغۆل بەڵام ئەوانیش ئەتک کران. لێرەوە جەنگیزخان بڕیاری هێرشی دا، ١٠٠ هەزار سەربازی مەغۆلی دابەشکرد بەسەر باڵە سەربازییەکاندا چەغتای و ئۆگۆتای دیاریکران بۆ هێرشکردنە سەر شاری ئەترار، شارەکە بەرگرییەکی بەهێزی هەبوو دوای پێنج مانگ لە گەمارۆدان کەسێک خیانەتی کرد لە خوارزمییەکان و دەرگای شارەکەی کردەوە و مەغۆلەکان وەک بروسکە هێرشیان کرد و شارەکەیان نغرۆی خوێن کرد بە جۆرێک جۆگەی خوێن دروست ببوو، جگەلەوە تاڵانی زۆریان کرد.

جەنگیزخانیش بە دەستی خۆی ئینالچوک حاکمی شارەکەی کوشت. هێرشی دووەمی مەغۆلەکان بۆ سەر شاری بوخارا بوو کە لەم هێرشەدا زیبا و زیلمی و نایا بەشداربوون ئەم شارەش دەرگا بۆ مەغۆلەکان کرایەوە دوای ١٢ ڕۆژ لە داگیرکردن زۆربەی دیلەکان لە سێدارەدران. جگەلە پیشەوەرەکان کە بە فەرمانی جەنگیزخان مەنجەنیق و چەکی قورسیان پێ دوست دەکرا. دوای ئەم شارە جەنگیزخان خۆی کۆکردەوە تا هێرش بکاتە سەر سەمەرقەند، لەم کاتەی هەموو باڵە سەربازییەکان گەیشتنە شارەکە سوڵتان هەڵات بۆ دوورگەیەک و لەوێ بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد گۆڕەکەشی لەم ڕۆژگارەدا دیارنییە چونکە شوێنەکە ئاو دایپۆشیوە. 

لە سەمەرقەند جەنگێکی قورس ڕوویدا "جەلالەدین مەنگبورنی" بەرپەرچی هێرشی مەغۆلەکانی دەدایەوە، لەم جەنگەدا جەنگیزخان سوودی لە توانا و تاکتیکە سەربازییەکانی "زیبا و سۆبۆتای" بینی هەردوو فەرماندە یەکی ٢٠ هەزار سەربازییان هەبوو، لە هەمان کاتدا شاری ئەرگانکیش گەمارۆدرا بە بەکارهێنانی ٥٠ هەزار سەربازی مەغۆل ئەم تاکتیکە پێی دەوترێت "فلانک" لە زانستی سەربازیدا بەرگریکار هەر دەبێت یەکێکیان لە دەستدات یان هەردووکیان لە دەستدات. کاتێک شاری ئەرگانک کە پایتەختی بازرگانی خوارزم بوو سەرچاوەکان دەڵێن ١٫٢ ملیۆن کەس کوژران کە بە بۆچوونی مێژوونووسانیش دەڵێن: گومان لەوەدا نییە خوێناویتین جەنگ لەم شارەدا بووە. 

کۆتا جەنگی جەنگیزخان ١٢٢٦-١٢٢٧

لە کۆتا ساڵی ژیانی جەنگیزخاندا کە ئیمپڕاتۆیەتێکی بەهێزی بنیاتنا لە ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژاوا تاکە شوێن کە مابوو داگیریکات شانشینی کسیکسیا بوو لە جین ئەو شانشینەی شمشێرەکەی خان بەهادوری باپیری جەنگیزخانی لێ پارێزراو بوو. ساڵی ١٢٢٧ پایتەختی تانگوت شاری نینگ یای لەناوبرد و تەواوی خێزانە شاهانەکەی جینی لەناوبرد. بەمەش کۆتایی بە حووکمی جین هێنا کە چەند سەدەیەک بوو دەسەڵاتداربوون.

مردنی جەنگیزخان

لە ساڵنامەی قینگ و مینگدا کە دوو میرنشینی چینین دەوترێت جەنگیزخان لە کۆتا جەنگ دوای ڕوخاندنی ئیمپڕاتۆریەتی جین مردووە کە دەکاتە ١٨ بۆ ٢٥ی ئاب ١٢٢٧ کە لەو نێوانەدا بەهۆی بیستنی هەواڵی مەرگی موهوالی فەرماندەی باڵای مەغۆل دۆخی تەندروستی تێک دەچێت، چونکە موهوالی بە گوێرەی جەنگیزخان هەر فەرماندەیەک نەبوو بەڵکو ڕاگری هێز و شکۆی سوپاکەی بوو. 

سەرچاوەیەکی تر بەناوی "مێژووی نهێنی مەغۆلەکان" دەڵێت لەسەر ئەسپەکەی کەوتووە و بەهۆی برین و زۆری شوێنی شکاوی مردووە. بێگومان هێشتا هۆکاری مردنی جەنگیزخان مشتومڕی لەسەرە بەتایبەتیش گۆڕەکەی کە هیچ کەسێک نازانێت لە کوێ نێژراوە چونکە ئەو ڕۆژەی نێژرا ئاسایشی توند گیرایە بەر و دواتریش گۆڕ هەڵکەن و ئەوانەی ناشتیان هەموویان کوژران تا جێگەکەی ئاشکرا نەبێت. دوای خۆشی فەرمانڕەوایی مەغۆل درایە ئۆگۆدای و بووە دووەم خانی مەغۆل. بەم شێوەیە ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆل بۆ کوڕەکان و نەوەکانی جەنگیزخان بووە میرات. 


سەرچاوەکان



60 بینین