ئەفسانەی نۆڕس

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-06-14:21:00 - کۆدی بابەت: 12774
ئەفسانەی نۆڕس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەفسانەی نۆڕس (بە عەرەبی؛ ٲساطیر ٳسکندنافیة، بە ئینگلیزی؛ Norse Mythology) ئەفسانەی نۆڕس بریتییە لە بابەتێکی گرنگ لە مێژووی وڵاتانی ئەسکەندەنافیا. وشەی نۆڕس بە خەڵکی باکووری ئەڵمانیا دەوترێت کە لە کۆندا پێیان وتراوە ئەڵمانییە دێرینەکان یان باکووری دێرین. ئەم ناوچەیە لە باکووری ئەڵمانیا درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە سوید و نەرویج. گەلانی ئەم ناوچەیە پێیان وتراوە نۆڕدیک یاخود نۆڕس. ناوچەکە تا بە زۆر پابەندکردنیان بە ئایینی مەسیحی خاوەنی ئایین و کولتووری خۆیان بوون کە بە نۆڕس ناسراوە. 

مێژووی ئایینی نۆڕس

ئایینی نۆڕس ئایینێکی ڕۆحییە لە هەمان کاتدا پشت دەبەستێت بە چیرۆکی پاڵەوانەکان کە گەیشتوون بە پلەی بەرز و لای خواوەندەکان بەخشراون لە ڕۆژی ڕاگنارۆک و هیچ سزایەک وەرناگرن. ئەم ئایینە لە سەردەمە کۆنەکاندا لە ئەڵمانیا سەری هەڵداوە و بە باکووردا بڵاوبووەتەوە هەربۆیە پێی دەوترێت نۆڕس چونکە بە واتای باکوور دێت. شارەزایان پێیان وایە ئایینی نۆڕس یەکێکە لە و ئایینە داهێنراوانەی زۆرترین پەیڕەوی هەبووە لە ئەورووپادا بەر لە هاتنی ئایینی مەسیحی. چونکە لە زۆر وڵاتدا شوێنەواریان دۆزراوەتەوە وەک بەریتانیا، فەڕەنسا، نەمسا، سوید، نەرویج، فینلاند. گرنگترین شوێنەوارەکانیش هی ڤایکینگەکانە کە نەتەوەیەکی داگیرکەر و خوێن ڕێژ بوون لە ئەورووپادا جەنگی زۆریان هەڵگیرساندووە. 

فەلسەفەی ئایینی نۆڕس چییە؟ 

ئایینی نۆڕس لە دوو بەش پێکدێت، یەکەمیان پەیامی تێگەیشتنە لە ژیان و ئەو شتانەی لە گەردووندا ڕوودەدەن و کاریگەریان لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە. دووەمیان گەیشتن بە پلەی شکۆداری و مردن بە سەربەرزانە بە جۆرێک هیچ کەس دڵتەنگ نەبێ بە مردنی کەسەکە بەڵکو هەمووان شانازی بکەن بە مردنی واتا گەیشتنە بە مردنێکی شکۆدار و پڕ لە شانازی. شارەزایانی شرۆڤە کردنی کۆدەکانی نۆڕدیک دەڵێن: پەیڕەوانی ئایینی نۆڕس پێیان وابووە هێزێک باڵادەستە بەسەر گەردووندا و هەر گۆڕانێک لە فەلەکدا ڕووبدات پەیوەندی بەو هەیە بۆیە هەمیشە ئاگاداری گۆڕانکارییە گەردوونییەکان بوون وەک خۆر گیران، مانگ گیران، گۆڕانی شوێنی ئەستێرە و هەسارەکان لە ڕێگەی ڕۆژمێر و ساڵنامەکان. هەروەها دیاردەی فاڵگرتنەوە و بەخت گرتنەوەش بابەتێکی تر بووە کە زۆر گرنگیان پێ داوە. 

سەبارەت بە ژیانی دوای مردن، پەیڕەوانی نۆڕدیک پێیان وابووە ژیانی دوای مردن هەیە و مرۆڤ زیندوو دەبێتەوە لە ڕۆژی ڕاگنارۆکدا "ڕۆژی دوایی" کە لەو ڕۆژەدا مرۆڤەکان لەلایەن خوداوە دادگایی دەکرێن. بەڵام هەموو مرۆڤێک نا بەڵکو ئەوانەی بە شانازییەوە مردوون و لە ژیانیاندا سەریان شۆڕ نەکردووە و بە ژێردەستەیی ڕازی نەبوون و کۆیلە نەبوون. ئەمانە بە سوارچاک ناویان بردراوە کە لەلایەن خوداکانی نۆڕس بەخشراون بەتایبەتی ئۆدن و سۆر و ڕەیڤن و فێرا.

ئەفسانەی نۆڕس چییە؟ 

شارەزایان دەڵێن ئایینی نۆڕس بەشێکی زۆری بە Mythology "ئەفسانە" دادەنرێت ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک کە ئەمانە گرنگترینیانن. 

یەکەم: یەک خوا هەیە نەوەک خواوەند. هەر نەتەوەیەک خواوەندی هەبووبێت یان ڕوونتر بتی هەبووبێت ئایینەکەی بە میسۆلۆجی ناودەبرێت. 
دووەم: سەبارەت بە ڕۆژی ڕاگنارۆک، نۆڕدیکەکان پێیان وایە کە تەنها ئەوانە مافی ژیانی دوای مردنیان هەیە کە بە شانازی و پڕ شکۆوە مردوون نەوەک ئەوانەی بە ترسنۆکی مردوون. 
سێیەم: نۆڕدیکەکان پێیان وابووە خواوەندەکان هاوسەرگیری دەکەن و منداڵیان دەبێت، بۆ نموونە سۆر کە خواوەندێکیانە دەڵێن کوڕی خواوەند ئۆدنە. 

بۆیە لەبەر ئەم سێ هۆکارە گرنگە هەر ئایینێک کە هەڵگری پەیام و فەلسەفەی جوانیش بێت ئەوا کە ئەم خاڵانەی تێدابێت بە ئایینێکی ئەفسانەیی دادەنرێت و لە هەموو ڕوویەکەوە. 

ئایینی نۆڕدیک وەک پارچەیەکی هونەری و ئەدەبی

لە نێوان سەدەی ١٧ و ١٨ دا هیچ پەیڕەوێکی ئایینی نۆڕدیک نەما بەپێی بەڵگەکان بەڵام گەر چەقی پەیڕەوی کردن لە ئایینەکە وەربگرین ساڵانی ٧٠٠-١٠٠٠ ی زایینییە. بەڵام دوای نەمانیان لە ژێر زەبری کڵێسای کاسۆلیکدا هونەرمەندان و نووسەران و ئاوازدانەرانی ئەورووپی هەوڵی بە دۆکیۆمێنت کردنی مێژووی نۆڕدیکەکانیان دا. ئەویش بە تۆمارکردنی ئاوازەکانیان و کێشانی وێنە و نووسین لە بارەیانەوە بە پشت بەستن بە بەڵگەکان کە لە ئەشکەوتەکاندا دۆزراونەتەوە، دیارترین پارچەی موزیکیش Valhalla calling me کە بۆ یاری ڤیدیۆیی Assassin´s creed valhalla تۆمارکراوە کە لە دەقە مۆسیقییەکانی نۆڕس وەرگیراوە و کراوەتە یەک پارچە. هەروەها چەندین کتێب بەشێوەی ڕۆمان لە بارەی نۆڕدیک و نۆڕس نووسراون کە دیارترینیان کتێبی ئەفسانەی نۆڕس "Norse Mythology"ی نووسەر نەیڵ جەیمان. کە لە بارەی خواوەندەکان و زنجیرەی دابەشبوونیان بەسەر سەردەمەکاندا وەکو ڕۆمانێک نووسراوە. هەروەها لە بواری سینەماشدا چەندین فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنی بەرهەمهێنراون وەک زنجیرەی "ڤایکینگ" و زجیرەی "ڤالهالا" کە تەواوکەری یەکترن. 


سەرچاوەکان



22 بینین