کۆچی سپی لە ئۆقیانووسیا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-05-06-17:24:00 - کۆدی بابەت: 12781
کۆچی سپی لە ئۆقیانووسیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆچی سپی یان کۆڕەوی سپی (بە ئینگلیزی: White flight or white exodus، بە عەرەبی: هجرة البيض)، کۆچی لەناکاو یان وردەوردەی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سپی پێستە لەو ناوچانەی کە لەڕووی ڕەگەزی یان ئیتنۆکولتوورییەوە زیاتر هەمەچەشن بوون. ئەم کۆچە لە ساڵانی 1950 و 1960ـەوە دەستی پێ کرد و زاراوەی کۆچ یان کۆڕەوی سپی لە ئەمریکا بووە زاراوەی باوی نێو دانیشتووان. زاراوەکە ئاماژەی بە کۆچی بەرفراوانی خەڵکی ئەورووپی ڕەگەز جیاواز کرد کە لە ناوچە شارستانییە ڕەگەز تێکڵاوەکانەوە کۆچیان بۆ ناوچە قەراغ شارییە ڕەگەز هاوچەشنەکان یان ناوچە دەرەکییەکان دەکرد. زاراوەی کۆچی سپی لەو کاتەوە و تا ئەم دواییانەش بۆ ئەو کۆچانەی تر بەکارهات کە سپی پێستەکان دەیانکرد و لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەوە بۆ ناوچە گوندنشینەکان دەچوون، هەروەها بۆ ئەو سپی پێستانەش بەکارهات کە لە باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ناوەڕاستی ئەمریکاوە بۆ ئەو ناوچانەی باشووری ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژئاوا دەچوون کە کەشوهەواکەیان مامناوەندتر بوو. جگە لەوانەش، زاراوەی 'کۆچی سپی' بۆ کۆچی گەورەی سپی پێستەکانی پۆست‌ کۆلۆنیالیزم لە ئەفریقا، یان بەشەکانی تری کیشوەری ئەفریقا، بەهۆی بەرزی ئاستی تاوانی توندوتیژی و سیاسەتەکانی دژە کۆلۆنی یان دژە سپی پێست بەکارهات.

کۆچی دانیشتووانی سپی پێستی چینی ناوەڕاست لە سەردەمی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ساڵانی 1950 و 1960ـدا لە شارەکانی وەک کلیڤلاند، دیترۆیت، کانساس سیتی و ئۆکلاند بەدیکرا، بەڵام بڕیاری نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزایەتی له قوتابخانە حکوومییەکان پێشتر لە ساڵی 1954 و لەلایەن دادگای باڵای ئەمریکاوە درا. لە ساڵانی 1970ـدا، هەوڵ بۆ کۆتایهێنان بە جیاوازی ڕەگەزایەتی درا، کە ئەویش لە رێگەی دابینکردنی پاس بوو لە هەندێک ناوچەدا بۆ گواستنەوەی قوتابیان لەناو یان لە دەرەوەی خوێندنگە ناوچەییەکانی دەڤەری خۆیان بە مەبەستی یەکخستنی ڕەگەزی، ئەمەش بارکردنی خێزانی زیاتری لێ کەوتەوە بۆ ناوچەکانی تر. بە شێوەیەکی گشتیتر، هەندێک لە مێژوونووسان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆچی سپی لە پەرچەکرداری فشارەکانی دانیشتووانەوە ڕوویدا، هەم لە کۆچی گەورەی ڕەش پێستەکان کە لە گوندەکانی ئەمریکای باشوورەوە بۆ ناوچە شارستانییەکانی ئەمریکای باکوور و ڕۆژئاوای ئەمریکا کۆچیان کرد و هەم لە شەپۆلی کۆچبەرە نوێیەکانی سەرانسەری جیهان.

بەڵام، هەندێک لە مێژوونووسان وەک ناوێکی چەوت کە دەبێت دووبارە لێکۆڵینەوە لەسەر بەکارهێنانی بکرێت، دەستەواژەی "کۆچی سپی"ـیان بەرپەرچداوەتەوە. مێژوونووس (ئاماندا سێلیگمان) لە لێکۆڵینەوەکەیدا، کە لە بەشی وێست سایدی شاری شیکاگۆ لە سەردەمی دوای جەنگدا ئەنجامیدا، دەڵێت دەستەواژەکە بە شێوەیەکی ڕێ لێ تێکدەر ئەوە پیشان دەدات کە کاتێک ڕەش پێستەکان چوونەتە گەڕەکەکەوە یەکسەر سپی پێستەکان گەڕەکەکەیان جێهێشتووە، لەکاتێکدا لە ڕاستیدا، زۆرێک لە سپی پێستەکان بە توندوتیژی، ترساندن، یان تاکتیکی یاسایی بەرگریان لە جێگاکانی خۆیان کردووە. (لیا بوستان)، پڕۆفیسۆری ئابووری لە زانکۆی پرینستۆن، کۆچی سپی بۆ هەردوو هۆکارەکانی ڕەگەزپەرستی و ئابووری دەگەڕێنێتەوە.

کردارە بازرگانییەكانی جیاکاری ڕەگەزی لە هەر جۆرە نیشتەجێکردنێک، جوداڕوانینی ڕەگەزی ڕەهن و پەیماننامە سنووردارە ڕەگەزییەكان بوون بە هۆی قەرەباڵغی و دابەزینی بەهای خانووبەرە لەو ناوچانەی کە دانیشتووانی كەمینەیان زۆرە. ئەم جۆرە حاڵەتانەش بە هۆکاری کۆچی دانیشتووانی دیکە دادەنرێن. خزمەتگوزارییه سنووردارەکانی بانک و بیمە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی تر بەهۆی کەمی قازانج و باجی زیادەوە تێچوویان لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچە قەراغی و گەڕەکەکانی شار زیاد کرد کە بە شێوەیەکی گشتی هاوڵاتی غەیرە سپی پێستن. بە گوێرەی جوگرافیناسی ژینگەیی (لۆرا پولیدۆ)، پرۆسە مێژووییەکانی گواستنەوەی دانیشتووان لە ناوچە ناوەندییەکانی شارەوە بۆ ناوچە قەراغییەکان و لامەرکەزی شارستانی دەستیان لە ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی هاوچەرخدا هەیە.

کۆچی سپی لە ئۆقیانووسیا

ئوسترالیا

لە نێوان ساڵانی 1991 بۆ 1996 و لە شاری سیدنی، ڕێژەی گەشەی خەڵکی کەمینەی لەدایکبووی ئوسترالیا (سپی پێست و ناسپی پێست) لە فێرفیڵد و کانتربێری لە سەدا سێ، لە ئۆبورن لە سەدا شەش و لە ستراتفیڵد لە سەدا سێ دابەزی. لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا، تەنها لە ناوچەی لیڤەرپووڵ ژمارەی نێرە لەدایکبووە ئوسترالییەکان و نێرە لەدایکبووە بیانییەکان زیادیکرد. هەرچەندە ڕێژەی گەشەی لەدایکبووە بیانییەکان زۆر زیاتر بوو لە ڕێژەی لەدایکبووە ئوسترالییەکان، بەڵام لە ئەنجامدا تا ساڵی 1996 پشکی دانیشتووانی لیڤەرپووڵ لە سەدا 43.5ـەوە بۆ سەدا 49 زیادیکرد. گەڕۆکە لەدایکبووە ئوسترالییەکان ماڵیان لە ناوچە قەراغییەکانی باشووری ڕۆژئاواوە بۆ پێنریث لە باکووری ڕۆژئاوا و گۆسفۆرد و وایۆنگ لە باکووری ڕۆژهەڵات گواستەوە.

نیوزله‌ندا

کۆچی سپی لە قوتابخانەکانی نیوزلەندا هەستی پێ کرا، داتاکانی وەزارەتی پەروەردە دەریانخست کە لە ساڵی 2000ـدا 60 هەزار خوێندکاری ئەورووپی نیوزلەندا لەو قوتابخانانەی کە کەوتونەتە ناوچە هەژارنشینەکانەوە ناونووسکراون و لە ساڵی 2010ـدا ئەم ژمارەیە بۆ نیوە دابەزی. هەروەها هەمان زانیاری دەریخست کە ژمارەی خوێندکاری ئەورووپی نیوزلەندا لەو قوتابخانانەی کە لە ناوچە دەوڵەمەندنشینەکاندا زیادبوونی هاوشێوەی بەخۆوە بینیووە. وەزارەتەکە ئەوەی ڕاگەیاند کە گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان لە پشتی شوێن گۆڕینەکانن، بەڵام کۆمەڵانی مامۆستا و بەڕێوبەرانی قوتابخانەکان هۆکاری کۆچی سپییان بۆ ئەو بیروباوەڕە نەرێنانە گەڕاندووەتەوە کە دەبارەی ڕەگەز و چینایەتیی لە قوتابخانەکانی ناوچە هەژارنشینەکاندا هەن، کە بە شێوەیەکی گشتی زۆرینەیان خەڵکی ڕەسەنی نیوزلەندا (مائۆری) و دوورگەنشینەکانی زەریای هێمنن.

لە حاڵەتێکی تایبەتدا، کۆچی سپی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر خوێندنگای ئامادەیی سەنسێت جونیەر لە شاری ڕوتوروادا هەبوو، بەگوێرەی ئەوەی لە سەرەتای ساڵی هەشتاکاندا ژمارەی خوێندکاران لە 700 خوێندکارەوە بۆ 70 خوێنکار کەمیکرد. لەو 70 خوێندکارەش یەکێکیان نەبێت هەموویان مائۆری بوون. خەڵکانێکی هەژار، کەم لێهاتوو، ژمارەیەک دایکی سەڵت و ئەو خێزانە ناسەرکەوتووانەی لە هەوڵی سەرکەوتندان لە ناوچەکەدا چڕبونەتەوە. پەیوەست بە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی خێزانەکانەوە، دەستکەوتی پەروەردەیی خوێندکاران لە تاقیکردنەوەی خوێندنەوەی ستاندارددا کەمە.


سەرچاوەکان



27 بینین