بیردۆزی X و Y لە بەڕێوەبردندا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-07-17:13:00 - کۆدی بابەت: 12796
بیردۆزی X و Y لە بەڕێوەبردندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بیردۆزی X و Y لە بەڕێوەبردندا (بە عەرەبی: نظریة X و Y من ٳدارة، بە ئینگلیزی: X and Y theory in management) بیردۆزی X و Y دوو بیردۆزی بواری بەڕێوەبردنن کە دەچنە خانەی بیردۆزێکی گشتی ئەویش بیردۆزی نیۆکلاسیک، ئەم دوو بیردۆزە بۆ داڕشتنی ژینگەی ناو دامودەزگاکان و کۆمپانیاکان سوودی لێ دەبینرێت. 

بیردۆزی X و Y چییە؟ 

لە ساڵانی ١٩٦٠ دا توێژەرێکی کۆمەڵایەتی و دەروونی بەناوی دۆگڵاس مەکگریگۆر هەستا بە داڕشتن و دروستکردنی دوو بیردۆز لە بواری بەڕێوەبردن، کە ئامانجی سەرەکی بریتی بوو لە شێوازی مامەڵەکردنی بەڕێوەبەر لەگەڵ کارمەند و فەرمانبەران بەشێوازێک هاندەرانە بێت یاخود خستنە ژێر فشار بێت. 

بیردۆزی X

بیردۆزی X بریتییە لە داڕشتنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیا بەوەی فەرمانبەر و کارمەند هەست بە ترس بکەن کاتێک بەڕێوەبەر دەبینن و لە ژێر فشاردا کار بکەن، بێ ئەوەی بە هیچ  شێوەیەک هان بدرێن یاخود پاداشت بکرێن. لەم بیردۆزەدا فەرمانبەران ڕقیان لە کارەکانیان دەبێتەوە بە جۆرێک حەز ناکەن بڕۆن بۆ کارەکانیان. 

گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بیردۆزی X:

یەکەم: بینینی بەڕێوەبەر وەک سەنتەری دەزگاکە یان کۆمپانیاکە. پێویستە بەڕێوەبەر وەک BOSS دەسەڵاتدار ببینرێت و نابێت ڕەخنەی ئاڕاستە بکرێت چونکە ئەو خۆی کۆمپانیاکە ئاڕاستە دەکات و دەزانێت چی باشە یان خراپە. 

دووەم: فەرمانبەران بەپێی بەرپرسیارێتی کارناکەن، بەڵکو بە مەرجی بەڕێوەبەر کاردەکەن. واتا بەڕێوەبەر شوێنی فەرمانبەر دیاری دەکات لە کوێدا کاربکات. 

سێیەم: بەڕێوەبەر ڕێگه بە ناڕێکی ناو کۆمپانیاکەی نادات بەڵکو هەمووان کۆنتڕۆڵ دەکات کە نەتوانن هەڵە بکەن. 

چوارەم: لە هەموو پلە بەرزکردنەوەیەکدا پێویستە پەیوەندیت لەگەڵ سەرپەرشتیارەکەت هەبێت بێ ئەوە ناتوانیت کار بکەیت. واتا پێویستە شوێن فرمان بکەویت. 

پێنجەم: هیچ هاندانێک نییە بۆ کارکردن، گەر بەڕێوەبەر بیەوێت ئامانجێک بەدی بێنێت ئەوا پاداشتی مانگێکی فەرمانبەرەکانی دەکات بەوەی لە ژێر فشاردا ئەو ئامانجە بەدی بهێنن دواتر خەڵات دەکرێن بەپێی ماندووبوون

شەشەم: کاتێک فەرمانبەر هەڵەیەکی کرد بەڕێوەبەر گوێناداتە پۆزش و هۆکار ڕاستەوخۆ سزای کەسەکە دەدات تا نیشانی ئەوانەی تر بدات یاسا جێبەجێ دەکات و لێخۆشبوون نییە. 

بیردۆزی Y

بیردۆزی Y بریتییە لە پێچەوانەی بیردۆزی X، دۆگڵاس مەکگریگۆر ئەم بیردۆزەی داڕشت لە ئەنجامی هاتنەکایەی بابەتی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان کە بابەتێکی تەواو نوێی بواری بەڕێوەبردن بوو. لەم بیردۆزەدا بەڕێوەبردن وەک Leader یاخود ڕێبەر دەبینرێت نەوەک وەک دەسەڵاتدار Boss. لەم شێوازەدا هاندانی فەرمانبەران و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەباری کارکردن پێشینەی کارەکانی بەڕێوەبەرە. 

گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم بیردۆزە:

یەکەم: ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ کارکردن. 

دووەم: فەرمانبەران حەزی زۆریان بۆ کارەکەیان هەیە. 

سێیەم: هاندانی خودی فەرمانبەران لە پێشینەی کارەکانە، بە جۆرێک کردنەوەی خولی هاندان بۆ کارمەند و فەرمانبەرەکان یان خولی ڕاهێنانی زیاتر بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی فەرمانبەران زیادبکات. 

چوارەم: هەڵبژاردنی شوێنی کارکردن بە گوێرەی بەرپرسیارێتی و کەمێک ئاڕاستە کردن. واتا فەرمانبەر لەو بوارەی شارەزایە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت. 

پێنجەم: فەرمانبەر و کارمەند لە ژێر فشاردا کارناکەن، بەڵکو ژینگەیەکی ئارامیان هەیە. 

شەشەم: چارەسەرکردنی کێشەی فەرمانبەران بە زیرەکانە ئەگەر پەیوەندی بە کارەوە هەبێت. نموونە تەواو نەکردنی ئەرکێک بەهۆی بوونی کێشەیەک، بەڕێوەبەر پێویستە ڕۆڵی یارمەتیدەرانە ببینێت. 

حەوتەم: کاتێک کەسێک هەڵەیەکی کرد، بەڕێوەبەر پێویستە سەرەتا گوێ لە گوتەی کەسەکە بگرێت دواتر بڕیار بدات سزای بدات یاخود لێی خۆشبێت. لەم شێوازەدا هەلێک دەدرێت بە هەر کەسێک کە یەکەم جارە هەڵە بکات دوای ئەوە کە دووبارەی کردەوە سزا دەدرێت. 

باشترین بیردۆز کامیانە بۆ بەڕێوەبردن؟ 

بە گوێرەی بۆچوونی شارەزایانی بواری بەڕێوەبردن و سەرچاوە مرۆییەکان لەم سەردەمەدا پێشنیار دەکەن بۆ بەڕێوەبەران کە هەردوو بیردۆز بەیەکەوە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی ژینگەیەکی تەواو گونجاو دابین بکەن بۆ کارمەند و فەرمانبەرەکانیان، لە زۆرینەی بارودۆخەکاندا بەڕێوەبەر دەبێت بیردۆزی Y بەکاربێنێت وەک ڕەخساندنی ژینگەی گونجاوی کارکردن و هاندانی فەرمانبەران و کردنەوەی خولی گەشەپێدان و ڕاهێنان. لە کاتێکیشدا ئەگەر زانی بواری کرانەوەیەکی زۆر بە کارمەندەکان دراوە و ناڕێکی زۆر بووە لە ڕێگەی سەپاندنی یاساکانی شوێنی کارەکەی ئەو ناڕێکییە ناهێڵێت و بۆ ئەمەش بیردۆزی X بەکارەهێنێرێت.

سوودێکی تری بەکارهێنانی هەردوو بیردۆز لەیەک کاتدا ئەوەیە ئاستی بەرهەم زیاد دەکات کارمەند هەم ژینگیەکی گونجاوی هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا بێ کەم و کورتی کارەکانی دەکات بۆ ئەوەی سزا نەدرێت. هان دەدرێت و لە هەمان کاتیشدا لە بیری دەبێت کە یاسا هەیە و دەبێت پەیڕەویان بکات.


سەرچاوەکان



63 بینین