دژە زیندەییەکان چین و دەکرێن بە چەند گرووپەوە؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-05-07-22:00:00 - کۆدی بابەت: 12802
دژە زیندەییەکان چین و دەکرێن بە چەند گرووپەوە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دژە زیندەییەکان چین و دەکرێن بە چەند گرووپەوە؟ (بە عەرەبی: ما هي المضادات الحيوية وما هي مجموعاتها، بە ئینگلیزی: what are the antibiotics and what are their groups) دژە زیندەییەکان ماددەی کیمیایی یان سروشتین بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو هەوکردنانەی بەهۆی بەکتریاوە ڕوودەدەن. کار دەکەن لە ڕێگەی کوشتن یاخود لە ڕێگەی وەستاندنی گەشەی بەکتریاکە. بەڵام مەرج نییە لە هەموو بارودۆخێکدا بەکاربێن.

زۆربەی هەوکردنە سوکە بەکتریاییەکان بەبێ بەکاهێنانی دژە زییندەییەکان باش دەبن. دژە زیندەییەکان چارەسەری ئەو هەوکردنانە ناکەن کە بەهۆی ڤایرۆسەوە ڕوودەدەن بۆ نموونە نەخۆشییە هەڵامەتییەکان، پەتا وەرزییەکان، هەروەها زۆربەی جۆرەکانی کۆکە.

مێژووی دژە زیندەییەکان

بۆ ماوەی هەزاران ساڵە خەڵکی دژە زیندەییەکان بەکاردەهێنرێن بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنەکان، هەرچەندە تا نزیکەی سەدەی ٢٠ خەڵک نەیاندەزانی کە هەوکردنەکە بەهۆی بەکتریاوە بووە. چەندین شێوە و پێکهاتەی ڕووەکی جۆراوجۆر بەکاردەهێنران بۆ چارەسەرکردنی هەوکردن لەلایەن هەندێک لە شارستانییەتە کۆنەکانەوە - میسرییە کۆنەکان، بۆ نموونە، نانی کەڕووداریان بەکارهێنا بۆ برینە تووشبووەکان. لەگەڵ ئەوەشدا تا سەدەی ٢٠، ئەو هەوکردنانەی کە لە سەردەمی هاوچەرخدا بە ئاسانی چارەسەر دەکرێن - وەک هەوکردنی سییەکان و سکچوون - کە بەهۆی بەکتریاوە دروست دەبێت، هۆکاری یەکەمی مردنی مرۆڤ بوون لە جیهانی پێشکەوتوودا.

دژە زیندەییەکان بوونیان نەبوو هەتا کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ کە زاناکان دەستیان کرد بە تێبینیکردنی کرداری ماددە کیمیاییە دژە بەکتریاییەکان. Paul Ehrlich پزیشکێکی ئەڵمانییە تێبینی ئەوەی کرد کە هەندێک ڕەنگی کیمیایی هەندێک خانەی بەکتریا ڕەنگ دەکەن و هەندێکی تریان ڕەنگ ناکەن. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی ئەم بنەمایە دەبێت ماددەیەک دروست بکرێت کە بتوانێت هەندێک بەکتریا بکوژێت بەبێ ئەوەی زیان بە خانەکانی تر بگەیەنێت. لە ساڵی ١٩٠٩ بۆی دەرکەوت کە ماددەیەکی کیمیایی بە ناوی ئەرسفێنامین (arsphenamine) چارەسەرێکی کاریگەر بوو بۆ نەخۆشی سیفلس. ئەمە بوو بە یەکەم دژە بەکتریای مۆدێرن، هەرچەندە Ehrlich دۆزینەوەکەی خۆی بە "چارەسەری کیمیایی” ناوبرد (چارەسەری کیمیایی: بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی). وشەی دژە زیندەیی (دژە بەکتریا) بۆ یەکەم جار دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ لەلایەن داهێنەر و میکرۆبایۆلۆجیستێکی ئۆکرانی-ئەمریکی سێلمان واکسمان بەکارهێنرا، کە لە ژیانیدا زیاتر لە ٢٠ دژە بەکتریای دۆزییەوە.

ئەلێکساندەر فلیمینگ بە ڕێکەوت پێنیسیلینی دۆزییەوە. دوای گەڕانەوەی لە پشوویەک لە سۆفۆلک لە ساڵی ١٩٢٨، تێبینی ئەوەی کرد کە کەڕوویەک بە ناوی Penicillium notatum،  لەسەر پلێتی چاندنی بەکتریای ستافیلۆکۆکەس گەشەی کردووە کە بە ڕێکەوت بە سەری کراوە بەجێی هێشتبوو. لە هەر جێیەک کەڕووەکان گەشەیان کردبایە ئەو جێگایە هیچ بەکتریایەک گەشەی لێنەدەکرد. فلیمینگ کەڕووەکەی جیاکردەوە و لە پلێتێکی تردا چاندی. بۆی دەرکەوت کە P. Notatum زۆر کاریگەرە دەتوانێت لە چڕی زۆر کەمدا ڕێگری لە گەشەی Staphylococcus بکات تەنانەت ئەگەر ٨٠٠ جاریش ڕوونبکرێتەوە، هەروەها بە بەراورد بەو پاکەرەوانەی کە لەو سەردەمەدا بەکارهاتوون کەمتر ژەهرای بووە.

دوای هەوڵدانە سەرەتاییەکان بۆ چارەسەرکردنی برینەکانی مرۆڤ، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمانسازی بەریتانی دڵنیابوون لەوەی کە ئەگەری بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی پێنیسیلین (ئەو دژە بەکتریا کیمیاییەی کە لەلایەن P. Notatum بەرهەم دەهێنرێت) هەیە. بە تایبەت دوای  ئاگرکەوتنەوە لە Boston, Massachusetts, USA کە نزیکەی ٥٠٠ کەسی تێدا گیانیان لەدەستدا، ژمارەیەکی زۆر لە ڕزگاربووان لە پاش چاندنی پێست بۆیان ئەگەری تووشبوون بە بەکتریای ستافیلۆکۆکەسیان هەبوو. چارەسەرکردن بە پێنیسیلین سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا و حکوومەتی ئەمریکا هەستا بە پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی دەرمانەکە. لە ساڵی ١٩٤٤، پێنیسیلین بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرا بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی بەکتریایی سەربازەکان لە سەربازگە و نەخۆشخانەکان لە سەرانسەری ئەورووپا. لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانیی دووەمدا، پێنیسیلین نازناوی "دەرمانی سەرسوڕهێنەر"ی لێنرا و ژیانی زۆر کەسی ڕزگار کرد.

دژە زیندەییەکان پێویستە کەی بەکاربهێنرێن؟

  • کاتێک هەوکردنەکە بەبێ بەکارهێنانی دژە زینەدەییەکان چارەسەر ناکرێ.
  • ئەگەر ببنە هۆی توشبوونی کەسانی تر.
  • ئەگەر باشبوونەکە زۆر بخایەنێت بەبێ بەکارهێنانی چارەسەر.
  • مەترسی خراپتر بوونی نەخۆشییەکە.
  • هەروەها ئەو نەخۆشانەی کە مەترسی توشبو.ونیان هەیە دەکرێت دژە زیندەییان پێبدرێت ناسراوە بە چارەسەری پێش وەختە (antibiotic prophylaxis).

پۆلێنکردنی دژە زیندەییەکان بە پێی شێوازی ئیشکردنیان:

Bacteriostatic: ئەو دژە زیندەییانە دەگرێتەوە کە گەشەی بەکتریاکە دەوەستێنن.

Bactrericidal: ئەو دژە زیندەییانە دەگرێتەوە کە بەکتریاکە دەکوژن.

پۆلێنکردنی دژە زیندەییەکان بە پێی مەودای ئیشکردنیان:

‏مەودا فراوان (Broad spectrum): مەودای ئیشکردنیان فراوانە کار لە هەردوو گرام ئەرێنی و گرام نەرێنی بەکتریا دەکەن.

‏مەودا کەم (Narrow spectrum): مەودای ئیشکردنیان کەمە تەنها کار لە چەند جۆرێکی دیاریکراوی بەکتریا دەکەن.

هەردوو گرووپەکە زۆر بەباشی چارەسەری هەوکردنە بەکتریایەکان دەکەن ، بەڵام بەکارهێنانی دژە زیندەیی مەودا فراوان کاتێک کە پێویست نەبێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی بەرگری لەلایەن بەکتریاکانەوە دژی دەرمانەکە.

میکانیزمی ئیشکردن و ئامانجەکانی دژە زیندەییەکان 

چارەسەرکردنی هەوکردنە بەکتریاییەکان زیاتر و زیاتر ئاڵۆز دەبێت بەهۆی توانای بەکتریاکان بۆ پەرەپێدانی بەرگری بەرامبەر بە دەرمانەکانی دژە بەکتریا. دژە بەکتریاکان زۆرجار پۆلێن دەکرێن بەپێی میکانیزمی ئیشکردنیان. شەش شێوازی سەرەکی ئیشکردنیان هەیە: 

  • تێکدانی پێکهاتە و ئیشکردنی دیواری خانە
  • ڕێگریکردن لە دروستکردنی پڕۆتین
  • ڕێگریکردن لە دروستکردنی ناوکە ترش
  • ڕێگرتن لە زیندەچالاکی بەکتریاکە
  • ڕێگریکردن لە کرداری پەردەی خانە
  • ڕێگرتن لە دروستکردنی ئەدینۆسینی سێ فۆسفاتی کەواتە بەپێی میکانیزمی ئیشکردنیان، ئامانجەکانی دەرمانی دژە زیندەیی ئەمانە دەگرێتەوە؛ پەردەی خانە، دیواری خانە، دروستکردنی پڕۆتین، دروستکردنی ناوکە ترش و هەروەها زیندەچالاکی دروستکردنی پێکهاتەی بایۆلۆجی دەگرێتەوە.

ڕێگریکردن لە دروستکردنی دیواری خانە

خانە بەکتریاییەکان بە دیواری خانە دەورە دراون کە لە پێپتیدۆگلایکان پێکهاتوون. دروستکردنی پێپتیدۆگلایکان پێویستە بۆ مانەوەی یەکگرتووی پێکهاتەی دیواری خانە، هەروەها دەرەکیترین چینە و سەرەکییترین پێکهاتەی دیواری خانەیە. دژە بەکتریای دیاریکراو کار لەدروستکردنی پێپتیدۆگلیکان دەکات، بەم شێوەیە یەکگرتووی دیواری خانەکە تێکدەدات. لەبەرئەوەی خانەی شیردەرەکان پێکهاتەی دیواری پێپتیدۆگلایکانیان نییە، ڕێگریکردن لە دروستکردنی پێپتیدۆگلیکانی دیواری خانە ئامانجێکی پەسەندکراوە بۆ دۆزینەوەی دەرمانی دژە بەکتریا، و لە هەمان کاتدا هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی بەرچاوی نییە لەسەر خانەی شیردەرە خانەخوێیەکان.

ڕێگرییەکانی دروستکردنی پڕۆتین

پێکهێنانی پڕۆتین پرۆسەیەکی فرە هەنگاوی ئاڵۆزە کە زۆرێک لە ئەنزیمەکان و ڕێکخستن لەخۆ دەگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی دژە بەکتریاکان کار لە (30S) یان (50S) یەکەی پێکهێنانی رایبۆسۆمی (70S)ـی بەکتریاکە دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە دروستکردنی پرۆتینی بەکتریا. بۆ نموونە تێتراسایکلینەکان، لەوانە دۆکسیسایکلین ڕێگری لە بەستنەوەی aminoacyl و tRNA دەکات بە بلۆککردنی A (Aminoacyl) لەسەر  ڕایبۆسۆمی (30S). هەروەها دەتوانن ڕێگری لە دروستکردنی پڕۆتین بکەن لە هەردوو ڕیبۆسۆمەکانی 70S و 80S لە زیندەوەری ناوک ڕاستەقینە.

ڕێگریکردن لە فرمانی پەردەی خانە

پەردەی خانەی بەکتریا ڕێگە بە تێپەڕبوونی ماددەی دیاریکراو دەدات بۆ مانەوەی خانە بە جێگریی و گواستنەوەی وزە. چەند دەرمانێکی دژە زیندەیی کار لە چەندین ئامانج دەکەن لە ڕێگەی کارلێککردنیان لەگەڵ بەشی لیپۆفیلیکی (lipophilic: ئەو ماددانە دەگرێتەوە کە توانای توانەوەیان هەیە لە چەوریدا) پەردەی خانەی بەکتریاکە کە دەبێتە هۆی لەناوچوونی پێکهاتەی پەردە و لاوازبوونی توانای کارکردنی. لە ئێستادا، دەرمانەکانی دژە بەکتریا کە دژی پێکهاتەکانی پەردەی سایتۆپلازمیکی بەکتریاکان ئاڕاستە دەکرێن، دەتوانن لەسەر هەردوو بەکتریای گرام نێگەتڤ و گرام پۆزەتیڤ کار بکەن.

ڕێگریکردن لە دروستکردنی ناوکە ترش

دژە زیندەییەکان دەتوانن ڕێگری لە لەبەرگرتنەوە و وەرگێڕان و دروستکردنی فۆلەیت بکەن لە میکرۆبەکان. گرووپی کوینۆلۆنەکان دەتوانن کار لە دروستکردنی  DNA بکەن بە ڕێگریکردن لە (topoisomerase) کە ئەنزیمێک بەشداریدەکات لە لەبەرگرتنەوەی DNA. بۆ نموونە نەوەی دووەمی دەرمانی کوینۆلۆنەکان levofloxacin ,norfloxacin و ciprofloxacin کار لە هەردوو بەکتریای گرام نێگەتیڤ و گرام پۆزەتیڤ دەکەن. هەروەها هەندێک دژە بەکتریا هەیە کە کار لە دروستکردنی RNA دەکات بە ڕێگریکردن لە  RNA polymerase وەک doxorubicin و actinomycin D (dactinomycin). ئەم دەرمانانە کار لە سیستەمی بەکتریا و شیردەرەکانیش دەکەن و لەبەر ئەوە زۆربەی کات وەک دەرمانی شێرپەنجەش بەکاردێن و پەلاماری خانە خێرا گەشەکردووە زیانبەخشەکان و هەروەها خانە ئاساییەکانیش دەدەن.

ڕێگریکردن لە زیندەچالاکی بەکتریاکە

دژە زیندەییەکانی سەر بەم کۆمەڵەیە کار لە رێبازی دروستکردنی ناوکە ترش و ترشە ئەمینییەکان دەکەن. ترشی تێترا هایدرۆ-فۆلیک Tetrahydro-folic acid (TH4) بریتییە لە کۆئەنزیمێکی سەرەکی کە بەکاردێت بۆ دروستکردنی ناوکە ترش و هەندێ جۆری ترشە ئەمینییە دیاریکراوەکان. بەکتریا ترشی فۆلیکی خۆی لە para-aminobenzoic acid (PABA) دروست دەکات. دژە زیندەییەکانی سەر بەم گرووپە ڕێگری لە ڕێبازی زیندەچالاکی بەکتریایی دەکەن بە ڕێگریکردن لە دروستکردنی (TH4)ـی بەکتریاکە.

ڕێگری لە ATP Synthase

 ATP Synthase ئەنزیمێکی سەرەکی بەرهەمهێنەری وزەیە لە هەموو زیندەوەرەکاندا لە بەکتریاوە بۆ بڕبڕەدارەکان لە ڕێگەی ئۆکساندنی فۆسفۆر یان photophosphorylation. هەندێک لە دژە زیندەییەکان وەک efrapeptins, aurovertins, oligomycins ڕێگری لە ئۆکساندنی فۆسفات و دروستکردنی ATP دەکەن بەم شێوەیە کاریگەریان لەسەر بەرهەمهێنانی وزەی بەکتریاکە دەبێت، لە بەرامبەریشدا بەکتریا دەکوژن.

پێویستە ئاگادار بیت لە بەکارهێنانی دژە زیندەییەکان، دەبێت لە ژێر رێنمایی پزیشکدا بەکاربهێنرێت. بەرهەڵستی دژە زیندەییەکان کێشەیەکی گەورەیە. بەکارهێنانی دژە زیندەییەکان کاتێک پێویست نین بە مانای ئەوە دێت کە چیتر لە داهاتوودا سودت پێناگەیەنن.

هەندێک لەو دژە زیندەییانەی کە چیتر بەکارنایەن بۆ چارەسەرکردنی:

  • هەوکردنی سییەکان
  • هەوکردنی گوێی منداڵ
  • هەکردنی گەروو

دژە زیندەییەکان چۆن بەکاردەهێنرێن؟

دژە زیندەییەکان بەکاردەهێنرێن بە پێی ڕاچەتەی دەرمانەکەدا یاخود لە ژێر ڕێنمایی پزیشک یان دەرمانساز.

دژە زیندەیەکان بەم شێوانە بەردەستن:

  • حەب، کەپسول یاخود بە شێوەی دەرمان: بەکاردەهێنرێن بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی جۆرەکانی هەوکردنی سوک یان مامناوەند لە لەشدا.
  • کرێم، گیراوە، سپرا، قەترە: ئەمانە بە زۆری بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی پێست و چاو گوێ بەکاردەهێنرێن
  • دەرزی: دەتوانرێت وەکوو دەرزی ڕاستەوخۆ بخرێتە ڕێرەوی خوێن یان ماسولکە، بۆ هەوکردنی توند بەکاردەهێنرێت.

چی روودەدات ئەگەر ژەمێکی دژە زیندەییەکە لە یادبکرێت؟

ئەگەر لەبیرت چوو ژەمێک لە دژە زیندەییەکە وەربگریت، سەیری ڕەچەتەی دەرمانەکە بکە بۆ ئەوەی بزانیت چی بکەیت چونکە لە دەمانێکەوە بۆ دەرمانێکی تر دەگۆرێت. ئەگەر دڵنیا نەبوویت، قسە لەگەڵ دەرمانسازێک یان پزیشکێک بکە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، هەر کە بیرت کەوتەوە دەتوانیت ئەو ژەمە وەربگریت کە لەدەستت چووە و دواتر بەردەوام دەبیت لە بەکارهێنانی دژە زیندەیەکە بە شێوەیەکی ئاسایی. بەڵام ئەگەر کاتی ژەمی داهاتوو نزیکببوو، ژەمە لەدەستچووەکە بپەڕێنە و بەردەوام بە خشتەی ئاسایی. نابێت دوو ژەم بەسەر یەکەوە وەربگیرێت بۆ ئەوەی قەرەبووی ژەمە لە دەست چووەکە بکرێتەوە.

چی ڕوودەدات ئەگەر بە ڕێکەوت ژەمێکی زیادە وەربگیرێت؟

  • مەترسی زیادبوونی کاریگەری لاوەکی هەیە، ئەگەر دوو ژەم  لەوە زووتر بخورێن وەک لەوەی پێشنیارکراوە.
  • بەکارهێنانی یەک ژەمی زیادەی دژە بەکتریاکە ئەگەری ئەوەی نییە زیانی گەورە بگەیەنێت.
  • بەڵام ئەگەری تووشبوون بە کاریگەرییە لاوەکیەکان زیاد دەکات، وەک ئازاری گەدە، سکچوون و هەستکردن بە نەخۆشی.
  • ئەگەر بە ڕێکەوت زیاتر لە یەک ژەمی زیادەی دژە زیندەیی بوو بە مایەی نیگەرانی یان کاریگەری لاوەکی توندی هەبوو، پێویستە پەیوەندی بە پزیشکەوە بکرێت.

کاریگەری لاوەکی

وەکوو هەر دەرمانێک، دژە زیندەییەکان دەتوانن کاریگەری لاوەکی دروست بکەن. زۆربەیان کێشە دروست ناکەن ئەگەر بە شێوەیەکی دروست بەکاربهێنرێن و کاریگەریی لاوەکی زۆر دەگمەنە.

کاریگەرییە لاوەکییە باوەکان بریتین لە:

  • هەستکردن بە نەخۆشی
  • هەڵئاوسان و بەدهەرسی
  • سکچوون
  • هەندێک کەس لەوانەیە کاردانەوەیەکی هەستیارییان هەبێت بۆ دژە زیندەییەکان، بەتایبەتی پێنیسیلین و سەفالۆسپۆرین.
  • لە حاڵەتە زۆر دەگمەنەکاندا، ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی کاردانەوەیەکی هەستیاری توند (anaphylaxis).
  • پەڵەی پێست کە لەوانەیە سووربوونەوە، خوران، ئاوسان و بڵقی لەگەڵدا بێت
  • خێزەی سنگ
  • توندبوونی سنگ
  • کێشەی هەناسەدان یان قسەکردن
  • هەوکردنی دەم، دەموچاو، لێو و زمان 
  • لەوانەیە ببێتە هۆی کاردانەوەیەکی توندی هەستیاری  و پێویست بە چارەسەری دەستبەجێ بکات لە نەخۆشخانە.

کارلێکكردن

هەندێک لە دژە بەکتریاکان گونجاو نین بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی تەندروستیان هەیە، یان ئەو ئافرەتانەی کە دووگیانن یان شیر دەدەن. لە کاتی دووگیانی یان شیرپێداندا پێویستە پسپۆڕانی تەندروستی ئاگاداربکرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانن گونجاوترین دژە زیندەیی بۆ نەخۆشەکە بنووسن. پێویستە تەنها ئەو دژە زیندەیانە بەکاربهێنیت کە بۆت نوسراوە، نابێت لە هاورێ یان ئەندامانی خێزانەکەتەوە وەریبگریت.

پۆلێنکردنی دژە زیندەییەکان

سەدان جۆری جیاوازی دژە زیندەیی هەیە، بەڵام زۆربەیان دەتوانرێت پۆلێن بکرێن بۆ شەش گرووپ.

پێنیسیلین (Penicillins): (وەک penicillin, amoxicillin co-amoxiclav, flucloxacillin and phenoxymethylpenicillin) بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکاردێن بۆ چارەسەرکردنی جۆرەها هەوکردن، لەوانە هەوکردنی پێست، سنگ و ڕێڕەوی میز.

سێفالۆسپۆرینەکان (Cephalosporins): (وەک: cefalexin) بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی مەودایەکی فراوان لە هەوکردن، بەڵام هەندێکیان کاریگەرن بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنە قورسەکان وەک سێپسس (وەڵامدانەوەیەکی توندی لەشە بۆ هەوکردن) و هەوکردنی مێشک.

ئەمینۆگلایکۆساید (Aminoglycosides): (وەک gentamicin و tobramycin) تەنها لە نەخۆشخانە بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە زۆر قورسەکانی وەک سێپسس (sepsis)، چونکە دەکرێت ببنە هۆی کاریگەری لاوەکی گەورە، لەوانە لەدەستدانی بیستن و زیانگەیاندن بە گورچیلە.  زۆرجار بە دەرزی دەدرێن بەڵام دەکرێت وەک قەترە بدرێت بۆ هەوکردنی گوێ یان چاو.

تێتراسایکلین (Tetracyclines): (وەک tetracycline, doxycycline و lymecycline) دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی مەودایەکی فراوان لە هەوکردن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بۆ چارەسەرکردنی زیپکە و نەخۆشی پێست بەکاردێت کە پێی دەوترێت rosacea.

ماکرۆلیدەکان (Macrolides): (وەک Azithromycin، erythromycin و Clarithromycin)  بەسوودە بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی سی و سنگ، یان وەک جێگرەوەیەک بۆ ئەو کەسانەی کە هەستیاریان بە پێنیسیلینەکان هەیە یان بۆ چارەسەرکردنی هەوکردن بەو بەکتریایانەی کە بەرگریان بەرامبەر بە پێنیسیلین هەیە

فلۆرۆکوینۆلۆن (Fluoroquinolones): (وەک ciprofloxacin و levofloxacin) دژە بەکتریایەکی مەودا فراوانن بەکاردەهێنرێت بەمەبەستی بۆ چارەسەرکردنی مەودایەکی فراوان لە هەوکردن، بەتایبەتی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان و میزکردن. ئەم دژە زیندەییانە چیتر بە شێوەیەکی ڕۆتینی بەکارناهێنرێن لەبەر مەترسی گەورەی کاریگەری لاوەکیان.

دژە زیندەییەکانی تر بریتین لە کلۆرامفینیکۆل (chloramphenicol): (بەکاردێت بۆ هەوکردنی چاو و گوێ)، فیوسیدک ئەسید (fusidic acid): (بەکاردێت بۆ هەوکردنی پێست و چاو)، و نایترۆفیورانتۆین (nitrofurantoin): و ترایمێثۆپریم (trimethoprim): بەکاردێن بۆ هەوکردنی ڕێڕەوی میز.


سەرچاوەکان



52 بینین