جوگرافیای دابەشبوونی گازی سروشتی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-05-08-13:38:00 - کۆدی بابەت: 12806
جوگرافیای دابەشبوونی گازی سروشتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جوگرافیای دابەشبوونی گازی سروشتی (بە عەرەبی: جغرافية توزيع الغاز الطبيعي، بە ئینگلیزی: Geography of Natural Gas Distribution).

گازی سروشتی چییە؟ 

بریتییە لە تێکھەڵەیەکی ئاڵۆز لە (ھایدرۆکاربۆن) لەگەڵ بڕێکی کەم لە پێکھاتەی ماددەی نا ئەندامی، کە لە ھەندێک بارودۆخدا تێکھەڵە لەگەڵ نەوت پێی دەگوترێت (گازی سروشتی ھاوەڵ) و لە ھەندێک بارودۆخیشدا بە تەنھا بەرھەمدەھێنرێت و پێی دەگوترێت (گازی سروشتی ئازاد). گازی سروشتی لە بنەڕەتدا بە ڕێژەی (٩٠٪) لە گازی میسان پێکھاتووە، جگە لەم گازەش ھەریەک لە گازەکانی (دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، پڕۆپان، نایترۆجین، کبریت، ئۆکسجین) بەژدارن لە پێکھێنانی گازی سروشتی بە ڕێژەی جیاواز.

گازی سروشتی یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی وزە کە لە ئێستادا بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا و وەکوو سەرچاوەیەکی گرنگی سووتەمەنی بۆ گەرمکردنەوەی خانوو و باڵەخانەکان بەکاردەھێنرێت،  کە بەھەمان شێوەی (نەوت و خەڵووز) جۆرێکە لە جۆرەکانی سووتەمەنییە بە بەردبووەکان، سەرچاوەی وزە بە بەردبووەکانیش لە ماددەی (ھایدرۆکاربۆن) واتە (ماددەی کاربۆنی و ھایدرۆجین) پێکھاتووە، لەگەڵ  بڕێکی کەم لە (خەڵتەی ئاو و کبریت)، ئەم بڕەش لە سەرچاوەیەکی وزە بۆ سەرچاوەیەکی تر جیاوازە. ھەرچەندە ڕێژەی کاربۆن و ھایدرۆجین لە ماددەیەکدا زیاتر بێت ئەوا بڕی وزەی خەزنکراو لەو ماددەیەدا زیاتر دەبێت، بە سووتاندنی ھایدرۆجین ھیچ پاشماوەیەکی زیان بەخش بۆ ژینگە جێناھێڵێت، چونکە بەشێکی زۆری ھایدرۆجین لە کۆتی سووتان دەبێت بە ھەڵمی ئاو.

گازی سروشتی یەکێکە لەو وزانەی کە ڕێژەیەکی زۆری (ھایدرۆجین)ی تیایە لەگەڵ ڕێژەیەکی کەم لە کاربۆن، بەم شێوەیەش کەمترین زیانی دەبێت بۆ ژینگە و بڕێکی کەم لەو پاشماوە زیان بەخشانەی دەریدەدات بە ھەواوە بڵاو دەبێتەوە بە بەراورد بە سەرچاوەکانی تری وزە، بۆنموونە سووتاندنی یەک تەن لە گازی سروشتی (٠,٦٣ تەن کاربۆن) بە ھەواوە بڵاو دەبێتەوە، بەڵام بە سوتاندنی یەک تەن لە نەوت (٠,٨٢ تەن کاربۆن) بە ھەواوە بڵاو دەبێتەوە وە بە سووتاندنی یەک تەن لە خەڵووز (١,٥ تەن کاربۆن) بە ھەواوە بڵاو دەبێتەوە وە بە سووتاندنی یەک تەن لە کاربۆن (٣,٤ تەن لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن) بە ھەواوە بڵاو دەبێتەوە، کەواتە ھەریەک لە وزەکانی (نەوت و خەڵووز) بە وزە پیسکەرەکانی ژینگە دادەنرێن، چونکە بەرپرسن لە دیاردەی قەتیسبوونی گەرمی.

بنچیینەکانی دروستبوونی گازی سروشتی

زانایان بۆچوونەکانیان جیاوازە لەسەر دروستبوونی گازی سروشتی، بۆ ئەم مەبەستەش دابەشبوونە بەسەر دوو کۆمەڵە

  • کۆمەڵەی یەکەم: بۆچوونیان وایە کە (نەوت و گازی سروشتی) ماددەی ھایدرۆکاربۆنین و سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ماددەی ئەندامی (ڕووەک و گژوگیا)، ئەم بیردۆزە بە گەرمی پێشوازی لێکراوە و ژمارەیەکی زۆری زانایان ھەڵسان بە گەڕان بە داوی (نەوت و گازی سروشتی) لە چینەکانی بەردی نیشتوو و سەرکەوتووبوون لە دۆزینەوەی نەوت و گازی سروشتی.
  • کۆمەڵەی دووەم: ئەم کۆمەڵەیە بۆچوونیان وایە کە نەوت و گازی سروشتی لە ئەنجامی کارلێکی کیمیایی لە چینەکانی ژێر زەویدا دروست دەبێت لە نێوان ماددە نائەندامییەکان، بەڵام ئەم بیردۆزە بە شێوەیەکی بەرچاو پێشوازی لێنەکرا، چونکە سەرکەوتوو نەبوو.

مێژووی دۆزینەوەی گازی سروشتی

١- بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا چینییە کۆنەکان توانیان گازی سروشتی بدۆزنەوە لەکاتی گەڕان بە دوای خوێ (٥٠٠) ساڵ پێش زایین، چینییەکان داری حەیزەرانیان بەکارھێناوە بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی لەو شوێنەی گازەکە لێی ھەڵقوڵاوە بۆ ئەو شوێنەی کە مەبەستیان بووە و وەکوو وزەی گەرمی بەکاریان ھێناوە.

٢- گازی سروشتی لە ئەمریکا لە ساڵی (١٦٢٦) دۆزرایەوە، کاتێک گەڕیدە فەڕەنسییەکان سەرچاوەی سەرەکی گازی سروشتییان دۆزیەوە لە کاتی دزەکردنی بۆ ناو ئاوی (دەریاچەی ئێری)، ھەربۆیە لەو شوێنەدا پیشەسازی گازی سروشتی لە ئەمریکا دەستی پێکرد.

٣- لە ئەورووپا گازی سروشتی نەناسراو بووە تاکوو دۆزینەوەی لە بەریتانیا لە ساڵی (١٦٥٩)، دواتر لە ساڵی (١٧٨٥) گازی سروشتی لە خەڵووز بەرھەمدەھێنرا بۆ ڕووناککردنەوەی خانوو و شەقامە سەرەکییەکان.

٤- گازی سروشتی تاکوو ساڵی (١٧٩٠) بازرگانی پێوە نەکراوە، دواتر لە ساڵی (١٨١٦) لە ئەمریکا پیشەسازی گازی سروشتی سەریھەڵدا و بەکاردەھێنرا بۆ ڕووناککردنەوەی شەقامەکان، (پالینمۆر و ماریلاند) ئەم جۆرە لە پیشەسازی بەرھەمھێنانی گاز کەمتر کارامەتر و پیسکەربووە، بە بەراورد بەو گازە سروشتییە لە ژێر زەویدا دەدۆزرایەوە.

٥- لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی (١٨٢١) لە شاری فلۆریدا (ولیام ھاڕت) ھەڵسا بە ھەڵکەندنی یەکەمین بیری گازی سروشتی لە ئەمریکای باکوور، ئەمەش دوای ئەوەی دانیشتوانی ئەم شارە تێبینی بوونی گازی سروشتییان کردبوو لە ناوچەکە، ھەربۆیە ولیام ھاڕت نازناوی (باوکی گازی سروشتی) پێ بەخشرا.

٦- لە ھەرێمی کوردستان کۆمپانیای (دانا گازی) ئیماراتی لە ساڵی (٢٠٠٧) ھەڵسا بە ئەنجامدانی گرێبەستێک لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆڕ.

جوگرافیای دابەشبوونی یەدەگ و بەرھەمھێنانی گازی سروشتی لە جیھاندا بۆ ساڵی ٢٠٢١

گازی سروشتی بەھەمان شێوەی سەرچاوەکانی تری وزە بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر زەویدا دابەش نەبووە، ھەربۆیە زۆرترین ڕێژەی یەدەگی گازی سروشتی دەکەوێتە:
١- (ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) کە (٣٥٩٨١) ملیار  مەتر سێجایە خەمڵێنراوە بە ڕێژەی (٣٨٪) گازی سروشتی جیھان لەو ناوچەیە کۆبۆتەوە. 
٢- ڕووسیا و بەشێک لە وڵاتانی ناوەڕاستی کیشوەری ئاسیا کە بە (١٢٦٧٧) ملیار مەتر سێجا خەمڵێنراوە کە دەکاتە ڕێژەی (٣٦٪) گازی سروشتی جیھان.
٣- ئەفریقا (٤٦٧١٥) ملیار مەتر سێجا بە ڕێژەی (٧٪).
٤- ئەمریکای باکوور (٨١٣١٤) ملیار مەتر سێجا بە ڕێژەی (٧٪).
٥- ئەمریکای باشوور (٤٣٧٧) ملیار مەتر سێجا بە ڕێژەی (٤٪). 
٦- لە ھەرێمی کوردستان سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕێکی زۆر لە نەوت و گازی سروشتی بوونی ھەیە، کە بەتەنھا ھەرێمی کوردستان (٣٪) یەدەگی گازی سروشتی جیھان لە خۆدەگرێت.
٧- ئەورووپا (٧٧٤٣) ملیار مەتر سێجا بە ڕێژەی (٢٪).

وڵاتانی خاوەن یەدەگی گازی سروشتی لە جیھاندا بۆ ساڵی ٢٠٢١ زایین

١- ڕووسیا (٤٩.٢٠٣) ملیار مەتر سێجا
٢- ئێران (٣٤.٠٧٧) ملیار مەتر سێجا
٣- قەتەر (٢٣.٨٣١) ملیار مەتر سێجا 
٤- تورکمانستان (٢٢.٢٦٩) ملیار مەتر سێجا
٥- وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (١٢.٧٠٢) ملیار مەتر سێجا
٦- سعوودیە (٩.٧١٩) ملیار مەتر سێجا
٧- ئیمارات (٦.٠٩٠) ملیار مەتر سێجا 
٨- نێجیریا (٥.٨٤٨) ملیار مەتر سێجا 
٩- ڤەنزوێلا (٥.٦٧٤) ملیار مەتر سێجا 
١٠- جەزائیر (٤.٥٠٤) ملیار مەتر سێجا 
١١- وڵاتانی تری جیھان بە نزیکەی (٣٩.٢٦٣) ملیار مەتر سێجا

جوگرافیای دابەشبوونی کێڵگەکانی گازی سروشتی لە ھەرێمی کوردستان

کێڵگەکانی گازی سروشتی لە ھەرێمی کوردستان دابەشبوونە بەسەر دوو کێڵگە کە بریتین لە: 

کێڵگەی گازی سروشتی ئازاد (Non Associated Gas)

بریتین لەو کێڵگانەی کە بە تەنھا گازی سروشتییان تیادا بەرھەم دەھێنرێت لەگەڵ بڕێکی کەم لە نەوت، بەسەر ھەشت کێڵگە دابەشبوونە، گرنگترین ئەو کێڵگانەش بریتین لە:

کێڵگەی گازی سروشتی کۆڕمۆر

ئەم کێڵگەیە بە کۆنترین کێڵگەکانی گازی سروشتی دادەنرێت لە عێراق بە گشتی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی، ئەم کێڵگەیە دەکەوێتە قەزای چەمچەماڵ لە ڕۆژھەڵاتی پارێزگای کەرکووک. مێژووی دۆزینەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٢٨) کە یەکەمین بیری ڕووپێویکردن لەو ساڵەدا ھەڵکەرا، ئەم کێڵگەیە تەنھا گازی سروشتی تیادا بەرھەمدێت و لە دوو کۆگا پێکھاتووە کە (١٨) بیری تیادا ھەڵکەنراوە، بڕی بەرھەمھێنان لەم کێڵگەیە لە ساڵی (٢٠١٦) گەیشتۆتە (٣٠٨) ترلیۆن پێ سێجا و بڕی یەدەگی سەلمێنراوی (٤.٩) ترلیۆن پێ سێجایە گازی سروشتی ئەم کێڵگەیە لە ڕێگەی لوولەکێش دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی کارەبا لە قەزای چەمچەماڵ و پارێزگای ھەولێر، پشکەکانی ئەم کێڵگەیە (١٠٠٪) بۆ کۆمپانیای (پیرل پیترولیومە).

کێڵگەی گازی سروشتی چەمچەماڵ

دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی لە قەزای چەمچەماڵ، ئەم کێڵگەیە بڕی یەدەگی (٦.٦) ترلیۆن پێ سێجایە، (١٠٠٪) پشکەکانی بۆ کۆمپانیای پیرل پیترولیومە. 

کێڵگەی گازی سروشتی بنەباو

ئەم کێڵگەیە دەکەوێتە ناوچەی گۆمەسپان تاکوو ناوچەی ھیران و نازەنین لە قەزای شەقڵاوە درێژ دەبێتەوە سێ بیری تیادا ھەڵکەندراوە و بڕێکی باشی گازی سروشتی تیایە، یەدەگی سەلمێنراوی (٩.٤) ترلیۆن پێ سێجا خەمڵێنراوە، لە ساڵی (٢٠١١) بەپێی گرێبەستێکی  ھاوبەش (PSC) دراوە بە کۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی تورکی) و لە ئێستادا بە ڕێژەی (١٠٠٪) پشکەکانی دراوە بەم کۆمپانیایە.

کێڵگەی گازی سروشتی تۆپخانە

دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بڕی یەدەگی ئەم کێڵگەیە (١.٦) ترلیۆن پێ سێجایە، (٤٠٪) پشکەکانی بۆ کۆمپانیای ڕاسپۆلی ئیسپانییە و (٤٠٪) پشکەکانی بۆ کۆمپانیای ویستێرن زاگرۆزی کەنەدییە و (٢٠٪) پشکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خاوەندارییەتی دەکات.

کێڵگەی گازی سروشتی پیرمام

دەکەوێتە سنووری پارێزگای ھەولێر لە پیرمام، بڕی یەدەگی ئەم کێڵگەیە (٠.٨٨) ترلیۆن پێ سێجایە، (٨٠٪) پشکەکانی ھی کۆمپانیای ئیکسۆن موبیلی ئەمریکی و (٢٠٪) پشکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خاوەندارییەتیان دەکات.

کێڵگەی گازی سروشتی تازە

دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی و سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە، بڕی یەدەگی ئەم کێڵگەیە (٠.٤) ترلیۆن پێ سێجایە، (٦٠٪) پشکەکانی بۆ کۆمپانیای نویل سێرجی ئوستڕالییە و (٢٠٪) پشکەکانی بۆ کۆمپانیای تۆتاڵە و (٢٠٪) پشکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خاوەدارییەتی دەکات. 

کێڵگەی گازی سروشتی دھۆک

ئەم کێڵگەیە دەکەوێتە ناوەڕاست و باشووری پارێزگای دھۆک و قەزای سێمێل، پێکھاتووە لە دوو بیری ھەڵکەندراو کە بڕی یەدەگی بە (١.٤) ترلیۆن پێ سێجا خەمڵێنراوە، لە ساڵی (٢٠١٠) بە ڕێژەی (٤٠٪) پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی) تورکی و بە ڕێژەی (٢٠٪) پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای (دی ئێن ئۆی) نەرویجی و بە ڕێژەی (٢٠٪) پشکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خاوەندارییەتی دەکات.

کێڵگەی گازی سروشتی ھاوەڵ (Associated Gas)

بریتین لەو کێڵگانەی کە لەگەڵ بەرھەمھێنانی نەوت گازی سروشتییان تیادا بەرھەمدەھێنرێت و بەسەر ھەشت کێڵگە دابەشبوونە کە گرنگترینیان بریتین لە: 

کێڵگەی گازی سروشتی کوردەمیر

ئەم کێڵگەیە دەکەوێتە ناحیەی سەنگاو لە باکووری قەزای کەلار لەسەر ڕووباری سیروان، ئەم کێڵگەیە (٤) بیری تیادا ھەڵکەندراوە و  بڕی یەدەگی بە (٣.٢) ترلیۆن پێ سێجا خەمڵێنراوە، لە ساڵی ٢٠٠٨ پشکەکانی ئەم کێڵگەیە دراوە بە کۆمپانیای (ویستەر زاگرۆزی) کەنەدی و لە ئێستادا بە ڕێژەی (٨٠٪) پشکەکانی ھی ئەم کۆمپانیایەن و بە ڕێژەی (٢٠٪) پشکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خاوەندارییەتی دەکات.

کێڵگەی گازی سروشتی خورمەڵە

ئەم کێڵگەیە دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای پارێزگای ھەولێر، کە ھەردوو ناوچەی (خورمەڵە و ئاڤانە) دەگرێتەوە، ژمارەی بیرە ھەڵکەنراوەکانی ئەم کێڵگەیە (١٨) بیرە کە قوڵیەکەیان لە نێوان (١٠٠٤ بۆ ٢٤٠٠) مەتر دایە، لەلایەن کۆمپانیای کار گروپەوە سەرپەرشتی دەکرێن و بڕی یەدەگی گازی سروشتی ئەم کێڵگەیە بە (٦.٣) ترلیۆن پێ سێجا خەمڵێنراوە.

کێڵگەی گازی سروشتی تاوکی

دەکەوێتە سنووری پارێزگای دھۆک لە ناحیەی ڕزگاری، بڕی یەدەگی ئەم کێڵگەیە (٠.١) ترلیۆن پێ سێجایە، (٧٥٪) پشکەکانی بۆ کۆمپانیای دی ئێن ئۆیی نەرویجی  و (٢٥٪) پشکەکانی تر بۆ کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی تورکییە.

کێڵگەی گازی سروشتی شێخان

دەکەوێتە سنووری پارێزگای دھۆک سەر بە قەزای شێخانە، بڕی یەدەگی ئەم کێڵگەیە (٠.٣) ترلیۆن پێ سێجایە، (٨٠٪) پشکەکانی بۆ کۆمپانیای گۆڵف کیستونی بەریتانی و (٢٠٪) پشکەکانی تری بۆ کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵە.

کێڵگەی گازی سروشتی شێخان ئادی

دەکەوێتە سنووری پارێزگای دھۆک لە قەزای شێخان، بڕی یەدەگی ئەم کێڵگەیە (٠.٣) ترلیۆن پێ سێجایە، (٨٠٪) پشکەکانی بۆ کۆمپانیای گۆڵف کیستونی بەریتانی و (٢٠٪) پشکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خاوەندارییەتیان دەکات.

کێڵگەی گازی سروشتی ئەتروش

ئەم کێڵگەیە دەکەوێتە ناحیەی ئەتروش لە پارێزگای دھۆک، بڕی یەدەگی سەلمێنراوی بە (١.٠) ترلیۆن پێ سێجا خەمڵێنراوە، بە ڕێژەی (٦٤٪) پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای (ئیکسپلۆرەیشن) و بە ڕێژەی (١٦٪) پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای (پیت ئۆیل) و بەڕێژەی (٢٠٪) پشکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خاوەندارییەتی دەکات.

کێڵگەی گازی سروشتی تەق تەق

دەکەوێتە سنووری پارێزگای ھەولێر لە قەزای کۆیە، بڕی یەدەگی ئەم کێڵگەیە (٠.١) ملیۆن پێ سێجایە، (٣٦٪) پشکەکانی بۆ کۆمپانیای ئاداکس پیترۆلیۆمی سویسڕی و (٤٤٪) پشکەکانی بۆ کۆمپانیا گەنەڵ ئینێرجی تورکییە و (٢٠٪) پشکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خاوەندارییەتیان دەکات.

کێڵگەی گازی سروشتی پولخانە (پەلکانە)

دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ناحیەی جەبار، بڕی یەدەگی ئەم کێڵگەیە (١.٨٠) ترلیۆن پێ سێجایە، (٦٠٪) پشکەکانی ھی کۆمپانیای شارمان پتریلیۆمی کەنەدی و (٢٠٪) پشکەکانی ھی کۆمپانیای ئۆیڵی تورکییە و (٢٠٪) پشکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خاوەندارییەتیان دەکات.


سەرچاوەکان



39 بینین