خۆپاراستن لە مەترسییەکانی شێرپەنجەی مەمک

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-08-14:15:00 - کۆدی بابەت: 12809
خۆپاراستن لە مەترسییەکانی شێرپەنجەی مەمک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خۆپاراستن لە مەترسییەکانی شێرپەنجەی مەمک (بە ئینگلیزی; Preventing the risk of breast cancer، بە عەرەبی; الوقاية من مخاطر سرطان الثدي)، لە بوونی خووی تەندروستەوە دەستپێدەکات، وەک کەمکردنەوەی خواردنەوە کهولییەکان و بەردەوامبوون لەسەر چالاکییە جەستەییەکان. ئەگەر تۆ لەو کەسانەیت نیگەرانیت دەربارەی تەشەنەسەندنی شێرپەنجەی مەمک، بوونی چەند هەنگاوێک بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەسەندنی بەدڵنیاییەوە سەرنجت ڕادەکێشێت. هەنێک لایەنی وەک مەترسی خێزانی و بوونی مێژووی خێزانی ناکرێت هیچیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام بە گۆڕانی شێوازی ژیانکردن دەتوانرێت مەترسییەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە.

ئەتوانم چی بکەم بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوونم بە شێرپەنجەی مەمک؟

توێژینەوەکان ئەوەیان نیشانداوە چۆن گۆڕانی شێوازی ژیان دەبێتە هۆی کەمکرنەوەی مەترسییەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، لەوانەش:

سنوردارکردنی خواردنەوەی کهول
زیاتر خواردنەوەی خواردنەوە کهولییەکان هۆکاری بوونی مەترسی زیاترە بۆ پەرەسەندنی شێرپەنجەی مەمک. پێشنیارە گشتییەکان بەگوێرەی ئەو توێژینەوانەی لەسەر کاریگەری کهول بۆ شێرپەنجەی مەمک کراون، دەڵێن ڕۆژانە خواردنەوەی کهول نابێت بەهیچ شێوەیەک زیاتر لە جارێک بێت، هەتا بکرێت هەر نەشخورێتەوە. 

پاراستنی کێشێکی تەندروست
ئەگەر کێشت تەندروستە، هەوڵبدە بەو شێوەیە بیهێڵیتەوە. ئەگەر پێویستت بە کەمکردنەوەی کێشت هەیە، داوا لە پزیشک بکە شێوازێکی باشت بۆ کەمکردنەوەی کێش بۆ دابنات. ڕۆژانە بڕێکی کەمتری کالۆری وەربگرە و ڕاهێنانەکانت زیادبکە.

با جەستەیەکی چالاکت هەبێت
چالاکییە جەستەییەکان یارمەتیدەرت دەبن لە مانەوەی کێشێکی تەندروست، کە ئەویش یارمەتیدەرە لە ڕێگریکردن لە شێرپەنجەی مەمک. بە گوێرەی کەسێکی پێگەشتووی تەندروست هەفتانە ١٥٠ خولەک بەشێوازێکی مامناوەند یاخود ٧٥ خولەک بە شێوازێکی سەخت چالاکییە هەواییەکان ئەنجامبدرێت. هەروەها ڕاهێنانی هێز بەلای کەمە دووجار لە هەفتەیەکدا ئەنجامبدرێت. 

شیرپێدان
شیرپێدان دەکرێت ڕۆڵی هەبێت لە ڕێگریکردنی شێرپەنجەی مەمک، تا ماوەی شیرپێدان زیاتربێت ڕێگریکردنیش زیاتر دەبێت.

سنووردارکردنی چارەسەری هۆرمۆنی دوای تەمەنی نائومێدی (دوای لێچوونەوە)
کۆمەڵە چارەسەرییە هۆرمۆنییەکان لەوانەیە مەترسی شێرپەنجەی مەمک زیادبکەن. قسە لەگەڵ دکتۆر بکە تا زیاتر مەترسی و سوودەکانی چارەسەرییە هۆرمۆنییەکانت بۆ ڕوونبکاتەوە. لەوانەیە بتوانیت بە دەرمان و چارەسەری نا هۆرمۆنی کۆنترۆڵی نیشانەکانت بکەیت. ئەگەر گەشتیتە ئەو بڕیارەی بۆماوەیەکی کەم چارەسەری هۆرمۆنی سوودی زیاتر دەبێت وەک لەزیان، بە بڕێکی زۆر کەم بەکاریبهێنەوە و لە پەیوەندی بەردەوامدا بە لەگەڵ پزیشکەکەت تا کۆنترۆڵی ماوەی وەرگرتنی هۆرمۆنەکان بکات.

ئایا ژەمی تەندروست دەتوانێت ڕێگری بکات لە شێرپەنجەی مەمک؟

خواردنی ژەمی تەندروست لەوانەیە مەترسی چەند جۆرێکی شێرپەنجە کەمبکاتەوە، لەگەڵ شەکرە و نەخۆشی دڵ و جەڵتە. بۆ نموونە ئەو ئافرەتانەی ژەمی خۆراکی دەریای ناوەڕاست دەوڵەمەند بە زەیتی زەیتونی پوخت و تێکەڵەی بندوق دەخۆن مەترسییەکی کەمتری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک هەیە. ژەمی خۆراکی دەریای ناوەڕاست سەرنج دەخاتە سەر خواردنە ڕووەکییەکانی وەک میوە و سەوزەوات، دانەوێڵە، پاقلەمەنییەکان و بندوق. ئەو کەسانەی شوێنکەوتەی ژەمی دەریای ناوەڕاستن چەوری تەندروستیان هەڵبژاردووە وەک زەیتی زەیتوون لە بری کەرە هەروەها ماسی دەخۆن لەبری گۆشتی سوور.

ئایا هیچ پەیوەندییەک هەیە لە نێوان ڕێگریکردنی دووگیانی لەگەڵ شێرپەنجەی مەمک؟

هەنێک دەلیل هەن ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێگریکردنی دووگیانی لەڕێگای هۆرمۆنەوە وەک حەپی ڕێگریکردنی دووگیانی کە دەبێتە هۆی زیادکردنی هۆرمۆن، هۆکارێکیشە بۆ زیادکردنی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک. بەڵام مەترسییەکە بە ڕێژەیەکی زۆر بچووک زیاد دەکات هەروەها لە دوای وەستان لە بەکارهێنانی حەپەکە ڕێژەی مەترسییەکە کەمدەکات. لەگەڵ پزیشەکەکەت قسە بکە دەربارەی ئەو حەپەی بۆ ڕێگریکردنی دووگیانی بەکاری دەهێنیت، هەروەها زانیاری وەربگرە دەربارەی سوود و زیانەکانی ڕێگریکردنی دووگیانی لە ڕێی هۆرمۆنەوە وەک کۆنترۆڵکردنی خوێن لێ ڕۆشتنی سووڕی مانگانە یان ڕێگریکردن لە دووگیانی.

چیتر هەیە کە بتوانم بیکەن؟

هۆشیار و وریا بە دەربارەی دیاریکردنی شێرپەنجەی مەمک، ئەگەر هەر گۆڕانکارییەکت لە مەمکەکانت هەست پێکرد وەک دروستبوونی گرێ یان گۆڕانی پێستەکەی سەردانی پزیشک بکە. 


سەرچاوەکان



42 بینین