ژیریی سۆزداری

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-08-16:59:00 - کۆدی بابەت: 12817
ژیریی سۆزداری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ژیریی سۆزداری یان زیرەکی سۆزداری یان زیرەکی سۆزەکی (بە عەرەبی: الذكاء العاطفي، بە ئینگلیزی: Emotional intelligence) یان کورتکراوەی ئینگلیزی (EI) یان (EQ) بریتییە لە توانای درکپێکردن و تێگەیشتن و مامەڵەکردنی مرۆڤ بە شێوەیەکی دروست لەگەڵ هەست و سۆزەکانی خودی خۆی و کەسانی تر، واتا ئاماژە بە توانای تاک دەکات بۆ دەربڕینی هەستەکانی و کۆنتڕۆڵکردنیان بە شێویەکی دروست. ئەو کەسەی کە ئاستی ژیریی سۆزداری بەرزە دەتوانێت هەست و سۆزەکانی خۆی و دەوروبەری بناسێت و بەو هۆیەوە دەتوانێت لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرکەوتوو و لێهاتوو بێت.

ژیریی سۆزداری جۆرێکە لە جۆرەکانی زیرەکی مرۆڤ، زۆرجار دەکرێت کەسەکان لە ژیانی ئەکادیمی و پیشەیی سەرکەوتوو بن ئەمە واتای ئەوەیە کە تێکڕای ژیریی زانستیان (IQ) بەرزە، بەڵام لە ژیانی کۆمەڵایەتی و لە پەیەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان لاوازن و هەندێکجار شکستخواردوون، ئەمە واتای ئەوەیە کە ئاستی تێکڕای ژیریی سۆزدارییان لاوازە یان کەمە، بە نموونە کەسێک یان خوێندکارێک بە سەرکەوتوویی پلەیەکی بەرز لە زانکۆ بەدەست دەهێنێت ئاستی بەرزی ژیری سۆزداریی هاوکاری ئەو خوێندکارە دەکات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسانی نێو ژینگە نوێیەکەی بکات و پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ دەوروبەری دروست بکات، هاوکاری دەکات کە چۆن ڕاڕایی و شڵەژانی دەروونی کاتی تاقیکردنەوەکانی کۆنتڕۆڵ بکات، بۆیە هاوسەنگ بوونی هەردوو ئاستی تێکڕای ژیریی زانستی و ژیریی سۆزداری هاوکاری مرۆڤ دەکات کە ژیانێکی ئاسوودە و چێژبەخش و سەرکەوتووی هەبێت.

مێژووی چەمکی ژیریی سۆزداری

مێژووی دەرکەوتن و بەکارهێنانی چەمکی زیرەکیی سۆزداری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چاڕلز داروین و ئەو لە زانا پێشەنگەکان بووە کە گرنگی بە دەربڕینی هەست و سۆزەکان داوە بە شێوەیەکی و لە نووسراوەکانی باسی کردووە. لە ساڵی ١٩٠٠ توێژەران و پسپۆڕان گرنگی زیاتریان بە بابەتەکە دا و چەمک و لایەنەکانی ژیریی سۆزدارییان زیاتر شیکردەوە. لە ساڵی ١٩٩٠ ئەم چەمکە ڕەوایەتی لە زانکۆی یەیڵ وەرگرتووە، بەهۆی ئەوەی بوارەکە تا ڕادەیەک نوێیە پێناسەی جێگیری نییە و دەوونناسان و پسپۆڕان واتا و پێناسەی هەمەچەشن لەسەر بابەتەکە دەخەنەڕوو. زانای دەروونناس و نووسەر (دانیاڵ گولمان) یەکەم زانا بوو کە بیرۆکەی ژیریی سۆزداری خستەڕوو بە شێوەیەکی سەردەمیانە و زانیاری وردی لەسەر بڵاوکردەوە.

بنەماکانی ژیریی سۆزداری

خودئاگایی
خودئاگایی لە ژیریی سۆزداری بریتییە لە توانا و زیرەکی کەسێک بۆ ناسینەوە و دیاریکردنی هەست و سۆزەکانی خۆی، هەروەها ناسینەوە و تێگەیشتنە لە هەست و سۆزی کەسانی تر و بینینی ئەوەی چۆن هەستەکان کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوتەکانیان هەیە، هەروەها لە ڕێگەی خودئاگایی و ناسینی خودەوە پەیوەندی نێوان هەست و سۆزەکان و هەڵسوکەوتەکان دیاری دەکرێت، لە ڕێگەیەوە درک بە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی کەسایەتی دەکرێت و کەسەکە کراوەتر دەبێت بۆ ئەزموون و فێربوونی بیرۆکەی نوێ، لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەتوانا و لێهاتوو دەبێت.

خۆکۆنتڕۆڵکردن
جڵەوگیرکردنی خود یان خۆکۆنتڕۆڵ کردن لە ژیریی سۆزداری بریتییە لە دەربڕینی هەستەکان بە شێوەیەکی گونجاو و دروست، هەروەها توانای کۆنترۆڵکردنی گۆڕانکارییەکان و دۆخە سەختەکانە و تێگەیشتنە لەوەی کە تا چی ڕادەیەک هەڵسوکەوتی تاکەکەس کاریگەری لەسەر کەسانی تر هەیە و چۆن کۆنترۆڵی کێشە و بارودۆخەکانی دەوروبەری بکات بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆی و بەرژەوەندی گشتیدا بەکاریان بهێنێت و چارەسەریان بکات.

هاندانی خود
بنەمای هاندانی خودی لە ژیریی سۆزداری بریتییە لە هاندانی خودی کەسەکە بۆ خۆی، واتا کەسەکە پشت بە خۆی ببەستێت و سەرکەوتن و تواناکانی بکات بە هاندەر و پاڵنەر، لە بەرانبەردا زۆر گرنگی بە بۆچوون و ستایشی کەسانی تر نەدات.

لێهاتووییە کۆمەڵایەتییەکان
بنەمای لێهاتوویی یان توانا کۆمەڵایەتییەکان بریتییە لە کارلێک کردن و مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ کەسانی تر بە شێوەیەکی تەندروست و ڕاست. لە ڕێگەی پڕاکتیزەکردنی هەر سێ بنەمەکەی تر کە بریتی بوون لە خودئاگایی و هاندانی خودی و خۆکۆنتڕۆڵکردن دەکرێت لێهاتووییە کۆمەڵایەتییەکان بەرەوپێش ببرێت و کەسەکە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرکەوتوو بێت.

هاوسۆزی

بنەمای هاوسۆزی بریتییە لە توانای تێگەیشتن لە هەستەکانی کەسانی تر و مامەڵەکردن لەگەڵیان لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنە، ئەم توخمە لە زۆربەی لایەنەکانی ژیاندا گرنگە؛ گرنگە بۆ تێگەیشتن لە کولتوور و ژینگەی کاری نوێ، هاوکارە لە خۆبەدوورگرتن لە ململانێ و ڕوودانی هەڵە تێگەیشتن لە نێوان کەسەکان.

زیادکردی ئاستی ژیریی سۆزداری 

چەند ڕێگایەک هەن کە ئاستی ژیریی سۆزداری تاک زیاد دەکەن گرنگترین ڕێگاکان بریتین لە:

  • دیاریکردنی هەستە نەرێنییەکان: ناسینەوە و هەستە نەرێنییەکان نموونەی ئەو هەستانەی کە دەبنە هۆی نائومێدی و ڕاڕایی و کۆنترۆڵکردنیان بە شێوەیەکی باش کە ئاسانکاری دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخە سەختەکان بە شێوەیەکی زیرەکانە.
  • دەربڕینی هەستەکان: هەر هەستێکی خراپ یان باشت هەبوو بۆ کەسی بەرانبەرتی دەرببڕە، لەو ڕێگەیەوە دەتوانیت پەیوەندییەکانت زیاتر کۆنتڕۆڵ بکەیت و لە ڕێگەی تێگەیشتن و دەربڕینی هەستەکانت دەتوانیت لە هەستەکانی کەسانیتریش تێبگەیت.
  • کۆنتڕۆڵکردنی ڕاڕایی و فشار: لەڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی کێشەکان و بە قورس نەگرتنیان، دەکرێت ڕاڕایی و فشارەکانی ژیان بە ئاسانی وەربگیرێت و بە ئاسانی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، لەو ڕێگەیەوە دەتوانیت ئاستی زیرەکیی سۆزەکیت زیاتر بکەیت.
  • هاوسۆزی دەربڕین: تێگەیشتن لە هەستی کەسانی تر و هاوکاریکردنیان لە ڕێگەی هاوسۆزی دەربڕین بۆیان یارمەیدەرە کە ئاستی ژیریی سۆزەکی بەرز ببێتەوە.

هەڵسەنگاندنی ئاستی زیرەکیی سۆزداری

ئەو کەسەی کە ئاستی ئەو جۆرە زیرەکی و ژیرییەی بەرزە چەند تایبەتمەندییەکی هەیە و پێی ناسراوە گرنگترینیان بریتین لە:

  • گوێگرێکی باشە و بە باشی گوێ لە کەسانی دەوروبەری دەگرێت.
  • ڕەخنەگرتنی لەو بیروبۆچوونانەی کە لای پەسەند نییە بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێکە و ڕێزی ئەو بۆچوونە دەگرێت کە لەگەڵ بۆچوونی خۆی نییە بەڵام پەیڕوەی ناکات.
  • هاوسۆزی دەربڕین بۆ کەسانی تر.
  • توانای کۆنتڕۆڵکردن و جڵەوگیرکردنی هەستە نەرێنییەکانی وەک تووڕەیی و ڕاڕایی و خەمۆکی هەیە.
  • شێوازی قسەکردنی تایبەتە و توانای قایلکردنی کەسی بەرانبەری هەیە.

گرنگی و سوودەکانی ژیریی سۆزداری

ژیریی سۆزەکی بەند و پەیوەستە بە ژیانی کەسەکانەوە و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر زۆرێک لە بوارەکانی ژیانی مرۆڤ هەیە، سوود و بایەخی زۆری هەیە لە ژیانی کەسەکان، گرنگترین ئەو بوارانەی کە کاریگەرن بەم چەمکە بریتین لە:

تەندروستی دەروونی
هەست و سۆزە نەرێنییەکانی مرۆڤ کاریگەری نەرێنی دەکەنە سەر لایەنی دەروونی کەسەکە، نموونەی هەستەکانی ڕاڕایی، شڵەژان، دڵەڕاوکێ، تووڕەیی، خەمباری، ئەگەر کەسەکە توانای ڕووبەڕووبوونەوە و تێگەشتنی بۆ ئەو هەستانە هەبێت دەتوانێت بە ئاسانی مامەڵەیان لەگەڵ بکات و چارەسەریان بکات و بەو شێوەیە تەندروستی دەروونی باشتر دەبێت.

تەندروستی جەستەیی 
ئەگەر مرۆڤ تەندروستی دەروونی باش بێت و توانای کۆنتڕۆڵکردنی هەستە نەرێنییەکان و کێشە دەروونییەکانی هەبێت زۆر بە ئاسانی تەندروستی جەستەیی بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەر دەبێت و تەندروست و لەش ساغ دەبێت.

بواری کارایی پیشەیی و ئەکادیمی
ژیریی سۆزەکی هاوکارە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە ژینگەی کار و خوێندن دروست دەبن، دەکرێت ئەو کەسەی کە ئاستی ژیریی سۆزداریی بەرزە بە شێوەیەکی تەندروست مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی ژینگەی کار بکات، لە سەردەمی هاوچەرخیشدا زۆرێک لە کۆمپانیا و شوێنی کارەکان ئاست و ڕێژەی تێکڕای ژیریی سۆزداریی کارمەندەکانیان لەلا گرنگە و بە یەکێک لە مەرەجەکانی کارکردن و وەرگرتنی کار دانراوە.

پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
کاتێک هەست و سۆزەکانی خۆت دەناسیت و لە دۆخە جیاوازەکان دەزانیت هەست بەچی دەکەیت، بۆیە لەسەر بنەمای هەستەکانت کە لێی تێگەیشتوویت دەتوانی لە هەستی کەسانی تر تێبگەیت و بەوهۆیەوە بە دروستی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەیت، بۆیە پەیوەندییەکانت سەرکەوتوو و تەندروست دەبیت و تێیدا ڕووبەڕووی هەر کێشەیەک بوویتەوە لەگەڵ کەسانی تر دەتوانیت چارەسەری بکەیت.


سەرچاوەکان



60 بینین