دیاردەی پڵەسیبۆ

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-05-09-14:12:00 - کۆدی بابەت: 12824
دیاردەی پڵەسیبۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لە بواری پزیشکیدا پڵەسیبۆ بریتییە لەهەر ماددەیەک، حەپێک یان هەر چارەسەرێکی تر کە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بەکاردەهێنرێت، بەڵام خۆی لە بنەڕەتدا هیچ کاریگەرییەکی نییە. ماددە پڵەسیبۆکان بە دیاریکراوی لە تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوە پزیشکییەکاندا بەکاردەهێنرێت بە شێوەیەک کە هەموو بەشداربووەکان لەژێر چاودێریدا بن. لەبەرئەوەی ماددە پڵەسیبۆکان پێکهاتەی چالاکیان تێدا نییە، نابێت کاریگەری دیار و ئاشکرای هەبێت لەسەر حاڵەتی کەسەکە. توێژەران دەتوانن ئەنجامی کاریگەری دەرمانە پڵەسیبۆکان و دەرمانە ڕاستەقینەکان بەراورد بکەن. ئەمەش یارمەتییان دەدات ئەوە دیاری بکەن کە ئایا دەرمانە ڕاستەقینەکە کاریگەرە یان نا.

دیاردەی پڵەسیبۆ (بە عەرەبی: تأثير الدواء الوهمي، بە ئینگلیزی: The placebo effect) بریتییە لەوەی کە مێشک باوەڕ بە جەستە دەهێنێت کە چارەسەرێک (دەرمان)ێکی درۆینە کاریگەری ڕاستەقینەی هەیە. پڕۆفیسۆر تێد کاپچەک لە زانکۆی هارڤارد دەڵێت: "دیاردەی پڵەسیبۆ زۆر زیاترە لەوەی تەنها بیرکردنەوەی ئەرێنییانە بێت یاخود باوەڕهێنان بێت بەوەی چارەسەرێک یان پرۆسیجەرێک سەرکەوتوو دەبێت. بەڵکوو ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندییەکی بەهێزتر لەنێوان جەستە و مێشکدا لەڕووی کارکردنیان پێکەوە".

دەرمانە پڵەسیبۆکان چەوری خوێن دانابەزێنن یاخود گرێیەکی شێرپەنجەیی بچووک ناکەنەوە. لەجیاتی ئەوە کار لەسەر ئەو نیشانانە دەکەن کە لەلایەن مێشکەوە جڵەو دەکرێن، بۆ نموونە وەکوو هەستکردن بە ئازار. پڕۆفیسۆر کاپچەک ئاماژەی بەوە داوە کە "پڵەسیبۆکان وات لێدەکەن هەست بە باشتربوون بکەیت، بەڵام چارەسەرت ناکەن. هەروەها ئەم دەرمانانە لە چەند حاڵەتێكی وەکوو کەمکردنەوەی ئازار، کەمکردنەوەی فشاری پەیوەست بە کەمخەوی و کەمکردنەوەی کاریگەری لێکەوتەکانی وەکوو دڵتێکهەڵاتن و بێهێزی پەیوەست بە چارەسەری شێرپەنجەوە کاریگەری باشیان هەبووە".

هۆکارەکانی ڕوودانی دیاردەی پڵەسیبۆ

هەرچەندە توێژەران دەزانن کە دیاردەی پلاسیبۆ شتێکی ڕاستەقینەیە، بەڵام هێشتا بە تەواوی لە شێوازی ڕوودانی تێناگەن. ئەگەری هەیە چەندین هۆکار پەیوەندییان بە ڕوودانی ئەم دیاردەیەوە هەبێت، وەکوو:

١. وەڵامدانەوە هۆرمۆنییەکان: یەکێک لە ڕوونکردنەوەکان بۆ ڕوودانی دیاردەی پڵەسیبۆ بریتییە لەوەی کە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە دەبێتە هۆی هاندانی دەردانی ئیندۆرفینەکان. ئیندۆرفینەکان لەڕووی پێکهاتەیییەوە هاوشێوەی مۆرفین و ماددە سرکەرە ئازارشکێنەرەکانن و وەکوو ئازارشكێنی سروشتی مێشک ڕەفتار دەکەن. توێژەران لەکاتی ڕوودانی ئەم دیاردەیەدا پشکنینیان بۆ مێشک کردووە و دەرکەوتووە لە هەردوو کۆمەڵەی ئەو کەسانەی کە چارەسەری ڕاستەقینە وەردەگرن و ئەو کەسانەی کە دەرمانی پڵەسیبۆ وەردەگرن، ئەو ناوچانەی کە وەرگری ماددە سڕکەرەکانیان تێدا زۆرە چالاک بوون.

٢. مەرجداری: یەکێکی تر لە ڕوونکردنەوە شیاوەکان بریتییە لە مەرجداری کلاسیکی کە جۆرێکی فێرکردنە، کاتێک کەسێک پەیوەندی لەنێوان دوو کارتێکەردا دروست دەکات و لە ئەنجامدا شتێک فێردەبێت. لە هەندێک حاڵەتدا دەرمانی پڵەسیبۆ لەگەڵ چارەسەرێکی ڕاستەقینەدا بەکاردەهێنرێت تا کاریگەری خوازراو بێتە دی. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک حەپێکی دیاریکراو بۆ چارەسەری سەرئێشە بەکاربهێنێت، بەلایەوە ئەو حەپە بۆ نەهێشتنی ئازار بەکاردێت. ئەگەر حەپێکی پڵەسیبۆی هاوشێوەی ئەوە بۆ سەرئێشە بەکاربهێنێت، لەوانەیە هەست بەوە بکات کە ئازارەکەی کەمی  کردووە.

٣. پێشبینییەکان: پێشبینییەکان یان ئەوەی کەسەکە پێی وایە ئەزموونی دەکات، ڕۆڵێکی دیاری هەیە لە دیاردەی پڵەسیبۆدا. ئەو کەسانەی ورەیان بەرزە و پێشبینی ئەوە دەکەن کە چارەسەرەکە سوودی دەبێت ئەگەری ئەوەیان زیاترە ئەزموونی دیاردەی پڵەسیبۆ بکەن.

٤. بۆماوە: جینەکان کاریگەری دەکەنە سەر ئەوەی کەسێک چۆن وەڵامدانەوەی دەبێت بۆ دەرمانە پڵەسیبۆکان. هەندێک کەس لەڕووی بۆماوەوە وەڵامدانەوەیان باشترە بۆ دەرمانە پڵەسیبۆکان.

چەند نموونەیەک

چەند نموونەیەک سەبارەت بە دیاردەی پڵەسیبۆ لە چەند توێژینەوەیەکی ڕاستەقینەوە:

١. شەقیقە: توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٤ ئەوەی دەرخستووە کە چۆن نووسینی ناوی دەرمان کاریگەری دەبێت لەسەر نەخۆشانی شەقیقە. توێژینەوەکە لەسەر ٦٦ کەس ئەنجامدراوە. لەسەرەتادا داوا لە بەشداربووەکان کرا بۆ شەش جار هەر جارێک کە تووشی شەقیقە بوون حەپێک بخۆن. لەماوەی ئەم شەش جارەدا یان حەپێکی پڵەسیبۆ یاخود حەپێکی ڕاستەقینەیان پێدەدرا بۆ چارەسەری شەقیقەکە. لەکاتی لێکۆڵینەوەکەدا ناونووسکردنی حەپەکان دەگۆڕا. داوا لە بەشداربووانیش دەکرا کە نمرە بدەن بە ئازارەکەیان لەماوەی ٣٠ خوولەک لە دەستپێکردنی ئازارەکەوە، ئەو حەپەی پێیان دراوە بیخۆن و پاشان دوو کاتژمێر و نیو دواتر نمرە بە ڕێژەی ئازارەکە بدەن. لە ئەنجامدا دەرکەوت کە بێگومان حەپە ڕاستەقینەکان کاریگەری زیاتریان هەبوو لە پڵەسیبۆکان بەڵام ناونووسکردنی دەرمانەکان زۆر کاریگەری هەبوو بەشێوەیەک کە نمرەی ئەو دەرمانە ڕاستەقینەیەی کە بە پڵەسیبۆ ناونووسکرابوو بە نزیکەیی هەمان نمرەی ئەو دەرمانە پڵەسیبۆیە بوو کە بە دەرمانی ڕاستەقینە ناونووسکرابوو.

٢. بێهێزی پەیوەست بە شێرپەنجەوە: توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٨ سەبارەت بە کاریگەرییەکانی دەرمانی پڵەسیبۆ بەبەراورد لەگەڵ چارەسەری ئاساییدا لە ٧٤ نەخۆشی ڕزگاربووی شێرپەنجەدا کە ماندووبوون و بێهێزیان لەگەڵدا بووە بەم شێوەیە ئەنجامدرا: لەسەرەتادا بۆ ماوەی سێ هەفتە بەشداربووەکان یان حەپێکی پڵەسیبۆیان دەخوارد (کە بە ئاشکرا ناونووسکرابوو) یاخود چارەسەری ئاسایی خۆیان وەردەگرت. لە دوای سێ هەفتە، ئەو کەسانەی پڵەسیبۆیان وەردەگرت وەستان لە وەرگرتنی دەرمانەکە. لەکاتێکدا ئەو کەسانەی کە چارەسەری ئاسایییان وەردەگرت هەڵبژاردەی ئەوەیان لەبەردەمدا بوو کە ئەوانیش بۆ سێ هەفتە دەرمانی پڵەسیبۆ بەکاربهێنن. ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوون: دوای سێ هەفتە ئەو کۆمەڵەیەی کە دەرمانی پڵەسیبۆیان وەرگرتبوو بەرەوپێشچوون لە نیشانەکانیاندا دەبینرا بەبەراورد بەو کۆمەڵەیەی کە چارەسەری ئاسایییان وەردەگرت.

٣. خەمۆکی: توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٥ بۆ دەرخستنی دیاردەی پڵەیسبۆ لە ٣٥ کەسی خەمۆکیدا ئەوەی نیشاندا کە بەشێک لە بەشداربووەکان ئەزموونی دیاردەکەیان کردووە و ئەمەش کاری کردووەتە سەر چالاکی مێشكیان و وەڵامدانەوەیان بۆ دەرمانی دژەخەمۆکی.

دەرئەنجام

لەکاتێکدا دیاردەی پڵەسیبۆ لە چەندین دۆسیەدا کاریگەری دەرکەوتووە، بەڵام هێشتا زۆر شت هەیە لەبارەیەوە کە ناڕوونە. توێژینەوەکان بەردەوامە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا وەڵامەکان روون دەبنەوە. یەکێک لە گەورەترین پرسیارەکان پەیوەندی نێوان جەستە و مێشکە. چۆن هۆکارە سایکۆلۆژییەکان وەکوو پێشبینیکردن کاردەکەنە سەر دۆخی ناوەوەی جەستە؟ دیاردەی پڵەسیبۆ کاریگەری دیار و ئاشکرای هەیە لەسەر چەند نیشانەیەک، وەکوو ئازار و خەمۆکی، بەڵام نیشانەکانی تر نا. ئەمەش چەند پرسیارێکی تر دەهێنێتە ئاراوە کە پێویستی بە لیکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاترە.


سەرچاوەکان



55 بینین