لاسارکردنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-10-20:56:00 - کۆدی بابەت: 2136
لاسارکردنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

هار و هاجکردنی منداڵ

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە هار و هاجکردنی منداڵ، بە واتایەکی دیکە، ئەو جۆرە دایک و باوکانە، زەمینە بۆ هار و هاجبوونی منداڵەکانیان فەراهەم دەکەن و هانیان دەدەن، کە لە گوفتار و ڕەفتار و کرداریاندا توندوتیژ و هار بن، ئەمەش بۆ چەند فاکتەرێکی جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • هاری و توندوتیژی دایک و باوک.
  • نەبوونی سینگفراوانی و لێبوردەیی.
  • گەورەبوون لە ژینگەیەکی ناتەندروستدا.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • خۆدزینەوە لە ئەرک و بەرپرسیارییەتی بەرامبەر بە منداڵەکانیان.
  • نزمی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری ئەو جۆرە دایک و باوکانە.
  • نەبوونی توانای خۆی گونجاندن لەگەڵ خەڵک و دەوروبەر.
  • هەبوونی حەزی خۆسەپاندن و تاکڕەوی.
  • هەبوونی حەزی باڵادەستی و دەسەڵاتداری.
  • هەبوونی حەزی تۆڵەسەندنەوە لەوانی دیکە.
  • کورتبینی و ناوشیاری دایک و باوکەکان.
  • هەژاری و دەستکورتی.
  • هەبوونی شەڕ و بگرە و بەردەی خێزانی و کۆمەڵایەتی.
  • پێکەوەنەسازانی دایک و باوک و لێکترازان.
  • هەبوونی حەزی خۆپەسنین و خۆهەڵکێشان.
  • بۆ دەرخستنی هێزی خۆیان و چاوترسێن کردنی ئەوانی دیکە،

بێگومان ئەگەر دایک و باوک لەسەر ئەم ڕێڕەوە هەڵەیەی خۆیان بەردەوام بن و سوور بن لەسەر پشتگیریرکردنی منداڵ لەسەر دەستدرێژی و سنووربەزێنی و پێشێلکارییەکانی، ئەوا نەک هەر منداڵ، بگرە خۆیان و کۆمەڵگەش زەرەرمەند دەبن و باجەکەی دەدەن.

زیانەكانی

گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:

  • منداڵ دەبێتە کەسێکی توندوتیژ و شەڕەنگێز، و هەر ڕۆژێک تەشقەڵە بە کەسێک دەفرۆشێت!
  • منداڵ ناتوانێ خۆی لەگەل ژینگەی دەوروبەر و قوتابخانە و کۆمەڵگەی خۆجێیی بگونجێنێت و، ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی جددی دەبێتەوە.
  • منداڵ یاسا کارپێکراوەکان پێشێل دەکات و ڕێز لە یاسا و ڕێسا باوەکانی ناو کۆمەڵگە ناگرێت.
  • منداڵ لە کارە توندوتیژەکانیدا پشت بە دایک و باوکی دەبەستێت و هەست دەکات بە تەنیا نییە.
  • منداڵ بەرەو تاکڕەوی و دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندن هەنگاو دەنێت.
  • منداڵ لە قوتابخانە و ئەرک و کارەکانیدا سەرکەوتوو نابێت.
  • منداڵ دەبێتە کێشە بۆ دایک و باوکی و خێزانی و کۆمەڵگە بە گشتی.
  • منداڵ لە بەهرە و توانا ڕاستەقینەکانی خۆی بێبەش دەبێت.
  • منداڵ کە گەورە بوو، ناتوانێ واز لە کارە دزێوەکانی خۆی بێنێت و لەسەر بەردەوام دەبێت.
  • منداڵ هەمیشە دەبێتە بەشێک لە کێشە، نابێتە بەشێک لە چارەسەر.
  • منداڵ، ڕۆژ بە ڕۆژم دوژمن بۆ خۆی و دایک و باوکی و خزم و کەسەکانی زیاد دەکات!

لە ئایندەدا چارەنووسی منداڵ دەکەوێتە مەترسییەوە و باجێکی قورس دەدات، وەک ئەو منداڵەی کە لە تەمەنی منداڵیدا هێلکەیەکی دزی! بەڵام دایکی منداڵەکە، لە بری ئەوەی لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لەگەڵدا بکات! دەستخۆشانەی لێکرد! بۆیە ئەو منداڵە بەردەوام بوو لە دزیکردن و لە گەنجییەتیش، وازی لە دزیکردن نەهێنا، تا لەگەڵ باندێکی دزیکردن، بانکێکی حکومییان شەڵاند!
کاتێ لەگەڵ ئەندامانی ئەو باندە دەستگیر کرا و بەهۆی دزینی پارە و پووڵی دەوڵەتەوە، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو! گوتی تەنیا یەک داواکاریم هەیە، حەز دەکەم لە پێش لەسێدارەدان دایکم ببینم! کاتێ دایکی هات بۆ سەردانی! گوتی دایکە حەز دەکەم زمانت دەربێنی، بۆ ئەوەی ماچی بکەم! کە زمانی دەرهێنا، کوڕەکەی گازی لێگرت و پارچەیەکی لە زمانی دایکی لێکردەوە!!
بە منداڵەکەیان گوت: بۆچی ئەو کارەت کرد؟
گوتی: ئەو ڕۆژەی کە هێلکەیەکم دزی! ئەگەر دایکم هانی نەدابامایە و دەستخۆشانەی لێنەکردمایە و منی سزادابایە! ئەمڕۆ دووچاری ئەم کارەسات و چارەنووسە ڕەشە نەدەبووم!!

دایک و باوکەکان بە هار و هاجکردنی منداڵەکانیان، پەنجەی پەشیمانی دەگەزن! چونکە دەبێ بزانن ئەوەی دڕک دەچێنێ! گوڵ نادورێتەوە! بەڵکو دەبێ دڕک بچێنێتەوە!!

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایک و باوکەکان، خۆیان بەدوور بگرن لە هار و هاجکردنی منداڵەکانیان، پێویستە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:

  • دەبێ دایک و باوکەکان خاوەن پلان و ئامانجی خۆیان بن لە پەروەردە و فێکردنی منداڵەکانیان.
  • دەبێ دایک و باوکەکان خۆ لە گشت کارێکی توندوتیژی و شەڕەنگێزی بپارێزن و لە گوفتار و ڕەفتار و کردارەکانیاندا ئاشتیخواز و ژیاندۆست و مرۆڤدۆست بن.
  • نابێ دایک و باوک بە هیچ شێوەیەک بەرگری لە هەڵەکانی منداڵ بکەن.
  • نابێ دایک و باوک هانی منداڵ بدەن بۆ کاری شەڕەنگێزی و توندوتیژی.
  • نابێ دایک و باوک چاوپۆشی لە توندوتیژییەکانی منداڵ بکەن، بەلکو پێویستە کار بکەن بۆ دوورخستنەوەی منداڵ لە توندوتیژی  و هار و هاجی.
  • دەبێ دایک و باوکەکان هەوڵدەن منداڵەکانیان لەو کەس و شوێنانە دووربخەنەوە، کە سەرچاوەن بۆ هاری و توندوتیژی و شەڕەنگێزی.
  • پێویستە هەماهەنگییەکی توندوتۆڵ و پتەو لە نێوان دایک و باوک لە لایەک و، دایک و باوک و و قوتابخانە لە لایەکی دیکەوە هەبێت، بۆ ئەوەی زوو بە زوو کێشەکانی منداڵ چارەسەر بکەن و نەهێڵن کێشەی بچووک گەورە ببێت.
  • دەبێ دایک و باوکی منداڵ، نموونە بن لە ڕەوشتبەرزی و ئاکارجوانی، بۆ ئەوەی ببنە نموونەیەکی جوان و زیندوو بۆ منداڵەکانیان، تاکو چاوی لێبکەن.


سەرچاوەکان



1231 بینین