جیاوازی نێوان ژن و پیاو

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-06-02-23:49:00 - کۆدی بابەت: 13103
جیاوازی نێوان ژن و پیاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جیاوازی نێوان ژن و پیاو (بە عەرەبی: الفروق بين الرجل والمرأة، و بە ئینگلیزی: Differences between men and women)، زۆرجار ژن یاخود پیاو لە ناو پەیوەندییەکەیاندا چاوەڕوانییەکی زۆریان هەیە کە هاوبەشەکەیان وەک خۆیان بێت واتا هەمان هەڵوێست و بەها، هەمان تێڕوانین و ڕەفتاری خۆیانی هەبێت. دەبێت لەوە دڵنیا بیت گەر کەسێک خۆی نەیەوێت تۆ ناتوانیت بیگۆڕیت، لەبەرئەوە پێویستە و زۆر گرنگە خۆت ڕابهێنیت لەسەر ئەو جیاوازییە بنەڕەتییە ڕەگەزییانەی کە لە نێوان هەموو ژن و پیاوێکدا هەن، هەروەها پێویستە ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەیت کە هەمیشە لە نێوان هاوسەراندا ئەو جیاوازییانە بوونی هەیە و ڕاستەقینەن. بەم شێوەیە تۆ دەتوانیت فێر بیت جیاوازیەکان بەکاربهێنیت وەک ڕێگەیەک بۆ دەوڵەمەندکردنی پەیوەندییەکەتان نەک زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکەتان.

ئەو ڕەفتار و خاڵانەی کە ژن و پیاو تیایدا لەیەک جیاوازن

یەکەم/ جیاوازی فیزیۆلۆژی

  • ژنان خێراتر لە پیاوان لای ڕاستی مێشکیان گەشە دەکات و ئەم گەشەکردنەش دەبێتە هۆی زووتر (قسەکردن، وشەسازی، بێژەکردن، زووتر خوێندنەوە، باشتر دەبن لە یادەوەرییەکانیاندا).
  • پیاوان خێراتر لە ژنان لای چەپی مێشکیان گەشە دەکات و ئەم گەشەکردنەش دەبێتە هۆی زووتر (کارامەیی بینین و فەزایی و لۆژیکی، توانای هەستکردن، باشتر لە بیرکاری، چارەسەرکردنی کێشە، دروستکردن و دۆزینەوەی مەتەڵ).
  • ژنان زیاتر لە پیاوان حەزیان لە گرنگیدانە بە ڕووخساریان.
  • ژنان هەردوو نیوەگۆی مێشکیان بەکاردەهێنن کە (corpus callosum) لە ئافرەتان ئەستوورترە وەک لە پیاوان.

دووەم/ کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان

١- توێژینەوەکان لەسەر کۆرپە (منداڵ)ی کچ یان کوڕ:

  • ژن و پیاو بە دەنگی بەرزتر لەگەڵ منداڵە کوڕەکەیان قسە دەکەن لە چاو منداڵە کچەکەیان، دایک و باوکان نەرمترن و زیاتر خۆشەویستی لەگەڵ منداڵە کچەکەیان دەردەبڕن. 
  • کوڕان زیاتر لە کچان لە ڕووی جەستەییەوە بە بەهێزتر مامەڵەیان دەکرد.
  • کچان زیاتر لە کوڕان ناز و گرنگیپێدانیان هەیە.
  • تا تەمەنی ٢ ساڵی دایکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر لە چاو کوڕەکانیان قسە لەگەڵ کچەکانیان دەکەن.
  • دایکان مەودای بەرفراوانتر لە وەڵامدانەوەی سۆزداری بۆ کچان نیشان دەدەن لە چاو کوڕان. 

٢- جیاوازی گەشەسەندنی نێوان کوڕان و کچان:

  • کچان زیاتر لە کوڕان زاراوەی خۆشەویستی بەکاردەهێنن.
  • کوڕان بە ڕەفتاری دژە کۆمەڵایەتی شەڕانگێز ناسراون وەک لە کچان.
  • کچان مەیلیان هەیە باسی کەسانی تر بکەن و هەموو نهێنییەکانیان لای هاوڕێکانیان باس بکەن.
  • کوڕان باسی چالاکییەکانی ڕۆژانەیان دەکەن و کاتەکانیان لەگەڵ هاوڕێکانیان بەش دەکەن و زیاتر لە کاتی یاریکردندا پێکەوەن.

سێیەم/ جیاوازییە گشتییەکانی تر

  • پیاوان زیاتر لۆژیکیتر، فراوانتر بیر دەکەنەوە و عەقڵانیترن.
  • ژنان زیاتر گشتگیرتر، داهێنەرتر، بەسۆزتر و یەکگرتووترن.
  • ژنان کاتێکی زۆریان پێویستە بۆ هەستکردن و دەربڕینی هەستەکانیان لە چاو پیاواندا.
  • لە ڕاستیدا پیاوان زیاتر لە ژنان لاوازترن و وابەستەی پەیوەندییەکانن و زیاتر بەهۆی کۆتاییەکەیەوە وێران دەبن، لەبەرئەم هۆکارەشە کە پیاوان کەمتر لە ژنان هاوڕێیەتی و پەیوەندی سۆزدارییان هەیە.
  • پیاوان زیاتر لە ژنان ئاسوودەن لەگەڵ هەستە توڕەییەکانی خۆیان.
  • لە ڕووی ڕێکخستنی جل و بەرگ و پێداویستییەکانی ناوماڵدا ژنان باشترن لە پیاوان.

چوارەم/ ئەو ململانێیانەی کە بەهۆی جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان ژن و پیاوەوە سەرهەڵدەدەن

  • هەمیشە زۆرترین گلەیی و زۆرترین ناڕەزایی پیاوان لەسەر ئافرەتان هەیە دەربارەی ئەوەی کە ژنان هەمیشە هەوڵی گۆڕانکاری دەدەن چی لە خۆیاندا چ لەناو ماڵەکەیاندا.
  • زۆرترین گلەیی ژنان لەسەر پیاوان هەیە دەربارەی ئەوەی کە پیاوان گوێ ناگرن.
  • ژنان دەیانەوێت پیاوەکانیان خۆشەویستی و سۆزیان بۆ دەرببڕن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پیاوان بەزۆری ئەو خۆشەویستی و سۆزە پێشکەش دەکەن.
  • لە ڕووی کاری ماڵەوە پیاوان خۆیان لێی بەدوور دەگرن، هەوڵدەدەن بە هەر نرخێک بێت کەسانی دیکە وا لێبکەن کە ئەو کارە بکەن، هەست بە سووکایەتیکردن دەکەن بەهۆی ئەنجامدانیەوە. بۆ خانمان پاکوخاوێنی ماڵ دەرکەوتنی هێلانەیەکی گەرم و ماڵییە. هەروەها ژن و پیاو ئاستێکی جیاوازیان هەیە بۆ پاکوخاوێنی و پیسی.

چۆن کار لەگەڵ ئەم جیاوازیانە بکەین؟

ئەم چەند خاڵە پێویستە بزاندرێت:
١- کاتێک ژنان دڵتەنگ دەبن دەربارەی هەر گیر و گرفتێک یان کێشەیەک کاتی چارەسەرکردنی کێشەکە نییە بەڵکو دەبێت ئارام بکرێتەوە و لە دواتردا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە بدرێت.

٢-پیاوان لەناو ماڵدا پێویستیان بە پێگەیەکی سەربەخۆیی هەیە، لەکاتێکدا ژنان پێویستییان بە گرنگیپێدان و خۆشەویستی هەیە.

٣- ژنان پێویستیان بە وەرگرتنی خەمخۆری، تێگەیشتن، ڕێز، پەرۆشی، چەسپاندن و دڵنیاکردنەوە هەیە.

٤- ژنان کاتێک پاڵنەر (پشتگیری پیاوەکەیان) بۆ دروست دەبێت هەست بە تایبەتمەندی یان بەنرخی خۆیان دەکەن.

٥- پیاوان پێویستیان بە متمانە، قبوڵکردن، پێزانین، سەرسامبوون، پەسەندکردن و هاندان هەیە لەلایەن ژنەکانیانەوە.

٦- قووڵترین ترسی پیاو ئەوەیە کە باش نییە یان لێهاتوو نییە هەرچەندە ڕەنگە هەرگیز ئەمە دەرنەبڕێت، بەڵام پێویستە ژنان هەمیشە وەسفی پیاوەکانیان بکەن و پێزانینی خۆیان بۆ دەرببڕن.

پوختەی بابەتەکە

  • جیاوازی گەورە و بەرچاو لە نێوان ژن و پیاودا هەیە.
  • جیاوازییەکان جیاوازن، هەوڵمەدە جیاوازیەکان بگۆڕیت، هەوڵمەدە وایان لێ بکەیت جیاوازییەکان لە کەسی بەرانبەرت دوور بکەونەوە.
  • ئەمانە گشتاندنن واتا جیاوازی تاکەکەسی نین چونکە هەموومان هەندێک لەم سیفەتانەمان هەیە.
  • بۆ ئەوەی پێکەوە بژین، پێویستە ئەم جیاوازیانە قبوڵ بکەیت و چاوەڕێی بکەیت و ڕێزیان لێبگریت.
  • هەمیشە ئەم جیاوازییانەت لەبیرت بێت لەکاتی هاوسەرگیری کردن و گفتوگۆ کردن لەسەر هەر شتێکی گرنگ و لەکاتی دەربڕینی گرنگیدان و نیگەرانی و لەکاتی چارەسەرکردنی ناکۆکیەکاندا.


سەرچاوەکان



147 بینین