پشکنینی شەکرەی خوێن

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-06-05-15:36:00 - کۆدی بابەت: 13121
پشکنینی شەکرەی خوێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی شەکرەی خوێن (بە ئینگلیزی; Blood suger test or Diebetic test، بە عەرەبی; تحليل نسبة السكر في الدم) پشکنینی شەکرەی خوێن شیکارییەکی تاقیگەیە کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەکاردێت بۆ پشکنینی نەخۆشی شەکرە بە پێوانی ئاستی گلوکۆز (شەکر) لە خوێندا. پشکنینەکە تیایدا خوێن لە پەنجەیەک یان لە خوێنهێنەرێک وەردەگرێت. کارمەندانی چاودێری تەندروستی بە شێوەیەکی گشتی پشکنینی شەکرەی خوێن بەکاردەهێنن بۆ پشکنینی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو، کە حاڵەتێکی باوە.

دوو جۆرە سەرەکییەکەی پشکنینی شەکرەی خوێن 

پشکنینی شەکرەی خوێن لە پەنجەوە: کارمەندی تاقیگەی پزیشکی دڵۆپێک خوێن وەردەگرێت لە پەنجەی نەخۆش (واتا خوێنەکە ڕاستەوخۆ لە مولوولە خوێنەکانی ژێر پێستەوە وەردەگرێت)، لە بەشی سەرەوەی پەنجە بە دەرزییەکی بچووک وا دەکات خوین لە پەنجە بێتە دەرەوە دواتر ئەم خوێنە دەخاتە شریتی تاقیکردنەوە تایبەت بە شەکرە و پاشان لە ڕێگای ئامێری پێوانی گلوکۆز (شەکرە پێو یان گلوکۆز میتەر)، ئاستی شەکری خوێن لە چەند چرکەیەکدا نیشان دەدات.

پشکنینی شەکرەی خوێن لە قۆڵەوە بە وەرگرتنی پلازما: کارمەندی خوێن وەرگر نموونەی خوێن وەردەگرێت لە یەکێک لە خوێنهێنەرەکانی (venipuncture) کەسەکە. ئەم پشکنینەی شەکرە بە زۆری بەشێکە لە پانێڵی خوێن، وەک پانێڵێکی میتابۆلیزمی بنەڕەتی. کارمەندەکە شیکاری بۆ نموونەی خوێنەکە دەکات بە ئامادەکردنی پلازمای خوین و بەکارهێنانی ئامێری تایبەتی شیکارکردنی خوێن. 

پشکنینی شەکرەی خوێن لە ڕێی خوێنبەرەکانی قۆڵەوە بە شێوەیەکی گشتی ئەنجامێکی راستتر وردترمان دەداتێ بەراورد بە پشکنینی لە ڕێی خوێنی پەنجەوە. پسپۆڕانی تەندروستی زۆرجار داوای پشکنینی شەکرە دەکەن لەسەر برسێتی، لەبەر ئەوەی خواردنی خۆراک کاریگەری لەسەر شەکری خوێن هەیە کە لە ناو موولولەکانی خوین یاخود خوێنهێنەرەکاندا هەیە، هەروەها پشکنینەکە لە ڕێی خوێنهێنەرەکانەوە بێت وێنەیەکی وردتری شەکری خوێن نیشان دەدات.

هەروەها خەڵکی دەتوانن پشکنینی شەکری خوێن لە ماڵەوە بکەن (بە بەکارهێنانی ئامێری شەکرە پێو) بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە. چونکە ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری یدووەمیان هەیە پێویستە ڕۆژانە چەندین جار چاودێری شەکری خوێنیان بکەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەری ئەم نەخۆشییە بکەن، هەروەها ئەو نەخۆشانە پزیشک داوای لێکردوون ڕۆژانە چاودێری ئاستی شەکری خوینیان بکەن.

شەکری خوێن چییە؟

گلوکۆز (شەکر) بەزۆری لە کاربۆهیدراتەکانەوە دێت لەو خواردن و خواردنەوانەی کە ڕۆژانە دەخورێن. هەروەها زانراوە کە کاربۆهیدرات سەرچاوەی سەرەکی وزەی جەستەیە. خوێن گلوکۆز دەگوازێتەوە بۆ هەموو خانەکانی جەستە بۆ بەکارهێنانی لە بەرهەمهێنانی وزەدا. هەندێک لە پرۆسەکانی جەستە یارمەتیدەرن بۆ هێشتنەوەی گلوکۆزی خوێن لە مەودایەکی تەندروستدا. ئینسۆلین، هۆڕمۆنێک کە پەنکریاس دروستی دەکات، گرنگترین هۆکارە بۆ پاراستنی شەکری خوێنی لە ئاستێکی تەندروستدا.

نەخۆشی شەکرە کاتێک گەشە دەکات کە پەنکریاس هیچ بڕێکی ئەنسۆلین یان ئەنسۆلینی پێویست دروست ناکات یان جەستە بە شێوەیەکی دروست وەڵامی کاریگەرییەکانی ئەنسۆلین ناداتەوە.  باوترین بەکارهێنانی پشکنینی شەکرەی خوێن بۆ دیاریکردنی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو (T2D) ـە، کە حاڵەتێکی باوە. کۆمەڵێک مەترسی هەیە بۆ تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو هەیە، ئەگەر کەسێک ئەو مەترسیانەی هەبوو ئەوە پزیشک پێشنیاری پشکنینی بەردەوامی شەکرەی بۆ دەکات بەبێ ئەوەی تەمەنی گرنگ بێت. هەروەها کۆمەڵەی نەخۆشی شەکرەی ئەمریکی پێشنیاری پشکنینی بەردەوامی شەکرە دەکات بۆ هەر کەسێک کە تەمەنی ٣٥ ساڵ یان زیاترە.

کەی پێویست بە پشکنینی شەکرەی خوێن دەکات؟ 

سێ هۆکار بۆ ئەوەی پشکنینی شەکرەی خوێن بکرێت:

  • کاتێک کەسێک نیشانەی بەرزی شەکری خوێن یان نزمی شەکری خوێنی هەیە، دەکرێت لەگەڵیدا نیشانەی نەخۆشی شەکرە یان نەخۆشییەکی تر هەبێت.
  • ئەگەر دەرمانێکی درێژخایەن وەربگرێت کە کاریگەری لەسەر ئاستی شەکری خوێن هەبێت، وەک کۆرتیکۆستێرۆیدەکان، لەوانەیە پێویست بە پشکنینی ڕۆتینی شەکرە بێت بۆ چاودێریکردنی ئاستەکەی.
  • هەروەها پزیشک داوای پشکنینی شەکرەی خوێن دەکات بۆ کەسێک کە نیشانەکانی بەرزی شەکری خوێنی (hyperglycemia) هەیە یان نزمی شەکری خوێن (hypoglycemia).

ڕێژە ئاساییەکانی شەکرەی خوێن

ڕێژەی ئاسایی شەکرەی خوێن بە گوێرەی تەمەن (دوای نانخواردن)

  • لە نێوان ٩٠ بۆ ١٣٠ ملگرام/دیسیلیتر بۆ کەسانی پێگەشتوو
  • لە نێوان ٩٠ بۆ ١٣٠ ملگرام/دیسیلیتر بۆ منداڵانی تەمەن ١٣ بۆ ١٩ ساڵان
  • لە نێوان ٩٠ بۆ ١٨٠ ملگرام/دیسیلیتر بۆ منداڵانی تەمەن ٦ بۆ ١٢ ساڵان
  • لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٨٠ ملگرام/دیسیلیتر بۆ منداڵانی تەمەن خوار تەمەن ٦ ساڵ

ڕێژەی ئاسایی شەکرەی خوێن لەسەر برسیەتی (پێش نانخواردن)

  • لە نێوان ٧٠ بۆ ١١٠ بۆ کەسانی پێگەشتوو
  • ئەگەر ڕێژەکە لە نێوان ١١٠ بۆ ١٢٦ بوو پێی دەوترێت قۆناغی پێش شەکرە (Predibetic) 
  • ئەگەر ڕێژەکە لە ١٢٦ زیاتر بوو دەسنیشانی نەخۆشی شەکرە دەکات.

نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە و بەرزی شەکری خوێن بریتین لە:

  • هەستکردن بە تینوویەتی
  • زۆر میزکردن
  • ماندوێتی
  • هەستکردن بە برسێتی
  • لەدەستدانی کێش بە هۆکاری نەزانراو
  • بینینی ناڕێک و تێکچوونی بینین
  • هێواش چاکبوونەوە لە برین و پەڵە

ئەگەر کەسێک خۆی یان منداڵەکەی ئەم نیشانانەیان هەبوو هەروەها لەوانەیە ڕشانەوە و هەناسەدانی قووڵ و/یان سەرلێشێواویشی لەگەڵ بێت، ئەوا پێویستە بە زووترین کات سەردانی نزیکترین ژووری فریاکەوتن بکەن. چونکە لەوانەیە نەخۆشی شەکرەی هەبێت، کە نەخۆشییەکی مەترسیدارە بۆ ژیانی کەسەکە.

نیشانەکانی کەمی شەکری خوێن بریتین لە:

  • لەرزین یاخود شپەڵە لەرزە
  • ئارەقکردنەوە و لەرز
  • سەرلێشێواوی یان هەستیاری بە ڕووناکی
  • خێراتر لێدانی دڵ
  • برسیەتی توند
  • دڵەڕاوکێ یان هەستیاربوون

پێویستە کاربۆهیدرات (شەکر) بخۆیت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی کەمی شەکر یان هایپۆ گلیاسیمیا، وەک خواردنی شەربەتی مۆز یان سێو. نەخۆشی کەمی شەکرە کاتێک نیشانەکانی سەخت و توند بوون دەکرێت مەترسیدار بێت بۆ ژیانی کەسەکە.

کێ پشکنینی شەکرەی خوێن ئەنجام دەدات؟
زۆرێک لە کارمەندانی چاودێری تەندروستی، وەک پەرستارەکان، دەتوانن پشکنینی شەکرەی خوێن ئەنجام بدەن. ئەم پشکنینانە پێوەری گلوکۆز و شریتێکی تاقیکردنەوە لەخۆ دەگرێت، کە ئەنجامی شەکری خوێن نیشان دەدات لە ماوەی چەند چرکەیەکدا. زانایان بە شێوەیەکی ئاسایی تاقیکردنەوەی گلوکۆزی خوێن ئەنجام دەدەن. ئەوان نموونەکان دەنێرن بۆ تاقیگەیەک بۆ پشکنین. شارەزایانی  تاقیگە بە شێوەیەکی ئاسایی پشکنینی شەکرەی خوێن ئەنجام دەدەن. ئەوان نموونەی خوێن وەردەگرن و دەنێرن بۆ تاقیگەیەک بۆ پشکنین.

چۆن ئامادەکاری دەکەن بۆ پشکنینی شەکرەی خوێن؟

ئەگەر کارمەندی تەندروستی داوای پشکنینی شەکرەی خوێنی لەسەر برسێتی (FBS) کرد، کەسەکە پێویستە هیچ شتێک نەخوات یان نەخواتەوە جگە لە ئاو بۆ  ماوەی ٨ بۆ ١٠ کاتژمێر پێش پشکنینەکە.

دەتوانیت چاوەڕێی چی بکەیت لە کاتی پشکنینی شەکرەی خوێن؟

لەکاتی وەرگرتنی خوێن لە قۆڵ، کەسی نەخۆش لەسەر کورسییەک دادەنیشێت و شارەزایەکی خوێن وەرگر بە دەستەکانی پشکنین بۆ قۆڵی نەخۆشەکە دەکات بۆ ئەوەی بە ئاسانی خوێنهێنەر بدۆزێتەوە و دواتر شوێنی خوێنهێنەرەکە پاکدەکاتەوە بە کهول، پاش وشکبوونەوەی کهولەکە خوێن لە قۆڵەکە ڕادەکێشیت بە دەرزییەک، دوای وەرگرتنی خوێن دەرزییەکە لادەبات و لۆکە دەخاتە شوێنەکەی بۆ پاککردنەوە و ڕاوەستانی خوێن لە شوێنی خوێن وەرگرتنەکە. ئەمە لە حاڵەتی وەرگرتنی خوێن لە خوێنهێنەر، بەڵام ئەگەر لە پەنجە خوێن وەربگرێت ئەمە ئاسانترە و پێویست بە وردەکاری ناکات یەنها پاککردنەوەی سەری پەنجە پاشان بە دەرزییەکی بچوک خوێن لە پەنجە دەردەکات. پەنجەکە دەگوشن بۆ ئەوەی دڵۆپێک خوێن دروست ببێت و دواتر دەیخەنە سەر شریتی تایبەت بە ئامێری شەکرە پێوەکە پاشان لەماوەی چەند چرکەیەک ڕێژەکەی دەخوێننەوە. لە کۆتاییشدا بە لۆکەیەک سەری پەنجە پاکدەکەنەوە.

مەترسییەکانی پشکنینی شەکرەی خوێن چین؟

پشکنینی خوێن بەشێکی زۆر باو و گرنگی پشکنینە پزیشکییەکانی تاقیگەیە. هەروەها مەترسییەکی زۆر کەم هەیە لە بەرامبەر ئەنجامدانی پشکنینی خوێنی شەکرە. لەوانەیە کەمێک هەڵاوسان یان برین دروستببێت لە شوێنی ڕاکێشانی خوێن لە قۆڵ یان پەنجە، بەڵام ئەمە زۆرجار هەر دروست نابێت یان کە دروست بوو بە گشتی بە خێرایی چارەسەر دەبێت. ئەنجامی پشکنینی شەکری خوێن کە ئاستێکی کەمی شەکرە نیشانبدات بە شێوەیەکی گشتی هۆکارێک نییە بۆ نیگەرانی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان نییە.

ئایا دەبێت نیگەران بیت ئەگەر ئەنجامی بەرزی یان نزمی شەکرەی خوێنت هەبێت؟

ئەگەر ئەنجامی پشکنینی خوێن بۆ شەکرە دەریخست کە کەسەکە ئاستێکی بەرز یان نزمی گلوکۆزی هەیە، ئەوە مەرج نییە مانای ئەوە بێت کە ئەو کەسە نەخۆشییەکی پزیشکی هەیە. چونکە کۆمەڵێک هۆکار دەبنە هۆی گۆڕینی ئاستی شەکرەی خوێن لەوانە، هەندێک دەرمان یان ئەنجامدانی پشکنینەکە لەسەر تێری، چونکە ئەمانە دەتوانن کاریگەریان لەسەر ئەنجامی شیکارییەکە هەبێت. هەروەها لەوانەیە هەڵەیەک لە کاتی کۆکردنەوە، گواستنەوە یان پرۆسەی پشکنینەکە ڕوویدابێت. بۆیە بە تەنها یەکجار پشکنین کردن بۆ شەکرەی خوێن ناکرێت نەخۆشی شەکرە دیاری بکرێت.

کەی دەتوانی ئەنجامی پشکنینی شەکرەی خوێن وەرگریتەوە؟

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، پێویستە ئەنجامی پشکنینەکە لە ماوەی یەک یان دوو ڕۆژدا بدرێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا لە ئەگەر لە پەنجەوە کرابێت هەر ڕاستەوخۆ دەکرؽت ئەنجامەکە بدرێتەوە

کەی پێویستە پەیوەندی بۆ دکتۆرەوە بکەیت؟

ئەگەر نیشانەکانی نزمی شەکری خوێن یان بەرزی شەکری خوێنت هەیە، بە زووترین کات پەیوەندی بکە بە کارمەندانی چاودێری تەندروستی. بینینی ئەنجامی نائاسایی پشکنینەکە لەوانەیە فشاری دەروونی دروستبکات بۆ کەسەکە. زانینی ئەوەی کە ڕێژەیەکی بەرز یان نزمی شەکرەت هەیە مانای ئەوە نییە کە تۆ نەخۆشییەکی پزیشکیت هەیە و پێویستت بە چارەسەرە. نزیکەی یەک لە بیست کەسی تەندروست ئەنجامی نائاسایی شەکرەی خوێنیان هەیە و نەخۆشی شەکرەشیان نییە. لەم کاتانەدا پەیوەندی کردن بە پزیشکەوە یارمەتیدەر دەبێت تا هەموو نیشانەکان و ئەنجامی پشکنینەکان لێک بدرێنەوە و لەڕێیەوە بارودۆخی تەندروستی کەسەکە دیاریبکرێت.


سەرچاوەکان



70 بینین