ئیبن مەندە

له‌لایه‌ن: - نهاد جه‌لال - به‌روار: 2020-06-17-19:08:00 - کۆدی بابەت: 162
ئیبن مەندە

ناوه‌ڕۆك

ژیان و پێگه‌شتنی

ناوى موحەممەدى كوڕی ئیسحاقى كوڕی موحەممەدى كوڕی یەحیاى كوڕی مەندەى ئەصفەهانیە، كونیەكەى ئەبوو عەبدوڵایە،[1] ئەم زانایەى ئەهلى سوننە فارس بووە، لەساڵی 310 یان 311 كۆچی لە ئەصفەهان لەدایك بووە،[2] لە ساڵی 395 كۆچی لە مانگى ذیلقەعدەو لە شەوی هەینیدا كۆچی دوایی كردووە،[3] ئیبن كەثير دەڵێت لە ساڵی 396 لە مانگى صەفەر لە ئەصفەهان مردووە.[4]

هاوسەرەكەى ناوى ئەسمائی كچی ئەبی سەعد بووە.[5]

بنەماڵەكەى ناسراو بون بە ئاییندارى و زانستخوازى،[6] باوكی و باپیریشی زاناى دیارى فەرموودە بون،[7] هەروەها براى باپیریشی كە ئیمام عەبدورەحمانى كوڕی یەحیاى ئەصفەهانیە زانایەكى زۆر گەورە بووە،[8] هەروەها منداڵەكانیشی ئەبولقاسم عەبدورەحمان،ئەبووعەمر عەبدولوەهاب، ئەبولحەسەن عوبەیدوڵا، عەبدورەحیم، نەوەكانیشی بە هەمان شێوە زاناو كەسانى زۆر هەڵكەوتەى بوارى زانست بون و لەسەر مەنهەجى ئەهلى سوننەو جەماعە بون.

هێندە بەسە كە ذەهەبی لە بارەیانەوە دەڵێت:(هیچ بنەماڵەیەكى فەرموودە گێڕەوەكانم نەدیوە وەك  بنەماڵەى بەنى مەندە وابن ، هەر لە خیلافەتى موعتەصەمەوە تا ساڵی 630 ریوایەتى فەرموودەیان تێدا ماوەتەوە).

ئیبن مەندە هەر لە منداڵیەوە لەگەڵ شیرپێدانیدا زانستیشی پێدرا و باوكى گرنگى زۆری پێدا، لە ساڵی 318 كۆچی بۆ یەكەمجار فەرموودەى وەرگرت و گێڕانەوەى لێوە بیست، تەمەنیشی ئەوكات هەشت ساڵان بوو، باوكی لەگەڵ خۆی دەیبرد بۆ كۆڕی زانایان و گرنگى پێدەدا تا لەسەر بنەمایەكى تەواوى زانستخوازى پەروەردەى بكات.

دواتر ئیبن مەندە پاش وەرگرتنى زانست لەلاى زانایانى شارى خۆی، روویكردە دەرەوەى شارى خۆی بۆ گەڕان بە دواى زانستدا، بۆ ئەوەش چەندین شوێنی كرد، ئیتر هێندە گەڕاوە تا ئەوەى 1700 مامۆستاى هەبووە، ماوەى سى و ئەوەندە ساڵ وڵاتەو وڵاتى كردووە بۆ زانست، ماوەیەكى زۆریش لە ناوچەی ئەودیو رووبار مایەوە، ئیبن كەثير دەڵێت لەوانەیە لەوێ ماوەیەك كارى بازرگانیشی كردبێت و دواتر گەڕابێتەوە بۆ وڵاتى خۆی.

ئیبن مەندە خۆى دەڵێت دوو جار رۆژهەلآت و رۆژئاوام كردووە.

گرنگترین ئەو شوێنانەى بۆی چووە (ئەسكەندەریە، تەرابلوس، بوخارا، بەغداد، بیت المقدس، بەیرووت، بیكەند، تنیس، حیمص، دیمەشق، صەیدا، طووس، غەززە، قولزوم، قیساریە، كووفە، مەرو، میصر، مەككە، نەیسابوور، هەمەدان).

ئەبولقاسمى كوڕی دەڵێت: باوكم چوار هەزار بەشی نووسیوە، هەزار بەشی لە مەككە لە ئەبووسەعید ئیبنولئەعرابیەوە، هەزار  بەشی لە خەيثهمەى كوڕی سولەیمان لە تەرابلوس، هەزار بەشی لە نەیسابوور لە ئەصەممەوە نووسیوە، هەزار بەشی لە بوخارا لە هەيثهمى كوڕی كولەیبەوە نووسیوە.

زاناى فەرموودەناس بووەو لەپێناو زانستدا چەندین وڵاتى كردووە.

وتەى زانایان لەسەری

ئەبوو ئیسحاق ئیبراهیمی كوڕی موحەممەدى ئەصفەهانى مامۆستاى لە بارەیەوە دەڵێت: (كەسی وەك ئەبووعەبدوڵاى كوڕى مەندەم نەدیوە).

ئەبوو ئیسماعیلی ئەنصارى هەرەوى دەڵێت: (ئەبووعەبدوڵا ئیبن مەندە لە گەورە كەسانى سەردەمى خۆی بووە).

ئیبن مەندە دەڵێت یەك فەرموودەم لە كەسی بیدعەچی وەرنەگرتووە.

ئیبن مەندە لەسەر رێبازى سەلەف بوو، لەسەر مەزهەب و رێبازى ئەهلى سەلەفیش چەندین كتێبی نووسیوە، هەروەك لەسەر دەستەكانى جیا لە ئەهلى سوننەو جەماعە نووسینی زۆرى نووسیوەو وەڵامى داونەتەوە، لەوانە وەك موعتەزیلە و مورجیئەو جوهەمیە و شیعەو قەدەریە.

ئیبن مەندە لەسەر مەزهەبی ئیمامى ئەحمەد بووە، واتە حەنبەلى بووە، ئیبن ئەبی یەعلاش لە (طبقات الحنابلة) دا باسی كردووە.

چەند مامۆستایەكى

ئیبراهیمی كوڕی ئیسحاقى كوڕی میهران.

ئیبراهیمی كوڕی موحەممەدى كوڕی صالحى قەنطهرى دیمەشقی.

ئیبراهیمی كوڕی یەحیاى نەیسابوورى.

ئەحمەدى كوڕی ئیبراهیمی كوڕی موحەممەدى كوڕی جامعى میصری.

ئەحمەدى كوڕی ئیسحاقی كوڕی ئەییووبى نەیسابوورى.

ئەحمەدى كوڕی ئیسحاقی كوڕی موحەممەد.

ئەحمەدى كوڕی ئیسماعیلی عەسكەرى میصری.

ئەحمەدى كوڕی حەسەنى كوڕی عوتبەى رازى.

دەیان زاناى تر كە ناوهێنانیان زۆری دەوێت و خوێنەر دەتوانێت لە روانینی بۆ خودى كتێبەكەى ئیبن مەندە ناوى ئەو مامۆستایانەى بخوێنێتەوە كە دەقى لێوە بیستون.

خوێندكارەكانى

ئیبن مەندە خوێندكارى زۆری هەبووە كە زۆرێكیان ناویان نەهاتووە، بەڵام لێرەدا بە نموونە ناوى چەند خوێندكارێكى دەهێنین:

ئەبووبەكر ئەحمەدى كوڕی فەضلى كوڕی موحەممەدى باطيرقانى ئەصفەهانى كە زانایەكى دیارى فەرموودەناس بووە.

ئەبوو مەنصوور شوجاعى كوڕی عەلى كوڕی شوجاعى ئەصفەهانى كە زانایەكى فەرموودەناس بووە.

ئەبولفەضل عەبدورەحمانى كوڕی ئەحمەدى كوڕی حەسەنى كوڕی بوندارى رازى كە ئیمامێكى گەورە بووە.

ئەبووعەمر عەبدولوەهابی كوڕی موحەممەدى كوڕی ئیسحاق كە كوڕی خۆی بووەو یەكێك بووە لە زانا گەورەكانى فەرموودە.

ئوممولفەتح عائیشەى كچی حەسەنى كوڕی ئیبراهیمی وەركانى كە ژنە زانایەكى فەرموودەناس بووە.

نووسینەكانى

سەبارەت بە نووسینەكانیشی زۆر بون، بەڵام ئەوانەى ناویان هاتووە هەوڵ دەدەین لێرەدا ناوەكانیان بخەینەڕوو:

أسامى مشايخ الإمام البخاري.

الإيمان

معرفة الصحابة

الرد على الجهمية

التوحيد ومعرفة أسماء الله عزوجل وصفاته على الإتفاق و التفرد.

شروط الأئمة.

فتح الباب في الكنى والألقاب

مسند إبراهیم بن أدهم

 

كتێبی (معرفة الصحابة) 

سەبارەت بە ناوى ئەم كتێبە ئەو تاكە كەس نیە ئەم ناونیشانەى هەڵبژاردبێت بەڵكو چەندین زاناى تر هەمان ناونیشانیان هەڵبژاردووە.

لە نووسینەكەیدا ناوى هەموو ئەوانەى هێناوە كە هاوەڵ بوونیان چەسپاو و بێگومانە، ناوى ئەوانەشی هێناوە كە لە سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژیاون بەڵام گومان هەیە لەسەر ئەوەى ئایا هاوەڵن یان نا، باسی ئەوانەشی كردووە كە دڵنیابووە هاوەڵ نین بەڵام لە كتێبەكانى پێش خۆیدا باسكراون، ئەوەشی روون كردوەتەوە، ئەوانەشی كە ئەهلى كیتاب بون و پێش پێغەمبەرایەتى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) مردون و پێغەمبەرى خوایان دیوە ئەوانەشی هێناوە.

ژمارەى ئەو كەسانەى لەو كتێبەدا ناوى هێناون بریتین لە نزیكەی(672) كەسایەتى، ئەمە بەوانەوە كە سەلماوە هاوەڵن و ئەوانەشی كە گومان هەیە لە هاوەڵ بوونیان.

كاتێ باسی كەسایەتیەكى كردووە لەو فەرموودانەشی هێناوە كە ئەو كەسە گێڕاویەتیەوە با هەموویشی نەهێنابێ، لە هێنان و نەهێنانى ئەو گێڕانەوانەشدا گرنگیشی نەداوە بە سەنەدى فەرمووەدەكە.

په‌راوێزه‌كان

[1] - ابن كثير: البداية والنهاية، ج11، ص336.

[2] - الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج17، ص29.

[3] - ابن العماد الحنبلي: شذرات الذهب، ج3، ص146.

[4] - ابن كثير: البداية والنهاية، ج11، ص336.

[5] - الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج17، ص39.

[6] - ابن العماد الحنبلي: شذرات الذهب، ج3، ص146.

[7] - ابن خلكان: وفيات الأعيان و أنباء أبناء الزمان، ج4، ص289.

[8] - الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج17، ص29.


سەرچاوەکان



4034 بینین