ئیمامی مالیک

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2020-06-14-11:21:00 - کۆدی بابەت: 138
ئیمامی مالیک

ناوه‌ڕۆك

ژیان و ناساندن

لەناو شارە شیرینەكەی پێغەمبەری خوادا(د.خ) زانایانێكی زۆر دەركەوتن، چونكە ئەو شارە شاری هاوەڵانی ئازیز بوو، هەم پشتیوانان و هەم كۆچەرانیش لەوێ بوون، زانایانێك دەركەوتن كە لەخزمەت هاوەڵان یان خوێندكارانی هاوەڵاندا زانستیان وەرگرتبوو، بۆیە زانستەكەیان زۆر راست وبێگومان بوو، یەكێك لەو زانا گەورەو بەڕێزانە ئیمامی مالیك بوو رەحمەتی خوای لێبێت، ئەو ئیمامەی كە ماوەیەكی كەم دوای ژیانی پێغەمبەری خوا(د.خ) دەركەوت، تەنیا نزیكەی هەشتا ساڵ تێپەڕ ببوو بەسەر كۆچی دوایی پێغەمبەری خوادا(د.خ) كە ئەم زانا گەورەیە لەدایك بوو.

ناوی باوكی ئیمامی مالیك ئەنەس بوو، دایكیشی ناوی عالیە بووە، دایك وباوكی كەسانی زۆر باوەڕدار و چاك بوون، خوای گەورە مالیكی بەخشی بەو دوو هاوسەرە كە دواتر بوو بەزانایەكی زۆر گەورەو ناسراوی جیهانی ئیسلامی كە تا ئەمڕۆش بەشێكی زۆری موسوڵمانان لەسەر مەزهەبەكەی ئەون. لە ساڵی 93 كۆچی ئیمامی مالیك لە مەدینە لەدایك بوو، واتە لەو شارەی كە تیایدا بۆ یەكەم جار پێغەمبەر (د.خ) دەوڵەتی ئیسلامی دامەزراند و تیایدا مایەوە تا لەوێ كۆچی دوایی كرد، ئیتر ئەو شارە ناسراوە بەشارەكەی پێغەمبەری خوا(د.خ).

هەر لەسەرەتای تەمەنیەوە ئیمامی مالیك دەستی كرد بەوەرگرتنی زانست و دەچووە خزمەت مامۆستایان و شارەزایان و زانستی شەرعی وەردەگرت و لەپێناو بەدەستهێنانی زانستدا نەیدەزانی ماندوو بوون چیە، ئیتر قورئانی پیرۆزی لەبەركرد و فەرموودەیەكی زۆری پێغەمبەری خوای(د.خ) لەبەركرد وەك چۆن دەبینین دواتر كتێبی تایبەت بەفەرموودەی نووسی بە ناوی(الموگأ) كە هەرچی زانای دواتر هەبوون ئەو كتێبەیان لەبەردەكرد.

 

فێربوون و پێگەشتنی

ئیمامی مالیک پاش ئەوەی تەمەنی مالیك كەمێك گەورە بوو خێرا پووری هات بۆ لای و وتی ئیتر كاتی ئەوە نییە دابنیشیت بەڵكو بڕۆ فەرموودە بنووسەرەوە، چونكە كاتی ئەوە بوو بەتەواوەتی تاو بداتە وەرگرتنی زانست نەك دابنیشێت و بە تەمبەڵی ژیان بباتە سەر.

یەكێك لەمامۆستاكانی ئیمامی مالیك ناوی (ئیبن هورموز) بوو، جاری وا هەبوو كە ئیمامی مالیك دەچوو بۆ ماڵی مامۆستاكەی تا زانستی لێوەربگرێت هەر لەبەیانیەوە دەچوو بۆ ماڵیان و لەلای زانستی وەردەگرت تا ئەو كاتەی دەبوو بە شەوو دونیا تەواو تاریك دەبوو ئینجا دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە. مامۆستایەكی تری ئیمامی مالیك ئیمام (جەعفەری صادق) بوو كە لەبنەماڵەی پێغەمبەر(د.خ) بوو، مالیك چەند فەرموودەیەكی لەم مامۆستایەوە گێڕاوەتەوە، هەروەها دەیان مامۆستای تری هەبوو كە فەرموودەی لەوان وەردەگرت و لە كتێبەكەیدا تۆماری كردوون، دەتوانیت داوا بكەیت لە كەسێكی شارەزا وەك باوكت یان مامۆستایەكت تا كتێبەكەی ئیمامی مالیكت پیشان بدات كە ئەو فەرموودانەی تیادا نووسیوەتەوە كە لەمامۆستاكانیەوە بیستوویەتی و تۆماری كردوون. ئیتر لەماوەیەكی كەمدا ئیمامی مالیك بوو بەزانایەكی گەورە و دادەنیشت تا فەتوا بدات بۆ خەڵك، هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە بیست و یەك ساڵ كە فەتوای دەدا بۆ خەڵكی و كێشەی خەڵكی چارەسەر دەكرد و وەڵامی پرسیاری خەڵكی دەدایەوە، هاوكات زۆربەی ئەو پرسیارانەی لێی دەكرا خێرا وەڵامی نەدەدایەوە، بەڵكو دەوەستا تا پرسی دەكرد بەدەیان زانای گەورەی ناو مەدینە لەترسی ئەوەی نەك لەخۆیەوە وەڵامێك بداتەوەو وەڵامەكەی راست نەبێت، ئیتر جاری وا هەبوو بۆ وەڵامی پرسیار و فەتوایەك رای حەفتا زانای گەورەی وەردەگرت، بە مەرجێك ئەوكاتە تەمەنی ئیمامی مالیك چل ساڵ بوو، واتە ئەو كات زانستێكی زۆری پێ بوو نەك لەبەر ئەوەی نەیزانێت، بەڵكو بۆ ئەوەی بەرای زانایان وەڵامی دروستتر ببەخشێت بە موسوڵمانان.

دەبێت ئێمەش فێر بین هەرچیی پرسیارێك كرا یەكسەر وەڵام نەدەینەوە بەڵكو تۆزێك بیری لێبكەینەوەو بە وریاییەوە وەڵام بدەینەوە تا قسەیەك نەكەین كە زیانی بۆ كەسانی تر تێدابێت. ئیمامی مالیك بۆ هەموو وانەوتنەوە یان نووسینەوەیەكی فەرموودەیەك یان خوێندنەوەی كتێبێك دەستنوێژی دەگرت و بەبێ دەستنوێژ نەدەچووە بواری زانستەوە، تەنانەت كاتێك دادەنیشت تا وەڵامی پرسیاری خەڵك بداتەوە دەست نوێژی دەگرت، ئەوەش لەبەر رێزی ئەو پێشەوایە بوو بۆ زانست، هەروەها جێگیر بوونی لەخواترسان بوو لە دڵ و دەروونیدا. ئەم پێشەوا بەڕێزە زۆر هەوڵی دەدا خۆی بپارێزێت لەنیازی خراپ و روپامایی، بەڵكو هەوڵی دەدا زۆر نیاز پاكی بەكاربهێنێت لە كارەكانیدا، چونكە دەیزانی هەر كارێك پاك و پوخت لەبەر خوای گەورە نەبێت ئەوا خوای گەورە لێی وەرناگرێت. ئیمامی مالیك خوێندكارێكی زۆری هەبوو كە ژمارەیان دەگەیشتە نزیكەی 1400 خوێندكار، یەكێك لەو خوێندكارانەی ئیمامی (شافیعی) بوو كە لەخزمەتیدا فەرموودەی وەردەگرت و هەموو كتێبەكەی ئیمامی مالیكی لەبەركرد بوو، ئیمامی مالیكیش ئامۆژگاری ئیمامی شافیعی كرد كە خۆی بپارێزێت لەتاوان چونكە تاوان رووناكی دڵ ناهێڵێت و دەیكات بە تاریكی.

 

کۆچی دوایی

دواجار وادەی ژیانی ئیمامی مالیك تەواو بوو، ئەوەبوو لە مانگی رەبیعولئەوەلی ساڵی 179 كۆچیدا لەتەمەنی هەشتاو شەش ساڵیدا كۆچی دوایی كردو سەركردەی موسوڵمانان لەمەدینە نوێژی لەسەر تەرمەكەی كرد، بەشێكی زۆری خەڵكی ناو مەدینە بەشدار بوون لە مەراسیمی بەخاك سپاردنیدا.

 

پەندو وانە

زۆر پێویستە ئێمەش وەك ئیمامی مالیك‌و ئیمامەكانی تر هەوڵ بدەین فەرموودەكانی پێغەمبەری خوا(د.خ) لەبەر بكەین چونكە پێغەمبەر(د.خ) هەرچی فەرموودەیەكی فەرمووە خوای گەورە خستوویەتیە دڵییەوەو قسەكەی راست و دڵنیایە، هەر بۆیە هەرچی فەرموودەیەك هەیە بە دڵنیاییەوە راستەو خوای گەورە پێی رازیە. پێویستە لەخۆمانەوە وەڵامی هەموو پرسیارێك نەدەینەوە، بەڵكو زۆر هەڵەیە لە خۆمانەوە وەڵام بدەینەوە چونكە خەڵك تووشی هەڵە دەكەین بەڵكو دەبێت پرسیار بكەین لە زانایانی شارەزا تا وەڵامی راست وەربگرین ئینجا وەڵامی كەسانی تر بدەینەوە، دەبینین ئیمامی مالیك بەو هەموو زانستەوە راوێژی كردووە بە زانایانی تر ئینجا فەتوای داوە، بۆیە ئەوە ئیشی هەموو كەسێك نییە فەتوا بدات و وەڵامی هەموو پرسیارێك بداتەوە. دەبێت هەر كارێكمان كرد پاك و پوخت بێت و تەنیا لەبەر خودای گەورە بێت، چونكە هەر كارێك نیازی تری تێكەڵ بێت خودای گەورە وەری ناگرێت، هەر بۆیە ئیمامی مالیك هەوڵیدەدا نیازی زۆر پاك بێت بۆ خودای گەورە.


سەرچاوەکان



4332 بینین