میکانیزمی هەناسەدان

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-08-01:38:00 - کۆدی بابەت: 453
میکانیزمی هەناسەدان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەناسەدان كرداری جوڵاندنەوەی هەوایە بۆ ناو سییەكان و دەرچوونی لێیانەوە. هەناسە وەرگرتن كرداری چوونەژوورەوەی هەوایە بۆ ناو سییەكان. لە هەناسە وەرگرتندا سنگەكەلێن فراوان دەبێت.

ئەو كاتەی پاڵنەرە ماسولكەكان گرژدەبن، پەراسووەكان بۆ پێشەوە و بۆ سەرەوە دەجوڵێن، لە هەمان كاتدا ناوپەنچك گرژدەبێت، كە ئەویش پەیكەرە ماسولكەیە كە سنگە كەلێن و سكە كەلێن لێك جیادەكاتەوە. پاشان تەخت دەبێت، بۆ خوارەوە بە ئاڕاستەی سك پاڵدەنرێت. كاتێك ناوپەنچك تەخت دەبێـت، پەراسووەكان بۆ سەرەوە و پێشەوە  بەرزدەبنەوە وە قەبارەی سییەكان زیاد دەكات، پەستانی هەوا لە ناویاندا كەمتر دەبێـت لەوەی كە لەدەرەوەی لەشدا هەیە، بۆیە هەوای زەپۆش گوڕ دەكاتە ناو سییەكان.

لە كاتی هەناسە دانەوە، واتە لە كرداری هەوا لە سییەكانەوە بۆ دەرەوە جووڵةكان بە ئاڕاستەی پێچەوانە دەبن، ماسولكەی پەراسووەكان و ناوپەنچك خاودەبنەوە، ئەمەش دەبێـتە هۆی كەمبوونەوەی قەبارەی سییەكان، بۆیە پەستانی هەوا لە ناو كەلێنەكە بەرزتر دەبێت لەوەی لە دەرەوەی لەش، ئەو كاتەش ئەو جیاوازی پەستانە دەبێـتە هۆی پاڵنانی هەوا بۆ دەرەوەی سییەكان، هەتا هەردوو پەستانەكە سەر لەنوێ یەكسان دەبنەوە.

ڕێكخستنی كرداری هەناسەدان

تێكڕای بەكارهێنانی ئۆكسجین بەندە لەسەر چالاكی خانەكان. هەرچەند چالاكی خانەكان زیاد بكات، ئەوا بڕی ئەو ئۆكسجینەی كە خانەكان پێویستییانە زیاد دەكات، ئەمەش وا لە لەشدەكات پێویستی بە شێوازێكی خێراتری هەناسەدان ببێت، هەرچەندە چالاكی كەم ببێتەوە، شێوازی هەناسەدان نزم دەبێتەوە. تێكڕای هەناسەدان و قووڵیەكەی دەگۆڕێت بۆ دابینكردنی ئۆكسجین و دەركردنی دوانۆكسیدی كاربۆن، دەماخ و قەدی دەماخ دەست بەسەر تێكڕای هەناسەداندا دەگرن لە ڕێگەی چاودێری كردنیان بۆ دوانۆكسیدی كاربۆن لەخوێندا.

لەكاتی زیادبوونی چالاكی، خەستی دوانۆكسیدی كاربۆن لە خوێندا بەرز دەبێتەوە، بۆیە دەمارە خانەكان لە دەماخدا وریا دەبنەوە، قەدی دەماخیش لەلای خۆیەوە ناوپەنچك وریا دەكاتەوە بۆ بەرزكردنەوەی تێكڕای هەناسەدان و زیادبوونی قووڵیەكەی. ئەو كاتەی خەستی دوانۆكسیدی كاربۆن نزم ببێتەوە، دەماخ نامەیەك بۆ ماسولكەكانی هەناسەدان دەنێرێت، تا بگەڕێنەوە بۆ كەمترین تێكڕای هەناسەدان هەموو ئەوانەش خۆنەویستانە دەكەونە ژێر كۆنترۆڵی ئەو ناوەندانەی لە دەماخدا هەن، بەڵام لە توانای تاكدا هەیە بە شێوەیەكی كاتی لە ڕژێمی دەست بەسەرداگرتنی هەناسەدان لە هەركاتێك لە كاتەكاندا دەربازبێت، بە جۆرێك لە هەناسەدان دەوەستێت هەتا بێ هۆش دەبێت ئەو كاتە قەدی دەماخ دەستبەسەر كرداری كۆنترۆڵ كردندا دەگرێت و هەناسەدانی سروشتی سەر لەنوێ دەگەڕێتەوە، ئەم میكانیزمە ڕێگە بە مرۆڤ دەدات، كە لەژێر ئاودا مەلە بكات و بۆ ماوەیەكی كاتی كورت، وەبكەوێـتە خەو بێ ئەوەی تووشی دڵەڕاوكێ بێت دەربارەی هەناسەدانی خۆی.

 


سەرچاوەکان



5644 بینین