لیۆ بیکڵاند

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-07-21:49:00 - کۆدی بابەت: 1168
لیۆ بیکڵاند

ناوه‌ڕۆك

لیۆ بیکڵاند ١٨٦٣ - ١٩٤٤ز

ساڵی ١٨٨٧ تا ١٨٨٩ز، مامۆستای کیمیا بووە، بەڵام دواتر تووشی بێ ئومێدیی دەبێت و واز لە کاری ئەکادیمی دێنێت. دەچێتە ئەمریکا و لەوێ لەنگەر دەگرێت.
لە ساڵی ١٨٩١ز، کارگەیەکی تایبەت بە خۆی دەکاتەوە. ساڵی ١٨٩٢ز، دەست بە دروست کردنی پەڕی وێنەگرتنی فۆتۆگرافی دەکات، ناوی (فیلۆکس)ـی لێ دەنێت. دوای چەند ساڵێک کۆمپانیاکەی (کۆداک) بە نرخی یەک ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت. بەم شێوەیە بیکڵاند لە ڕووی ماددییەوە خۆی دابین دەکات. پاشان دەگەڕێتەوە ئەورووپا و لە پەیمانگای هونەری (شارلوتنبرگ) وانە دەڵێتەوە.
لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا دەسەڵاتی بووە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا عەقڵە زانستییەکانی کەمەندکێش کرد و بۆ مانەوەشیان لە ئەمریکا دنەی دان. بیکڵایندیش یەکێک بوو لەو زانایانەی داخوازیی ئەمریکییەکانی جێبەجێ کرد. لە پێناو ترووکاندنی خەونەکانی ئەمریکا کۆششێکی زۆریدا و لە ڕووی ماددیشەوە سەرکەوتنێکی گەورەی بە دەست هێنا.

پلاستیک

پلاستیک کە تاکوو ئێستەیش زۆرترین بەکارهێنەری هەیە و بۆ چەندان شتی جۆراوجۆر دەکار دێت، لە لایەن بیکڵاند بەرهەمهات. لە ساڵی ١٩٠٥ز، بیکڵاند گەشتێکی بۆ دۆزینەوەی پلاستیک دەست پێ کرد، دوای چەندان تاقیکردنەوە گەیشتە ئەنجامێکی زۆر دڵخۆشکەر.
سەرەتا هەوڵیدا ماددەیەکی لیفی ڕیشاڵیی بەرهەم بێنێت کە لە چەند چینێکی نەرم پێک هاتبێت، ئەمەیش لە ڕێگەی تواندنەوەی ماددەیەکی (راتنجی قورمزی) و ڕەنگردنی. دوای چەند تاقیکردنەوەیەک گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەر هەردوو ماددەی (فینۆل و فۆرمادیهاید) لە ژێر پلەی گەرمیی و فشاردا دەکار بێنێت، ماددەیەکی دیکەی زۆر بەهێز دروست دەبێت و توانستی بەرگەگرتنێکی زۆر باشیشی دەبێت. ئا لێرەوە یەکەم جۆری پلاستیک بەرهەم هات.
لە سالی ١٩٠٩ز، ئەو بەرهەمەی بیکڵایند لە ژێر نێوی (بیکلت) ڕاگەینرا. دواتر ئەو داهێنراوە بۆ چەندان مەبەستی پیشەسازیی و ماڵداریی وەکار هات.
ئەو داهێنراوەی بیکڵاند زۆر بە خێرایی بڵاو بووەوە و سەر لەبەری جیهان سوودی لێ وەرگرت.

دەسکەوتی یەکەم

بێگومان بیکڵایند بە ڕاگەیاندنی ئەم بەرهەمەی هەموو گێتیی گۆڕی، سەرکەوتنێکی گەورەی  بازرگانیشی بەدەست هێنا. هەر چەن ئەو لە داهێنانی یەکەمدا -(پەڕی وێنەگرتن)- بایی ئەوەی پارە دەست کەوتبوو کە وەک کەسێکی دەوڵەمەند ژیان بەسەر ببات. ڕاستییەکەی ئەگەر هیچ کارێکی دیکەیشی نەکردبا، ئەوەندەی بەس بوو، بەڵام ئەو گەرم و گوڕییەی بیکڵایند بۆ پارە نەبوو، بەڵکە ئامانجی سەرەتا و کۆتایی بۆ خزمەت کردنی مرۆڤ و مرۆڤایەتیی بوو.

بەرژەوەندی بە شێوەی ئاڵوگۆڕ

ڕاستە بیکڵایند بۆ وەدیهێنانی خەون و مەرامەکانی ئەمریکا ڕووی لەم وڵاتە کرد، بەڵام ئەویش لە بەرامبەردا بە هۆی ئەو لێهاتووییەی چەندان پلە و پۆستی گەورەی وەرگرت، بە نموونە پۆستێکی سەرۆکی کۆمەڵەی کیمیاگەرانی ئەمریکای پێ درا.
لەولاشەوە، دەوڵەتیش دنیایەک سوودی لە زانست و داهێنانەکانی وەرگرت و بە شانازییەوە سەری خۆی لە نێو وڵاتانی دنیادا بڵند کرد.

کورتەیەک لە ژیانی

- لە وڵاتی هۆڵەندا لە دایک بووە.
- لە ساڵی ١٨٩٩ز، کۆمپانیای دروست کردنی (پەڕەی وێنە گرتنی فۆتۆگرافی) فرۆست و لە ڕووی ماددییەوە سوودێکی زۆری وەرگرت.
- لە ساڵی ١٩٠٩ز، یەکەم کۆمپانیای دروست کردنی جۆری پلاستیک (پکلیت)ـی دانا.


سەرچاوەکان



605 بینین