پێشکەوتوویی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-26-02:04:00 - کۆدی بابەت: 1620
پێشکەوتوویی

ناوه‌ڕۆك

پێشكەوتوویی - التقدم - Advance progress

وەک ماهیەت و پێشکەوتوو نوێنەرانی مانایەکی کۆن دەکا، لەگەڵ مرۆڤایەتی ماناکەی بە جۆرێک هەبووە بەڵام وەک چەمک زۆر کۆن نییە، تا ڕادەیەک تێکەڵەیەکیش هەیە لە نێوان پێشکەوتنەکانی هەریەکە لە: کۆمەڵایەتی، ئابووری، زانستی، فیکری، .. ئەوانە لە بنەچەدا لێک جیان، ئەوەی لێرە مەبەستمانە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییە، بە تاک و کۆوە، پێچەوانەی دواکەوتن بەجێ مان و (رەجعیەت)، جار وایە ئەگەر لە دژەکان نەگەین لە خودی بابەتەکە چاک ناگەین، دواکەوتوو (رەجعیەت) بە زۆری لەو سەردەمە بەو مانایە بەکاردێ کە یەکێک یان لایەنێ پشت بە فاکتەرە کلاسیکیەکان ببەستێت لەوانە فاکتەرە کۆمەڵایەتی و خێڵەکی و تایفەیی و ڕەچەڵەکیەکانی تر، لە ڕووی ئایدیۆلۆژیاو و فیکریش پشت بە سەرخانی ئەو فاکتەرانەی سەرووی کۆمەڵایەتی ببەستێت، یان لە ڕووی کەرەستە و ئامراز ئارەزووی کەل و پەلە کۆنەکانت بێت، هەڵبەتە هەر مەدرەسەیەک بە جیا دەڕوانێتە هەردوو چەمکی (رەجعیەت) و (پێشکەوتن)، پێشکەوتنیش کاریگەرە بە بەشەکانی تری پێشکەوتنی زانستی و ئابووری و تەکنەلۆجی .. بەڵام هەریەکە مانا و شوێنی خۆی هەیە بەداخەوە بەشی هەرە زۆری فەرهەنگ و ئینسکلۆپیدیەکانیش تێكەڵیان کردووە، وا هەندێکیان لێ هەڵدەبژێرین.

ڕایە جیاجیاکان

- لەو سەردەمە لە فەرهەنگە دەولیەکان پێشکەوتوویی بە پێشکەوتنی باری ئابووری وڵات و ژێرخانەکەی لە داهات و نوێگەرایی و ئاستی زانستی و تەکنۆلۆجی ... لێک دەدرێتەوە، پاشکەوتووییش- تخلف نەک (ڕەجعیەت) بە پێچەوانەی سەروو لێک دەدرێتەوە.

- ئەو تێڕوانینەی سەروو هەر فەرهەنگە یاساییەکانی نەگرتۆتەوە، فەرهەنگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش کاریگەرن بەو بۆچوونە، فەرهەنگێکی وەک (موسوعة علم الأجتماع) کە لەوانی تر چاکتر بۆی چووە, کەچی لە باس و مادای (تقدم الأجتماعي) و (تخلف الأجتماعي) هەر بە سادەیی بە ڕادەی پێشکەوتن و پاشکەوتنی دەزگاکانی لێک دایتەوە، نەک خودی مرۆڤەکان، هەرچەندە لاباسێکی مرۆڤەکان دەگرێتەوە، لە کاتیکدا گەوهەری باسەکەمان مرۆڤە نەک ئامراز و دەزگا. 
  
- فۆرێ، ابن رشد، .. پێیان وایە پێشکەوتنی هەر میللەتێک بە پێشکەوتنی ئافرەتانیان دەپێورێ.

- بەشی هەرە زۆری ئابووریناس و مەدرەسەی ماددی و مەدرەسەی لیبراڵیەکانیش پێشکەوتن لایان مانای پێشکەوتنی ئامرازەکانی بەرهەم هێنانە.

- بیترمان: پێشکەوتنی بە شار و لادێ بەستۆتەوە، لە کتێبی (مدخل الی علم اجتماع الحضري) دەڵێ شار پێشکەوتووە و لادێش دواکەوتووە، زۆر ڕوونە ئەوەیان تێڕوانینێکی ڕەگەزپەرستی کۆنی ڕۆمانی و یۆنانی لە ئەسڵی زاراوەکانی (سیاسەت) و (شارستانی) و (مەدەنیەت).. ئەوان وەرگیراوە.

- نوکست کۆنت: پێشکەوتنی مانای پێشکەوتنی زانستی.

- نەتەوەگەرییەکان: پێشکەوتن دەبەستنەوە بە ژینگە و خاک و ڕەچەڵەک، ئیتر ڕەچەڵەکی ئەوروپی و ئاوهەوای ئەوروپی هەر دەبێ میللەتێكی پێشکەوتوو و پێشڕەوی جیهان بدات، وەک خۆیان دەڵێن، لە ناو عەرەبیش (خاکی پەیامەکان) هەر دەبێ پێشڕەوی جیهان بێت، لە ناو یەهود و سرب و ئەرمەن و تورک ... هەر یەکە لە بە جۆرێک دیدێکی وای هەیە.

- پێشکەوتوویی لای زاناکانی تر پێوانەی جیاجیای تری هەیە، لای (سپنسر) بە مانای لە ١- سادەیی بەرەو ئاڵۆزی ٢- لە پێکەوەیی بەرەو پەرش و بڵاوی و دوورکەوتنەوە.

- زۆر جۆرە تێڕوانینی تر هەیە کۆماری لە پادشایی پێ پێشکەوتووترە.
یان بەپێی سیستیەمی سیاسی و ئینتیمای مەدرەسییەکەی، .. هتد. پێش و پاش کەوتوو دیاری دەکرێ.

لە ڕاستیدا ئەو پێوان و تەرازوانە بۆ پێشکەوتن ئەوەندە ورد و تێر نین، زۆربەیان لە دەردی یەک لایەنی هەیە، جارێ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی گشتی و پێشکەوتنی تاک تێکەڵ کراوە یەک هۆکر و بنچینەی دراوەتێ، ئینجا مەرج نییە شاریەک لە لادێیەک ڕۆشنبیر و پێشکەوتووتر بێت، یان خاوەن ئاشی هەڵمی لە ئاشی هەوایی پێشکەوتووتر بێت، یان ئافرەتێکی سەر کۆمپیوتەر پێشکەوتووتر بێت لە ئافرەتێکی سەر دەستاڕ، بەڵام مانای وا نییە خاوەنەکانیشیان پێشکەوتووتر بێت، بە هەمان شێوە مەرج نییە وڵاتێکی کۆماری پێشکەوتووتر بێت لە وڵاتێک پادشایی زۆربەی وڵاتە گرنگەکانی ئەورووپی پادشایین، کەچی لە ئەفریقا تەنها (سوازیلەند و لیسۆنۆ، مغرب، نیین) پادشایین ئەوی تر هەمووی کۆمارین بەو تەرازووە بێت ئەوا ئەفریقا پێشکەوتووترە لە ئەوروپا .. ئینجا یابان نەک پادشاییە، هێشتا سیستەمی ئیمپراتۆریە و زۆر پێشکەوتووشە لە تەکنەلۆجیا و ئیدارە و باری ئابووری ... ئەو مەرجانەی سەروو ڕەها نین، ئینجا لە ڕایەکەی (سپنسەر) یش بە ڕوونی دەردەکەوێ دیاردەیەکی سروشتی و بایۆلۆجیەکانی کردۆتە بنچینە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، دەشێ لە بایۆلۆجیا گەشەکردن و پیشکەوتن مانای لە سادەییەوە بەرەو ئاڵۆزی و لێک دوور کەوتنەوە بێ، بەڵام هەمان مانا لە کۆمەڵایەتی پێچەوانە دەبنەوە، لێک دوورکەوتنەوە و یەک نەگرتن مانای پێچوانەی پێشکەوتنە.

بۆ لێک کردنەوەی هەموو ئەو لێڵی و تێک گیرانە بە تایبەتی لە نێوان مانای پێشکەوتنی تاک و کۆ ئەوا بە پرسیاریکی سادە دەست پێ دەکەین: ئاخۆ مرۆڤێکی پێشکەوتوو چی پێشکەوتووترە؟ جل و بەرگ و شێوەیەتی یان ماڵ و سامان و سەیارە و کارگە؟ یان بڕوانامەیەکی باڵا و پایەیەکی باڵایە .. کامەیە یاخود شۆڕشگێر و سیاستەمەدارێکی بەرزە .. لە سیاسەتمەداریشدا کامەیە؟ میکاڤیلیە، مەبادیئیە، لیبراڵیە، یان سەرجەمیانە، ئەوانە هەمووی لە لایەک نەدی گرنگی ڕەوش و بەها.. لە وەڵامی ئەو پرسیارە بەو خودکراوەیی کەس بوێری ناکا (پێشکەوتوویی) بداتە پاڵ فاکتەرە ڕواڵەتیەکانی وەک: جل و بەرگ و سامان و بڕوانامە و پایە .. بەڵام باسەکە لە تاکەوە دەپەڕێتەوە بۆ کیان و کۆ و کۆمەڵگا ئەوا ئەوجارە لە وەڵامی پرسیاری هاوشێوەکەی ئاخۆ کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو یان وڵاتێکی پێشکەوتوو چی پێشکەوتووە؟ بە خێرایی وەڵامت دەست دەکەوێ و دەڵێن پێشکەوتنی باری ئابووریەکەیتی، ئەوا فاکتەرەکانی کاریگەر لەسەر کۆمەڵ، کامەیە یەکلاکەرەوەی (پێشکەوتن) لەو فاکتەرانە: ئابووری، ڕەچەڵەک، کۆمەڵایەتی، ژینگە، پەیوەندی جنسی، دەروونی، ئاستی فێکردن، لە بەرهەمەکانی ئاسۆییش (زانست و فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیا و ئایین پێکەوە ژیانی سیاسی و حزبایەتی ... واتە بە کورتی فاکتەرە شاقوڵیەکانە یان ئاسۆییەکانە؟

دەتوانرێ ئەو پرسیارانە ڕوو لە تاکیش بکرێت ئاخۆ کام لایەنی مرۆڤە پێوەری پێشکەوتنی هەڵگرتووە لە شێوە و جل و بەرگ، ماسولکەکانی، گەدەی، باری جنسی، نەژادی، ڕەچەڵەکی، نێر و مێ یایەتی، ماڵ و سامانی، پایەی .. یان هەموو ئەوانە تەنیا هۆکاری یارمەتیدەرن و گرنگەکە ئەوەیە چی لە مێشکدایە .. لە وەڵامی (کێ مرۆڤێکی پێشکەوتووە؟) دوای کەمێک دەمەقاڵێی هەموو لایەک دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە مرۆڤی پێشکەوتوو و دواکەوتوو زیاتر بەوەی لێک دەدرێتەوە کە چی لە مێشکیدایە (بەو مانایەی چی لە دڵ و دەروونیدایە)، بەڵام کە باس لە کیان و وڵات و جیهان دەکرێ، ئەوا زۆربەی هەرە زۆری پشت بەو واقعە جیهانییە دەبەسترێت و یەکسەر وەڵامی پێشکەوتن بە مانای پێشکەوتنی پیشەسازی و زانستی و باری ئابووری وەردەگێڕێ، بۆی جیهان بەو پێوانەیە دابەش کراوە وڵاتە پێشکەوتوەکان، وڵاتانی تازە پێگەشتووەکان، وڵاتانی دواکەوتوو .. جاری وایە بە شێوازێکی ڕێز لێنان بە وڵاتە پاشکەوتووەکان دەگوترێ - وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان یان جیهانی سێیەم - ، ئەگینا بە بەجێماو و بەربەر و هەمەج و .. ناوی تریشیان لێ دەنرێ، بەو شێوەیە تێکەڵکردنی پێناسی پێشکەوتووی بۆ تاک و بۆ کۆ بە ئەنقەستە لە بنچینەدا، مەبەستی تایبەتیانە، ئەوەیە لیبراڵ و سەرمایەدارەکانی ڕۆژئاوا لە رووی مادی و تەکنەلۆجیا پێشکەوتووترن و ئیتر دەیانەوێ لەو فاکتەرەی کە لێی باڵادەست تەرازوویەکی هەڵسەنگاندنی گشتی لێ بتاشن و بیکەنە تێڕوانینەکی نوی بۆ ژیانی نوێ لە پەیوەندیەکانی دەولی تا دەگاتە ئایدیۆلۆژیای تاکو  ڕەوش و بەها مرۆڤایەتییەکانی تر، بەو شێوەیەش تیۆری (ململانێێ شارستانەكانیان) هاتە کایەوە، وەک بەدیلێک بۆ ململانێی مەدرەسەکانی فیکری و سیستەمی سیاسی کە لێی دەست کورت بوون، لە ململانێی شارستانیدا توخمی بنچینەی زانست و تەکنەلۆژیایە کە ئەوان لێی دەست درێژن، بۆیە بلیمەتانە ئەو تیۆرەیان داهێنا و دایان تاشی (نەک) دۆزرابێتەوە)، بەو شێوەیە پێشکەوتن بەند کرا بە شارستانی و ئەویش بە زانستی تەکنەلۆجیا .. ئیتر لیبراڵی رۆژئاوا لێی باڵادەستن واتە پێشکەوتوون، گەورەترین چەمکیان بۆ خۆ پاوەن کردووە کە دەروازەیەکی ستراتیجیە بۆ پێشڕەوی سەرکردایەتی کردنی جیهان و تەنانەت ئیستیعمار کردنی.


سەرچاوەکان



1141 بینین