ئەسپێ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-11-03-22:30:00 - کۆدی بابەت: 1649
ئەسپێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەسپێ (بە عەرەبی: قمليات، بە ئینگلیزی: louse or lice)، جۆرێکە لە مێرووە مشەخۆرەکان، بەگشتی لە بەندینخانە و قوتابخانە سەرەتاییەکاندا هەیە، بەتایبەتی لە هەلومەرجی نەبوونی پاکوخاوێنیدا، نشینگەکەی بریتییە لە ناو قژ و لەسەردا هەیە کە لە ڕەگی تاڵە مووەکانەوە خوێن دەمژێت و گەشەدەکات، یاخود لە مووەکانی بەر و بن باڵدا دەژی، جووڵەی ئەسپێکان تەنها بەهۆی خشاندنەوە دەبێت، بۆیە بۆ ئەوەی لە سەرێکەوە بگوازرێتەوە بۆ دانەیەکی دیکە پێویستە سەری کەسەکان و تاڵە مووەکانیان بە ڕادەیەکی زۆر لە یەکدی نزیک ببنەوە، یاخود لە سەر شانە و سەرینەکان هەبێت و کەسێکی دیکە لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا بەکاریانبهێنێت، لە هەموو هەلومەرجەکانیشدا بۆ گەشەسەندن و زۆربوونیان پێویستە مێینەیەکی پێگەیشتوو لە نێو ئەسپێکاندا هەبێت.

زیان و چارەسەر

یەکێک لە گەورەترین زیانەکانی ئەسپێ ئەوەیە کە دەکرێت هەڵگری ڤایرۆسی جیاواز بێت، کە هۆکاری نەخۆشی ترسناکن و بەدوایدا ئەو ڤایرۆسانە دەگوازرێنەوە بۆ سوڕی خوێنی مرۆڤەکان و دەکرێت بیانکوژێت یان دەبێتە هۆی خوران و دروستکردنی هەستیاری و بەرزبوونەوەی تای خانە خوێیەکە، چەندین چارەسەری جیاواز هەیە بۆ لەناوبردنی ئەسپێکان لەسەر تاڵە مووەکانمان، وەک بەکارهێنانی شانەی تایبەتمەند و ئامێری ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو لەگەڵ چارەسەرە دەرمانییەکان کە بەهۆیانەوە مووەکان دەشۆردرێت و ئەسپێکان لەناودەبات، بەڵام باشترین چارەسەر پاراستنی پاکوخاوێنی جەستە و جێگەی مانەوەیە.

شێوەی دەرەوەی

قەبارەیەکی زۆر بچووکی هەیە کە درێژییەکەی دەگاتە ٢.٥ ملم و ڕەنگی لە نێوان قاوەیی بۆ خۆڵەمێشیدایە، ٦ پێی هەیە کە بە چڕنوکی بەهێز کۆتاییان هاتووە بەهۆیانەوە بەتوندی خۆیان دەگرن بە لایەکی مووەکانەوە، کە تەنانەت بە شۆردنی ئاسایی لێنابنەوە و بە پێچەوانەی ڕاوبۆچوونی خەڵکییەوە ئەسپێکان باڵیان نییە و توانای فڕین و بازدانیان نییە یاخود بەهۆیەوە بتوانن لە سەرێکەوە بفڕن بۆ سەرێکی دیکە.

زۆربوون

نێرینە و مێینەکان یەکگرتن ئەنجام دەدەن، پاشان هێلکەکان بە توندی دەنوسێنن بە بێخی قژەوە کە لابردن و لێکردنەوەی بە بەکارهێنانی دەستەکان زۆر قورس و ئەستەمە، لە دوای ٧-٨ ڕۆژ بێچووەکانیان لە هێلکەکان هەڵدێن و لە دوای خۆیان توێکڵی هێلکە درەوشاوەکانیان بە بەتاڵی جێدەهێڵن، دوای دەرچونیان لە هێلکەکان بێچووەکان ڕەنگیان نییە و تەنها جەستەیەکی ڕوونی شووشەییان هەیە، بەڵام دوای وەرگرتنی خۆراک، واتە مژینی خوێنی کەسە توشبووەکە بە خێرایی ڕەنگیان دەگۆڕێت بۆ قاوەیی، ئەسپێ مێینەکان تەنها لە نێوان ٧-١٠ ڕۆژدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت، کە ڕۆژانە دەتوانن ٨ هێلکە دابنێن، ئەگەر خانە خوێیەکی نەبێت و خۆراکی پێویست بەدەستنەهێنێت کە بە گشتی خوێنی مرۆڤە ئەوا لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا لەناودەچێت، بەڵام بە گشتی لە هەبوونی خانە خوێیەکاندا ناوەندە ڕێژەی تەمەنیان دەگاتە نزیکەی ٣٠ ڕۆژ.  

جۆرە سەرەکییەکانی

ئەسپێ خوێنمژەکان جۆری جیاوازیان زۆرە، بەڵام ئەوانەی کە زۆر تووشی مرۆڤەکان دەبن دوو نەوەی جیاوازن، بەم شێوەیە:

  • ئەسپێی مرۆڤ: جۆرێکی بەربڵاوە لە نێو چینە هەژارەکاندا بەتایبەتی ئەوانەی گرنگی بە پاکوخاوێنی نادەن، نەوەی جیاواز لەخۆ دەگرێت کە ژمارەیەکی زۆر خاڵی هاوبەشیان هەیە، وەک لاوازی هەستی بینین و چڕنووکەکانیان کەمتر بەهێزن و ڕۆژانە چەندین جار خوێنی خانە خوێیەکەی دەکات بە ژەمی خۆراکی و زیانی پێدەگەیەنێت، هەروەها بەرگەی گۆرانکارییەکانی پلەی گەرما ناگرێت بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای خانە خوێیەکەی جێی دەهێڵێت و بە نزمبوونەوەشی دەمرێت و زۆرینەی جارەکان توشی منداڵەکان دەبێت بە بەراورد بە پێگەیشتووەکان، نەوە جیاوازەکان بریتین لە ئەسپێی سەر و ئەسپێی جەستە، کە ئەوانەی لە سەردا دەژین قەبارەکەیان بچووکترە و ڕەنگیان تۆخترە، هەروەها شاخەکانی هەستکردنیان کورتترە و هێزی چڕنووکەکانیشیان کەمترە.
  • ئەسپێی بەر: یاخود پێی دەوترێت ئەسپێی قرژاڵی چونکە شێوەی دەرەوەی هاوشێوەی قرژاڵە، کە جەستەیەکی کورتی پانی هەیە، قەبارەکەی دەکرێت لە نێوان ١.٥-٢ ملم بێت، لە ناوچەی مووەکانی بەر و ناوچەی کۆم و ڕیش و سمێڵ و برژانگدا دەژی، لە ڕێگەی پەیوەندی سێکسی و بەکارهێنانی جێگەی نووستن و کەلوپەلی توشبووەوە دەگوازرێتەوە و سوڕی ژیانی بە شێوەیەکی گەورە هاوشێوەی ئەسپێی مووەکانی سەرە.


سەرچاوەکان



3414 بینین