دژەخۆر

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-01-27-20:27:00 - کۆدی بابەت: 1699
دژەخۆر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

دژەخۆر (بە ئینگلیزی: Sunscreen یان Sunblock) بەرهەمێکی گرنگە بۆ پاراستنی پێست لە تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر بەکاردێت و ڕێگری لە تیشکی سەرووبنەوشەیی دەکات کە بچێتە نێو پێستەوە و تووشی زیانی بکات. 

تیشکی سەرووبنەوشەییی خۆر بە هەردوو جۆری (UVA) و (UVB) زیانی زۆر بە پێست دەگەیەنن، لەکاتی بەکارهێنانی دژەخۆر بەشێوەیەکی ڕاست و دروست ئەوا دەتوانێت سوودێکی زۆری هەبێت بۆ پاراستنی پێست لە سووتان بە خۆر، پیربوون و شێرپەنجەی پێست، جۆری جیاوازی دژەخۆرەکان بەشێوازی جیاواز پارێزگاری لە دژی ئەم تیشکانە دابین دەکەن، هەندێکیان تیشکەکان هەڵدەمژن هەندێکیشیان تیشکەکان دەدەنەوە.

یەکەم دژەخۆر لە جیهاندا لە ساڵی ١٩٣٢ لە ئوستوڕالیا لەلایەن کیمیاگەر ئێچ‌ئەی میلتۆن بلەیک داهێنرا. لە ئێستادا شێوەی جیاوازی دژەخۆرەکان بەردەستن، وەکوو کرێم، نەرمکەر، پرژێنەر، جێڵ و کەف.

زۆر بەسادەیی هەموو کەسێک و هەموو تەمەنێک (منداڵ لە شەش مانگییەوە) مەرجە کە ڕۆژانە دژەخۆری گونجاو بەکار بهێنێت، تەنانەت ئەگەر کەشەکە هەوراوییش بێت و خۆر لێی نەدات، چونکە تیشکە سەرووبنەوشەیییە زیانبەخشەکانی خۆر لە هەموو کەشێکدا بوونیان هەیە و بە پێست دەگەن، لە کەشە هەوراوییەکاندا نزیکەی ٪٨٠ـی تیشکە زیانبەخشەکان بە زەوی دەگەن.

بەکارهێنان و سوودەکان

دژەخۆرەکان بەکاردەهێنرێن بۆ:

جۆرەکان

دوو جۆری جیاوازی دژەخۆر بوونیان هەیە کە ئەگەر بێت و بە گونجاوی بەکار بهێنرێن، ئەوا هەردووکیان شێوازێکی نایابی پاراستن دژی تیشکەکانی خۆر دەستەبەر دەکەن. هەر جۆرێکی دژەخۆر ماددەی جیاواز لە پێکهاتەیدا هەیە و بە شێوازێکی جیاواز کار دەکات بۆ پاراستنی پێست لە تیشکی سەرووبنەوشەییی خۆر. 

ئاکادیمیایی ئەمریکی بۆ پێستزانی (AAD) پێشنیاری بەکارهێنانی هیچ جۆرێکی دژەخۆر بەسەر ئەوەی تریاندا ناکات، چونکە هەردووکیان بەباشی کار دەکەن و پارێزراون بۆ پێست.

دژەخۆری ئەندامی

دژەخۆری ئەندامی پێی دەوترێت دژەخۆری پاڵێوەر (Sunscreen) یان بە دژەخۆری کیمیایی ناودەبرێت. ئەم جۆرەیان تیشکە سەرووبنەوشەییەکانی خۆر دەپاڵێوێت بەجۆرێک ڕێ لە زۆربەی تیشکەکان دەگرێت و ڕێ بە چەند تیشکێکی زۆر کەم دەدات بۆ ئەوەی بچنە نێو پێست. دژەخۆری ئەندامی باوترین جۆری دژەخۆرە کە بۆ پاراستنی پێست لە تیشکی خۆر بەکار دێت.

پێکهاتەکانی دژەخۆری ئەندامی 

دژەخۆری ئەندامی یان (Sunscreen) ماددەی کیمیاییی هەمەجۆر بەکار دەهێنێت کە کاردەکەن بۆ ئەوەی تیشکە زیانبەخشەکانی سەرووبنەوشەییی خۆر هەڵمژن بەرلەوەی بتوانن بچنە نێو پێستەوە، هەندێک لەو پێکهاتە چالاکانەش بریتین ئۆکسیبێنزۆن (Oxybenzone) یان ئەڤۆبێنزۆن (Avobenzone).

هەندێک کەس هەستیارییان بە هەندێک پێکهاتەی نێو ئەم دژەخۆرانە هەیە وەکوو ترشی پارا-ئەمینۆبەنزۆیک (PABA) کە ماددەیەکی پارێزەرە، ئەوانەی پێستیان هەستیاریی بەم ماددە هەیە، دەتوانن جۆری دژەخۆری نائەندامی بەکاربهێنن.

دژەخۆری نائەندامی

دژەخۆری نائەندامی پێی دەوترێت دژەخۆری ڕێگر (Sunblock) یان بە دژەخۆری فیزیایی ناودەبرێت. ئەم جۆرەیان هەموو تیشکەکانی خۆر بۆ دوور لە پێست دەداتەوە، ڕێگری لە تیشکەکان دەکات کە بچنە نێو پێستەوە.

پێکهاتەی دژەخۆری نائەندامی

دژەخۆری نائەندامی یان (Sunblock) بەزۆری پێکهاتە چالاکەکەیان بریتییە لە ماددەی ئۆکسیدی تیتانیەم یان ئۆکسیدی زینک، هەر بۆیەش داڕشتەکەیان خەستتر دەردەکەوێت. لەبەر ئەوەی ئەم دژەخۆرانە توند یان خەستن زۆربەی خەڵک بەزەحمەت دەتوانن دژەخۆرەکە لەسەر پێستی هەموو جەستەیان بڵاوبکەونەوە، هەروەها دەکرێت دەرکەوتەی بەرهەمەکەیان بەدڵ نەبێت لەسەر پێستیان کە بەهۆی ئەوەی خەست و ئەستوورە لەسەر پێست دیار دەبێت.

هەندێک براندی دژەخۆر هەن کە دژەخۆرێکی نائەندامیی کەمتر بینراو بەرهەم دەهێنن بەجۆرێک کە لەسەر پێست دیار نەبێت وەکوو براندی نیوترۆجینا (Neutrogena). هەروەها دژەخۆرەکانی منداڵی بچووک تەنیا ماددەی دوانەئۆکسیدی تیتانیەم یان ئۆکسیدی زینک یان هەردووکیانی تێدایە کە بۆ تەمەنی شەش مانگ بەرەوسەرەوە گونجاون.

ئێس‌پی‌ئێف (SPF) چییە؟

ئێس‌پی‌ئێف یان هۆکاری پاراستن لە خۆر (Sun protection factor) بریتییە لە ڕێژەی پاراستن لە دژی تیشکی خۆر، هەر دژەخۆرێک ڕێژەیەکی دیاریکراوی ئیس‌پی‌ئێف"ـی هەیە، ڕێژە جیاوازەکانی ئێس‌پی‌ئێف لەڕێی کۆمەڵیک تاقیکارییەوە دیاری دەکرێن. 

ڕێژەی ئێس‌پی‌ئێف ئەوە دیاری دەکات کە لەکاتی بەکارهێنانی دژەخۆرەکە تا چەند دەتوانیت لەبەردەم خۆر بمێنیتەوە بەبێ ئەوەی پێستت بسووتێت، بەبەراورد لەگەڵ ئەو کاتەی کە دژەخۆر بەکار ناهێنیت، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک بەبێ بەکارهێنانی دژەخۆر لەماوەی ١٥ خولەکدا پێستی بە خۆر بسووتێت و دژەخۆرێک بە ڕێژەی ئێس‌پی‌ئێف"ـی ١٠ بەکار بهێنێت، ئەوا دە ئەوەندە کاتی دەبێت تاوەکوو پێستی بە خۆر بسووتێت لەکاتی بەکارهێنانی دژەخۆرەکە، (١٠×١٥=١٥٠) واتا تاوەکوو ١٥٠ خولەک یان دوو کاتژمێر و نیو دەتوانێت لەبەر خۆر بمێنێتەوە بەبێ ئەوەی پێستی بسووتێت، دوای دوو کاتژمێرەکە کاریگەریی پاراستنەکە نامێنێت و پێویست دەکات دووبارە دژەخۆر لە پێستی بداتەوە.

دژەخۆرێکی ئێس‌پی‌ئێف بەرز واتای ئەوە ناگەیەنێت کە پارێزگارییەکی باشتر لە دژی خۆر دابین دەکات، بەڵکوو ڕێژەی بەرزتری ئێس‌پی‌ئێف واتای ئەوەیە کە پێست بۆ ماوەیەکی زیاتر بەپارێزراوی دەمێنێتەوە. بۆ نموونە دژەخۆرێک بە ڕێژەی ئێس‌پی‌ئێف"ی دوو بەهەمانشێوەی دژەخۆرێکی ئێس‌پی‌ئێف"ـی ٣٠ دەتوانێت پێست لە تیشکی خۆر بپارێزێت، بەڵام ڕێژەی دووی ئێس‌پی‌ئێف لەبەرئەوەی ماوەیەکی کەمتر کاردەکات پێویست دەکات زۆرتر لە پێست بدرێتەوە بە بەراورد بە ڕێژەی ٣٠ـیەکە. 

بۆ ئەوەی پارێزراو بیت لە تیشکی خۆر مەرج نییە چ ئێس‌پی‌ئێف"ـێک بەکار دەهێنیت بەڵکوو گرنگ ئەوەیە کە زوو زوو لە پێستی بدەیتەوە بەلایەنی کەمەوە هەموو دوو کاتژمێر جارێک دەبێت دژەخۆرەکەت نوێ بکەیتەوە، یاخوود لەدوای ئارەقکردن و مەلەکردن پێویستە دووبارە بەکاری بهێنیتەوە.

بەشێوەیەکی گشتی ئێس‌پی‌ئێفەکان هەموویان بەهەمان شێوە کاردەکەن و هیچ کامیان ناتوانن ٪١٠٠ ڕێ لە هەموو تیشکەکان بگرن، بەم جۆرە:

  • دژەخۆری ئێس‌پی‌ئێف"ـی ١٥ نزیکەی ٪٩٣ تیشکی (UVB) بلۆک دەکات.
  • دژەخۆری ئێس‌پی‌ئێف"ـی ٣٠ نزیکەی ٪٩٧ تیشکی (UVB) بلۆک دەکات.
  • دژەخۆری ئێس‌پی‌ئێف"ـی ٥٠ نزیکەی ٪٩٨ تیشکی (UVB) بلۆک دەکات.
  • دژەخۆری ئێس‌پی‌ئێف"ـی ١٠٠ نزیکەی ٪٩٩ تیشکی (UVB) بلۆک دەکات.

ئێس‌پی‌ئێف تەنیا هۆکاری پاراستن لە دژی تیشکی سەرووبنەوشەییی کورت (UVB) دەردەخات، لەسەرەتادا وا بیردەکرایەوە کە تەنیا تیشکی (UVB) جێی نیگەرانییە چونکە درێژیی شەپۆڵەکانی کورتترن و دەبنە هۆی سووتانی پێست، بەڵام ڕاستییەکەی تیشکەکانی سەرووبنەوشەییی (UVA)ـیش مەترسییان لەسەر پێست هەیە، کە پێست چرچ دەکەن و مەترسیی شێرپەنجەش زیاد دەکەن، کەواتە ئێس‌پی‌ئێف پارێزگاری لە دژی تیشکەکانی (UVA) دەستەبەر ناکات، بۆیە پێویستە دژەخۆرێک بەکار بهێنرێت کە کاریگەریی لە دژی هەردوو جۆری تیشکەکانی سەرووبنەوشەیی هەبێت، کە ئەوانەش بەرهەمەکانی دژەخۆری مەودا فراوان (Broad spectrum) دەگرنەوە کە مەودای کارکردنیان فراوانە و دژی هەردوو تیشکەکە کار دەکەن، وەکوو دژەخۆری ئۆکسیدی زینک.

هەڵبژاردنی دژەخۆری گونجاو

  • دژەخۆری ئێس‌پی‌ئێف ١٥ بەرەو سەرەوە گونجاوە بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانە و کەشە ئاسایییەکان، واتا بۆ سەر ئیش و لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، نەک ئەو کاتانەی کە لەبەر خۆر دەمێنیتەوە.
  • ئەگەر کاتێکی زۆر لەدەرەوە بمێنیتەوە بەتایبەت لەو کاتانەی کە گەرمایە و تیشکی خۆر تێیدا بەهێزە یان لەکاتی مەلەکردن و شاخەوانی و هەر چالاکییەکی بەر خۆر، ئەوا پێویستە دژەخۆرێکی دژەئاوی ئێس‌پی‌ئێف ٣٠ یان زیاتر بەکار بهێنیت.
  • بۆ پاراستنێکی بەهێز لە دژی هەردوو جۆرەکانی تیشکە زیانبەخشەکانی سەرووبنەوشەیی پێویستە دژەخۆرێکی مەودا فراوان بەکار بهێنیت کە لەسەری نووسرابێت (Broad spectrum).
  • لەکاتی ئەنجامدانی ڕاهێنانێکی قورس و ئارەقکردنی زۆر یان مەلەکردن پێویستە دژەخۆرێک بەکاربهێنیت کە دژەئاو بێت، هەموو دژەخۆرەکان بە ئاو لادەچن، ئەوانەی کە دژەئاون یان لەسەریان نووسراوە (Water resistant) دەتوانن تا ماوەی ٨٠ خولەک بەرگەی مەلەکردن بگرن، دواتر پێویستە دووبارە لە پێست بدرێنەوە.
  • گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە هەر جۆرێکی دژەخۆر بەکار بهێنرێت دەبێت بە شێوەیەکی دروست بەکار بهێنرێت و پێویستە بە لایەنی کەمەوە دوو کاتژمێر جارێک یان سێ کاتژمێر جارێک نوێ بکرێتەوە و لە پێست بدرێتەوە.

چۆنییەتی بەکارهێنان

  • دژەخۆر پێویستە لە هەموو کاتێکدا بەکار بهێنرێت بەجۆرێک ٣٠ خولەک پێش ئەوەی بڕۆیتە دەرەوە پێویستە دژەخۆرەکەت بەکارهێنابێت بۆ ئەوەی دژەخۆرەکە لەگەڵ پێستت یەک بگرێت و بۆ کارکردن دژی تیشکەکان ئامادە بێت.
  • پێویستە هەر دوو کاتژمێر یان سێ کاتژمێر جارێک دژەخۆرەکە نوێ بکیەیتەوە، چونکە کاریگەرییەکەی نامێنێت. 
  • لەدوای ئارەقکردنی زۆر یان مەلەکردن پێویستە ڕاستەوخۆ دژەخۆرەکە نوێ بکرێتەوە.
  • بەپێچەوانەی ئەوەی کە وا باوە تەنیا لەکاتی دەرکەوتنی خۆر دژەخۆر بەکاربهێنرێت، لە کەشە هەوراوییەکاندا ٪٨٠ـی تیشکە زیانبەخشەکان بە زەوی دەگەن، بۆیە پێویستە لەو کاتانەشدا دژەخۆر بەکاربهێنرێت.
  • شارەزایان دەڵێن کە پێویستە دژەخۆر لە هەموو شوێنێکی جەستە بدرێت بەرلەوەی پۆشاک ببۆشرێت، بەڵام گەر ئاواش نەکرێت پێویستە تەواوی پێستی ئەو شوێنانەی کە بەدەرەوەن و پۆشاک دایان ناپۆشێت دژەخۆریان لێ بدرێت، وەک ڕووخسار، گوێیەکان، شان و مل، پشتەمل، دەست و قۆڵەکان، پێ و قاچەکان و ئەو کەسانەی کەچەڵن پێویستە دژەخۆر لە سەریشیان بدەن.
  • بۆ دەستکەوتنی سوودی تەواو پێویستە هێندەی پیاڵەیەکی چا لە دژەخۆر بدەیت لە هەموو بەشەکانی جەستەت کە بەدەرەوەن، واتا بڕێکی تەواو بەکاربهێنە نەک بەکەموکوری و چینێکی تەنک لێ بدەیت، چونکە بەم شێوەیە کار ناکات.

پارێزراوبوون لە تیشکی خۆر

گرنگە بزانرێت کە دژەخۆر بەتەنیا ناتوانێت بەتەواوی لە تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر بتپارێزێت، لەکاتی بارودۆخە مەترسیدارەکان کە پلەکانی گەرما زۆر بەرزن و بڕێکی زۆر لە تیشکە زیانبەخشە بەهێزەکان دەگەنە سەر زەوی، پێویستە پۆشاکی تایبەتی پارێزەر لە خۆر لەبەر بکەیت، چەتری دژەخۆر هەڵبکەیت و چاویلکەی دژەخۆری پارێزەر لە تیشکی (UVA) لە چاو بکەیت. هەروەها ئەگەر بکرێت لەم کاتانەدا لە ماڵ بمێنیتەوە و دەرنەچیت زۆر باشتر دەبێت.


سەرچاوەکان



2688 بینین