دیاری کردنی ئەرک لە لایەن مامۆستاوە

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-01-31-22:23:00 - کۆدی بابەت: 1858
دیاری کردنی ئەرک لە لایەن مامۆستاوە

ناوه‌ڕۆك

دیاری کردنی ئەرک لە لایەن مامۆستاوە

ڕۆژێک لە قوتابخانە زەنگی تەواو بوونی وانەیەک لێیدا، زۆری پێنەچوو یەک پۆلی تەواو لە دواوەی مامۆستایەک ڕایان دەکرد، قوتابیەکان داوایان دەکرد ئەو ئەرکەی کا مامۆستا دیاری کردووە زۆرە و کەم بکرێتەوە، مامۆستاکەش لەبەر ئەوەی لە پڕۆگرامی ساڵ دواکەوتبوو پێداگری دەکرد لەسەر بڕیارەکەی، دوای هەرایەکی زۆر بەڕێوبەری قوتابخانە داوای لە قوتابیەکان کرد کە شوێنەکە جێبێڵن و بچنەوە پۆلەکانیان.
دیاریکردنی ئەرکی ماڵەوە و لێپرسینەوە و دانانی نمرە، هەروەها پشکنینی وەرەقەی تاقیکردنەوەی قوتابی دوو خاڵن کە زۆرجار دەبنە هۆکاری دروست بوونی ئاژاوە لە پۆلدا. هەندێ جاریش بە ئەنقەست قوتابی دەیکاتە هەلێک بۆ ئەوەی بارودۆخەکە تێک بدات، لەبەر ئەمە پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:

١- گرنگی دان بە ئەرکی ماڵەوە و پشتگوێ نەخستنی.
٢- ئەرکەکە لە ئاستی قوتابیان بێت، نە زۆر بێت نە کەم.
٣- جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی قوتابی خۆی ئەنجامی بدات.
٤- ڕاستکردنەوەی هەڵەکان بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە.
٥- دەبێت مامۆستا لەوە دڵنیا بێت کە تەواوی قوتابیان گوێبیستی ئەو بوونە و ئەرکەکەیان لای خۆیان تۆمار کردووە.
٦- هاندان و دەستخۆشی لە تەواوی ئەو قوتابیانەی کە ئەرکەکەیان بەجێ گەیاندووە.
٧- ڕەزیلی نەکردن لە دانانی نمرە بۆ ئەوانەی کە بە شێوەیەکی ڕێک و دروست  یان ئەوانەی بەشێوەیەکی لاوەکی ئەرکەکانی ماڵەوەیان بە جێگەیاندووە.
٨- ڕەخساندنی کاتی شیاو بۆ پشکنینی وەرەقەی تاقیکردنەوە، تاوەکو هەڵەی تێدانەکرێت و دادپەروەری بچەسپێ.
٩- ڕەخساندنی کەشێکی ئارام و گوێگرتن بۆ قوتابیان لە کاتی دانەوەی نمرەکان، چونکە هەموو کەسێک قابیلی هەڵەکردنە.
١٠- ئەگەر ئەرکەکە تایبەت بوو بە پۆل پێویستە ڕەچاوی کات بکرێت و نەگاتە کۆتایی وانەکە.
١١- ڕوون کردنەوەی تەواو دەربارەی ئەرکەکان، بەشێوەیەک هیچ گرێیەک لای قوتابی نەهێڵێتەوە.
١٢- دانانی پرسیارەکان بە شێوەیەک بێت کە تەواوی قوتابیان بتوانن بەلایەنی کەم نیوەی نمرەی دیاری کراو بهێنن، خۆدوورگرتن لە پرسیاری ناڕوون و گران و دوور لە وانەکە.
١٣- سزای پێویست بدرێت بە هەموو ئەو قوتابیانەی کە کەمتەرخەمی دەکەن لە ئەنجام نەدانی یاخود دواخستنی ئەرکەکە.
١٤- باش نیە هیچ ئەرکێکی تر بدرێت بە قوتابی تاوەکو ئەرکەکەی پێشوو تەواو نەبێ.


سەرچاوەکان



721 بینین