بەراوردکردنی منداڵ بە کەسانی تر

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-12-26-12:00:00 - کۆدی بابەت: 1982
بەراوردکردنی منداڵ بە کەسانی تر

ناوه‌ڕۆك

منداڵەکەت بە کەس بەراورد مەکە

هۆکاری زۆر هەن بۆ بەراوردنەکردنی منداڵ بە کەس یاخود مناڵێکی تر, ئەگەر بەراوردکردن بێت بە خوشک وبرای خۆی یان منداڵی هەر کەسێکی تر, ئەم شێوە بەراوردکردنەی منداڵەکان زۆر بە خراپی زیان دەگەیەنێت بە متمانەبەخۆبوونی منداڵەکە و دەبێتە هۆی هەستکردن بە بچووکی, زۆربەی دایکان و باوکان کاتێک دەبینن منداڵەکەیان وەکوو منداڵەکانی تر باش نییە، دەست دەکەن بە بەراوردکردن، لێرەدا خوێنەری ئەو هۆکارە گرنگانەبن کە بۆتان ڕووندەکاتەوە نابێت منداڵەکەتان بە منداڵی تر بەراورد بکەن.

  1. کاریگەری هەیە لەسەر متمانەبەخۆبوونیان: یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان ئەوەیە کە ئەم بەراوردکردنە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر متمانە بەخۆبوونی منداڵ، ئایا خۆت حەزدەکەیت بەردەوام بەراوردت بکەن بە کەسێکی تر؟ زۆرترین کێشەکانی لاوازی متمانەبەخۆبوون لە منداڵیدا دروست دەبێت، بۆیە ئەم کارە مەکەن تا ئەوانیش هەست نەکەن لە کەسانی تر لاوازتر و بچووکترن.
  2. هەر منداڵێک جیاوازە لە یەکێکی تر: هەر منداڵێک بۆخۆی کەسایەتی تایبەتی خۆی هەیە و توانا و لێهاتوویی تایبەتی خۆی هەیە، چی گرنگی هەیە منداڵێک له مۆسیقادا لێهاتوویی هەبێت و یەکێکی تر نەیبێت؟ ئەو منداڵە ڕەنگە لە وەرزشدا لێهاتوویی ناوازەی هەبێت یان حەزی لە کتێب خوێندنەوە بێت، هیچکام لەم لێهاتووییانە باشتر نییە لەوی تر هەر بەوشێوەیەش هیچکام لە منداڵەکان زیاتر نییە لەوی تر، نابێت هەرگیز وا ڕەفتاربکەن کە منداڵەکان هەست بکەن دەبێت لەیەکتر بچن.
  3. تووڕەیی: بەراوردکردنی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی تووڕەبوونی منداڵ، نەک تەنها هەست بە ناڕەحەتی دەکات بەرامبەر ئێوە بەڵکو ئەو هەستەی بۆ خوشک و برا یان هەر کەسێکی تر دروست دەبێت و هەست بە تووڕەیی دەکات بەرامبەریان، دووربکەونەوە له بەراوردکردنیان بە یەکتر، ئەگەر وادەزانن ئاگایان لێ نییە و تێناگەن، ڕەنگە کەسێک پێیان بڵێت یان تێیان بگەیەنێت.
  4. لەگەڵیان دەمێنێتەوە: لەوانەیە توشی سەرسوڕمان بن کە بزانن بیرەوەری ئەم بەراوردکردنانە دەکرێت تا چەنێک له بیری منداڵەکەتان بمێنێتەوە. تەنانەت ئەگەر مەبەستێکیشت نەبێت لەوەی بە منداڵەکەت بڵێی 'تۆ بۆ ناتوانیت وەکوو فڵان کەس بیت؟' ئەمە هەمیشە لە بیرەوەری منداڵەکەتدا دەمێنێتەوە و بێتاقەت و دڵگرانی دەکات.
  5. منداڵەکە بەپێی کات بڕوا بەو پەیامە دەکات کە پێی دەڵێن: بڕوا دەکات کە ئەو بەپێی پێویست باش نییە و لێهاتوو نییە، وە بەخۆی دەڵێت ئەگەر بڕیارە سەرکەوتوو نەبم بۆچی دەبێت کارێک بکەم یان تاقیبکەمەوە؟ ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە ڕوودەدات، بەم شێوەیە تەنها منداڵەکە بۆ شکست ئامادە دەکەن.
  6. ماوەی منداڵی پێشبڕکێیەک نییە بۆ یەکەم بوون: منداڵان بە خێرایی سروشتی خۆیان گەشە دەکەن بەڵام زۆربەی کات دایکان و باوکان کاتێک دەبینن منداڵێک لە هەمان تەمەنی منداڵەکەی ئەوان ڕێدەکات یان فێری قسەکردن دەبێت نیگەران دەبن، هیچ بەرنامەیەکی تایبەت نییە بۆ گەشەی منداڵ، بۆیە هیچ جێگای نیگەرانی نییە دڵنیابن منداڵەکە لەکاتی خۆیدا گەشە دەکات.
  7. لەخۆبایی بوون لە ئەنجامی ئەم بەراوردکردنانە: کارێکی ئاقڵانە نییە کە بە شێوەیەکی ئەرێنی منداڵەکەتان بەراورد بکەن، حەزدەکەن منداڵەکەتان وەها گەورەببێت کە وابزانێت زۆر باشتر و گەورەترە لە کەسانی تر؟ پیاهەڵدانی منداڵ کارێکی باشە، بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوەبن نابێت بە شێوەیەکی بەردەوام پێی بڵێن کە تۆ لە منداڵەکانی تر باشتریت، ئەگەر بتانەوێت وەک کەسێکی لەخۆبایی گەورەی بکەن ئەوە هیچ کارێکی باش ناکەن بەرامبەری. 
    دایکایەتی و باوکایەتی پێشبڕکێیەک نییە و پێویست ناکات بە دایک و باوکانی تری نیشان بدەن کە منداڵەکەت تا چەند باشترە لەوانی دیکە یان نیگەرانی ئەوەبن کە منداڵەکانی تر باشترن لە منداڵەکەی ئێوە، تەنها دەبێت بەخۆشەویستییەوە هانی بدەن کە باوەڕی بەخۆی بێت و تواناکانی خۆی بدۆزێتەوە.


سەرچاوەکان



1720 بینین