نادادپەروەری لەنێوان منداڵەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-16:30:00 - کۆدی بابەت: 1991
نادادپەروەری لەنێوان منداڵەکان

ناوه‌ڕۆك

نادادپەروەری لە نێوان منداڵەکان

هەڵەیەک لەو هەڵانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە نادادپەروەریکردن لە نیوان منداڵەکانیان، واتە بە یەک چاو سەیری هەمووان ناکەن و وەک یەک سۆز و خۆشەویتی خۆیان بەسەریان دا نابەخشنەوە و وەک پێداویستییە جەستەییەکانیان بۆ دابین ناکەن، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • بەکارهێنانی دڵڕەقی و توندوتیژی.
  • بەهرەمەند نەبوون لە بەها پەروەردەییەکان.
  • پەنگخواردنەوەی هەستی تۆڵەسەندنەوە لە ناخیاندا.
  • دوورکەوتنەوە لە بەها ئایینی و ڕەوشتییەکان.
  • لاوازی ئاستی زانستی دایک و باوک.
  • زاڵبوونی هەستیان بەسەر عەقڵیاندا.
  • بیرنەکردنەوە لە ئایندە و گەورەبوون لە ژینگەیەکی خێزانی و کۆمەڵایەتی ناتەندروست و ... تاد.
  • کاریگەری نەرێنی کولتوور و داب و نەریتە باوەکانی کۆمەڵگە لەسەر دایک و باوک.

بێگومان نادادپەروەریکردن لە نێوان منداڵەکان، زیانێکی زۆری هەیە و خودی دایک و باوک و منداڵ و کۆمەڵگەش بە گشتی، چونکە ئەم نادادپەروەرییە دەبێتە سەرچاوەی کێشە و ناکۆکی و دووبەرەکی و لێکدوورکەوتنەوە و لێکترازان، هەروەها چاندنی تۆوی ڕق و کینە لە ناو ناخی منداڵاندا، بە تایبەتی ئەو منداڵانەی کە هەست بە نادادپەروەری دەکەن و پێیان وایە ستەم و غەدریان لێکدەکرێ و بە پلە دوو و سێ هەژمار دەکرێن.
ئەڵبەتە ئەو منداڵانەی کە نادادپەروەریان بەرامبەر دەکرێت دووچاری ئەم کێشانە دەبن:

  • هەست بە غەدر و ستەم دەکەن.
  • وا هەست دەکەن لە ماڵەوە پلە دوو و سێنە و فەرامۆش کراون.
  • بیر لە تۆڵەسەندنەوە دەکەنەوە لە خوشک و برا و دایک و باوکەکانیان بە و بە چاوی دوژمن لێ دەڕوانن.
  • بوغز و ڕق و کینە لە ناخیان دا پەنگدەخواتەوە و ڕەگ دادەکوتێ.
  • هەست بە خەمباری و خەفەتباری دەکەن و دووچاری پەریسانی و خەمۆکی دەبن.
  • دوورپەرێز و گۆشەگیر دەبن.
  • لە ژیانیاندا سەرکەوتوو نابن.
  • لە سۆز و خۆشەویسی بەهرەمەند نابن.
  • کەسانی خۆشبین و گەشبین نابن.
  • دڵ و دەروونیان ئارام نابێ.
  • بە چاوی گومانەوە سەیری کەسانی دیکە دەکەن.
  • بە شێوەیەکی نەرێنی بیر دەکەنەوە.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی منداڵان و خێزان و کۆمەڵگەش ڕووبەڕووی کێشە و ئاستەنگ نەبنەوە و بە شێوەیەکی هاوسەنگ و ئاسایی گەشە بکەن، پێویستە دایک و باوکەکان، تا ئەو پەڕی توانا، دادپەروەر بن و خۆیان لە نادادپەروەردیکردن بپارێزن، بە تایبەتی لەگەڵ منداڵەکانیان، بۆ هێنانەدی ئەم مەبەستەش، گەرەکە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:

  • لە ڕەفتار و کردار و گوفتاریاندا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن.
  • بە شێوەیەکی هاوسەنگ و یەکسان پێداویستییە ڕۆحی و دەرونی و جەستەییەکانیان دابین بکەن.
  • خۆیان بەدوور بگرن لە پلەبەندیکردن، واتە دیاریکردنی منداڵی پلە یەک و دوو و سێ.
  • خۆیان لە هەر کارێک بەدوور بگرن، کە بۆنی نادادپەروەردی لێبێت.
  • خۆیان لە هەر کارێک بەدوور بگرن کە منداڵەکانیان هەست بەوە بکەن کە فەرامۆش کراون و پشتگوێ خراون.
  • پێویستە دایک و باوک بە یەک شێوازی پەروەردەیی سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، بەڵام جیاتاکی نێوانیان لەبەرچاو بگرن.


سەرچاوەکان



1234 بینین