چاوپۆشیکردن لە هەڵەکانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-17:43:00 - کۆدی بابەت: 1998
چاوپۆشیکردن لە هەڵەکانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

چاوپۆشیکردن لە هەڵەکانی منداڵ

هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە چاوپۆشیکردن لە هەڵەکانی منداڵ. واتە، منداڵ هەر هەڵەیەک بکات، ئەوان بە بری ئەوەی بۆی ڕاست بکەنەوە و ڕێنمایی گرنگی پێ بدەن، تا دووبارە و چەندبارەی نەکاتەوە، کەچی چاوپۆشی لێ دەکەن و خۆیانی لێ کڕ و کەڕ دەکەن! ئەمەش پەیتا پەیتا دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ لەسەر هەڵەکردن ڕابێت و بەردەوام بێت و ئەنجامدانی هەڵە لای ببێتە کارێکی ئاسایی.
ئەم چاوپۆشیکردنەوەی دایک و باوکیش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • هەستنەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • ئاشنا نەبوون بە شێوازە پەروەردەییەکان.
  • نازاندنی منداڵ.
  • هەبوونی کێشەی خێزانی.
  • دڵناسکی و نزمی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی و پەروەردەیی دایک و باوک.
  • دووری دایک و باوک لە ژینگەی شارستانی و مەدەنی.
  • بەکارهێنانی منداڵ لە کێشە ناوخۆییەکانی خێزاندا.
  • نەبوونی چاودێری بەسەر منداڵەوە.
  • ڕاکردن لە ئەرک و بەرپرسیارییەتی.

بێگومان چاوپۆشیکردن لە هەڵەکانی منداڵ لەلایەن دایکان و باوکانەوە، ئەم زیانانە بۆ منداڵ بە دوای خۆیدا دێنێت:

  • منداڵ هەڵەکانی خۆی دووبارە و چەند بارە دەکاتەوە.
  • منداڵ هەڵە و ڕاستی لێک جیاناکاتەوە.
  • توشی کێشە و گرفت دەبێت، بە تایبەتی لە قوتابخانە و لە ناو هاوڕێیانیدا.
  • بە ئاسانی واز لە هەڵەکانی خۆی ناهێنێت و ڕاستیان ناکاتەوە.
  • بەلاڕێدا دەچێت و گرفتار دەبێت.
  • زیان بە گەشەی سۆزداری منداڵ دەگات.
  • لەگەڵ هاوڕێ و هاوتەمەنەکانیدا ناگونجێت، بە تایبەتی لە قوتابخانە.
  • کێشە بۆ خۆی و خێزانی دروست دەکات.
  • لە ئەرک و کارەکانیدا سەرکەوتوو نابێت.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

پێویستە لەسەر دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکانیان لێبوردە بن، بەڵام هەرگیز چاوپۆشی لە هەڵەکانیان نەکەن، ئەمەش دوو شتی هاودژ نین، بەڵکو تەواوکەری یەکترین، بۆ نموونە ئەگەر منداڵێک بە هۆی هاوڕێ خراپەکانییەوە گیرۆدەی جگەرەکێشان بوو و دایک و باوکەکەی دڵنیابوون کە جگەرە دەکێشێت، پێویستە هەموو ڕێکارێکی پەروەردەیی بگرنەبەر بۆ ئەوەی نەهێڵن منداڵ لەسەر هەڵەکانی بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێی بڵێن کە چاوپۆشی لە هەڵەی پێشووترت دەکەین و لێت دەبوورین، بەڵام بە مەرجێک ئەو هەڵەیە دووبارە و چەندبارە نەکەیتەوە.
هەروەها پێوستە دایک و باوک بۆ ئەم مەبەستە، ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:

  • هەست بە بەرپرسیارییەتی بکەن.
  • خەمسارد و کەمتەرخەم نەبن.
  • بە شێوەیەکی پەروەردەیی منداڵ تێبگەیەنن، کە کاری هەڵە و ڕاست چییە.
  • لە جیاتی خۆ بێدەنگ کردن لە ئاست هەڵەکانی منداڵدا، پێوەری سزا و پاداشت بەکار بهێنن، واتە منداڵ هەڵەکار، هەڵەکەی بۆ ڕاستبکرێتەوە و سزا بدرێت، منداڵی پابەندیش، پاداشت بکرێت و هان بدرێت.
  • چاودێربن بەسەر کارەکانی منداڵەکانیانەوە.
  • کاتێ هەڵەیەکیان لە منداڵەکانیان بینی، زوو زوو ‌هەڵەکەیان بۆ ڕاست کەنەوە.
  • نابێ ماوەیەکی زۆر بکەوێتە نێوانهەڵەی منداڵ و ئەو سزایەی کە بەسەریدا دەسەپێندرێت.
  • ئاشنابن بە شێوازی پەروەردەییەکان، بۆ ئەوەی نەکەونە داوی هەڵە و تەڵەوە.


سەرچاوەکان



933 بینین