هونەری پەیوەندییەکانی مامۆستای سەرکەوتوو

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-07-20:31:00 - کۆدی بابەت: 2072
هونەری پەیوەندییەکانی مامۆستای سەرکەوتوو

ناوه‌ڕۆك

هونەری پەیوەندییەکانی مامۆستای سەرکەوتوو

مامۆستا نابێت کەسێکی داخراو و دوورە پەرێز بێ، بەڵکو پێویستە هەمیشە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ دەوروبەری هەبێت، بۆ ئەمەش پێویستیەکی زۆری دەبێت بە زانین و ناسینی هونەری پەیوەندییەکان، گرینگی و بایەخ پێدان بەم هونەرە زیرەکی و هۆشیارییەکی زۆر بە خاوەنەکەی دەبەخشێت.
زانایانی بواری پەیوەندییەکان گەلێک پێناسەی جیاوازیان بۆ ئەم چەمکە کردووە، هەمووشیان گرنگی هونەرەکە دەردەخەن، ئێمە تەنها چەند پێناسەیەک دەخەینە ڕوو، زانا هوارد بونهام دەڵێ: (پەیوەندییەکان ئەو هونەرەیە کە پەرە بە تێگەیشتنەکان دەدات لە پێناو چەسپاندنی زیاتر بنەمای باوەر بە یەکتر کردن)، لە قوتابخانەی فەرەنسی وا پێناسە کراوە ( چالاکیەکە ئامانجی کاری خێرە و هۆشیارکردنەوەی خەڵکە)، بول جاریت دەڵێ (پەیوەندییەکان تێکۆشانێکی بەردەوامە لە ڕووی ئیداریەوە بۆ پەیدا کردنی متمانەی خەڵک)، دەبێت ئەوەش بزانین کە ژیانی پێغەمبەر بنیاد نرابوو لەسەر پەرەدان بە پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگا بۆ گەیاندن و بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی.
هونەری پەیوەندییەکان زانستە و هونەرێکی نوێی سەردەمە و دیاردەیەکی بەرزی شارستانیەتە و خۆی لە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ دەنوێنێت، کار و هونەرێکئ خزمەتگوزاری و وەستایانەیە، بە مەبەستی گرێدانی پەیوەندی و ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان (دۆست و دۆست) و (دۆست و نەیار)، تاوەکو ئاکامێکی دروست و بە جێی لێ پەیدا ببێت.
پەیوەندی نێوان (تاک و تاک) و (تاک و کۆمەڵ) و تاک و دەسەڵات)، پێویستی بە شارەزایی زۆر هەیە، کە کۆمەڵێک دەستور و بنەمای زانستی پێک هاتووە، خۆ ئامادەکردن بۆ  بە ئانجام گەیاندنی پەیوەندییەکی سەرکەوتوو، پێویستی بە کەسێکی زیرەک و زانستێکی فراوان و ناسینی کەناڵەکانی پەیوەندی هەیە، گرنگی گرنگی ئەم هونەرەش لەم خاڵانە خۆی دەبینێتەوە.
١- هێنانە کایەی حاڵەتێکی لێک نزیک بوونەوە و پەیوەندی دوو قۆڵی یاخود هەمە لایەنە.
٢- لە ئاکامی پەیوەندییەکان گەردوولا هەست بە تایبەت مەندی و بوونی کەسایەتی پەرێزرا و سەربەخۆی خۆی دەکات.
٣- گومانەکان دەڕوێنەوە و ئاژاوە و ململانێکان لە ناو دەبات.
٤- نزیک بوونەوە ڕوو دەدات و هێز و توانا هەموو لایەک بەرەو یەک ئامانج ئاراستە دەبێت.
٥- ئارامی و ئاسوودەیی دەروونی دروست دەبێت و سەرکەوتن زووتر بە دەست دێت.
٦- ویست و خواستەکانی تاکەکانی کۆمەڵگا پارێزراو دەبێت.
٧- بەرگرتن لە کۆسپەکانی سەر ڕێگای سەرکەوتن و وەلانانی ناکۆکیەکان.
٨- پەیدابوونی کەسایەتی بەرز و کاریگەر.
٩- بوونەوەی دەرگای داهێنانکاری.


سەرچاوەکان



1072 بینین