هەڵبەستنی تۆمەتی بێ بنەما بۆ منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-08-18:35:00 - کۆدی بابەت: 2088
هەڵبەستنی تۆمەتی بێ بنەما بۆ منداڵ

ناوه‌ڕۆك

هەڵبەستنی تۆمەتی بێ بنەما بۆ منداڵ

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەیگرنەبەر، هەڵبەستنی تۆمەتی بێبنەمایە بۆ منداڵ، واتە هەندێ کار و سیفەت دەدەنە پاڵ منداڵ، کە منداڵ لەو کار و سیفەتانە دوورە و تێوە نەگلاوە، بۆ نموونە پێی دەڵێن: درۆزن، فێڵباز، ئەدەب سست، تەمبەڵ، چاوشۆڕ و کڵآوچی و قومارچی و کڵاوچی و ...تاد.

هۆكارەكانی

زیاتر ئەمەش بۆ چەند هۆکارێکی جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • پەی نەبردنی دایک و باوکەکان بە زیانەکانی ئەم دانەپاڵە و هەست نەکردن بە مەترسییەکانی ئەم کارە هەڵەیە.
  • هەڵەشەیی و نەبوونی وردبینی لە کار و کردار و ڕەفتارەکانیاندا.
  • تفەنگ بە تاریککەوە نان.
  • خۆسەپاندن و خۆهەڵکێشان.
  • چەوساندنەوە و سەپاندنی هەژموونی خۆیان.
  • نەزانین و بێئاگایی و ناوشیاری دایک و باوک.
  • لاوازی ئاستی زانستی و خوێندەواری.
  • پابەند نەبوون بە بنەما ئاینی و ڕەوشتییەکان.
  • خەمساردی و بێباکی و کەمتەرخەمی دایک و باوک.
  • نەبوونی ژینگەیەکی تەندروست.
  • ئاشنا نەبوون بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • زوو بڕیاردان و وردنەبوونەوە لە کار و هەنگاوەکانیاندا.

ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوک ئەم هەڵەیە ڕاست نەکەنەوە و خۆیان لە هەڵبەستنی تۆمەتی بێبنەما نەپارێزن، هەم خۆیان، هەم منداڵەکانیان و کۆمەڵگەش ڕووبەڕووی کێشە دەکەنەوە.

كێشەكانی هەڵبەستنی تۆمەت

گرنگترین ئەو کێشانەش ئەمانەن:

  • منداڵ بە شێوەیەکی ناتەندروست پەروەردە دەبێت.
  • منداڵ بڕوا و متمانەی بە خۆی و دایک و باوکی نامێنێ.
  • دووچاری هەڵە و کاردانەوەی خراپ دەبێت.
  • بۆ خۆ دەربازکردن لەو تۆمەتانە پەنا بۆ درۆ و کاری نابەجێ دەبات.
  • هەستی خۆبەکەمزانین بەسەر ناخ و دەروونیدا زاڵ دەبێت.
  • پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵ لاواز دەبێت.
  • ژینگەی خۆجێیی و دەروبەر و کۆمەڵگە بە گشتی بە چاوێکی کەم سەیری منداڵ دەکات.
  • منداڵ دووچاری گۆشەگیری دەبێت.
  • منداڵ پەنا بۆ هاوڕێ و دۆستی خراپ دەبات.
  • خێزان لە سۆز و خۆشەویستی بەتاڵ دەبێتەوە.
  • منداڵ ناتوانێ پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت و لە کارەکانیدا سەرکەوتوو نابێت.


چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایک و باوک ئەم هەڵەیە دووبارە و چەندبارەی نەکەنەوە و بگەڕێنەوە بۆ سەر ڕێگەیەکی ڕآست و دروست و پردێکی پتەوی پەیوەندی لە نێوان خۆیان و منداڵەکانیان دروست بکەن.

دەبێ ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:

  • نابێ پەنا بۆ تۆمەتی هەڵبەستراو و بێبنەما ببەن.
  • دەبێ هەمیشە هەوری بەدگومانی و دڵپیسی بڕەوێننەوە و بە ڕاشکاوانە قسە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن.
  • نابێ پێش ڕووداوەکان بکەون و زوو بڕیار بدەن.
  • دەبێ لەگەڵ منداڵەکانیان دۆست و هاوڕێ بن، بۆ ئەوەی هیچ شتێکیان لێ نەشارنەوە.
  • دەبێ کارەکانی خۆیان بە پرس و ڕاویژ ئەنجام بدەن.
  • دەبێ لێبوردە بن و لە کاتی پێویست چاوپۆشی لە هەندێ هەڵەی منداڵەکانیان بکەن، بە تایبەتی ئەگەر هەڵەکە بچووک بێت و بە ئەنقەست نەبووبێت و دەرهەق بە ئەوان بووبێت، تاکو ببێتە هەوێنی سۆز و خۆشەویستی.
  • دەبێ دایک و باوک دووربین و وردبین و واقعبین بن و خۆیان لە کورتبینی بەدوور بگرن.
  • دەبێ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ منداڵەکانیان لەسەر بناغەی سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی بێت و دوور بێت لە توندوتیژی و شەڕەنگێزی و شکاندنەوە و تەرقیکرندەوە و ...تاد.
  • تا بە بەڵگە سا‌غنەبێتەوە، نابێ هیچ تۆمەتێک بدەنە پاڵ هیچ کەسێک، بە تایبەتی منداڵەکانیان.
  • دەبێ سادە و خۆشباوەڕ نەبن و تڤەنگ بە تاریکییەوە نەنێن و ئارامگر و دانبەخۆداگر بن.


سەرچاوەکان



504 بینین