هەم گەزیان بەدەستە هەم مقەست

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-09-01:53:00 - کۆدی بابەت: 2112
هەم گەزیان بەدەستە هەم مقەست

ناوه‌ڕۆك

هەم گەزیان بە دەستە، هەمیش مقەست

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکانی دیکتاتۆر و خۆسەپێن ئەنجامی دەدەن، ئەوەیە، لە هەموو کاروبارەکانی ژیاندا، هەم گەزیان بەدەستە، هەمیش مەقەس، واتە، خۆیان بریار لەسەر هەموو شتێک دەدەن و هیچ حسابێکی وا بۆ منداڵەکانیان ناکەن، کە هەست بە بوونی خۆیان بکەن و گوزارشت لە ماف و داواکارییەکانیان بکەن، بە واتایەکی دیکە، ئەو جۆرە دایک و باوکانە وەک ڕۆبۆت سەیری منداڵەکانیان دەکەن و بە کەیفی خۆیان جووڵە و ئەمبەر و ئەوبەر پێدەکەن!

هۆكارەكان

ئەمەش بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • لاوازی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری ئەو جۆرە دایک و باوکانە.
  • هەبوونی حەزی خۆسەپاندن و تاکڕەوی و خۆپەرستی!
  • ئاشنا نەبوون بە مافەکانی منداڵ.
  • هەبوونی هەستی خۆزلزانی.
  • بە چاوێکی کەم سەیر کردنی مندالەکانیان.
  • بڕوا و متمانە نەبوون بە منداڵەکانیان.
  • چاولێکەری.
  • ئاشنا نەبوون بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • هەبوونی کێشە و بگرە و بەردەی خێزانی.
  • بێبەش بوونی خێزان لە مەبدەئی پرس و ڕاوێژ.
  • زوو بڕیاردان لە کارو بارەکان، بە بێ ورد بوونەوە و سەرنجدان.

زیانەکانی ئەم هەڵەیە

ئەگەر دایک و باوک ڕژد بن لەسەر ئەم جۆرە سەرەدەریکردنە هەڵەیە لەگەڵ منداڵ، جگە لە منداڵ، خۆشیان و کۆمەلگەش زەرەرمەدن دەبێت، گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:

  • منداڵ لە ژیانی خۆیدا دەبێتە کەسێکی بێ ویست و ئیرادە وەک ئامێرێک دەبێت بە دەست ئەم و ئەوەوە.
  • منداڵ لە ڕووی دەروونییەوە دادەڕووخێت و بڕوا و متمانەی بە خۆی نامێنێت.
  • منداڵ هەست بە جەور و ستەم دەکات و حەزی تۆڵەسەندەوە لە ناخیدا چەکەرە دەکات.
  • منداڵ ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی گەورە دەبێتەوە، بە تایبەتی لەگەڵ هاوڕێیانی و لە قوتابخانە و کۆڵان و گۆڕەپانی یاری.
  • دڵی منداڵ پڕ دەبێت لە بوغز و کین، بە تایبەتی بۆ دایک و باوکی.
  • منداڵ گۆشەگیر و دوورەپەرێز دەبێت و لە هاوڕێ و دۆستانی دوور دەکەوێتەوە.
  • منداڵ دەبێتە کەسێکی شەرمن و کەمڕوو.
  • دایک و باوکەکان ناتوانن بە شێوەیەکی سەرکەوتوویانە سوود لە بەهرە و تواناکانی منداڵەکانیان وەرگرن.
  • دایک و باوک دەبنە ڕێگر لە بەردەم گەشەکردنی منداڵەکانیان لە گشت ڕوویەکەوە.
  • کۆمەڵگە لە توانا و بەهرەکانی ئەو جۆرە منداڵانە بێبەش دەبێت.
  • دایک و باوک لە ئایندەدا ناتوانن ئەو زیانانە بۆ منداڵەکانیان قەرەبوو بکەنەوە.
  • مندالەکان کە گەورە بوون، چاو لە دایک و باوکیان دەکەن و هەمان نەخشە و ڕۆڵی ئەوان دەگێڕن و پیادە دەکەن.

چارەسەر کردنی ئەم هەڵەیە

نابێ دایکان و باوکان وا بیربکەنەوە کە خۆیان هەموو شتێکن و منداڵەکانیشیان هیچ نین،بەڵکو دەبێ بتوانن هاوسەنگی نێوان خۆیان و ئەوان بپارێزن، تاکو نە شیش بسووتێت، نە کەباب!

بۆ هێنانەدی ئەم مەبەستەش پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

  • دەبێ سنووری خۆیان نەبەزێنن و ڕێز لە مافی ئەوانی دیکە بگرن، بە تایبەتی منداڵەکانیان.
  • دەبێ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە سەرەدەری لەگەل منداڵەکانیان بکەن.
  • دەبێ خۆیان لە هەموو جۆرە ستەمێک بپارێزن.
  • دەبێ ڕێز لە بەها مرۆڤییەکان بگرن و پێشێلی نەکەن.
  • نابێ دایک و باوک قۆرغکاری بکەن و دەست بەسەر هەموو شتێکدا بگرن.
  • دەبێ بەرپرسیارییەتییەکان دابەش بکەن و بەشێک لە بەرپرسیارییەتی بە منداڵ بدرێت، بۆ ئەوەی زیاتر هەست بە بەرپرسیارییەتی بکات.
  • دەبێ کارێکی وا نەکەن کە منداڵ هەست بەوە بکات کە ستەمی لێ دەکرێ یان مافی پێشێل دەکرێت، چونکە بیر لە تۆڵەسەندنەوە دەکاتەوە.
  • دەبێ ئاشنا بن بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافی منداڵ و پێوەرە زناستی و پەروەردەییەکان.
  • دەبێ خۆیان لە هزری تاکڕەوی و خۆسەپاندن بپارێزن.
  • دەبێ کێشەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دان و ستاندنەوە چارەسەر بکەن.
  • دەبێ لە کاتی سەرەدەریکردندا، ئارام و دانبەخۆداگر و لێزان بن و خۆیان لە هەڵچوون و تووڕەبوون بپارێزن.
  • نابێ زوو بڕیار بدەن.
  • دەبێ لە کاتی پێویستدا سەردانی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بکەن.
  •  

 


سەرچاوەکان



655 بینین