نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان دایک و باوک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-10-20:51:00 - کۆدی بابەت: 2135
نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان دایک و باوک

ناوه‌ڕۆك

نەبوونی هەماهەنگی و یەک هەڵوێستی لە نێوان دایک و باوک

هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە ئەبوونی هەماهەنگی و یەک هەڵوێستی لە نێوان ئەواندا، واتە هەندێ لە دایکان و باوکان هیچ جۆرە هەماهەنگییەک لە نێوانیاندا نییە، بۆیە کاتێ یەکێکیان بڕیارێک دەدات، ئان کارێک بە منداڵ دەسپێرێ، ئەوی تریان بڕیاریکی هاودژ دەردەکات، یان کارێکی هاودژ بە منداڵ دەسپێرێ، ئەمەش سەر لە منداڵ دەشێوێنێ و ڕێ ڕاستی لێ ون دەکات و نازانێت کامیان هەڵبژێرێت و بە گوێی کامەیان بکات، دایک، یان باوک، یان هیچ کامیان؟!
ئەمەش بۆ چەند هۆکارێکی جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • هەبوونی کێشە و بگرە و بەردەی خێزانی لە نێوان دایک و باوک.
  • پرس و ڕاویژ بە یەکتری نەکردن لە کارەکانیاندا.
  • دووری دایک و باوک لە یەکترییەوە، چ بەهۆی کار یان نەخۆشی یان هەر هۆکارێکی دیکە.
  • درک نەکردن بە گرنگی هەماهەنگی.
  • نزمی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری دایک و باوکەکە.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارییەتی.
  • نەخوێندنەوەی یەکتری.
  • ئاشنا نەبوون بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • هەبوونی ناکۆکی لەسەر چۆنییەتی پەروەردە و فێرکردنی منداڵ.
  • خۆ بەزلزانین و لووتبەرزی دایک و باوک.
  • بە چاویکی کەم سەیرکردنی منداڵ.

زیانەکانی ئەم هەڵەیە

ئەڵبەتە، ئەگەر هەماهەنگییەکی باش و تەواو لە نێوان دایکان و باوکاندا نەبێت بۆ پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان، هەم خۆیان تووشێ کێشە دەبن، هەم منداڵەکانیان و کۆمەڵگەش، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکی نەرینی دەبێت لەسەر ئاکار و ڕەفتار و کردارەکانی تاک و کۆمەڵ، گرنگترین ئەو زیانانەش بریتین لەمانەی خوارەوە:

  • بە پەیڕەوکردنی ئەم شێوازە چەوت و هەڵەیە، منداڵ دەبێتە یەکەم قوربانی.
  • منداڵ نازانێ دایکی ڕاستە یان باوکی!
  • مندال سەری لێ دەشێوێت و نازانێ ڕاست کامەیە و چەوت کامەیە!
  • منداڵ رووبەڕووی هەڵوێستی هاودژ دەبێتەوە.
  • ناتوانێ لە کاتی گونجاو، بڕیاری ڕاست بدات.
  • متمانە و بڕوای بە خۆی و دایک و باوکی لاواز دەبێ.
  • ڕووبەڕووی کێشە و بەرییەککەوتن دەبێتەوە.
  • زیان بە کەسایەتی و بەرژەوەندی منداڵ دەگەیەنێت.
  • لە ئەرک و کارەکانیدا سەرکەوتوو نابێت.
  • ناتوانێ لە ئایندەدا کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات.
  • هەمان هەڵەی دایک و باوکی دووبارە و چەندبارە دەکاتەوە.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایکان و باوکان بتوانن نەوەیەکی زانا و دانا و بەتوانا و وشیار و بێدار پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەن، دەبێ هەماهەنگییەکی باش و پتەو لە نێوانیاندا هەبێت و ڕەچاوی ئەم خاڵانی خوارەوە بکەن:

  • پێویستە لەسەر گشت بابەتە پەروەردەییەکان، گفتوگۆ و هەماهەنگییان هەبێت.
  • دەبێ بەبێ هەماگەنگی یەکتری، بڕیار لەسەر بابەتە چارەنووسسازەکان نەدەن.
  • دەبێ پلان و ستراتیژیان بۆ پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان هەبێت.
  • دەبێ لە کاتی پەروەردەکردنی منداڵەکانیان، کێشەکانیان وەلاوە بنێن.
  • دەبێ خۆیان لە بیرتەسکی و دەمارگیری و خۆبەزلزانی بپارێزن.
  • دەبێ پێکەوە هێڵە گشتییەکانی پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان دیاری بکەن.
  • دەبێ ئاشنا بن بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • دەبێ هەست بە بەرپرسیارییەتی بکەن و خۆیان لە ئەرک و کارەکانیان نەدزنەوە.
  • پێویستە زوو بڕیار نەدەن.
  • دەبێ بەشێک بن لە چارەسەر، بەشێک نەبن لە کێشە.


سەرچاوەکان



857 بینین