پشکنین بەر لە هاوسەرگیری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-12-23:37:00 - کۆدی بابەت: 2209
پشکنین بەر لە هاوسەرگیری

ناوه‌ڕۆك

پشکنین (فحص) بەر لە هاوسەرگیری

ئەگەر زەمانی زوو، لەبەر نەبوونی وشیاری و پێشنەکەوتنی بواری پزیشکی، بەبێ هیچ پشکنین و هەق و حسابێک کچ و کوڕ لێک مارە کرابن، دواتر منداڵی کەم ئەندام و سەقەتیان بووە، خۆ ئێستە کۆمەڵگە وشیاربووەتەوە، لایەنی پزیشکی لەوپەڕی پێشکەوتندایە، چۆن دەکرێ ئەم لایەنە فەرامۆش بکرێت؟
پێویستە پێش هاوسەرگیری پشکنین بۆ جۆری خوێنی کوڕ و کچ لای پزیشکی تایبەتمەند بکرێت، تاکوو لە بارەی توانای منداڵبوون و جووتبوون دڵنیا ببنەوە. هەروەها بۆ ئەوەی خاترجەم بن کە هیچ لایەکیان نەخۆشی درێژخایەن و بۆماوەیی و ئایدزیان نییە، کە لە داهاتوودا زیان بە خۆیان و کۆرپەکەیان دەگەیەنن.
ئەگەر لە پشکنینی پزیشکی دەرکەوت یەکێکیان نەخۆشییەکی هەیە، دەلوێ هەتا زووە چارەسەر بکرێت، پێش ئەوەی ئەنجامێکی چاوەڕوان نەکراوی لێ بکەوێتەوە.

گرنگیی پشکنینی پزیشکیی

هێندێک جار کۆرپەلە تووشی نەخۆشییەکی هێندە کوشندە دەبێت، کە پێشتر هەرگیز بیرت لێ نەکردووەتەوە. بۆ خۆپاراستن لە بەشێک لە ڤایرۆس و نەخۆشی و کەمایەتییەکانی کۆرپەلە، دەکرێ پێش هاوسەرگیری بە شێوەیەکی ئاسان پشکنینی پزیشکی بکەین و لە تەندروستی خۆمان و منداڵەکانمان دڵنیاببینەوە، ئا لێرەوە گرنگیی ئەم پشکنینە دەردەکەوێت.

سوودەکانی پشکنینی پزیشکیی

  • ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە خۆگوازەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە، وەک: نەخۆشی ئایدز.
  • ڕێگرتن لە گواستنەوەی نەخۆشییە بۆماوەییەکان لە باوانەوە بۆ کۆرپەلە، وەک: نەخۆشییە عەقڵییەکان...
  • چارەسەری بەپەلەی ئەو نەخۆشییانەی کە سەردەکێشن بۆ نەزۆکی.
  • چارەسەرکردنی خێرای ئەو نەخۆشیانەی لاوازی سێکسی دروست دەکەن.
  • چارەسەری بلەزی ئەو نەخۆشیانەی زیان بە تەندروستیی گشتی دەگەیەنن.
  • ڕێگرتن لە ناکۆکی و جیابوونەوەی نێوان ژن و مێرد، کاتێک بە درەنگەوە یەک لەو نەخۆشییانەیان لێ دەردەکەوێت.


سەرچاوەکان



1735 بینین