چۆن منداڵەکانمان بپارێزین لە ڕەوشتە زیانبەخشەکان؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-14-00:18:00 - کۆدی بابەت: 2235
چۆن منداڵەکانمان بپارێزین لە ڕەوشتە زیانبەخشەکان؟

ناوه‌ڕۆك

چۆن منداڵەکانمان بپارێزین لە ڕەوشتە زیان بەخشەکان؟

ئەو ڕەوشتانەی کە منداڵان لەسەرەتای تەمەنیانەوە فێری دەبن و خووی پێوە دەگرن:

پەنجەمژین

هۆکارەکانی

١- سەرقاڵی دایک و باوک بە ئیش و کاری ڕۆژانەوە و دوورییان لە منداڵەوە کار دەکاتە سەر جۆری پەروەردەکردن و کەمی سۆز و خۆشەویستی، ئەمەش کاریگەری خراپی هەیە لەسەر منداڵان و فێری خووی خراپی دەکات و وای لێدەکات پەنا بباتە بەر چەند شتێک کە بەهۆیەوە هەست بە جۆرێک لە ئارامی و خۆشی بکات ، یەکێک لەو شتانەش پەنجەمژینە کە وا لە منداڵ دەکات هەست بە تەنهایی و دووری دایک و باوکی نەکات. دەرکەوتووە کە وا سەری پەنجە زۆر هەستیارە و زۆرترین ماددەی هەستکردنی تێدا کۆبووەتەوە، کاتیک منداڵ پەنجە دەخاتە ناو دەمیەوە جۆرە حەوانەوەیەک بۆ منداڵ دروست دەکات.
٢- ئەگەر دایک منداڵ لەشیری خۆی بێبەشبکات و شیری دەستکرد (قوتو) بدات بە منداڵ ئەوا ئەو منداڵە پەنا دەباتە بەر مژینی پەنجەکانی بۆ ئەوەی جێگەی سۆز و خۆشویستی دایکی بۆ بگرێتەوە.
٣- زۆر جاریش هۆکاری بۆماوەییە واتە لە دایک یان باوک بۆی ماوەتەوە.
٤- لە ناو خێزانە هەژارەکانیشدا لە ئەنجامی تێر نەخواردنی منداڵ لەو خواردن و شیرەی دەیدرێتێ وای لێدەکات کە پەنا بەرێتە بەر پەنجەمژین بۆ بیرچونەوەی برسیەتیەکەی، ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە منداڵ لە سکی دایکیدا پەنجە دەمژێت بەڵام ئەم جۆرەیان زیانی نییە، چونکە لەڕێی مژینی پەنجەیەوە منداڵ رێگەدەدات بە چونەژوورەوەی شلەی (ئامونیاتیل) کە لەناو ڕەحمی دایکدایە کە لەڕێگەیەوە کۆئەندامی هەرس دەکەوێتە کار و دوای منداڵبونیش منداڵ ئامادەبووە بۆ شیر خواردن لەڕێی ئەو مژینەوە. بۆ بەرگری کردن لەم حاڵەتە پێویستە لە دوای لە دایکبوونی منداڵ خێرا شیری دایکەکەی بدرێتێ، وەک هەمووشمان دەزانین کە پێش هاتنی شیر ژەک هەیە بەڵام دەبێت بدرێت بە منداڵەکەی تا شیری تێدێت و دووربێت لە پێدانی مەمکەمژە و شیری قوتو.

هەناسەدان بەدەم

هۆکارەکان

بەلای یەکەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری بۆماوەیی، یان لەوزەتێنی منداڵە ئاوساوە، یان گۆشتی لە لوتی منداڵدا دروست بووە، هەندێ جار خواربوونی ئێسقانە لوتیش کاریگەری هەیە لەسەر هەناسەدان بە دەم. هەر یەک لەم  حاڵەتانەی باسکرا کاردەکاتە سەر ماسولکەکانی سەرەوەی دەمی منداڵ و وای لێدەکات کە پوکی سەرەوەی منداڵ بەرەو پێشەوە بڕوات و دواتریش بەهۆی پەنجە مژینەوە ددانەکان بۆشایەکی زۆر لە نێوانیان دروست دەبێت و ڕێ لە گەشەکردنی ددانەکان دەگرێت یان دەبێتە هۆی جووتنەبوونی ددانەکانی سەرەوە لەگەڵ ددانەکانی خوارەوە.

چارەسەر

گرنکترین شت دیاریکردنی حاڵەتی منداڵەکەیە، کە ئایا بۆچی لە دەمەوە هەناسە دەدات. کێشەی لە ڕژێنەکاندایە هەیە یان گۆشتی زیادە لە لوتی دایە، پاشان بە زووترین کات چارەسەر دەبێت، وە ئەگەر هەست بە ناڕێکی ددانەکان کرا ئەوا پێش تەمەنی شەش ساڵان لە لایەن پزیشکی پسپۆڕەوە چارەسەر دەکرێت. بۆ ڕێگرتن لە هەموو ئەم حاڵەتە نائاساییانە ئەرکی سەر شانی دایک و باوکە کە زیاتر لە منداڵەکانیان نزیک بنەوە تا منداڵەکانیان هەست بە سۆز و خۆشەویستییان بکەن و پەنا نەبەنە بەر هەر حاڵەتێکی نائاسایی کە زیان با منداڵەکە بگەیەنێت، هەوڵ بدرێت کە کاتێکی کەم لە دایەنگادا بمێنێتەوە و زیاتر لە سایەی سۆزی دایک و باوکیدا بژین تا بۆشایی لە ژیانی منداڵدا دروست نەبێت.  


سەرچاوەکان



687 بینین