خەرجی یان نەفەقەی خێزان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-18-16:14:00 - کۆدی بابەت: 2359
خەرجی یان نەفەقەی خێزان

ناوه‌ڕۆك

خەرجی یان نەفەقەی خێزان

لە ڕووی زراوە خەرجی بەوە پێناسە دەکرێت کە بریتییە لەو شتانەی کە مرۆڤ بۆ خێزان و منداڵ و بنەچەکان یاخود کەسانی تر کە ئەرکە خەرجییەکانیان لە ئەستۆ بگرێت خەرجی دەکات، کەواتە خەرجی ئەو ماڵە سەپاوەی سەر کەسێکە بەپێی هاوسەرگیری و خزمایەتی، ئافرەت بەرپرسە بەرامبەر پیاوەکەی، بۆیە دەبێت پیاوەکە خەرجییەکانی لە ئەستۆ بگرێت، خەرجییەکانیش هەموو کار و باری خواردن و خواردنەوە و نیشتەجێ بوون و شتی تر دەگرێتەوە، واتە خەرجییەکانی ئافرەت ئەرکە لەسەر پیاوەکەی، بەڵام لە حاڵەتێک ئافرەتەکە خۆشگوزەران بوو (واتە باری دارایی ئافرەتەکە باش بوو)، ئەوا بەرپرسیارییەتییان هاوبەش دەبێت، ئەگەر ئافرەتەکە ڕەزامەندی دەرببڕێت و ڕازی بێت خەرجییەکانی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، چونکە لە بنەڕەتدا خەرجییەکانی ئافرەت لە ئەستۆی پیاودایە، ئەم پیاوە هەژار بێت یاخود دەوڵەمەند، ئافرەتەکەش دەوڵەمەند بێت یاخود هەژار، ئەگەر پیاو خەرجییەکانی هاوسەرەکەی لە ئەستۆ نەگرێت، ئەوا لە ڕێکەوتی ئەو ڕۆژەی کە هەڵناستێت بە خەرج کردنیان، ئەم خەرجیانە دەبنە قەرز لە ئەستۆی پیاوەکە، هەروەها خەرجییەکانی ئافرەت لە ئەستۆی پیاوەکەیدان، بەپێی باری دارایی هەردووکیان، لە ڕووی خۆشگوزەرانی و خراپ گوزەرانی دەخەمڵێنرێت، ئەگەر باری دارایی هەردوو هاوسەرەکە گۆڕانی بەسەردا هات، یاخود گۆڕانێک لە نرخی شتومەک و کەل و پەلەکاندا لە وڵتادا ڕوویدا ئەوا دەشێ خەرجییەکان زیاد و کەم بکرێن، ئەگەر پیاو هاوسەرەکەی خۆی بە بێ خەرجی بەجێهێشت لەبەر هۆیەکی دیاریکراو، ئەوا دادوەر حوکم دەدات بەپێدانی خەرجییەکانی ئافرەت، ئەوسا سندوقی چاودێری کۆمەڵایەتی ئەم خەرجییە دیاری کراوە دەداتە ئافرەتەکە (بڕوانە: ماددەکانی ٢٣، ٢٤، ٢٧، ٢٩ لە یاسای باری کەسێتی).

مەرجەکانی لەئەستۆگرتنی خەرجییەکانی هاوسەر

 - هاوسەرگیرییەکە دروست و ڕەوا بێت.
 - ژنەکە ناشیزە (لاسار) نەبێت.
 - توانای دارایی پیاو، ئەگەر هەژار و بێ توانابێت لە کارکردن، ئەوا خەرجییەکانی هاوسەرەکەی لە ئەستۆ ناگرێت، بەڵام هەندێک زانا و یاساناسان دەڵێن پیاو لە هەموو حاڵەتێکدا خەرجییەکانی هاوسەرەکەی لە ئەستۆ دەگرێت.

جۆرەکانی خەرجی

  • خەرجی دەکەوێتە ئەستۆی پیاو کاتێک هاوسەرەکەی لە ئەستۆی ئەودایە، چونکە پیاو پابەندە بە خەرجییەکانی خێزان و منداڵەکانی.
  • خەرجی دەکەوێتە ئەستۆی پیاو دوای تەڵاقدانی خێزانەکەی، ئەگەر منداڵیشیان هەبوو، ئەوا خەرجی مندالەکانیش، لە دوای تەڵاق و لێک جیابوونەوە دەکەوێتە ئەستۆی پیاوەکە.
  • خەرجی ڕێژەیی بریتییە لە خەرجی بنەچە و لق و کەسوکارەکان، کە بە هۆکاری شەرعی و یاسای پێوەی پابەندن، ئەمیش بریتییە لە بوونی ڕەچەڵەکی شەرعی لە نێوانیاندا.


سەرچاوەکان



1468 بینین