شێوازە جیاوازەکانی هاوسەرگیری لە وڵاتان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-01-03:14:00 - کۆدی بابەت: 2771
شێوازە جیاوازەکانی هاوسەرگیری لە وڵاتان

ناوه‌ڕۆك

شێوازە جیاوازەكانی هاوسەرگیری كردن لە جیهاندا

هاوسەرگیری

هاوسەرگیری وشەیەكی وەرگیراوە لە وشەی هاوسەر، هاوسەرگیری بریتییە لە گرێبەستێکی ڕەزامەندانە لە نێوان ژن و پیاودا کە بەھۆیەوە ھەریەكە بۆ ئەوی تر بەپێی شەرع حەڵال دەبێت و مەبەست لێی پێکھێنانی خێزانە لەسەر بنچینەی خۆشەویستی و بەزەیی و بەرپرسیارێتی ھاوبەش.

ڕێگا جیاوازەكانی هاوسەرگیری لە جیهاندا

شێوازەكانی هاوسەرگیری كردن لە نێوان نەتەوە جیاجیاكانی جیهاندا جیاوازە كە بەپێی دابونەریت و خێڵەكان دەگۆڕێت. لێرەدا باسی شێوازی هاوسەرگیریكردن لە چەند وڵاتێك دەكەین:

هاوسەرگیری كردن لە چین

لە چین چەند شێوازێكی سەیری هاوسەرگیری كردن هەیە یەكێك لەوانە شاردنەوەی بووكەكەیە، سەرەتا خێزانی بووكەكە بووكەكە دەڕازێننەوە پاشان دەیخەنە ناو ژوورێكەوە و كلیلی دەدەن، پاشان كلیلەكە دەدرێت بە زاوا، دواتر زاوا دەچێت ژوورەكە دەكاتەوە و گەر بووكەكەی بەدڵبێت ئەوا لەگەڵ خۆی دەیباتەوە بۆ ماڵی خۆی، گەر بەدڵی نەبێت بۆ خێزانەكەی بەجێیدەهێڵێت.

لە خێڵەكانی (تبت) ڕێگەیەكی سەیری هاوسەرگیری كردن هەیە كە بووكەكە دەچێتە سەر درەختێكی بەرز و ئەو كەسەی كە دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ بكات دەبێت بەسەر درەختەكەدا سەربكەوێت و بچێتە لای، بەڵام  خێزانی بووكەكە لەبەردەم درەختەكەدا دەوەستن و بە دارێك ڕێگری لەو كەسانە دەكەن كە دەیانەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ كچەكەیاندا بكەن، ئەو كەسەی كە دەتوانێت بەسەر درەختەكەدا سەربكەوێت متمانەی تەواوی خێزانەكە بەدەست دەهێنێت و كچەكەی پێدەدەن.

هاوسەرگیری كردن لە ئەندەنوسیا

هەندێك لە خێڵە ئەندەنوسییەكان ڕێگری دەكەن لەوەی كە بووكەكە بە پێی خۆی بڕوات، بۆیە دەبێت باوكی لە ماڵی خۆیانەوە هەڵیبگرێت بۆ ماڵی خێزانەكەی مەوداكەی هەرچەندێك بێت، هەروەها لە دوورگەیەك لە ئەندەنوسیا لە كاتی هاوسەرگری كردن ددانی بووكەكە ڕەنگی ڕەش دەكرێت و دەبێت قاچەكانی زاوا بشوات وەك مانایەك بۆ گوێڕایەڵی كردن و خزمەتكردنی مێردەكەی.

هاوسەرگیری كردن لە هیندستان 

ئاهەنگەكانی هاوسەرگیری كردن لە هیندستان بە دابەشكردنی شیرینی و دیاری بەڕێوەدەچێت لە نێوان خێزانەكانی بووك و زاوا، زۆر جار ئاهەنگیكی بچووك دەگێڕدرێت لە ماڵی بووكەكە پێش ئاهەنگە سەرەكییەكە كە تێیدا بووكەكە دەڕازێنرێتەوە بە خشڵ و زێڕ، هەروەها لە ئاهەنگە سەرەكییەكە هەردوو هاوسەرەكە گوڵ دەكەنە ملی یەكتر كە مانای ڕازیبوونی بووك دەگەیەنێت بە هاوسەرگیری كردن لەگەڵ زاوادا.

هاوسەرگیری كردن لە ژاپۆن

بووك لە ژاپۆن جلوبەرگی (كیمۆنۆ) بە ڕەنگی سپی دەپۆشێت و بە پارچەیەك دەم و چاوی دادەپۆشێت كە بۆ شاردنەوەی شەرمكردنیەتی لە دایكی و دڵنیاكردنەوە لەوەی كە خێزانێكی گوێڕایەڵ دەبێت، پاشان بووك و زاوا شەرابی (ساكی)ـی كلتووری پێكەوە دەخۆنەوە كە نیشانەی یەكگرتنیانە.

هاوسەرگیری كردن لە جامایكا

هاوسەرگیری لە جامایكا جیاوازە بەوەی كە ئاهەنگێكی گشتییە و زۆربەی دانیشتوانی ناوچەكە بەشداری تێدا دەكەن، بووكەكە جلوبەرگی سپی دەپۆشێت و زاوا قات دەپۆشێت، لە ڕۆژی هاوسەرگیرییەكەدا كێك ئامادە دەكرێت، ئەو كەسانەی كە هاوسەرگیرییان كردووە جلوبەرگی سپی دەپۆشن و لەگەڵ خۆیاندا شیرینی دەهێنن، هەروەها زۆرجار ئاهەنگەكە لە نزیك ماڵی زاوا دەكرێت كە ڕازێنراوەتە بە گوڵ و درەختی گوێزی هیندی.

هاوسەرگیری كردن لە ئەڵمانیا

ئامادەكاری بۆ هاوسەرگیری كردن لە ئەڵمانیا لە تەمەنێكی زوودا دەستپێدەكات، كە دەكەوێتەوە سەر دابونەریتێك كە پەیوەندی بە لەدایكبوونی منداڵەكەوە هەیە، كە لە كاتی لەدایكبوونی منداڵەكەدا دایكەكە چەند درەختێك دەچێنێت و دواتر ئەم درەختانە دەفرۆشرێت و كاتێك بۆ هاوسەرگیری كردنەكەی دیاری دەكات، ئەو پارەیەی كە لە فرۆشتنی درەختەكاندا كۆدەكرێتەوە وەك مارەییەك بۆ كچەكە خەرج دەكرێت. ئاهەنگی هاوسەرگیری لە ئەڵمانیا لە سێ بەش بێكدێت كە بریتین لە:

ڕۆژی یەكەم: ئەو ڕۆژەیە كە بووك و زاوا لە هۆڵێكی گەورەدا ئاهەنگ دەگێڕن.

ڕۆژی دووەم: لەم ڕۆژەدا ئاهەنگ لە نێوان هاوڕێ و خزم و دراوسێكاندا دەكرێت، كە وەك دابونەریتێك لەم ئاهەنگەدا قاپی كۆنە دەشكێنرێت بە مانای هێنانی بەختی باش.

ڕۆژی سێیەم: لەم ڕۆژەدا ئاهەنگی دینی دەگێڕدرێت كە كچێك لەگەڵ بووكدا دەڕوات و گوڵ لە پێشەوەی بووكەكە دەڕێژێت، كە واتای هێنانی خۆشبەختییە بۆ بووك و زاوا.

هاوسەرگیری كردن لە كوبا

كاتێك لە كوبا ئاهەنگی هاوسەرگیری دەگێڕدرێت هەمووان بە سەما و مۆسیقا لێدانەوە دەڕۆن بۆ ئاهەنگەكە، دەبێت جلوبەرگی بووكەكە باشترین و گرانبەهاترین بێت كە زۆرجار لە ئاوریشم دەچنرێت، هەروەها ئەو كەسانەی كە لە سەماكردندا بەشدارن بە دەرزی پارە دەلكێنن بە جلی بووكەكەوە وەك یارمەتییەك بۆ دابینكردنی پارە بۆ مانگی هەنگوینی.

هاوسەرگیری كردن لە نەرویج

لە نەرویج لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا بووكەكە جلی سپی دەپۆشێت و بە ئاڵتوون و زیو دەڕازێنرێتەوە و تاجێكی ئاڵتوونی دەكاتە سەری كە چەند ئەڵقەیەكی پێوەیە كە دەنگێك دروست دەكات كە بەپێی دابونەریتە بڵاوەكانی نەرویج بێت ئەم دەنگانە یارمەتیدەرن بۆ دوورخستنەوەی ڕۆحە خراپەكان، هەروەها زاوا قاتێك دەپۆشێت كە لە خوری دروست دەكرێت پێی دەوترێت (بونداس)، هەروەها كێكی ئاهەنگەكە بە پەنیر و كرێم دادەپۆشرێت.

هاوسەرگیری كردن لە ئەمریكا

لە ئەمریكادا شێوازێكی تایبەتی ئاهەگ بوونی نییە چونكە لە چەندن كلتووری جیاواز پێكدێت، بەڵام زۆربەیان دەچنەوە سەر شێوازی ئەوروپی، كە یەكێك لە دابونەریتەكان بریتییە لە هەڵدانی چەپكێك گوڵ لەلایەن بووكەكەوە بۆ ناو بەشداربوانی ئاهەنگەكە.


سەرچاوەکان



1109 بینین