بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ لەناوبردنی گەلی کورد

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-01-21:21:00 - کۆدی بابەت: 2814
بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ لەناوبردنی گەلی کورد

ناوه‌ڕۆك

بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ لەناوبردنی گەلی کورد

بە چەکی کیمیاوی هەموویان (کوردەکان)دەکوژم، کێ بەنیازە هیچ قسەیەک بکات؟ هەرچیەک دەڵێن بابڵێن! کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوانەش کە گوێ لەوانە دەگرن. (عەلی حەسەن ئەلمەجید)

وەک لە بەشەکانی پێستر باسمان کرد، لە دوای لکاندنی ویلایەتی موسل بە عێراقی عەرەبی، کێشەی کورد تێکەڵ بە هاوکێشە سیاسیەکانی عێراق کرا. بە درێژای مێژووی دەوڵەتی عێراق کێشەی کورد بووە بە مەترسی و بەردەوام رژێمە عێراقیەکانی نیگەران کردووە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، هیچ کام لە ڕژێمەکانی عێراق، نەیانتوانیوە ڕێگا چارەیەکی دروست بدۆزنەوە و دانیشتوانی عێراق لە مەترسی دوور بخەنەوە ، تەنیا زمانی چەک بەکار هاتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، چونکە بە بڕوای سەرانی ڕژێمەکان، کوردستان بەشێكی دانەبڕاوە لە نیشتیمانی عەرەبی، گەلی کوردیش بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب، کە گەلی عێراق بەشێكە لەم چووارچێوەیە. هەر لەم ڕوانگەیە بوو، سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی کورد سەرەتا بە عەرەبکردن و ڕاگواستن  دەستیپێکرد، تا گەیشتە ئەو تاوانە گەورەیەی کە چەکی کۆمەڵ کوژ و کیمیاوی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بەکارهێندرا.

لە درێژە پێدانی سیاسەتی ڕاگواستن لە ساڵی ١٩٨٧، گوندەکانی سەر بە چەمچەماڵ و کۆیە و قەڵادزێ و ناوچەکانی سلێمانی ناچار کران گوندەکانیان بەجێ بهێڵن، دیارە ئەم کارەش ناڕەزایی خەڵكەکەی لێكەوتەوە، بۆیە ڕژێم لە نیسانی ١٩٨٧ بە چەکی کیمیاوی هێرشی کردە سەریان. بریندارانی ئەم هێڕشە کە ڕوویان لە نەخۆشخانەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم کرد بۆ چارەسەرکردنیان، دەرگایان بەڕوو داخرا و چارەسەرکردنیان قەدەغەبوو. یەکەم هێرشی چەکی کیمیاوی بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان لە کوردستان لە ١٥ی نیسانی ١٩٨٧ بە هۆی فڕۆکە جەنگیەکان دەستیپێکرد، بۆ سەر ناوچەکانی سۆران و ڕەواندوز و دوکان و سەچنار و گوندەکانی مەرگە و پشدەر، هێرشەکان بە گازی ژەهراوی بەردەوام بوو تا ٢١ نیسانی ١٩٨٧، هەر لەم هێرشانە گوندێكی زۆری ناوچەکانی خۆشناوەتی و دۆڵی بالیسان و دەوروبەری سلێمانی و قەرەداغ بەرکەوتن. لە پارێزگای دهۆکیش هەندێک گوندی سەر بە شارۆچکەی ئەتروش و باکرمان کیمیابارانکران.
لە ٢٤ی مایسی ١٩٨٧ هێرشی ئاسمانی بە چەکی کیمیاوی کرایە سەر دەوروبەری شاری کەرکوک کە تەنیا ٢٠ کم لە شارەکە دووربوو، وەک (گورگان و تۆمار). لە ئەیلولی ١٩٨٧ بە دواوە گەورەترین هێرشی کیمیاوی کرایە سەر دۆڵی جافایەتی کە دەکەوێتە نێوان شاری سلێمانی و قەڵادزێ. لە ٣ی ئەیلول پتر لە ٣٠ گوندی ئەم ناوچەیە بە گازی کیمیاوی تۆپباران کران، هەندێکیان بۆ جاری دووەم و سێیەم بوو.
لە ٦ی ئەیلول دەوروبەری شارۆچکەکانی شەقڵاوە و کۆیە و بە درێژایی چیای سەفین کیمیابارانکران، بە تایبەتی ناوچەی هیران و نازەنین، بۆ چەند جارێك.
لە ١٧ی ئەیلولی ١٩٨٧ فڕۆکە جەنگیەکانی رژێم بە چەکی کیمیاوی هێرشی کردە سەر ناوچەی بادینان، بە تایبەتی ئەو کۆمەڵگە زۆرەملێیانەی کە کورد و ئاشوری تێدابوو، لە نزیک سنوری تورکیا، کە زۆربەی دانیشتوانەکەی خەڵکی دهۆک و ئەتروش و ئەڵقوش بوون، لە ترسی رژێم ڕایانکردبوو. ئەو خەڵکە هەڵاتووە کە لە سنورەکانی تورکیا گیرسابوونەوە، حکومەتی تورکیا بە هیچ جۆرێك ڕێگای نەدا بپەڕنەوە ناو خاکەکەی، گەڕەشەی کردبوو ئەوەی سنوور ببەزێنێت ڕادەستی حکومەتی عێراقی دەکاتەوە، بەتایبەتی دانیشتوانی کۆمەڵگەی زۆرەملێی (گوندی کانی). ڕژێم جارێكی تر لە مانگەکانی (١٠،١١،١٢)ی ساڵی ١٩٨٧ سنورەکانی تورکیا و ئێرانی ناوچە کوردنشینەکانی کیمیابارانکرد. بە بەردەوامی خۆی لەو دەنگۆیانە دەپاراست، کە باسی کیمیابارانکردنی ناوچە کوردیەکان دەکرد.

(کۆمەڵەی گەلانی هەڕەشە لێکراو)، بڵاویکردەوە، کە ڕژێمی عێراق لە مانگی نیسان تا تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٧ پتر لە (٢٠٠)دووسەد گوندی لە کوردستانی عێراق بە چەکی کیمیاوی تۆپباران کردووە. پتر لە (٥٦٠) پێنج سەد و شەست کەس بوونە قوربانی چەکی کیمیاوی، کە شوێنەواری جەستەیان دیاربووە. لە ١٦ی نیسانی ١٩٨٧، فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق سەدەها بۆمبی کیمیاویان بە سەر گوندەکانی شێخ وەسانان و بالیسان و کانی بەرد و توتمە و زینێ بێراوە و بالوکاوە داباراند، هەر لە هەمان ڕۆژدا زنجیرە چیاکانی هەریر و کاروخ...هتد، بە فڕۆکە کیمیاباران کرد، سەدان قوربانی لە بریندار و کوژراوی لێکەوتەوە، زۆرترین قوربانی بەر گوندی وەسانان کەوت ، کە هیچ کەسێكیان بە سەلامەتی لەم هێرشە دەرنەچوو.
ڕۆژ بە ڕۆژ بەکارهێنانی ئەم چەکە ترسناکە تا دەهات لە زیادبوون دابوو، لە قۆناغەکانی ئەنفال گەیشتە لوتکەی بەکار هێنان، ڕژێم بەبێ سڵەمینەوە هەر بەرگریەک یا کۆسپێک لە شوێنێک بهاتابایە پێش سوپای ڕژێم بەچەکی کیمیاوی چارەسەریان دەکرد. هۆیەکەشی بۆ بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بێکەسی گەلی کورد و گۆشەگیری لە ناوچەیەکی دابڕاودا دەگەرێتەوە


سەرچاوەکان



1124 بینین