ناوهڕۆك
لۆکە
لۆکە گرنگترین بەرهەمی لفکەییە کە مرۆڤ بە کشتوکاڵ خەریک دەبێت و هێشتا پارێزگاری ئەو بایەخەی کردووە کە هەیەتی لە پیشەسازی بەروبووم و دەرهێنانی ڕۆنی ڕووەکدا.
ئەم بایەخەش لە بازرگانی دەوڵەتاندا دەرکەوتووە و سێیەکی بەرهەمهێنانی دەچێتە بازرگانییەوە، دابەشبوونی جوگرافیشی کاری کردووەتە سەر دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە و سنووری داناوە بۆ کشتوکاڵ کردنی لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی جیهاندا.
بەرهەم هێنانیشی بەندە بە بارێکی دیاریکراوەوە، بۆ کشتوکاڵ کردنی دەبێت پلەی گەرما لە (٢١) پلەی سەدی زیاتر بێت بۆ ماوەیەک کە لە پێنج مانگ کەمتر نەبێت بە مەرجێک شان بە شانی وەرزی گەشەسەندن بێت، ماوەیەکەی لە (٢٠٠) ڕۆژ کەمتر نەبێت و زوقمی تێدا ڕوونەدات، چونکە سپییەتی و درێژی تاڵەکانی بەندە بە درێژی وەرزی گەشەسەندنەوە، شان بە شانی ئەوەش چەند سەعات زیاتر تیشکی خۆر لێی دەدات پێویستی بە (٥٠٠ ملم) باران هەیە، بەڵام زۆری شێی ڕێژەیی (النسبیة) لە هەوادا دووچاری مشەخۆری و کرمی قۆزاخەیی لۆکەی دەکات، لەبەر ئەوە هەر کاتێ باری بەرهەمهێنان لەبار نەبوو کشتوکاڵ ناکرێت، وەک ئەو ناوچانەی کە دەڕوانێت بەسەر کەنداوی مەکسیکدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کە لە گەرمای زۆر بۆتە هۆی ئەوەی کشتوکاڵی تێدا نەکرێت، بەڵام خاک ئەو ڕۆڵە نابینێت کە پلەی گەرما و باران دەبینێت لە دیاریکردنی ناوچەی بەرهەمهێنانی لۆکەدا، چونکە کشتوکاڵ کردنی لە خاکی جیاوازدا سەرکەوتووتر دەبێت بە مەرجێک ڕێژەی تفتی زۆر نەبێت و بە شێوەیەکی تایبەتی لە خاکێکی تێکەڵدا باشتر دەبێت وەک لەو خاکانەدا کە کەوتوونەتە شان بە شآنی ڕووبارەکان لە وڵاتی عێراقدا. بۆ کشتوکاڵ کردنی لۆکە دەبێت بارێكی مرۆیی دیاری کراوی هەبێت، چونکە پێویستی بە هێزی کارگەری زۆر هەیە. بە تایبەتی لە وەرزی چنینەوەی بەربوبوومەکەدا، هەروەها سەرمایە پێویستە بۆ کڕینی تۆو و پەیین و قەلاچۆکردنی دەرد و دوو، وە بەدەستهێنانی ئامێری پێویست بۆ ئەوەی زەوی ئامادە بکات، لەبەر ئەوەی کشتوکاڵ کردنی لۆکە بە باشترین نموونە دادەنرێت بۆ کشتوکاڵی چڕ، ئەوەی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی لۆکە ئامادە دەبێت لە ناوچەیەکی دیاریکراودا کشتوکاڵ کردنی فراوان دەبێت.
لۆكە لە ناوچە جیاوازەكان
لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە باشووری خۆرهەڵاتیدا ناوچەیەکی فراوانی داگیرکردووە کە پشت بەو بارانە دەبەستێت کە دەبارێت، لە قەوقاز و تورکستاندا کشتوکاڵ دەکرێت و پشت بە ئاودان دەبەستێت. کشتوکاڵ کردنی لۆکەش لە بەشەکانی باکووری چین ـدا گرنگی دەردەکەوێت و بە پلەی یەکەم دێت لە نێوان بەروبوومەکانی زۆربەی ناوچەکاندا. لە حەوزەی ڕووباری (یانگستی)ـدا بە پلەی دووەم دێت، جۆرەکەشی لەوەیە کە تاڵەکەی کورتە. بەڵام لە هیندستان و لە ناوچە جیاوازەکاندا کشتوکاڵ دەکرێت و گرنگترینیشی لە باکووری خۆرئاوای (دکن)ـدایە. ئەو جۆرەی لە هیندستان کشتوکاڵ دەکرێت لەو جۆرەیە کە تاڵەکانی کورتە. هەروەها لۆکە لە میسر و سودان و عێراق و سوریاش بەرهەم دەهێنرێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی لە پێشەنگی ئەو دەوڵەتانە دێن کە لۆکە دەنێرنە دەرەوە، بازرگانی لۆکە لە ئابووری هەردوو وڵاتی میسر و سوداندا بایەخێکی گرنگی هەیە، ئەو دەوڵەتانەی هەژارن لەم کشتوکاڵەدا وەک دەوڵەتەکانی خۆرئاوای ئەوروپا و ژاپۆن دادەنرێت بە ناوچەیەکی سەرەکی بۆ هاوردەکردنی لە دەرەوە.