جۆر و پلە و پایەی سامانی ئاژەڵ لە ئابووریی جیهاندا

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-21-13:33:00 - کۆدی بابەت: 3505
جۆر و پلە و پایەی سامانی ئاژەڵ لە ئابووریی جیهاندا

ناوه‌ڕۆك

سامانی ئاژەڵ

سامانی ئاژەڵ چەند جۆرە گیانەوەرێک دەگرێتەوە کە ژمارەیان زۆرە. ئەم هەمە جۆرییەش لە لایەکەوە پەیوەندی بە باری سروشتی و مرۆڤایەتییەوە هەیە کە بۆ بەخێوکردنی هەر یەکێک لەمانە پێویستە و بە جیاوازیی مەبەست بەخێوکردنیان لە لایەکی ترەوە.

كۆمەڵەكان

بەم پێیە و بەگوێرەی ئەو ڕاستییانەی لە سەرەوە دەتوانین بیانکەین بە چەند کۆمەڵەیەکەوە:

  • ئەو گیانەوەرانەی بۆ بەرهەمەکانیان وەک گۆشت و سپیایی (شیرەمەنی) و خوری و پێستە بەخێو دەکرێن، کە مەڕ و بزن و مانگا و گامێش و بەراز دەگرێتەوە.
  • ئەو گیانەوەرانەی بۆ بەکار پێکردن لە کێڵگەکاندا بەخێو دەکرێن وەکو جووتکردن (هەوجاڕ ڕاکێشان)، یان بۆ گواستنەوەی خەڵک و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان. ئەمانەش بریتین لە ئەسپ و ئێستر و گوێدرێژ (کەر) و لەو ناوچانەی کە شێوەی کشتوکاڵی بژێوی چڕیان تێدا بڵاوە، مانگا و گامێش بە زۆری بۆ کارپێکردن لە کێڵگەدا بەکار دەهێنرێت.

ئەو گیانەوەرانەی کە ماڵی نین، واتە کێوین و لە کێڵگەی تایبەتیدا بەخێو دەکرێن تا سوود لە بەروبوومیان وەربگیرێت، وەک کێڵگەی بەخێوکردنی ئەو گیانەوەرانەی فەروودارن، یان شوێنی ماسی بەخێو کردن. بۆ نموونە لەپێناوی دەستگیر بوونی فەروودا چەند گیانەوەرێکی تایبەتی بەخێو دەکرێت وەک ڕێوییە زیوی، بە گشتی کێڵگەی گیانەوری فەروودار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕوسیای فیدراڵ هەن، بەڵام شوێنی ماسی بەخێوکردن بە سەرچاوەیەکی نوێ دەژمێررێت بۆ وەدەست خستنی خۆراکی ئادەمیزاد. لەوانەیە ئەم شوێنانە بە شێوەی ئەستێلک و گۆم لە وشکانیدا دروست بکرێت یان بەشێک لە کەناری ئاوەکان پەرژین بکرێت بۆ مەبەستی بەخێوکردنی، وەک کەناری ژاپۆن. لەم هەموو جۆرە کێڵگانەدا کە گیانەوەری کێوییان تێدا بەخێو دەکرێت، هەروەک ئاژەڵە ماڵییەکان خۆراکیان دەدەنێ و بەخێویان دەکەن. مەبەست لە بەخێوکردنی ئەو  جۆرە گیانەوەرانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە دەورێکی زۆر گرنگلە ژیانی مرۆڤدا دەبینن، چونکە سەرچاوەی ماددەی خۆراک نین بۆ مرۆڤ و بەس، بەڵکو دەبنە مایەی وەدەست خستنی شوێنی حەوانەوە و جل و بەرگیش بۆی و تەنانەت یاریدەی ئادەمیزاد دەدەن بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری کشتوکاڵیش، بۆیە تا دێت ڕووبەری ئەو زەوییانەی گیانەوەریان تێدا بەخێو دەکرێت زۆرتر دەبێت، بۆ نموونە لەوەڕگا هەمیشەییەکانی ئێستای سەر زەوی لە ٢٥٪ـی هەموو ڕووبەری زەوی پێک دێنی و مرۆڤ بەردەوامە لە زیادکردنی بەرهەم چاک کردنی جۆری ئەو بەرهەمانە. هەرچەندە جاران مرۆڤ ئەو بەرهەمانەی بە مەبەستی گوزەرانی خۆی بەکاردەهێنا، بەڵام ئێستە بە مەبەستی بازرگانی بەکاریان دەهێنێ، واتە وازی لە شێوەی لەوەڕاندنی سەرەتایی هێناوە و شێوەی لەوەڕی بازرگانی و بەرهەمی شیرەمەنی و کشتوکاڵی تێکەڵ شوێنی گرتۆتەوە و ئەمانیش شێوەی مەبەستی بەرهەم هێنانیان بازرگانییە. مرۆڤ بەمەشەوە نەوەستاوە بەڵکو داهێنراوە زانیارییەکانی خستۆتە کار بۆ زیاد بردنی بەرهەم بەرەو پێشبردنی بەرهەم هێنان و لەوەڕگای ڕێک خستووە و شوورەی بە تەل بۆ کێشاوە و گیای بۆ زیاد کردنی ئەو لەوەڕگایە ڕواندووە بە تایبەتی ناوچەکانی بەرهەم هێنانی بەستووە بە ناوچەکانی بەکاربردنەوە بەهۆی کردنەوەی ڕێگەوبانی هەمە چەشنەوە، سەرەڕای بەکارهێنانی ئامێری بەستن و سارد کردنەوە و خستە ناو قوتوو، بەکارهێنانی مەکینە لە هەندێ بەرهەمی ئاژەڵیدا وەکو مانگا دۆشین بە مەکینە و ئامادەکردنی ئالیکی بەپێز و پڕ لە خۆراکی سەرەکی بۆ ئاژەڵ و دەرهێنانی بەروبوومی سپیایی (شیرەمەنی) لە کارگەدا.

ئەم هەوڵدان و ئەرک کێشآنەی وای لە مرۆڤ کردووە کە سەرچاوەی لەوەڕگا زیاتر وەبەربێنی لە لایەکەوە و، بێ ئەوەی گوێش بداتە دوور و نزیکی شوێنەکەی لە بازاڕەوە و بەکارهێنانی بەروبوومە ئاژەڵییەکە بە شێوەیەکی ئابووری لە لایەکی دیکەوە، بۆ نموونە بەم جۆرە توانراوە ڕووبەرێکی بەرفراوان لە ئوسترالیا و ئەرجەنتین و یەکێتی باشووری ئەفریقا بکرێت بە لەوەڕگا، هەرچەندە هەندێک شوێنی وەک ئوستورالیا و نیوزلەندا دوورن لەو بازاڕانەی بەروبوومەکانیان تێدا دەفرۆشرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بەروبوومانە بە شێوەیەکی ئابووری بەکارهێنراون. ئەوەی کە یارمەتی ئەمەشی داوە ئەوەیە کە ڕێگە و بانی تازە کراوەتەوە وەک هێڵی ئاسن و هۆیەکانی گواستنەوەی وشکانی هەرزان و پەیڕەوکردنی ڕێگای بەستن و ساردکردنەوە بۆ هەڵگرتن و گواستنەوەی بەرهەمە ئاژەڵییەکە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە گۆشتی ئاژەڵ و بەروبوومی سپیایی وەک یەک سوودیان لێ وەربگیرێت. تەنانەت ئەم شێوەی بەرهەمهێنانی سپیایی لە دورگەی باکووری نیوزلەندەدا دەردەکەوێت هەرچەندە بازاڕی ئەم جۆرە بەروبوومە دەکەوێتە دووریی هەزاران کیلۆمەتر لە کیشوەری ئەوروپادا.

بۆچی بەخێوكردنی ئاژەڵ هەمەجۆر بكرێ؟

تا مەبەست لە بەخێوکردنی ئاژەڵ هەمەجۆر بێت و کەڵکی زیاتری لێ وەربگیرێت، پتر بایەخێ پێ بدرێت، ئەوەندە زیاتر بەشداری لە ئابووریی جیهاندا دەکات، ئەمەش لەم خاڵانەی خوارەوەدا دیاری دەدات:

  1. سامانی ئاژەڵ وای لێ هاتووە بۆتە لایەنێکی گرنگ لە داهاتی نەتەوەیی گەلێک لە دەوڵەتە هەمەجۆرەکانی جیهان. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو سامانی ئاژەڵە لە هەندێ دەوڵەتدا بایەخی زیاترە تا هەندێ دەوڵەتی تر. بۆ نموونە، سامانی ئاژەڵ بۆتە بڕبڕەی داهاتی نەتەوەیی گەلێك شوێنی وەک نیوزلەندە و ئوستورالیا و ئەرجەنتین.
  2. سامانی ئاژەڵ بەشداری لە بازرگانی جیهانیدا دەکات، نەک تەنیا بە گۆشت و شیرەمەنی و خوری بەرهەم هێنان، بەڵکو بازرگانییەکە ئاژەڵی زیندووش دەگرێتەوە. هێندە هەیە کە بایەخی ئەم سامانە لە بازرگانیدا جیاوازی هەیە لە دەوڵەتێکەوە تا دەوڵەتێکی تر و پلە و پایەیەکی بەرزی ئەوتۆی هەیە بە ڕادەیەک کە هەرچی دەینێرێتە دەرەوە بریتییە لەو سامانە و هەندێکیشیان زۆربەی ئەوانەی دەیاننێرنە دەرەوە بریتین لەم سامانە وەک ئوسترالیا.
    سامانەی ئاژەڵ لەو شتانەی دەوڵەتان دەیان نێرنە دەرەوە بە بری بەرهەمەکانیان لە لایەکەوە و لە لایەکی تریشەوە بە ژمارەی دانیشتوانیانەوە بەندە. ئەو ناوچانەی ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە و شارەکانیان چڕ و پڕن و پلەی گوزەرانیان بەرزە سامانی ئاژەڵ کەمتر بەشداری دەکات لە لیستەی ئەو شتانەی دەیاننێرنە دەرەوە وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کاتێکدا  بەروبوومی ئاژەڵ لەو لیستەی شت ناردنە دەرەوەی هەندێ وڵاتدا گەلێک زۆر دەبێت گەر ئەو ناوچەیە لەوەڕگای فراوانی هەبێت و سامانی ئاژەڵی زۆر بێت و ژمارەی دانیشتوانیشی کەم بێت وەک نیوزلەندە و ئوستورالیا و ئەرجەنتین کە دەوڵەتی سەرەکین لە ناردنە دەرەوەی بەرهەمی ئاژەڵ.
    بەڵام بایەخی بەروبوومی ئاژەڵ لە لیستەی ناردنە دەرەوەی وڵاتاندا وەک یەک نییە، بەڵکو جۆرە تایبەتمەندی و شآرەزاییەک لە ناردنە دەرەوەدا دەردەکەوێت بەپێی باری سروشتی و مرۆڤایەتی دیاری دەکرێت. بۆ نموونە، بازرگانی ناردنە دەرەوەی گیانەوەری زیندوو تا ڕادەدەیەکی زۆر ئەو دەوڵەتانە دەگرێتەوە کە لە نزیک بازاڕی ئەم گیانەوەرانەن. بۆ نموونە، مەکسیک و کەنەدا نزیکن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئێرلەندەش نزیکە لە بەریتانیاوە. بەڵام هەڵکەوتنی شوێنەکە لە بازرگانیی گۆشتدا ئەو کار تێکردنەی نییە چونکە داهێنراوە نوێیەکان هۆی گواستنەوەیان ئاسان کردووە، بەتایبەتی لە ڕێگەی دەریا کە بۆ ماوە و مەودای دوور بەکار دەهێنرێت، بۆیە زۆربەی وڵاتانی نیوەگۆی باشووری زەوی لە بازرگانیی نێوان دەوڵەتاندا بەشدارن، بەتایبەتی ئوستورالیا و نیوزلەندە و ئەرجەنتین، هەرچەندە بازاڕەکانیان دەکەونە نیوەگۆی باکووری زەوی، بە تایبەتی کیشوەری ئەوروپا. ئەمەش دەشێ بە پلەی یەکەم گۆشتی مەڕ بگرێتەوە دوا بە دوای ئەمەش گۆشتی گا دێت کە هەندێ لە وڵاتەکانی نیوەگۆی باکووری زەوی بەشداری تێدا دەکەن، وەک هۆڵەندە و دانیمارک کە سێیەکی بازرگانییەکانیان دەگرێتەوە. بارودۆخی ئاووهەواش کارێکی زۆر دەکاتە دیاریکردنی ئەم ناوچانەی گۆشت و خوری و شیرەمەنی دەنێرنە دەرێ. بۆ نموونە بەهۆی بارانی زۆرەوە لەوەڕگاکان گژوگیایان لێ دەڕوێت کە پێویستی بۆ لەوەڕاندنی ڕەشەوڵاخ و مەڕی گۆشت کە شآن بە شانی یەک لەو ناوچانەدا بەخێو دەکرێن وەک ناوچە دەشتاییەکانی نیوزلەندە و بەشەکانی باکووری ئەرجەنتین کە تا ڕاددەیەک بارانیان زۆرە. هەروەها ئاو و هەوای ووشک کار دەکاتە سەر ئەو مەڕوماڵاتانەی بۆ خورییەکانیان بەخێو دەکرێن وەک باشووری ڕۆژئاوای ئوستورالیا و یەکێتی باشووری ئەفەریقا و بانی ئەنەدۆڵ. لەبەر ئەمە دەبینین ئەم ناوچانە بەشدارییەکی چالاکیان هەیە لە بازرگانی خوریدا و تەنانەت ئوستوراڵیا سێیەکی ئەم بازرگانییە پێک دەهێنێ.
      بەڵام بەخێوکردنی مانگا بۆ شیرەکەی پێویستی بە ئاووهەوایەکی پڕ باران و بایەکی کەمی مام ناوەندی هەیە، لەبەر ئەوە ئەو وڵاتانەی ئەم جۆرە ئاووهەوای ئەیان هەبێ بەناوبانگترن لە ناردنە دەرەوەی بەروبوومی سپیایی لە نێو ئەو دەوڵەتانەدا کە باری ئاووهەوایان هەیە وەک دانیمارک و سویسرا و هۆڵەندە. داهێنراوە نوێیەکان یارمەتی کەمکردنەوەی کار تێکردنی شوێن دەدەن لە ناردنە دەرەوەی بەرهەمی سپیایی، چونکە دەتوانرێت شیری تەڕ بکرێت بە شیری وشک (تۆز) یان بخرێتە قوتووەوە و یان سارد بکرێت، تا وای لێ هاتووە کە بەرهەمکانی نیوزلەندە لە کەرە لە بازاڕی بەریتانیادا دەفرۆشرێت.
  3. بەرهەمە ئاژەڵییەکان لایەنێکی گرنگیان لە داهاتی کێڵگەدا پێک هێناوە لەو هەموو شێوە کشتوکاڵە جیاوازانەی بایەخیان بە بەخێوکردنی گیانەوەر داوە. بەڵام بایەخەکەی لە شێوەیەکی کشتوکاڵیەوە بۆ شێوەیەکی تر دەگۆڕێت. ئەم گۆڕان و جیاوازییەش لە سەرووی هەموویانەوە لە لەوەڕآندنی بازرگانیدا دەردەکەوێت، چونکە لەوەڕگاکان بۆ تاقیکردنەوە بەکاردێن و پایەیەکی گرنگیان لە شێوەی بەرهەمهێنانی سپیاییدا دەبێت چونکە زەوی بە بەروبوومی ئالیک دادەچێنرێت. بەڵام لە کشتوکاڵی تێکەڵاودا شآن بە سآنی چاندنی بەروبوومی تر دەبێتە سەرچآوەی دووەم، لە کاتێکدا بایەخەکەی لە شێوەی لەوەڕاندنی سەرەتایدا تەنیا بۆ پێک هێنانی سەرچآوەی تاکە داهاتنی بەرهەمهێنەکە نییە، بەڵکو هۆ جیاوازەکانی گوزەرانی پێ دەبەخشێت وەک جلوبەرگ و شوێنی نیشتەنی وەک خانووبەرە.
  4. بایەخی سامانی ئاژەڵ وەک سەرچآوەیەکی خۆراک پاڵی بەو دەوڵەتانەوە ناوە کە لەوەڕگایان کەمە بۆ جیاکردنەوەی تەرخانکردنی ڕووبەرە زەوییەکی زۆر بۆ ئالیک چاندن هەرچەندە پێویستیان بە بەروبوومی کستوکاڵی هەیە وەک لە میسر، کەچی وڵاتانی تری وەک ئەو بەرەو بەخێوکردنی بەراز چوون کە بەربەرەکانی ناکات لەگەڵ بەکارهێنانی زەوی بۆ چاندنی بەروبووم وەک ناوچە کشتوکاڵییە بژێوییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
    پێویستی بۆ ئاژەڵ وەک سەرچآوەیەک بۆ ئیش و کاری ناو کێڵگە پال پێوەنەرێکی ترە بۆ ڕووکردنە بەخێوکردنی ئاژەڵ بە مەبەستی جێبەجێکردنی کاروبارەکانی کێلگە وەک بەخێوکردنی مانگا و گامێش لە باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا و میسر.
  5. بەخێوکردنی ئاژەڵ دەرفەتی کارکردن بۆ ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوان دەهێنێتە دی، جا ئەمە چ لە ڕووی چآودێرییەوە بێت یاخود بۆ کارکردن لەو پیشەسازییانەی بەروبوومی ئاژەڵیان وەک کەرەستەی خاو تێدا بەکار دەهێنرێت وەکو پیشەسازیی گۆشت کردنە قوتو و خوری چنین و پیشەسازی پێستە و پێستە خۆشکردن.
  6. هەندێک بەرهەمی ئاژەل دەبنە سەرچآوەی داهاتی ناسەرەکی لە شێوەکانی کشتوکاڵی وەک هێلکە و مریشکداری و گیانەوەری فەروودار و بەخێوکردنی ماسیش بە سەرچاوەیەکی تری داهات دادەنرێت، جا ئەمە بۆ مەبەستی بژێوی بێت، وەک باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، یان مەبەستی بازرگانی بێت، وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڕوسیای فیدراڵ و ئەڵمانیا و هۆڵەندا و دانیمارک و ئیتاڵیا و بەڕازیل.


سەرچاوەکان

367 بینین