قوتابخانەکانی دەروونزانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-02-02:30:00 - کۆدی بابەت: 4058
قوتابخانەکانی دەروونزانی
دەروونناسی

قوتابخانە ناسراوەکانی دەروونزانی بریتیە لە قوتابخانەی (ڕەفتاری، مەبەستداری، شیتەڵکاری دەروونی، مەعریفی، مرۆڤایەتی، جشتالت)

قوتابخانەکانی دەروونزانی چین؟

لەمێژووی گەشەکردنی دەروونزانی وەک زانستێکی سەربەخۆ، بەتایبەتی کاتی لە فەلسەفە جیابۆوە چەندین قوتابخانە سەریان هەڵدا وە بەد درێژایی مێژووی دەرونزانی ئەم قوتابخانانە گۆڕانکاری بەسەرداهات وە زاناکان بۆچوونی نوێیان خستەڕوو، وە هەوڵیان دا تازەگەری لە تیۆرە دەرونییەکان بکەن. بەشێوەیەکی گشتی قوتابخانە ناسراوەکانی دەروونزانی بریتیە لە قوتابخانەی (ڕەفتاری، مەبەستداری، شیتەڵکاری دەروونی، مەعریفی، مرۆڤایەتی، جشتالت)

قوتابخانەی ڕەفتاری

زانایانی ئەم قوتابخانەیە (ئیڤان، بافلۆف، جۆن واتسۆن، سکینر) بە بۆچوونی ئەم ڕێبازە بوونەوەر (مرۆڤ) ڕەفتارەکانی میکانیکیە، بۆیە پێی وایە لەکاتی ڕاڤەکردنی ڕەفتارەکانی دەبێت پەنا ببەینە ورووژێنەرەکان کە لە دەرەوەی مرۆڤ روودەدات، نەک روداوەکانی دەرەوەی مرۆڤ، جۆن واتسۆن یەکەم کەس بوو ئاماژەی بە گرنگی ڕەفتاری دەرەکی دا وتەیەکی بەناوبانگی هەیە دەڵێت (١٠ منداڵی ساغم پێبدەن، بە ئارەزووی خۆم دەتوانم پزیشک یاخود پاریزەر یان دزیان لێ دروست بکەم، و واتسۆن پێی وایە مرۆڤ دیلی شارەزاییە ڕابردووەکان نییەتی وایە مرۆڤ ویستی خۆی نییە. یاسای ئەم ڕێبازە بریتیە لە (هەموو ورووژێنەرێک وەڵامدانەوەی خۆی دەبێت).

قوتابخانەی مەبەستداری (ماکدۆگل ١٨٧١-١٩٣٨)

ئەم قوتابخانەیە لەم بڕوایەدایە هەر ڕەفتارێک لە مرۆڤ یاخود لە ئاژەڵ ڕووبدات مەبەستێکی لەدوادایە، ڕەفتار ئاڕاستە دەکرێت بۆ جێ بە جێ کردن و بەدیهێنانی مەبەستەکە.

قوتابخانەی شیتەڵکاری دەروونی (فرۆید ١٨٥٠-١٩٣٩)

دامەزرێنەری ئەم قوتابخانەیە لەساڵی (١٩٠٠) تیۆرەکەی خۆی ئاشکراکرد، بەناوبانگترین کتێبەکانی (شیکردنەوەی خەونەکان) دەنگۆیەکی زۆری هەبوو و بیرۆکەکانی دەربارەی خەون و پڕۆسە ئەقڵیەکان بووە مایەی ململانیەکی زۆر لە ناوەندە زانستیەکان، فرۆید جەختی لەسەر پاڵنەرە سەرەکیەکان کرد ئەویش (پاڵنەری ژیان و مردن)ـە.

فرۆید جەختی لەسەر سێ بابەت کردەوە، بەبۆچونی ئەو کاریگەری زۆری هەیە لەسەر دروستبوونی کەسایەتی مرۆڤ، ئەویش (پێنج ساڵی یەکەم لە تەمەنی مرۆڤ، هێزی نەست، سێکس).

قوتابخانەی مەعریفی (بیاجیە ١٨٩٦-١٩٨٠، برونر ١٩١٥-؟)

ئەم قوتابخانەیە گرنگی بە پڕۆسە ئەقڵیەکان دەدات، وەک ئاگایی بۆ دەوروبەر و درککردن و بیرهاتنەوە و بیرکردنەوە، و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ زانیاریەکان پیاجیە پێیوایە ئەگەر مرۆڤ توانی درکی بە چالاکیەکانی مێشکی خۆی بکات ئەوە دەتوانێ (بیرکردنەوە لەبیربکات – التفکیر في التفکیر) واتە: توانای بیرکردنەوەی بباتە ئاستێکی بەرزتر، وە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەبێت.

قوتابخانەی مرۆڤایەتی (ماسلۆ ١٩٠٨-١٩٧٠، روجرز ١٩٠٢-١٩٨٧ ز)

لەبەر ئەوەی دەرونزانی گرنگی بە لایەنە نێگەتیڤەکان بۆ شیکردنەوەی ڕەفتاری مرۆڤ دەدات، بزوتنەوەیەک پەیدابوو بە ناوی بزوتنەوەی مرۆڤایەتی لە دەرونزانی، ئەم قوتابخانە پێی وایە مرۆڤ توانای کۆنترۆڵکردنی ژیانی خۆی هەیە، چونکە مرۆڤ بەندەی بارودۆخی دەرەکی و حەزە سێکسەکان و نەست و شەرانگێزیەکانی نییە، مرۆڤ دەتوانێت بەپێی بەهاکانی بژی و لە دەستنیشانکردنی چارەنووسی خۆی ئازادە.

قوتابخانەی جشتالت

وشەی جشالت وشەیەکی ئەڵمانیە بەمانای شێوەی گشتی .. سەرهەڵدانی ئەم قوتابخانەیە وەک ڕەخنەیەک بوو لەسەر زیادەڕۆیی زاناکانی (قوتابخانەی ڕەفتاری) لە بەشکردنی دیاردەکانی بۆ چەند دیاردەیەکی وردتر، زاناکانی ئەم قوتابخانەیە (فرتێمەر، کوفکا، کوهلر).

قوتابخانەی جشتالت وەک بزوتنەوەیەکی بەهێز سەری هەڵدا لە دواجار کاریگەری لەسەر قوتابخانە ئەمریکیەکانی بەتایبەتی لە بواری (درککردن) بوو.

ئەم قوتابخانەیە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم پەیدابوو، مێژوونووسەکان وای بۆ دەچن سەرهەڵدانی ئەم قوتابخانەیە پەیوەستە لە بڵاوکردنەوەی زانا (ماکس فرتیمەر)، توێژینەوەکانی لە ساڵی ١٩١٢ دەربارەی (جوڵانەوەی دیار)، بریتیە لەو جوڵە درکپێکراوە کە لە ڕاستیدا هیچ جوڵەیەک نییە. قوتابخانەی جشتالت سەبارەت بە درککردن بۆچوونی تایبەتیان هەیە، وای بۆ دەچن شێوەی گشتی لە بەشەکانی گەورەترە، بۆ نمونە ئەگەر سەرنج بدەینە تابلۆیە ڕووناکیە جوڵاوەکان، دەبینین وێنەیەک دەجوڵێتەوە بەڵام خۆی لە ڕاستیدا کوژانەوە و داگیرسانی سەدەها گڵۆپە، خێرایی کوژانەوە و داگیرساندنی دەبێتە هۆی ئەوەی ئێمە بە هەڵە درک بە جوڵانەوەی وێنەکان بکەین.

لە بۆچوونە سەرەکیەکانی ئەم قوتابخانەیە، کۆی گشتی بەردەوام لە بەشەکانی گەورەترە بۆ نمونە (ئاو پێکهاتەکەی گەورەترە لە h2 + o)


سەرچاوەکان



9685 بینین