سەرکوتکاری

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-12-08:16:00 - کۆدی بابەت: 5302
سەرکوتکاری

ناوه‌ڕۆك

دەسەڵات و بەرپرسیارییەتی

دەسەڵات توانای کەس یان ڕێکخراوێکە لە سەپاندنی جۆری هەڵسوکەوت لە لایەن ئەوانی دیکەوە، دەسەڵات یەکێکە لە پایەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، هەروەها دەسەڵات وەک زاراوەیەک زۆربەی حاڵەتەکانی سەرکردایەتی دەگریتەوە، خۆشبەختانە کەم کات پشت بە هێزی جەستەیی دەبەستێت، بەڵکو بەندە لەسەر هەبوونی دەزگایەکی ڕێکخستن کە لەسەر تواناکان دەوەستێت، بۆ نموونە دەسەڵاتەکانی حاکمی دەوڵەت سەرچاوەکەی لەوەوەیە کە پۆلیس سزای ئەو کەسە دەدات کە بەگوێی دەسەڵات ناکەن، هەردوو چەمکی دەسەڵات و بەرپرسیارییەتی بە یەکەوە گرێدراون، بە جۆرێک هەر کەسێک کە دەسەڵاتی هەبێت دەبێت بەرپرسیارییەتی هەبێت و قبوڵی بکات، بەڵام دەبێت پەیوەندییەکە بەسترابێت لەسەر جێبەجێکردنی داواکاریی و پێویستییەکان بەپێی یاسا و بە شێوەیەک هیچ کەس بە خراپە دەستی پێ نەگات، هەروەها هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەگات بە دانیشتوانی وڵات یان ناوچەی دەسەڵات، نەوەکا بابەتەکە بگاتە ئاستی سەرکوتکاری.

سەرکوتکاری چییە؟

کەسی سەرکوتکار ئەو کەسەیە کە هەر شتێک دەکات کە دەیەوێت و حوکم بەوە دەکات کە نەفسی دەیەوێت، سەرکوتکاری سیفەتێکە بۆ حکومەت یان بەڕێوەبەرایەتی ڕەها و بێسنوور، ئەم سەرکوتکارە لە بوارەکانی دەسەڵاتداری هەڵسوکەوت دەکات بەو شێوەی کە دەیەوێت و حەزی پێیە بە بێ ئەوەی لێپرسینەوە و سزای بۆ هەبێت، ڕاڤەکردنی ئەم حاڵەتە ئەوەیە کە حکومەت وا دەزانێت کە ناچار نییە هەڵسوکەوتەکانی بەپێی هیچ شەریعەت یان یاسایەک جێبەجێ بکات و لە قاڵب بدات.

سەرکوتکاری و بەندایەتیی دەروونی

سەرکوتکاری لەسەر بنەمایەکی دەروونی دروست بووە، شتە سەیرەکە لەوەدایە کە سەرکوتکاری و بەندایەتی دوو ڕووی هەمان دراون، بە جۆرێک هەر سەرکوتکارێک لە لایەنی دەروونییەوە بەندە و زەلیلە، چونکە دەکرێت لە بەردەم ئەو کەسەی لە خۆی بەهێزترە بەندە و زەلیل بێت، ئیدی هەر بەندەیەکی زەلیل ڕازییە بەوەی کە تیایەتی، ئەو کەسە لە لایەنی دەروونییەوە سەرکوتکارە و ڕازییە بەوەی سەرکوتکار بێت بەرامبەر بەوانەی کە لە خۆی بێهێزترن، ئەگەریش بەندەکان شۆڕشیان بەرپاکرد بەسەر سەرکوتکاردا، ئەوە لەبەر ئەوەیە تا بچنە جێگەی کەسی دەسەڵاتدار و سەرکوتکار، نەک دژی خودی سەرکوتکاری، خودا تەواو دادپەروەرە و ستەم لە هیچ کەس ناکات، ئەو سەرکوتکار ناکات بە دەسەڵاتدار مەگەر بەسەر سەرکوتکارەوە نەبێت. ئەگەریش کەسێک بە چاوی دانایەکی وردەوە سەیری دەموچاوی هەریەکە لە قوربانییەکانی سەرکوتکاری بکات، دەبینێت کە قوربانییەکە ئامادەیە ئەگەر دەسەڵاتی هەبوو هەریەکە لە هاوسەر و خانەوادە و عەشیرەت و کەس و مرۆڤەکان هەمووی بکاتە شوێنکەوتەی خۆی و بیری خۆی. بەم شێوە سەرکوتکارەکان سەرکوتکار حوکمیان دەکات، ئازادەکانیش ئازاد حوکمیان دەکات.

بەندایەتی ئارەزوومەندانە

ستەمکار هەر بە شێوەیەکی سروشتی بەزیوە، کەسی ستەمکار هەر کارێک بکات پێی ناوترێت کە شتێکی داگیر کردووە، تەنها ئەوەنە بەسە بۆی کە نەیبەخشێت، گەلان هەر بە ژێردەستەیی دەمێننەوە هەتا ئەو کاتەی واز لە دروستکردنی شۆڕش دێنن بۆ لابردنی سەرکوتکارێک و سەرخستنی سەرکوتکارێکی دی، هەر گەلە کە ئازادی و ژێردەستەیی هەڵدەبژێرێت، هەر بزیسکەیەکە دەبێت بە ئاگر و هەتا داری لە بەردەم بێت دەسووتێنێت و گەورە دەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا خۆی خامۆش دەبێتەوە بە بێ ئەوەی ئاوی بەسەردا بکرێت، تەنها ئەوەندە بەسە کە دار نەدەین بە ئاگرەکە و خۆشی نەکەین، ئیدی ئاگر خۆی دەسووتێنێت و بێهێز دەبێت.

سەرکوتکارانیش هەر بەم جۆرەن کاتێک حەز و تاڵانکاری دەچێتە دڵیان، هەتا گەل خزمەتی بکەن ئەوانیش بوێرتر و بەهێزتر دەبن و زیاتر ڕوودەکەنە تاڵان و وێرانکاری. بەڵام ئەگەر گەل لە پاڵپشتیکردنیان وەستا و گوێڕایەڵیی نەکردن، بێ توانا و بێ هێز، هیچ بەدەست و لاواز دەکەون، وەک دارێکی لە ڕیشە هەڵکەندراوی ئاو بردوو، ئەمە نهێنیی بەرەنگاربوونەوەی سەرکوتکارییە.


سەرچاوەکان



704 بینین