ئایس کرێم

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-12-08:30:00 - کۆدی بابەت: 5303
ئایس کرێم

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی ئایس کرێم

ئایسکرێم یەکێکە لە خواردنە شیرینە بەستووەکان، لە لای هەموان ناسراو و بەناوبانگە، ئایسکرێم زۆربەی کات لە بەرهەمە شیرەمەنییەکان و بە تایبەتی شیری تێکەڵکراو بە شەکر و ئاو دروست دەبێت، هەروەها لە هەندێک وڵاتدا زەیتی ڕووەکی تێکەڵ دەکرێت، وەک ڕۆنی خورما و ڕۆنی دانەوێڵەکان و ڕۆنی گوێزی هیندی، ئەمانە وەک جێگرەوەیەک بەکار دێن بۆ ڕۆنە گیاندارییەکان بە مەبەستی ئەوەی بەرهەمەکە تەندروستتر بێت، ئایسکرێم تامی زۆرە، وەک شۆکۆلاتە و ڤانێلا و توتڕک و شلیک و فستەق و بندوق.

مێژووی دروستکردنی ئایس کرێم

مێژووی دروسکتردنی ئایسکرێم دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵات، بە تایبەتی چین، لەوێوە گەڕیدە و بازرگانی ئیتاڵی مارکۆپۆلۆ گواستییەوە بۆ ئەوروپا، چێشتلێنەرە ئیتاڵییەکان پەرەیان پێدا بەوەی کە ڕەچەتەی میوە بەستووەکانیان پەرەپێدا، بە جۆرێک شیر و ئاویان بۆ زیادکرد، دوای ئەوەی شازادەی فلۆرەنسا ''کاترین زی میدیسی'' لە شا هێنری دووەم مارە کرا، پیشەسازیی ئایسکرێم گوازرایەوە بۆ فەڕەنسا، لە ساڵی 1670، پاشان یەکەم قاوەخانەی تایبەت بە ئایسکرێم کرایەوە لە پاریس، پاشان مێژووی دروستکردنی ئایسکرێم پەرەی سەند، بە جۆرێک دوای تەنها شەش ساڵ لە هاتنی شازادە کاترین 250 فرۆشگای ئایسکرێم دروستکرا لە پاریسدا، پاشان چێشتلێنەرێکی دیکە بە ناوی ''تۆرتۆنی'' دووبارە پەرەپێدانێکی دیکەی زیادکردن بۆ ئایسکرێم لە سەدەی هەژدەدا، پاشان ئەم پیشەسازییە گوازرایەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەم خواردنە لەوێ زۆر ناوبانگی پەیدا کرد بە جۆرێک سەرۆکەکانی ئەمریکا پێشکەشی میوانەکانیان دەکرد، وەک تۆماس جێفرسن و جۆرج واشنتن، پیشەسازیی ئایسکرێم لە فیلادلفیا چڕ بوبوویەوە، پاشان سۆدە دروستکرا و ئەویش چووە ناو پیشەسازیی ئایسکرێمەوە لە ساڵی 1874ـدا، پاشان ئایسکرێم بە بسکیت داهێنرا لە ساڵی 1904.

خواردنی بەستووی دیکە

هەندێک خواردن و شیرینیی بەستووی دیکە هەن لە جیهاندا کە ناوبانگێکی باشیان هەیە، هەندێکیان بەستوون و شێوەی دروستکردنیان لەگەڵ ئایسکرێمدا هاوشێوەیە:

  • دۆندرمەی تورکی: لە محەلەبی و چەند پێکهاتەیەکی دیکە دروست دەکرێت.
  • ماستی بەستوو: ئەم جۆرە شیرینییە لە ماست دروست دەکرێت لەجیاتی شیر و کرێم، ئەم شێوەیە چەوریی تێدا کەم دەبێت و هەروەها ترشیش دەبێت.
  • جیلاتۆ: یەکێکە لە شیرینییە ئیتاڵییە بەناوبانگەکان، ڕێژەی چەوریی ئەم شیرینییە کەمترە لە ئایسکرێم.
  • هالۆ هالۆ: ئەم شیرینییە لە فلیپین دروست دەکرێت، بریتییە لە سەهۆڵی تێکەڵکراو لەگەڵ شیری خۆجێی و پێکهاتەی دیکە وەک فاسۆلیای شیرین و میوە.


سەرچاوەکان



1579 بینین