زیانەکانی سواربوونی ئۆتۆمبێل بۆ خانمانی دووگیان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-21-03:52:00 - کۆدی بابەت: 5443
زیانەکانی سواربوونی ئۆتۆمبێل بۆ خانمانی دووگیان

ناوه‌ڕۆك

کێشەکانی گەشتکردن بە ئۆتۆمبێل بۆ خانمی دووگیان

گەشت کردن و سواربوونی ئۆتۆمبێل لەماوەی دووگیانیدا پێویستی بە چاودێری تایبەت هەیە، ئۆتۆمبێلی شەخسی زۆر باشترە لە تەکسی و پاس، و ئۆتۆمبێلی شەخسیش لەوانەیە لەکاتی گەشت کردندا کێشەی زۆرت بۆ دروست بکات بەڵام ئاگاداربە و کێشەکانی گەشت چارەسەر بکە تا دووچاری کێشە نەبیتەوە. ئەگەر نا توشی چەندین کێشە دەبیتەوە.

گەرمابوونی زۆر

ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەت سیستمێکی باشی تەبریدی نەبێت، لە هاویندا تووشی گەرمایەکی زۆر دەبیت و پێی تێکدەچیت، کاتێک بە هاویندا گەشت دەکەیت و ماوەیەکی زۆر لەناو ئۆتۆمبێلدا دەمێنیتەوە دەبێت پێشتر شتەکان ڕێکبخەیت تا گەرما کاریگەری نەبێت و تەواوی ئاوی جەستەت بە گەرما لەدەست نەدەیت، ئەویش بە ئاو خواردنەوەی زۆر و لەبەرکردنی جلی فێنک و ڕەنگی کراوە و کردنەوەی جامەکان زوو زوو بۆ ئاڵوگۆرکردنی هەوا.

حاڵەتی دڵتێکچوون

زۆرێک لە خەڵکی کاتی گەشت کردن بە ئۆتۆمبێل لە ڕێگە پێچاو و پێچەکاندا تووشی حاڵەتی دڵتێکچوون دەبنەوە، کە پێی دەوترێت دڵتێکچوونی کاتی جوڵە.

لەماوەی دووگیانیدا و بەتایبەت لە سێ مانگی یەکەمی سکپڕیدا خانمەکە خۆی حاڵەتی دڵتێکچوونی هەیە لەوانەیە لەکاتی سواربوونی ئۆتومبێلیشدا ئەم حاڵەتەی زیاتر ببێت، باشترە بۆ ئەم حاڵەتە لەگەڵ پزیشک قسە بکەیت تا حەپت پێ بدات و دڵتێکچوونەکەت چارەسەر ببێت.

پشت ئێشە

کورسی ئۆتۆمبێلەکان زۆر ئاسوودە نین و ماوەیەکی زۆر لەسەری دانیشیت و هیچ جوڵەیەکت نەبێت دەبێتە هۆی ئازاری پشت و قاچەکانت، بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە واباشترە کە لە ڕێگادا زوو زوو ڕاوەستیت و کەمێک بجوڵێیت و قاچەکانیشت جوان بجوڵێنەوە و ڕێ بکە تاکوو ئەو فشارەی لەسەر پشتت و قاچت هەیە نەمێنێت.

بەردەوام پێویستی چونە تەوالیێت 

لەماوەی دووگیانیدا زۆر زیاتر لە جاران پێویستت بە تەوالێت و میز کردنە، بۆیە شەرم کردن لەم بابەتە نابێت هەبێت و هەرکاتێک کە پێویستی کرد بچۆ تەوالێت، لەبیرت بێت کە پێش ئەوەی لەماڵەوە دەرچیت کلێنکسی تەوالێت و شامپۆی دەست شۆردن و کرێمی شێدارکەرەوە و هەروەها دەبەیەک ئاویش لەگەڵ خۆت بهێنیت، بۆ ئەوەی ئەگەر تەوالێت نەبوو لە ڕێگادا بتوانیت بەم شتانە میز بکەیت و شەرم نەکەیت و هەوڵبدە جلێک لەبەر بکەیت کە پان بێت و ئاسوودە بیت تێیدا دوورکەوە لە بەستنی قایشی توند و لەپێکردنی پانتۆڵی تەسک.

ڕووداوی هاتوچۆ

ئەگەر شۆفێرەکە لەماوەی گەشتەکەدا یاساکان لەبەرچاوو بگرێت، ئەگەری ڕوودانی ڕووداوی هاتوچۆ زۆر کەمە، بەڵام ئەگەر پێکدادانتان کرد و کاتێک توانای جوڵەت هەبوو دوای پێکدادانەکە ئەوا دەبێت خۆت کۆنتڕۆڵ بکەیت و پارێزگاری لە جەستەت بکەیت، ئاگاداری جوڵەی منداڵەکە بەو دڵنیابەرەوە لەوەی کە ئایا تووشی خووێنبەربوون نەبوویت لەڕێگەی دامێنەوە، ئەگەر شتێکی گوماناویت لەخۆتدا بەدی کرد ئەوا یەکسەر سەردانی پزیشک بکە، تەنانەت ئەگەر پێکدادانێکی سادەش بووبێت پێویست دەکات هەر پزیشک بتبینێت.

لە حاڵەتێکدا ئەگەر بەهۆی پێکدادانەکەوە تووشی خوێنبەربوونی توند یان ئازار بوویتەوە خێرا پەیوەندی بکە بە فریاکەوتنەوە، کاتی دووگیانی هەرچەند پێکدادانەکەش سادە بێت پشتگوێی مەخە و بەدڵنییایەوە سەردانی پزیشک بکە.

هەندێک ڕێنمای بۆ گەشت کردنت بە ئۆتۆمبێل لەماوەی دووگیانیدا

زۆرینەی پزیشکان پێیان باشە کە لە سێ مانگی سەرەتادا و پێش هەفتەی ٣٥ گەشت نەکەیت، ئەگەر سکپڕییەکی ئاسایی و بێ کێشەت هەیە لە هەفتەی ١٤ بۆ هەفتەی ٢٧ کاتێکی گونجاوە بۆ چوونە گەشت، ئەگەر دەتەوێت بە ئۆتۆمبێل شەخسی خۆت بچیتە گەشت زۆر باشترە و ئاسوودەتره بەڵام چەند ڕێنماییەک جێبەجێ بکە.

بەستنی قایشی سەلامەتی

هەر لە دەستپێکی گەشتەکەوە بەستنی قایشی سەلامەتی زۆر پێویستە، تەنها کاتی گەشتنە شەقامی گەورە و بینینی پۆلیس مەیبەستە، یەکسەر دوای دانیشتنن قایشی سەلامەتیەکەت ببەستە و ئەگەر لە پێشەوە دانیشتوویت تا دەتوانیت کوشنەکەت دورخەوە لە داشبۆڵەکە، و بەشی سەرەوەی قایشەکە دەبێت لە نێوان سنگتدا تێپەڕێت و نەچێتە سەر سکت و ئەوەی خوارەوەش دەبێت لە خوارەوەی سک و لەسەر ڕانەکانت بێت و ئاگاداربە با دەستت پێوەی بێت ئەگەر ئازاری دایت دەتوانیت کەمێک جوڵەی پێ بکەیت.

دوورکەوتنەوە لە شۆفێری کردن

تا دەتوانیت لەگەڵ کەسێکدا گەشت بکە کە بتوانێت تەواوی ماوەکە ئەو شۆفێری بکات، دانیشتن لە شوێنی شۆفێردا سەلامەت نییە بۆت، و بەردەوام پێویستە تۆ بجوڵێیت و جەستەت بجوڵێنیت بەڵام کاتی شۆفێری ناچاریت کە بە یەک جۆر دانیشیت و نەجوڵێیت بۆیە هەرگیز شۆفێری مەکە.

وەستانی زۆر

لەماوەی گەشتەکەدا زۆر ڕاوەستن و زوو زوو خۆت خاڵی کەرەوە و وەرە دەرەوە با هەوا لێت بدات و بجوڵێ.

وریایی لەکاتی شۆفێریدا

هاوسەرەکەت بێت یان هەر کەسێک داوای لێبکە کە بۆ سەلامەتی خۆت و کۆرپەکەت خێرای کەم بکاتەوە و ئاگادار بێت، خێرای زۆر لەوانەیە ببێتە هۆی سترێس بۆت و هەروەها مەترسی ڕووداوی هاتووچۆش زیاد دەکات، یەک پێکدادانی بچووک لەماوەی دووگیانیدا لەوانەیە زیانێکی زۆر بگەیەنێت بە خۆت و کۆرپەکەت.

خواردنەوەی ئاو

پێویست دەکات بەدرێژای گەشتەکە دەبەیەک ئاوت پێ بێت و بەردەوام بیخۆیتەوە.


سەرچاوەکان



7167 بینین