دەریاچەی ڤیکتۆریا

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-22-03:32:00 - کۆدی بابەت: 5475
دەریاچەی ڤیکتۆریا

ناوه‌ڕۆك

دەریاچە چییە؟

دەریاچە بریتییە لە ڕووبەرێکی ئاوی کە هەر چوار دەورەکەی وشکانییە، ئاوی دەریاچەکان بە شێوەیەکی نیمچە بەردەوام جێگیرن، لەبەر ئەوەی لە چەندین سەرچاوەوە ئاوی تێ دەڕژێت، وەک ڕووبار و سەرچاوە و باراناوەکان، دەریاچەکان دابەش دەبن بۆ دەریاچە کراوەکان کە ڕووبار و سەرچاوەکانی دیکەی ئاوی تێ دەڕژێت، هەروەها دەریاچە داخراوەکان کە سەرچاوەیەکی ئاوی نییە کە بێتە ناوی، ئەم جۆرەیان بە تێپەڕبوونی کات سوێریش دەبێت، لەبەر کرداری بەردەوامی بەهەڵم بوون، بە شێوەیەک بەردەوام ئاوی دەریاچەکە دەبێت بە هەڵم و کانزا و خوێیەکانی دەمێننەوە، دیارترین نموونەش لەسەر ئەم دەریاچانە بریتین لە: دەریای مردوو و دەریاچەی گرەیت سۆڵت، لەوانەشە ئاوی دەریاچەکان سازگار بن، وەک دەریاچەی ڤیکتۆریا.

دەریاچەی ڤیکتۆریا

دەریاچەی ڤیکتۆریا، یاخود ڤیکتۆریا نیانزا بە کۆگای سەرەکیی ڕووباری نیل دادەنرێت و گەورەترین دەریاچەی ئەفریقاشە، ئەم دەریاچەیە دەکەوێتە تەنزانیا و ئۆگەندا و لەسەر سنوورە لەگەڵ کینیادا، ڕووبەری دەریاچەکە نزیکەی 69484 کیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت و ڕووبەری حەوزەکەشی 238900 کیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت، هەروەها درێژیی ڕووبارەکە لەوپەڕی باکوورەوە 337 کیلۆمەتر و پانییەکەی 240 کیلۆمەتر دەبێت و بەرزییەکەشی لەسەر ئاستی ڕووی زەریاوە 1134 مەترە و قووڵیی دەریاچەکەس دەگاتە 82 مەتر.

تەمەنی دەریاچەی ڤیکتۆریا زیاتر لە سەد هەزار ساڵ دەبێت، ئەم دەریاچەیە لە کاتی لەناوچوونی هەندێک دەریاچەی ناوچەکە دروستبووە، لەو کاتەوە دەریاچەکە گۆڕانی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، لە نێوان ئەم گۆڕانکارییانەشدا، ڕووداوی وشکبوونی دەریاچەکەیە، زانایان پێیان وایە بە لانی کەم سێ جار دەریاچەکە وشکیی بەخۆۆیەوە بینیوە، دوایین جار کە دەریاچەکە تووشی وشکبوون بوو پێش 17300 ساڵ بووە، بەڵام پێش 14700 ساڵ دەریاچەکە ئاوی تێ هاتووەتەوە، هۆکاری سەرەکی بۆ وشکبوونی دەریاچەکە بریتی بوو لە دابەزینی بڕی دابارینی باران لەسەر ئاستی جیهان، لە لایەکی دیکەشەوە دەریاچەی ڤیکتۆریا ڕێژەی 80٪ـی ئاوەکەی لە باراناو و ڕووبارەکانەوە وەر دەگرێت، وەک ڕووباری کاجیرا، کە گەورەترین ڕووبارە کە دەڕژێتە ناو دەریاچەکەوە، هەروەها هەزاران کەناڵی بچووکیش هەن کە دەڕژێنە ناو دەریاچەکەوە، لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژەی بەهەڵمبوون لە ئاوی دەریاچەکە نزیکەی 2.0 بۆ 2.2 مەتر لە ئاوی دەریاچەکە دەبات، ئەمە نزیکی دوو هێندەی ئەو بارانەیە کە ساڵانە دەبارێتە سەر دەریاچەکە.

چڕیی دانیشتوانی چواردەوری دەریاچەی ڤیکتۆریا کارتێکەرێکی سەرەکییە بۆ پیستبوونی ئاوەکەی، لەبەر ئەوەی هەوارەکانی ناوچەکە دانیشتوانێکی زۆریان هەیە، بەهۆی ئاوەڕۆی ئەو دانیشتوانە زۆرە چارەسەر نەکراو و پاشماوە پیشەسازییە زۆر و ماددە کیماییانەوە دەریاچەکە ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە.

سامانی ئاژەڵی دەریاچەی ڤیکتۆریا

دەریاچەکە چەندین کۆمەڵە دورگە و کۆمەڵگەی مەرجانی تێدایە کە لە ژێر ڕووی ئاوە ڕوونەکان دروست دەبێت، هەروەها دەریاچەکە زیاد لە 200 جۆر ماسی تێدایە، لە نێوان ئەو ماسیانەشدا ماسی زۆر گرنگ هەن لە ڕووی ئابوورییەوە، هەروەها لە نێو دەریاچە و لە زەوییەکانی چواردەوریدا چەندین جۆر گیاندار هەن، وەک جۆرە جیاوازەکانی مەمکدارەکان، بۆ نموونە کەرکەدەن و ڕێویی ئاو، هەروەها دەریاچە و زەوییەکانی چواردەوری چەندین خشۆکی تێدا دەژی، وەک تیمساح و کیسەڵی ئەفریقی و کیسەڵی قوڕ.


سەرچاوەکان



1771 بینین