دەریاچە

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-06-16-17:17:00 - کۆدی بابەت: 9037
دەریاچە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەریاچە (بە ئینگلیزی: lake، بە عەرەبی: بحيرة) تەنێکی ئاوییە کە بە وشکانی دەورە دراوە. لە جیهاندا ملیۆنان دەریاچە هەن. دەریاچەکان لە هەموو کیشوەرێک و لە هەموو جۆرە ژینگەیەکدا دەدۆزرێنە، لە شاخ، بیابانەکان، دەشتەکان و نزیک کەنارەکانی دەریا. لەگەڵ ئەوەشدا ئاوی ناو دەریاچەکان لە باران، بەفر، توانەوەی سەهۆڵ، چەم و دزەکردنی ئاوی ژێر زەوییەوە سەرچاوە دەگرێت. زۆربەی دەریاچەکان ئاوی شیرینیان تێدایە.

قەبارەی دەریاچە

دەریاچەکان لە قەبارەدا زۆر جیاوازن. قەبارەی هەندێکیان تەنها چەند مەتر چوارگۆشەیەکە و ئەوەندە بچووکن کە لە حەوشەی پشتەوەی ماڵەکەتدا جێیان دەبێتەوە. زۆرجار ئەم جۆرە دەریاچە بچووکانە بە گۆم ناودەبرێن. دەریاچەکانی تر ئەوەندە گەورەن کە پێیان دەوترێت دەریا. بۆ نموونە، دەریای خەزەر (بە ئینگلیزی: Caspian)، لە ئەورووپا و ئاسیا، گەورەترین دەریاچەی جیهانە و ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٣٧٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

قووڵی دەریاچە

دەریاچەکان لە قووڵاییدا زۆر جیاوازن. قووڵترین دەریاچەی جیهان دەریاچەی بایکاڵ (بە ئینگلیزی: Baikal)ـە، لە وڵاتی ڕووسیا و نزیکەی ٢ کیلۆمەتر قووڵە. لە کاتێکدا چەندین دەریاچەی تریش هەن بە ئەندازەیەک قووڵن کە مرۆڤەکان دەتوانن بەئاسانی بەناویاندا بڕۆن و بپەڕنەوە.

بەرزیی دەریاچە

بەرزیی دەریاچەکان جیاوازن. یەکێک لە بەرزترین دەریاچەکان دەریاچەی تیتیکاکایە کە لە چیای ئەندێسە لە نێوان بۆلیڤیا و پیرۆدایە. بەرزی ئەم دەریاچەیە نزیکەی ٣٨١٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. لە کاتێکدا نزمترین دەریاچە، دەریای مردووە، لە نێوان ئیسرائیل و ئوردندایە و بەرزییەکەی زیاتر لە ٣٩٥ مەتر لە خوار ئاستی دەریاوەیە.

تەواوی دەریاچەکان یان کراوەن یان داخراون. ئەگەر لەلایەن ڕووبارێک یان دەرەچەیەکی ترەوە ئاو دەریاچەیەک بەجێبهێڵێت، ئەوا دەوترێت ئەو دەریاچەیە کراوەیە. هەموو دەریاچەکانی ئاوی شیرین دەریاچەی کراوەن. بەڵام ئەگەر ئاو تەنها بە هەڵمبوون دەریاچەیەک بەجێبهێڵێت، ئەوا دەریاچەکە داخراوە. ئاوی دەریاچە داخراوەکان بەزۆری سوێرە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە لەگەڵ بەهەڵمبوونی ئاوەکەدا، ماددە ڕەقەکان لە بنکی دەریاچەکەدا جێدەمێن، زۆربەی ئەو ماددە ڕەقانەش خوێن. گەورەترین دەریاچەی سوێر لە ئەمریکای باکوور، لە ویلایەتی یوتایە و ئاوەکەی لە زەریا سوێرترە.

چۆن دەریاچەکان دروست دەبن؟

هەموو دەریاچەکان چاڵاییە شێوە دەفرییەکان پڕ دەکەنەوە کە لە ڕووی زەویدان و پێیان دەوترێت حەوزەکان. حەوزی دەریاچەکان بە چەندین شێوە دروست دەبن.

زۆرێک لە دەریاچەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە نیوەگۆی باکووردان، بەهۆی سەهۆڵبەندانەکانەوە دروست بوون کە ڕووبەرێکی فراوانی زەوییان گرتۆتەوە لە دوایین چاخی سەهۆڵبەنداندا، کە نزیکەی ١٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر بوو. بارستە زەبەلاحەکانی سەهۆڵەکان چاڵە گەورەکانیان دروست کرد و کاتێک بەهێواشی بە بەردەوامی دەجووڵان و زەوییان دەششت. کاتێک سەهۆڵبەندانەکان توانەوە، ئاو چاڵاییەکانی پڕ کردەوە و دەریاچەی دروست دەکرد. هەروەها سەهۆڵەکان دۆڵی قووڵیان دروستکرد و لەگەڵ توانەوەیاندا بڕێکی زۆر خاک، زیخ و تلە بەردیان نیشاندا. ئەم کەرەستانە هەندێک جار بەنداویان دروستکرد کە ئاویان گرتبووەوە و دەریاچەی زیاتریان دروست کرد.

زۆرێک لە دەریاچەکان لە ئەنجامی تەقینەوەی گڕکانەکانەوە دروست دەبن. دوای ئەوەی گڕکانێک ناچالاک دەبێت، ڕەنگە کونەگڕکانەکەی پڕ بێت لە باران یان بەفری تواوە. هەندێک جار لە کاتی تەقینەوەی گڕکانێکدا چاڵێک بەجێدەهێڵێت کە پێی دەوترێت دەم یان زاری گڕکان. ئەویش، لەوانەیە پڕ بێت لە ئاوی باران و ببێتە دەریاچە.

هەموو دەریاچەکان بەهۆی پڕکردنەوەی حەوزەکان لە ئاو دروست نابن. هەندێک لە دەریاچەکان بە ڕووبارەکان دروست دەبن. زۆرجار ئاوی ڕووبارەکان بەرەو پێش یان دوا ئاڕاستەی خۆی دەگۆڕێت و چاڵاییەکان پڕ دەکاتەوە و بەمەش دەریاچە دروست دەکات. ئەم جۆرە دەریاچە پێی دەوترێت دەریاچەی کەڵەمه، کە لە شێوەی پیتی (U) ئینگلیزیدایە.

هەروەها ڕەنگە دەریاچەکان بەهۆی زەمینەخزێ یان قوڕەخزێوە دروست ببن کە خاک، بەرد، یان قوڕ دەنێرێت بۆ خوارەوەی گرد و شاخەکان. پاشماوەکان لە بەنداوە سروشتییەکاندا کەڵەکە دەبن کە دەتوانن ڕێگری لە ڕۆیشتنی ئاوی چەمێک بکەن و دەریاچەیەک دروست بکەن.

ئەو بەنداوانەی کە گۆڕهەڵكەنەکان لە لقەکانی دار دروستی دەکەن دەتوانن ڕووبارەکان یان چەمەکان دابخەن و گۆم یان زۆنگاوی گەورە دروست بکەن.

مرۆڤەکان بە هەڵکەندنی حەوزەکان یان بە بەنداوکردنی ڕووبارەکان یان کانیاوەکان دەریاچە دروست دەکەن. ئەم دەریاچە دەستکردانە دەتوانن ببنە کۆگا و ئاو بۆ ئاودێری، پاکوخاوێنی و بەکارهێنانی پیشەسازی هەڵبگرن. هەروەها دەریاچە دەستکردەکان بۆ کات بەسەربردن بەکاردێن، لەوانە بەلەم‌سواری، مەلەکردن، یان ڕاوەماسی. دەریاچە دەستکردەکان دەتوانن لەڕێگەی وێستگەکانی توانای کارۆئاوییەوە کارەبا لە بەنداوەکاندا دابین بکەن.

سوڕی ژیانی دەریاچەکان

هەرکە دەریاچەکان دروست دەبن، وەکوو خۆیان نامێننەوە. وەکوو مرۆڤەکان، بە چەند قۆناغێکی جیاوازی ژیاندا تێدەپەڕن، گەنجی، پێگەیشتن، پیری و مردن. هەموو دەریاچەکان، تەنانەت گەورەترینەکانیش، کاتێک حەوزی دەریاچەکان پڕ دەبن لە نیشتوو و ماددەی ڕووەکی، هێواش هێواش لەناو دەچن. پیربوونی سروشتی دەریاچەیەک، لە ماوەی سەدان و تەنانەت هەزاران ساڵدا، زۆر بەهێواشی ڕوودەدات. بەڵام کاریگەری مرۆڤەکان دەتوانێت لەماوەی تەنیا دە ساڵدا دەریاچەیەک پیربکەن.

ڕووەک و قەوزەکانی دەریاچەیەک هێواش هێواش لەناودەچن. ئاوی گەرم و کەم قووڵی چینی سەرەوەی دەریاچەکە دەبێتە هۆی شیبوونەوەی ڕووەک و قەوزەکان و لە کۆتاییدا نوقمی حەوزەکە دەبن. پاشماوەی تۆز و کانزاکانی بنی دەریاچەکە لەگەڵ ڕووەکەکان تێکەڵ دەبن و نیشتوو دروست دەکەن. باران خاک و چەو بە ئاڕاستەی ناو حەوزەکە دەبات و پاشماوەی ماسی و ئاژەڵەکانی تر لە بنی دەریاچەکە کەڵەکە دەبن. بەمەش دەریاچەکە بچووکتر دەبێتەوە، لە لێوارەکانەوە دەست پێدەکات و بەرەو ناوەڕاست. لە کۆتاییدا دەریاچەکە دەبێتە زۆنگاو، زۆنگ، یان زەلکاو. لەو کاتەدا، پرۆسەی وشکبوونەوە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش خاو دەبێتەوە، ئەو پسپۆڕانەی کە لێکۆڵینەوە لە دەریاچە و گۆمەکان دەکەن، دڵنیانین لە هۆکاری ئەم خاوبوونەوەیە. لە کۆتاییشدا دەریاچەکە دەبێتە زەویی وشک.

چۆن ئاژەڵ و ڕووەکەکان دەریاچەکان بەکاردەهێنن؟

دەریاچەکان لە پاراستنی گیانلەبەرە کێوییەکاندا گرنگن. وەکوو وێستگەی کۆچکردن، شوێنی زاوزێکردنی زۆرێک لە باڵندەکان و وەکوو پەناگەیەک بۆ جۆرەها ئاژەڵی تر کاردەکەن. دەریاچەکان نیشتیمان بۆ ژمارەیەکی زۆر زیندەوەرانی جۆراوجۆر دابین دەکەن، هەر لە ڕووەک و ئاژەڵە زۆر وردەکانەوە تا ئەو ماسییانەی کە ڕەنگە کێشیان سەدان کیلۆگرام بێت. گەورەترین ماسی کە لە دەریاچەکاندا دۆزراوەتەوە بریتییە لە ماسیی خاویار یان کاڤیارە کە دەتوانێت تا ٦ مەتر گەشە بکات و کێشی زیاتر لە ٦٨٠ کیلۆگرامە.

ئەو ڕووەکانەی کە بەدرێژایی کەناری دەریاچەکە گەشە دەکەن لەوانەیە بریتی بن لە قەوزە، قەیتەران، قامیش، زەل و گیامەترەق یان کلکەپشیلە. ئاژەڵە بچووکەکانی وەکوو گوێچکەماسی، ڕۆبیان، قرژاڵی درێژ، کرم، بۆق، پوشکە بە قنگ لە نێوان ڕووەکەکاندا دەژین و هەم لە سەرووی هێڵی ئاوەوە و هەم لە خوارووی هێڵی ئاوەوە هێلکەیان لەسەر دادەنێن. دوورتر لە کەناری دەریاچەکان، زۆرجار ڕووەکە سەرئاوکەوتووەکانی وەکوو شلێری ئاوی و سمڵی ئاوی گەشە دەکەن. ئەم ڕووەکانە مێزڵدان یان کیسی پڕ لە هەوایان هەیە کە یارمەتیدەریانە تا لە ئاودا بمێننەوە.

ئەو ئاژەڵانەی تریش کە لە نزیک دەریاچەکە دەژین، وەکوو شەمشەمەکوێرە و ئاژەڵە نیمچە ئاوییەکان، وەکوو مینک، زەردەقۆڕە، سەگڵاو و کیسەڵەکان. ئاژەڵە نیمچە ئاوییەکان بۆ مانەوەیان لە ژیاندا پێویستیان بە ئاو و زەوییە، بۆیە هەم دەریاچە و هەم کەنار دەریاکە گرنگن بۆیان.

زۆر جۆری باڵندە ئاوییەکان لەسەر دەریاچەکان دەژین یان لەوێ کۆدەبنەوە بۆ زاوزێکردن و بەخێوکردنی بەچکەکانیان. کۆتر باوترین باڵندەی دەریاچەیە. هەندێکی تر لەو باڵندانە بریتین لە قاز، پەلەقاز، لوون، ماسیگرە، شینە هەڵۆ و هەڵۆی سەرسپی.

زۆر کەس کاتێک بیر لە دەریاچە دەکەنەوە بیر لە ماسی دەکەنەوە. هەندێک لە باوترین ماسییەکان کە لە دەریاچەکاندا دەدۆزرێنەوە بریتین لە ماسی زیویی، خۆرماسی، پێرچ، ماسیی دڕکاوی، کراپی، موسکی، والی، پەرچ، ماسیی خاتوونەکی دەریاچە، نێزەماسی، ئیل، پشیلەماسی، سەلەمون و ماسیی خاویار. زۆرێک لەم جۆرانە خۆراک بۆ مرۆڤەکان دابین دەکەن.

چۆن مرۆڤەکان دەریاچەکان بەکاردەهێنن؟

دەریاچەکان بەشێکی گرنگی سوڕی ئاون، بە چەندین شێوە سەرچاوەی بەنرخن بۆ مرۆڤەکان. بەدرێژایی سەدەکان دەریاچەکان ڕێڕەویان بۆ گەشت و بازرگانی دابین کردووە. بۆ نموونە دەریاچە گەورەکانی ئەمریکای باکوور ڕێڕەوی سەرەکی ناوخۆیین بۆ ئەو کەشتییانەی کە دانەوێڵە و کەرەستەی خاوەکانی وەکوو ئاسنی خاو و خەڵووز هەڵدەگرن.

جووتیاران ئاوی دەریاچەکان بەکاردەهێنن بۆ ئاودانی بەرهەمەکان. هەروەها کاریگەری دەریاچە زۆر گەورەکان لەسەر کەشوهەوا یارمەتی جووتیاران دەدات. لەبەرئەوەی ئاوی دەریاچەکان بەو خێراییەی ئاوی زەوی گەرم نابێتەوە و سارد نابێتەوە، ئەو بایانەی لە دەریاچەکانەوە هەڵدەکەن یارمەتی نەگۆڕی کەشوهەوا دەدەن. شاری شیکاگۆ لە ویلایەتی ئیلینۆیس لە ئەمریکا سوود لە کاریگەری دەریاچە وەردەگرێت.

دەریاچەکان ئاو بۆ زۆرێک لە کۆمەڵگاکان دابین دەکەن. دەریاچە دەستکردەکان بۆ هەڵگرتنی ئاو بۆ کاتی وشکەساڵی بەکاردەهێنرێن. هەروەها ئەو دەریاچانەی کە لە بەنداوەکان دروست دەبن وزەی کارۆئاوی دابین دەکەن و کارەبا بەرهەم دەهێنن.

لەبەرئەوەی دیمەنی دەریاچەکان زۆر جوانن، زۆرجار دەبنە شوێنی بەناوبانگی گەشتیاری و کات بەسەربردن. خەڵکی چێژ لە بەلەم‌سواری، مەلەکردن، خلیسکێنەی سەر ئاو، ماسیگرتن و چەندین چالاکی تر وەردەگرن. بەم مەبەستەش زۆرێک لە پارکە گشتیەکان لە نزیک دەریاچەکان دروستکراون، ئەمەش ڕێگە بە خەڵکی دەدات سەیران بکەن، لە چادردا بمێننەوە، پیاسە و پاسکیلسواری بکەن و چێژ لە دیمەنی دەریاچە و گیانلەبەرە کێوییەکان ببینن.

بۆ هەندێک کەس دەریاچەکان نیشتیمانێکی هەمیشەیین. بۆ نموونە، خەڵکی ڕەسەنی ئورۆس بۆ چەندین سەدەیە لەسەر دەریاچەی تیتیکاکا لە چیای ئەندێس دەژین. دەریاچەکە نزیکەی هەموو ئەو شتانە دابین دەکات کە خەڵکی ئورۆس پێویستیانە. لە دەریاچەکەدا ماسی و باڵندەی ئاوی ڕاو دەکەن.


سەرچاوەکان



5540 بینین