شەقیقە لەماوەی سوڕی مانگانەدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-28-01:27:00 - کۆدی بابەت: 5586
شەقیقە لەماوەی سوڕی مانگانەدا

ناوه‌ڕۆك

شەقیقە لەماوەی سوڕی مانگانەدا

ماوەی سوڕی مانگانە خۆی ماوەیەکی پڕ ئازار و بێتاقەتییە، کە خانمان ناچارن بەرگەی ئازاری پشت و سک و حاڵەتی دڵتێکچوون و سەرگێژخواردن و پەستانی دەروونی بگرن بەڵام قورسە بتوانیت بەرگەی ئازاری شەقیقە بگریت لەم ماوەیەدا بۆیە زۆرینەی خانمان گلەی دەکەن و پێیان وایە کە پیاوان زۆر ئاسوودە و بێ کێشەن.

بەداخەوە زۆرینەی خانمان هیچ زانیارییەکیان دەربارەی ئەم شەقیقە نییە و وادەزانن کە شەقیقەی ڕۆژانی ئاساییە، و هەوڵدەدەن کە بە حەپی ئازازشکێن چارەسەری بکەن و بەڵام سوودی نابێت، لە ڕاستیدا ئەم شەقیقەیە هۆکارەکانی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانە لەو ماوەیەدا و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی جیاوازترە لە شەقیقەی ئاسایی.

ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە شەقیقە لەماوەی سوڕی مانگانەدا

سەرئێشەی شەقیقەی بەنزیکەی لەسەدا ١٢ بۆ ١٥ـی هەموو خەڵکی گیرۆدە کردووە لە سەرانسەری جیهاندا و ژنان سێ بەرامبەری پیاوان زیاتر تووش دەبن، زۆرینەی خەڵکی یەکەمین شەقیقەیان لە تەمەنی ٢٥ ساڵییەوە دەست پێ دەکات تاکوو ٦١ ساڵی، ئەم ئازارە بە سووکی دەست پێ دەکات و وردە وردە قورس دەبێت و کە هەندێک کاتیش دڵتێکچوون و ڕشانەوەی لەگەڵدایە، لەسەدا ١٥ بۆ ٢٠ـی خەڵکی چەند نیشانەیەکیان هەیە پێش دەستپێکردنی شەقیقەکە.

نیشانەکانی پێش دەستپێکردنی شەقیقە چییە؟

  • هەستیاری بینایی
  • واتە کەسەکە هەستیارە بە ڕووناکی و گڵۆپ و فلاش.
  • هەستیاری بۆنکردن
  • کەسەکە تێکدەچێت بە بۆنە تیژەکان وەک عەتر و ماددە کیمیاییە پاککەرەوەکانی ناوماڵ.
  • هەستیاری گوێ
  • گوێی کەسەکە دەزرنگێتەوە و زیکە زیک دەکات.

هۆکارەکە هۆڕمۆنەکانە

شەقیقە پێش باڵغبوون زیاتر لە کوڕاندا دەردەکەوێت وەک لە کچاندا، بەڵام دوای یەکەمین سوڕی مانگانەی کچان لەکچاندا زیاتر دەبێت ئەمە دەریدەخات کە پەیوەندیەک هەیە لەنێوان هۆڕمۆنەکانی خانمان و شەقیقەدا بەتایبەت هۆڕمۆنی (ئیستڕۆجین).

لە چ کاتێکدا ئەم ئازاری شەقیقەیە لە خانماندا زیاترە؟

  • دەستپێکردنی یەکەمین سوڕی مانگانە.
  • دەستپێکردنەوەی هەر سوڕێکی مانگانە لەهەر مانگێکدا.
  • بەکارهێنانی حەپی دژە سکپڕی.
  • منداڵبوونی پێشوەختە.
  • ماوەیەک دوای منداڵبوون.
  • پێش تەمەنی نائومێدی.
  • دوای تەمەنی نائومێدی.
  • کاتی بەکارهێنانی حەپەکانی (ئیستڕۆجین و پڕۆجیسترۆن).
  • یەکەمین دەستپێکردن لە ساڵی یەکەمی سوڕی مانگانەدا.

نزیکەی یەک لەسەر سێی خانمانی توشبوو بە شەقیقە یەکەمین شەقیقەی خۆیان ساڵێک دوای کەوتنە سوڕی مانگانەوە هەست پێ دەکەن و پێی دەزانن، سوڕی مانگانەی خانمان پەیوەندیەکی هەیە لەگەڵ هۆڕمۆنەکانی مێشکدا  وەک (ژێر مێشک و ژێر لانک) و هەروەها هێلکەدانی خانمەکە، لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی (ئیستڕۆجین و پڕۆجیسترۆن) هێلکەدانان لە ڕۆژانی ناوەڕاستی سوڕەکەدا لەنێوان ڕۆژانی ١١ بۆ ١٥ دەست پێ دەکات، و دوای هێلکەدانانیش ڕێژەی هۆڕمۆنەکە دەست دەکات بە بەرزبوونەوە و لە کۆتایی سوڕەکەدا پێش خوێنبەربوون لەناکاو دابەزینی هۆڕمۆنەکان ڕوودەدات.

واپێدەچێت کە دابەزینی هۆڕمۆنەکان کاریگەری خستبێتە سەر مێشک و دەمارەکان بەتایبەت هۆڕمۆنی (ئیستڕۆجین) بۆیە دەبێتە هۆی شەقیقە لەم ماوەیەدا.

منداڵدانیش بەتەنها هۆڕمۆنێک هان دەدات بەناوی (پڕۆستاگلاندین) کە دەبێتە هۆی ئازار و گرژبوونی ماسولکەکان و بەم شێوەیەش سوڕی مانگانە قورس دەبێت، هەڵبەتە تەنها هۆڕمۆنەکانی تایبەت بە خانمان هۆکاری سەرئێشە نین بەڵکوو هۆڕمۆنی (سیرۆتۆنین) ناسراوە بە هۆکاری سەرەکی هەموو جۆرەکانی سەرئێشە.

شەقیقە لەماوەی سوڕی مانگانەدا لە کام ڕۆژانەدا ڕوودەدات لە مانگەکەدا؟

بە قسەی زۆرینەی شارەزایان ئەم شەقیقەیە ٢ ڕۆژ پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە و ٣ ڕۆژ دوای دەستپێکردنی سوڕەکە دەست پێدەکات، هەڵبەتە لەوانەیە شەقیقەی پێش سوڕی مانگانەش ڕووبدات، شەقیقەی پێش سوڕی مانگانە چەند نیشانەیەکی تری لەگەڵدایە وەک (ئازاری زۆر، زیپکە، ماندوویەتی، زۆری حەزی خواردن بۆ شوکولاتە و خوێ) بەگشتی ئەوانەی دووچاری شەقیقەی پێش دووگیانی دەبنەوە دووچاری کەمبوونەوەی حەزی سێکسی و کەمی بیروهۆش و قەلەقیش دەبنەوە.

بەگشتی  ٪٦٠ خانمانی توشبوو بە شەقیقە لەماوەی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانەدا و لەماوەی سوڕی مانگانەشدا زیاتر دووچاری شەقیقە دەبنەوە وەک لە کاتەکانی تر، وە ئازارەکەش توندتر و ماوەکەشی درێژتر دەبێت و زۆر جاریش دڵتێکچوون و ڕشانەوەی لەگەڵدایه.

چارەسەری شەقیقە لەماوەی سوڕی مانگانەدا چییە؟

چارەسەرێکی بنبڕکراوی نییە و تەنها ئازارشکێن هەیە بۆ ئەم حاڵەتە، بۆ ئەوەی ئازارەکە زیاتر نەکات خانمان واباشترە کە ٥ ڕۆژ پێش کەوتنە سوڕی مانگانە و تا سوڕەکە تەواو دەبێت حەپی ئازارەکەیان بخۆن و وە ئەگەریش باشبوو ئەوا دەتوانێت تەنها چەند ڕۆژێک بیخوات.

ئایا دووگیانی شەقیقە کەم دەکاتەوە؟

لەماوەی دووگیانیدا تەنها ٪١٩ خانمان ئازاری شەقیقەیان دەبێت، بەهۆی گۆڕانی هۆڕمۆنەکانەوە شەقیقە لەماوەی دووگیانیدا زۆر کەم دەکات و ئەگەریش هەبێت لە سێ مانگی یەکەمی سکەکەدا دەبێت و دواتر وردە وردە نامێنێت، بەڵام دەبێت ئاگاداربیت و بێ پرسی پزیشک هیچ جۆرە دەرمانێک بەکارنەهێنیت بۆ ئازارەکەت چونکە دووگیانیت.

شەقیقە چۆنە لە تەمەنی نائومێدیدا؟

تەمەنی نائومێدی تەنها کاریگەری نییە لەسەر ڕۆژێک و چەند ڕۆژێک بەڵکوو جەستەت لەوانەیە چەند مانگ و تەنانەت ساڵێکیش ئازار بکێشێت و کاریگەری تەمەنی نائۆمێدی بەسەرەوە بێت، لەماوەی سەرەتای تەمەنی نائومێدیدا ٪٥٠ـی خانمان دووچاری بێتوانایی جەستەی و دەروونی دەبنەوە و ٪٢٥ـیشیان دووچاری ئازاری جۆراوجۆر دەبنەوە وەک سەرئێشە و کێشەی لێدانی دڵ و گرژبوونی ماسولکەکان.

منداڵبوون و شەقیقە

سەرئێشە دوای منداڵبوون زیاد دەکات و بەهۆی دابەزینی لەناکاوی هەردوو هۆڕمۆنی (ئیستڕۆجین و پڕۆجیسترۆن) و بەڵام ئەوانەی توشبووی شەقیقەن لە دوای منداڵبوون باشتر دەبن و ئازارەکەیان کەمتر دەبێتەوە.

چەند ڕێنماییەک بۆ کەمکردنەوەی ئازاری شەقیقە

  • هەموو ڕۆژێک سێ ژەم خۆراک بخۆن و لەکۆتایی شەویشدا ژەمێک بخۆن، یاخود شەش ژەمی سووک بخۆن هەموو ڕۆژێک، لێرەدا مەبەست لەمە ئەوەیە کە بەهیچ شێوەیەک نەهێڵیت برسیت ببێت.
  • واز لە جگەرەکێشان بهێنە.
  • هەرگیز خواردنی شیرین مەخۆ بە گەدەی خاڵی.
  • ئەنجامدانی وەرزش هەموو ڕۆژێک.
  • هەرگیز هیچ ژەمێکی خۆراکیت دوامەخە
  • دوورکەوە لەخواردنی ماوەوە و گەرمکراوە تا دەتوانیت خواردنی تازە بخۆ 
  • دەرمانەکانت لەکاتی خۆیدا بخۆ و دوایمەخە


سەرچاوەکان



1401 بینین