وامزانی ڕادیۆیە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-01-14:28:00 - کۆدی بابەت: 5693
وامزانی ڕادیۆیە

ناوه‌ڕۆك

دەستەواژەی وامزانی ڕادیۆیە

دەستەواژەیەکی تەنزی دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەکی هەرێمی کوردستانی عێراقە و وەک بابەتێکی ناوچەیی دەمێنێتەوە و سنووری وڵاتانی دیکەی نەبڕیووە، ئەم دەستەواژەیە بۆ کاتێک بەکاردەهێنرێت کە کەسێک پەشیمان ببێتەوە لەو کارەی کردوویەتی و نەزانێت چۆن لێی دەربازببێت و داوای لێبوردن بکات، یاخود بیەوێت لەو کارەی کردوویەتی ڕزگاری ببێت و هیچ ڕەخنەیەکی نەیەتە سەر، یان بەکارهێنانیەتی لەجێی هەر پاساوێکی دیکە بۆ پەردەپۆشکردنی کارەکەی کە مەترسی بۆ سەر ژیانی، یاخود پێگەی کۆمەڵایەتی یان پێگەی هاوڕێیەتی دروست بکات، بەڵام زۆرینەی کات وەک دەستەواژەیەک بۆ پێکەنین بەکاردەهێنرێت.

وامزانی ڕادیۆیە لەکوێوە پەیدابوو؟

دوای ئەوەی کەناڵێکی ڕاگەیاندن لە ساڵی ٢٠٢٠ مایکەکەی دەخاتە بەردەست هاوڵاتییەک بە ناوی سەردار دەربارەی دۆخی هەرێمی کوردستان قسەبکات، هاوڵاتییەکە دەڵێت :"چی لە حکوومەت بکەم؟ نامەوێ لاچۆ، ڕاپەڕینمان بۆچی کرد؟ بە دزی دەستمان پێکرد، پاکەتمان دزی، ئەم میلـلەتە ئاوای کرد، کارەبایان دزی کە هاتن، محاویلەکانیان دەرهێنا"، دواتر وەک ئەوەی پەندێک بەکاربهێنێت دەربارەی دۆخەکە دەڵێت "کەرێک بە پارەی بەفر کڕدرابێت ئاو دەیبات".

دوای ئەوەی قسەکانی تەواو دەکات وشەیەکی نەشیاو بۆ پەرلەمانی کوردستان بەکاردەهێنێت و دەڵێت "بەخوا لە بەینی دوو کەوانەدا" ئەوەش واتە بۆ دڵنیاکردنەوەی قسەکانی.

دوای ئەوەی ئەم ڤیدیۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و هەزاران و ملیۆن بینەری تێپەڕاند و ڤیدیۆکە بەناوبانگ بوو، چەند گەنجێک هەڵدەستن بە دووبارە چاوپێکەوتن لەگەڵ هەمان هاوڵاتی و پێیدەڵێن کە قسەکانی دژی حکوومەتن و کێشەی بۆ دروست دەکات و ئەویش دەترسێت.

بۆیە لە دووەم دەرکەوتنیدا کە بە مۆبایل تۆمارکراوە و هیچ کەناڵێک لە خۆی نەگرتووە دەڵێت: "کاکە دوێنێ ئیزاعەیەک هاتە بەردەمم و لە خۆمەوە قسەم کرد، و وتی بۆ خۆمانم ئەوێت و من داوای لێبوردن ئەکەم ئاگام لە خۆم نەبووە لە خۆمەوە قسەم کرد وامزانی ڕادیۆیە، من ئیلاقەی حکوومەتم چییە؟ وەڵا ئەم حکوومەتە نەبێت چیبکەین؟ پەشیمان لەوەی کە وتم".

بەکارهێنانی لەلایەن خەڵکەوە

لە چەند مانگی دواتر ڕێژەی بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە لەلایەن خەڵک و بەبێ جیاوازی چین و توێژ و تەمەنەکان بەکاردەهێنرا، هەم وەک بابەتێکی کۆمیدی و هەم وەک ڕەخنەیەک لە نەبوونی بوێری لە قسەکردن دەربارەی ئەو شتانەی خەڵکی دەیەوێت، لە ڕاپۆرتی کەناڵە ئاسمانییەکانیش کاتێک کەسێک کارێک دەکات و پەشیمان بووبێتەوە هەندێک جار ئەم دەستەواژەیە بەکارهێنراوە.


سەرچاوەکان



1864 بینین